موحسین کەریم
رژێمی ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای لاوازیە سیاسی و رێکخراوەییەکانی شۆرشی ساڵی ١٩٧٩ و بەهاوکاری ووڵاتانی رۆژاوا لەسەر کورسی دەسەڵاتی ئێران دانیشت. دوای چوار دەیە خەڵکی ئێران خەریکن ئەو هێزە دژی شۆڕشەی لەناو بەرەی شۆڕشەوە سواری وەهمەکانی ئەوان بوو، بۆ ناو زبڵدانی مێژوو پاڵ پێوەدەنێن!
ئەگەرچی بە درێژایی تەمەنی رژێمی ئیسلامی ئێران، ناڕەزایەتی و خرۆشانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئازادیخوازو تامەزرۆی ژیانێکی باشتر، لەگۆشەو کەناری ئێران و بگرە هەندێ جار بەشێکی بەرینی ئەو ووڵاتەشی گرتۆتەوە، بەڵام خرۆشانی ئەمجارەی خەڵکی ئێران پەیامێکی جیاوازی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوە. پەیامی ڕاگەیانراوی خەڵکی ئێران لەبناغەوە دەرهێنانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسیە لەو ووڵاتە.
ئەمجارەیان خەڵکی ناڕازی هوشیارتر و رێکخراوتر و ڕادیکاڵتر و بەشێوەیەکی سەراسەری هاتونەتە مەیدان، کە زۆربەی شارە گەورەو بچووکەکانی گرتۆتەوە و دەیانەوێ بارگەوبنەی ستەم و چەوساندنەوەی بۆرژوازی عەمامەلەسەر بۆ یەکجاری بپێچنەوە. ئەمجارەیان ژنانی بێمافکراو و چەوساوەی ژێردەستی یاسا کۆنەپەرستە ئیسلامیەکان و لاوانی ستەملێکراو و پەراوێزخراو پێشەنگی خەڵکی ناڕازین و بە جەسارەتێکی بێوێنەوە ڕوبەرووی هێزە سەرکوتگەرەکانی پاسدارو بەسیجی دەبنەوە. ئەمجارەیان شەقامی شارەکان بۆ بەکرێگیراوانی رژێم بوەتە شوێنێکی نائارام و ترسناك و بەدەست لاوانی شۆرشگێڕەوە کونەمشکیان لێبوە بە قەیسەری!
پریسکی کڵپەسەندنی ئەم خرۆشانە جەماوەریە سەراسەریە کوشتنی دڕندانەو بەربەریانەی ژینا ئەمینی بوو لەلایەن تیرۆریستانی ” گەشتی ئیرشاد!”ی رژێمی دڕندەی ئیسلامی ئێرانەوە. بەڵام ئەم ڕوداوە تەنها ڕوداوێکی کوشتن و تیرۆری ڕاگوزەر نەبوو! ئەم تاوانە لەکاتێکدا ڕویدا کە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئێران و ژنان و لاوان لەژێرباری بێکاری و هەژاری و برسێتی و گرانی و نەبوونی هیچ تروسکاییەکی ئازادیدا دەناڵێنن و تەنها چاوەڕێی ئەوەبوون فرسەتێك بەدەست بهێنن تا هەموو رقوتوڕەیی دەیان ساڵەی خۆیان بەسەر ئەم رژێمە هارو بێهەوسارەی بۆرژوازیدا ببارێنن. خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران هەستیارترین رەمزی دەسەڵاتی سەرکوتگەری رژێم و بێمافی واتە؛ “حجابی ئیسلامی” یان نیشانەگرتوە. رژێمی بۆرژوا ئیسلامی ئێران سەپاندنی حجاب و بێبەشکردنی ژنان لە هەرجۆرە ماف و ئازادیەکی فەردی وەکو بنەمای بەردەوامبوونی رژێمەکەی تەماشادەکات. ئەم خرۆشانە فراوانە جەماوەریە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی و حجابی ئیسلامی رێك نیشانەگرتنە لە بناغەی رژێمی ئیسلامی و زۆری نەخایاند کە خۆپیشاندانەکانی دژی کوشتنی ژینا بوە خۆپیشاندان و خرۆشان دژی سەرجەم بونیانی جمهوری ئیسلامی و شەڕی دەستەویەخەی سەرجادەیی نێوان خەڵكی ڕاپەڕیوو بەکرێگیراوانی رژێم!
