ماوەیەکە هێرش و پەلاماری سەلەفیەکان بۆ سەر ژنان و ماف و ئازادیە مەدەنیەکانیان بەتایبەتی و کۆمەڵگە بەگشتی، ڕووی لەسەر کردووە و لەکەناریشەوە ڕەوتە ئیسلامیەکانیش سیاسەتی حجابکردنی ژنانیان لە ژێر ناوی “تاجی زێڕین” و پێشبرکێی “بەهای فەرمودە” وە، بەدەستەوە گرتووە تا ڕەمز و نەریتەکانی ئیسلامی سیاسی بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵ بکەن.
ئەم هێرش و پەلاماردانە هاوبەشەی سەلەفیەکان و ئیسلامیەکان لە ێێگای بانگخواز و مەلاکان و کادرە ورد و درشتەکانیان و میدیاکانیانەوە بۆ سەر ژنان بە ئاستێک گەیشتووە، کە بەجیا لەدوبارە کردنەوەی پەیامە دواکەوتو و بەسەرچووەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، لە چەشنی شەرعیەتدان بە زەواجی کچانی ناباڵغ، فرەژنی، و پیرۆزکردنی پیاوسالاری و زاڵکردنی دەسهڵاتی پیاوان بەسەر ژناندا…، کە لە هەموو گۆشەیەکی شارستانی ئەم دنیایەدا جێگای نەفرەتە و لەلایەن خەڵکی مەدەنی و ئازادیخوازانەوە ڕەتکراونهتەوە، پەلی کێشاوە بۆ هێرشکردنە سەر مافی چوونە دەرەوەی ژنان و بوون بە کارمەند و خوێندکاری زانکۆ و بەشدارییان لە قەڵەمڕەوی ئابوری و بەرهەمهێناندا و لەقەڵەم دانی هەموو ئەم مافە سەرەتایی و مەدەنیانەی ژنان بەکارێکی ناشەرعی و گوناح و دەرچوون لە بەها کۆمەڵایەتیەکان. ئهوان دەڵێن “کچەکانتان مەنێرن بۆ زانکۆ بە سەلامەتی لێی دەرناچن”، دەڵێن “خەتەنەی کچان بۆ بەرگرییە لە فەساد”… ئەمانە نەک هەر تەنها پالاماردانێکی کۆنەپەرستانە و پیاوسالارانەیە بۆ سەر ژنان و کەسایەتییان، بەڵکو هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر مەدەنیەتی کۆمەڵگه و دەزگا مەدەنیەکانی، لەوانە زانکۆکان، نەخۆشخانەکان، بەڕێوەبەرایەتیەکان و هەر دامەرزاوەیەکی زانستی و هونەری. بەجیا لەمانەش دەستێوەردان لە ورد و درشتی ژیانی فەردی و کۆمەڵایەتی ژنان، لەوانە سوار بوونی تەکسی، خۆئارایشتکردن، مناڵ بوون و جل و بەرگ پۆشین و چۆنیەتی دانیشتن و خواردن تا دەگاتە هێرش بۆ سەر ئەو ژنانەی حجاب ناکەن و مل بە ویست و زۆری بهها ئیسلامیهكانی ئهوان نادهن. لەپاڵ ئەو سوکایەتی و بێڕیزیە بەردەوامەی ژمارەیەک لە پیاوانی ئاینی کە بە ژیانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانی دهكهن لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکانەوە. لەکەناریشەوە دەستیانداوەتە بانگەشەکردن بۆ زەواجی میسار و موتعە، کە لەشفرۆشیەکی ئاشکرای ئیسلامی و بێڕێزییەکی بێ وێنەیە بە کەسایەتی ئینسانیی ژن.. هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە بێکاری و هەژاری و نەبوونی خەمەتگوزاری و بێدەرەتانیەک کە یەخەی بە زۆرێنەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشان گرتووە، هەناسە هەڵکێشانی ئازادانە و مافی تاکی لەسەر سینەی مەدەنیەتی کۆمەلگا و ژنان سەختکردووە.
ئەم هێرشە سیستماتیکیەی سەلەفیەکان و ڕەوتەکانی ئیسلامیی سیاسی و هەوڵیان بۆ برەودان بە فتوا و بەدەستەوە گرتنی نەریت و ئایات و حەدیس و وەستانەوەیان بەڕووی ژنان و مافەکانیان، پەیوەندی بەهێز و توانای ئەوانەوە نییە. بەڵکو لەلایەک نیشانەی ترسە لە مەدەنیەتی کۆمەڵگهی کوردستان و ڕوهێنانی فراوانی ژنانە بۆ مەیدانی کار و خوێندن و دەرکەوتنیانە لە زەمینەکانی سیاسەت و ئابوری و ئەدەب و هونەر و وەرزش و جوانکاری و تێکەڵاوبوونیانە لەگەڵ دنیای سەردەم. لەلایەکی تریشەوە ترس و ڕقبوونەوەیانە لە بەشداری و دەرکەوتنی ژنان لەجوڵانەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی چەند ساڵی رابردوودا کە تائێستاش ڕۆژانە بۆ خواستی ئازادی و بەدەستهێنانی کار و پیشە و خزمەتگوزاریەکان یەخەی دەسەڵاتی گرتووە و دەیگرێ. بەشداری ژنانی گەڕەکەکانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە، بۆ بەدەستهێنانی ئاو و کارەبا، بەشداریان لەدژی زیندانیکردنی هەڵسوڕاوانی بادینان، بەشداری ژنان لە ناڕەزایەتیەکانی خویندکاران و کارمەندانی زانکۆ و مامۆستایانی وانەبێژ و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و فەرمانبەرانی گرێبەست، تا بەشداری ژنان لە ناڕەزایەتیەکانی پزیشک و سەرپەرشتیاری خۆبەش و چەندین ناڕەزایەتی تر، كه ئهمانه تهنها چهند گۆشهیهكی هاتنهمهیدان و بهشداری ژنانن له مهسهلهكانی كۆمهڵگهدا.. ئەم ڕاستیەش زیاتر لە ئەحزابی دەسەڵاتدار، سەلەفیەکان و ئەحزابی ئیسلامی سیاسی هەراسان كردووه و تۆقاندووە، کە نەکا بۆ ئاستێک پەلبکێشی سیستەمی ئێستا کە سەرچاوەی لە ئیسلام و شەریعەتەکەی گرتووە لە بنەوە هەڵتەکێنێ.
