عامر سابیر
لە ئەمریکادا لە دوای ساڵی 2011 ەوە خەباتی کرێکاران و بزووتنەوەی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی سەری دەرهێناوەتەوە و چۆتە قۆناغێکی نوێوە. لەم ساڵانەدا کەم زانکۆی ئەمریکی و ئینستیتیوت و ڕێکخراو هەیە کە دیبەیت و پانێڵ ڕێک نەخات لەسەر ئەوەی کە ئایا بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا سیستەمی سۆشیالیستی یا سەرمایەداری پەسەندترە؟ (لە خوارەوە لینکی دوو لەو دیبەیتانە دانراوە کە ڕیچارد ۆڵف تیایدا بەشداربووە).
لەم دیبەیتانەدا کە سەرمایەداران و ئەکادیمیستانی بۆرژوازی بێ وەڵام دەمێننەوە لەبەرانبەر مارکسیست و چەپەکاندا، هانا بۆ درۆیەکی پوچ و گەورەی بۆرژرازی ئەبەن و ئەڵێن لە سایەی سۆشیالیزمدا بە سەدان هەزار کوژراون و لە برسا مردوون بۆیە سەرمایەداری باشترە!
وەڵامی پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف، کە مارکسیست و بەرگریکارێکی بەتوانای سۆشیالیستە، کە لە چەندین دیبەیتدا بەشداری کردووە، بەم جۆرەی خوارەوەیە:
چەندە ئارگیومێنتێکی سەیر و پوچە کە کوشتن و لەبرسامردن بدەیتە پاڵ کۆمەڵگای سۆشیالیستی. ئەم دیاردە سەرنجڕاکێشە تەنها لە کەڵچەی ئیمەدا لە ئەمریکادا هەیە، کە ژمارەی برسیەکان و مردووەکان بژمێری بۆ ئارگیومێنت کردن.
باشە با بزانین مێژووی سەرمایەداری چیمان پێدەڵێ لەم ڕاستایەدا. دوو لە خراپترین شەرەکان لە مێژووی بەشەرییەتدا، کە شەری یەکەم و دووەمی جیهانی بوو، بەرهەمی سیستەمی سەرمایەداری بوو. ئایا وا نییە؟ چوارسەد ساڵی کۆڵۆنیاڵێزم کە دوو لەسەر سێی جیهانی خاپور کرد، بەرهەمی کەڵەکەکردن و پێشبڕکێی سیستەمی سەرمایەداری بوو. ئایا وا نییە؟ ئایا ئەو عەقڵییەتە سەیر و گەمژانەیە چییە کە چەند نممونەیەک لێرە و لەوێ بهێنێتەوە کە لەپێش هەمووکەسدا کرێکارانی سۆشیالیست خۆیان ڕەخنەیان لێگرتووە ودانیپادانراوە کە هەڵە و ترسناک بوونە و شایانی ڕەخنەیە، بەڵام بە بەراورد بەو هەموو کوشتارگایەی کە لە سایەی سەرمایەداریدا ڕوویداوە، هەرگیز قابیلی بەراورد نییە.
یەکەم کتێب کە من نووسیم لە ساڵی 1974دا بوو کە لە لایەن زانکۆی (یەیڵ)ەوە بڵاوکرایەوە. کە تێزی یەکێک لە ماستەر نامەکانم بوو. بە ناونیشانی (ئیقتیسادی کۆڵۆنیاڵیزم، بەریتانیا و کینیا، 1870-1930). کە تیایدا دراسەی ئەوەم کردووە کە بەریتانیا چیکردووە لە کینیادا. کاتێک بەریتانیا چووە کینیاوە،
East Africa Protectorate
دامەزراند. لە ساڵی 1895 دا سەرژمێرییەکی دانیشتوانیان کرد، کە 4 ملیۆن کەس بوو. وە لە ساڵی 1930دا لەو کاتەدا کە گرانی گەورە (گرەیت دیپرێشن) ڕوویدا سەرژمێرییەکی تریان کرد، ژمارەی دانیشتوان 2.5 ملیۆن بوو. ببینن کە چۆن کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانی بە ملیۆنان کەسی کوشتووە، تەنها لە ولاتێکی بچووکی وەک کینیادا. وەرە ئەمە زەربی نزیک بە 400 ساڵی سەرمایەداری و کۆڵۆنیاڵیزم بکە و کوشتارگاکانیان لە هەموو وڵاتانی جیهان کۆبکەرەوە، بزانە چەند سەد ملیۆن کەس ئەکات کە سەرمایەداری کوشتوونی، ئەمە سەرەڕای ئەو ڕوتانەوە و دزی و برسێتییەی لەسایەیاندا ڕوویداوە.
ئەگەر تۆ ئەتەوێ بە شیکاری ژمارەی کوژراوەکان هێڕش بکەنە سەر سۆسیالیزم، کە زۆر سەیرە لە لام. ئەوا ئیوە لە مەقعییەتێکی لاواز و نزمدان تا بەمە هێڕش بکەنە سەر سۆشیالیزم و سەرمایەداری بە باشتر بزانن.
ببینن، لە دوو شەڕی گەورەی جیهانی کە سەرمایەداری خوڵقاندی و بەرهەمی ئەم سیستەمەن. قوربانییەکانی دەیان ملیۆن کوژراو و برسێتی و ماڵوێرانی بووە. کە ئەم دوو شەڕە جیهانییە هیچ پەیوەندی بە سۆشیالیزمەوە نەبووە. لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا هیچ شتێک هەر بەناوی سۆشیالیزمەوە وجودی نەبووە. وە لە شەڕی دووەمی جیهانیدا ئەو وڵاتەی بەناوی سۆشیالیستییەوە هەبوو کە یەکێتی سۆڤییەت بوو، قوربانی هێڕشی نازییەکان بوو بۆسەر وڵاتەکەیان کە گەورەترین زیان و قوربانی و ماڵوێرانیەکان بەسەر ئەواندا هات و زۆربەی کوژراوەکانی جەنگی جیهانی دووەم لەوان کەوت. سەیری سێ دەیەی ڕابردووی جیهان بکەن، کە سەرمایەداری جاڕی مەرگی سۆشیالیزمی تیادا لێدا، بزانن هیچ کیشوەرێکی دنیا هەیە کە شەڕ و ماڵوێرانی و برسییەتی باڵی بەسەردا نەکێشابێ لە سایەی سەرمایەداریدا.
ئەمەی سەرەوە بەشێکە لە وەڵامی ڕیچارد ۆڵف (مارکسیست و پرۆفیسۆری ئیکۆنۆمی) لە وەڵام بەو سەرمایەدارەی (جین ئیپستین) کە لە 5/11/2019 لە هۆڵی سۆهۆ لە نیویۆرک دیبەیتیکیان کرد لەژێر ناونیشانی ئایا سۆشیالیزم یان سەرمایەداری شیاوترە. وە هەمان مەسەلە هینرایە پێشەوە لە دیبەیتێکی تردا کە لە نێوان پرۆفیسۆر (ۆڵف و برووک) دا ئەنجامدرا لە 01/07/2021 دا.
لینکی دیبەیتەکان لە یوتیوب:
1)
https://www.youtube.com/watch?v=YJQSuUZdcV4
2)
https://www.youtube.com/watch?v=6FwT6qMLjeg
28/9/2022