ئەم خرۆشانە جەماوەریە دەستپێکی شۆرشێکی دیکەیە کە ئامانجەکەی تەواوکردنی ئامانجەکانی شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ی ئێرانە. بەڵام دیسانەوە مەترسیەکانی بەردەمی کەم نین. ئەم شۆڕشە ئەگەر زیاتر رێکخراو نەبێت و نەبێتە خاوەنی ئامانجێکی سیاسی روون و پێشرەوانە و لەلایەن هێزە کۆمۆنیستەکانەوە ڕابەری نەکرێ، ئەگەری ئەوەی هەیە کە نەتوانێ هاوسەنگی هێز لەدژی رژێم بەتەواوی بگۆڕێت و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. وەکو باوکی یەکێك لە گیانبەختکردوانی خۆپیشاندانەکان ووتی دەبێ ئەم کارە تەواوبکرێ! ڕاستیەکەی دەبێ ئەوکارە تەواوبکرێ و لەنیوەرێگادا جێنەهێڵرێت! دەبێ ئەم خرۆشان و ڕاپەڕینە تا تەواوکردنی رژێمی ئیسلامی بەردەوام بێت. لەلایەکی دیکەوە ئەو مەترسیەش کەم نیە کە هێزو ڕەوتە بۆرژواییەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەناوی شۆڕشەوە زیان بەشۆڕش بگەیەنن، بە گرتنەبەری تاکتیکی هەڵە و نادروست موجازەفە بە شۆڕش و ڕاپەڕینەوە بکەن و فرسەتی سەرکوتکردنی بدەنە دەست رژێمی ئیسلامی. یاخود خۆیان بکەنە میراتگری شۆرش و دیسانەوە سیناریۆی ڕژێمی ئیسلامی دوبارە بێتەوە لە ئێران! ئەوە بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە لەسەر شانی کۆمۆنیستەکان و کۆمۆنیزمی کرێکاری لەئێران.
روخانی رژێمی ئیسلامی ئێران، هەروەکو چۆن هاتنەسەر دەسەڵاتی کاریگەریەکی گەورەی کردە سەر سەرهەڵدان و ژیاندنەوەی رەوت و دەستو تاقمە ئیسلامیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕوخاندنەکەشی بەهەمان ئەندازە کاریگەری دەبێت لەسەر ئاوابوونی خۆری هەموو ئەو بزوتنەوە کۆنەپەرستە ئیسلامیانەو بارێکی گرانیش لەسەر شانی بزوتنەوە پێشکەوتنخوازو یەکسانیخوازو کرێکاریەکان و خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە سووك دەکات. هەربۆیە خرۆشان و ڕاپەڕینی ئەم ڕۆژانەی ئێران بەوڕادەیە جێگای ئومێدو هاوکاتیش پشتیوانی سەرجەم بەرەی یەکسانیخواز و ئازادیخوازی ناوچەکەو بگرە جیهانیشە. خەڵکی عێراق و کوردستان، کەمتر لە خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ژنان و لاوانی ئێران، لە ڕوخانی رژێمی ئیسلامی بەهرەمەند نابن. نەخشی وێرانکەرو خراپەکارانەی رژێمی ئیسلامی ئێران لە عێراق و کوردستاندا لەماوەی دوو سێ دەیەی رابردوودا بەئاشکرا دەبینرێ. هەرچی جڕوجانەوەری ئیسلامی دژە ئینسانیە لەلایەن ئەو رژێمەوە بەردرایە گیانی خەڵك و ئەوەندەی پێیان کرا لەدژایەتیکردنی ڕەوت و بزوتنەوە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستیەکان و ژنان و کەسایەتیە مەدەنی و ئازادیخوازەکان درێغیان نەکرد. نەك هەرلەڕێگای تاقمە ئیسلامیەکانەوە، بەڵکو لەڕێگای حزبە دەسەڵاتدارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیشەوە کە هەمیشە وەکو خزمەتکاری رژێمی ئیسلامی ئێران هەڵسوکەوتیان کردوە، کوردستانیان دەیان هەنگاو بەرەو دواوە گێڕایەوەو نەریت و فەرهەنگی کۆنەپەرستانەو دژە ژن و دژە ئازادی و دواکەوتوانەیان بەسەر خەڵکدا سەپاند.
ئەو خرۆشانەی لە ئێراندا دەستی پێکردوە، هەر بەو بەڵگەیە دەبێت جێگای پشتیوانی بێدرێغی کرێکاران و ژنان و لاوانی ئازادیخوازو یەکسانیخوازی کوردستانی عێراق بێت. دەبێ بەهەموو شێوەیەك لەپاڵیاندا ڕابوەستین و جێیان نەهێڵین! چونکە روخانی رژێمی ئیسلامی ئێران ڕاستەوخۆ بارێکی گران لەسەر شانی خەباتی یەکسانیخوازی و ئازادیخوازی کرێکاران و ژنان و لاوانی کوردستان وسەرجەم خەڵکی زەحمەتکێش و بێمافکراوی کوردستانیش لادەبات و هەنگاوەکانیان بەرەو ئازادی و یەکسانی خێراتر دەبێت. ژنان و پیاوانی خوازیاری ئازادی و یەکسانی لە کوردستانی عێراق دەبێت لەهەموو کەس زیاتر پشتیوانی خەڵكی ناڕازی و شۆڕشگێری ئێران بکەن کە ڕەمزی کۆیلایەتی و بێمافی و ژێردەستەیی ژنانیان لەژێر پێناوەو کردویانەتە سیمبوڵی شۆڕشەکەیان دژی نایەکسانی و بێمافی و لەپێناو ئازادیدا.