بێگومان هۆکاری ئەوەی کە ئیسلامیەکان توانیویانە بەم ئاستە پهلڕابکێش و هێرش بۆ سەر ژنان و مەدەنیەتی کۆمەڵگه و ماف و ئازادیە فەردیەکان بەڕێبخەن، ئەو پشتگیریە سیاسی و مادی و هەمەلایەنە بێدرێغەیە کە ئەحزابی بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی، وەک بەشێک لە بنەماکانی سیاسەت و حوکمڕانیان پێشکەشیان کردووە. ئەحزاب و دەسەڵاتێک کەخۆی پشتبەستووە بە یاسا و ریسا ئیسلامیەکان و تیکەڵاوکردنی لەگەڵ یاساکان و پرۆسەی خویندن و پەروەردە و کردنی ئیسلام بەسەرچاوەی بریار و دەستور و جێکردنەوەی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبردندا، پێویستیان بە ئیسلام و ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ئیسلامی سیاسیە، تا لەڕێگایەوە پایەکانی دەسەڵات و سیستمەکەیان، لەسەر بنهمای جیاکاری و نایەکسانی ڕابگرن و بیکەنە چەکی دەستیان بۆ دابڕدابڕکردنی ڕیزی خەباتی یەکگرتوانەی جەماوەر و سەرکوتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و مەدەنیەتی کۆمەڵگه. بەتایبەتیش لە ئێستادا کە بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی لەگەڵ قەیران و بنبەستێکی خنکێنەر بەرەوڕووە و تادێت هەم توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگهی لە دەستدەدات و چیتریش پروپاگەندەی کوردایەتی و نەتەوەچێتی ناتوانێ جەماوەری ناڕازی کوردستان دەستەمۆی دەسەڵات بکات، ڕێگای داوە بە سەلەفیەکان و ئیسلامیەکان ڕۆڵی سەرکوتگەری و دژایەتیکردنی ئازادی و مافە فەردی و مەدەنیەکانی ژنان و خەڵکی کوردستان لەئەستۆ بگرن.
هێرشی ڕۆژانەی سەلەفی و ئیسلامیەکان بۆ سەر ژنان و مافەکانیان، هێرشە بۆ سەرجەم کۆمەڵگە و سیما مەدەنی و پێشکەوتنخوازییەکانی. بۆیە پێویستە بەرەی فراوان و ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕیگە نەدەن چیتر ئەو مەلا و ئیسلامیانە فتوا و سوکایەتی و هێرش بکەنە سەر ژنان و مافەکانیان و کۆمەڵگەی مۆدێرنی کوردستان. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەبێ وهستانهوه دژ بەم هێرش و پەلامارەی ئیسلامیەکان بە بەشێک لە خەبات بۆ وەلانانی دەسەڵاتی ئێستا بزانن و بەتەواوی تواناوە و بەشێوەی گونجاو لەبەرامبەریدا ڕابوەستنەوە.
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان، لەگەڵ ئەوەدا خەبات بۆ وەلانانی دەسەڵات و هەڵوەساندنەوەی سەراپای سیستەمی ئێستا بە هەنگاوی یەکەم لەڕاستای بردنی کۆمەڵگهی کوردستان بەرەو کۆمەلگهیەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەران دەزانێ، هاوکات تێدەکۆشێت بۆ جێگیرکردنی خواستەکانی جیاكردنهوهی ئاین له دەسەڵات و یاسا و خوێندن و پهروهرده و ئازادی دینداری و بێدینی وهك مهرجێكی سهرهكی دهستكورتكردنهوهی ئاین بهسهر كۆمهڵگهدا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ڕادەگەیەنێت کە پاشهكشهكردن به جموجۆڵ و هێرشی ئیسلامیهكان بۆ سهر ژنان و بهها ئینسانیهكانی كۆمهڵگه، بهشێكی دانهبڕاوە له خهبات و ناڕهزایهتیە جهماوهریەکانی ئێستا کە له دژی دهسهڵاتی خۆسهپێنی بۆرژوازی كورد لە مەیداندایە و هەموو توانای خۆی لە کەنار بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەی کوردستان دەخاتە گەڕ بۆ جڵەوکردنی ئیسلامیەکان و ڕهوته سهلهفیهكان و ناچارکردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ قاوغه بەرتەسکەکەی خۆیان و پارێزروابوونی کۆمەڵگە لە چزووە ژەهر ڕێژەکانیان. ئێمە بانگهوازی جهماوهری ئازادیخوازی كوردستان دهكهین لهم خهباتهدا لهپاڵ ئێمهدا ڕاوهستن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٠\٩\٢٠٢٢