شەڕی مافیاکان!

موحسین کەریم

ماوەیەکە هەواڵی پەیدابوونی باندی مافیایی لە سلێمانی و داگیرکردنی هەزاران پارچە زەوی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و هەڵمەتی دەستگیرکردنیان لەلایەن کۆماندۆو هێزی ئاسایشەوە بوەتە سەردێڕی هەواڵی زۆربەی میدیاکان. ئەمەش وەکو یەکێك لەهەنگاوە چاکسازیەکانی پافڵ تاڵەبانی بانگەشەی بۆدەکرێت لەدوای دەپەڕاندنی ئامۆزاکەی لەپۆستی هاوسەرۆکایەتی یەکێتی و هەڵواستینی هەموو ئەو کارە نەشیاوانە بە عەلاگەکەی ئەودا!

هەرئەوەی کە هێزی کۆماندۆ و ئاسایش بۆ ئەم هەڵمەتە بەکاردەبرێت، مانای ئەوەیە کە لێرە لە کوردستان، یاساو دەسەڵاتی یاسا بەرقەرار نیە، دەنا چ پێویست بە هێزی کۆماندۆ و ئاسایش دەکات هەڵکوتێتە سەر فەرمانگەو دامەزراوە مەدەنیەکانی حکومەت!؟ ئەگەر یاسا هەبێت، دەکرێ بە بڕیاری دادگاو بەپێی لێکۆڵینەوەی یاسایی هەموو ئەو سەرپێچی و زیادەڕۆییانە دەستنیشان بکرێن و لەوانەی دەستیان بەسەرداگرتوون بسەنرێنەوەو ئەنجامدەرانیش روبەرووی یاساو سزای یاسایی پیویست بکرێنەوە!

گومان لەوەدا نیە کە لاهور جەنگی وەکو هەر سەرکردەیەکی حزبێکی چەکداری میلیشییایی کە کۆمەڵێك مافیای چەکداری پێگەیاندوەو توانا و هێزەکەشی هەر لەو سەرکردە مافیایانەوە وەردەگرێت، بەشی شێری بەردەکەوێت لەو تاڵان وبڕۆیەی کە بەداهاتی کوردستانەوە کردویەتی. هەروەکو گومانیش لەوەدا نیە کە دەیان مافیای چەکدار لەناو یەکێتی و پارتیدا خەریکی تاڵانی و  داگیرکردنی زەوی گرانبەهان لەناو شوێنە گرنگەکانی شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و شارۆچکەکانی کوردستاندا. بەڵام ئەوەی کە ئەم تۆڕە لە مافیای لەناو ئەو حزبانەدا دروست کردوە، خودی سیاسەت و بەرنامەی سیاسی و هەڵسوکەوتی خودی سەرۆك و بەرپرسە پلە یەکەمەکانی ئەو دوو حزبەو حزبەکانی هاوشێوەی ئەوانە. کاتێك تاڵەبانی سەدان دۆنم لە گردی دەباشان بۆخۆی پاوان دەکات و ئیمتیازی پاوانکردنی سەدان دۆنمیش دەدات بە نەوشیروان مستەفای کۆنە هاورێی لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا، کاتێك مەسعود بارزانی شارۆچکەیەك (سەری ڕەش) داگیردەکات و دەیکات بە بارەگای خۆی و نێچیرڤانی برازاشی سەدان دۆنم زەوی لەناو شاری هەولێردا دەکاتە کۆشك و تەلار و شوێنی حەوانەوە رابواردنی خۆی و…. کاتێك سکرتێر و سەرۆکی ئەم دوو حزبە دەستڕۆیشتوە میلیشیاییە کوڕ و برا و برازاکانی خۆیان دەکەنە بەرپرس و حاکم بەسەر خەڵکەوەو سامان و داهاتی کوردستان دەخەنە ژێردەستیانەوە، بەوجۆرەش دەیانکەنە خاوەنی چەندین ملیار دۆلار، بێگومان بەرپرسە سەربازیەکان و بەرپرسانی دیکەی میلیشیاکانیان ناکرێ بێبەش بکرێن لەو تاڵانیەو دەبێت بەشێکیان بۆ جێبهێڵن! ئەوانیش بەومەرجە پارێزگاری لە تاڵان و دەسەڵاتی بەرپرسە پلەیەکەکان دەکەن کە بەشی خۆشیان لەو تاڵان و بڕۆیە بەربکەوێ. ئێستا پافڵ تاڵەبانی دەیەوێ بەشی حاشیەکانی دەوروبەری خۆیان کەم بکاتەوە و بیکاتە دەسکەوتێکی سیاسی بۆ خۆی!

بەڵام لە کوردستان، میلیشیا و ئیمتیازاتی میلیشیایی کاری خۆی دەکات لە پەیوەند بە حزبە دەسەڵاتدارەکان و پێگەیانەوە لە ململانێ لەگەڵ یەکتردا لەسەر بردنی بەشی زۆرتری داهات و دەسەڵاتی کوردستان. ئایا ئەم هەنگاوەی پافڵ تاڵەبانی، بە کورتکردنەوەی دەستی مافیا بچوکەکان و هێشتنەوەی دەسەڵات و پاراستنی سامانی مافیا گەورەکان( کە خۆی و بنەماڵەکەی لەسەرەوەی قوچەکی دەسەڵاتی مافیایی ناوچەی سەوزدا دانیشتوون) دەتوانێ بەجێگایەك بگات!؟ دەتوانێ بە سیاسەتی چاکسازی و گێڕانەوەی متمانەی خەڵك بە یەکێتی، وەکو بانگەشەی بۆدەکات، بەشێك لە خەڵك چەواشەبکات و ئەو فەوزایەی ناوخۆی یەکێتی و ئەو بێسەرەوبەرەییەی حوکمڕانیی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یەکێتی کۆتایی پێ بهێنێ!؟ بێگومان نەخێر.

یەکێتی، هەروەکو پارتی، لە پێشبڕکێی ئەوەدان کە زۆرترین مافیا لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە تا لەڕێگای ئەوانەوە بەرژەوەندیەکانی خۆیان وەکو دوو حزبی چەکداری دەسەڵاتدارو هەروەها بەرژەوەندیەکانی خێزانە دەسەڵاتدارەکانی ناو ئەو دوو حزبەو سەرۆك مافیاکان بپارێزن. سەرکردە پلە یەکەمەکانی ئەو دوو حزبە بە دانی ئیمتیازاتی دارایی و دەسەڵاتی سەروو یاسا بە چەکدارە پاسەوانەکانی خۆیان پێگەی فرعەونی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا ڕاگرتووەو پاروی دەمی ئەوان بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و مناڵ و نەوەکانیان زەوت دەکەن! بۆیە ناکرێ حزبێك کە پێکهاتەکەی لە هێزی میلیشیایی و سەرکردەی میلیشیایی پێكهاتبێت، هێزی چەکدارو فەرماندەی چەکداری مرۆڤکوژ خاوەن پێگەی حزبی و سەرچاوەی هێزو توانای بێت لەبەرامبەر خەڵك و لە ململانێیندا لەگەڵ بەرامبەرەکەیدا، دەستبەرداری ئەم مافیا و باندانە بێت کە لەدەوری سەرۆك و سکرتێر ئەڵقەیان بەستوە. ئەو دوو حزبە میلیشیاییە هەمیشە باوەشیان بۆ سەرکردە سیاسی و سەربازیە ڕەنجاوەکانی لای یەکتر کراوەبوەو کراوەیە. بۆیە سەرەڕای خاسیەتی میلیشیایی و مافیایی یەکێتی و ئەوانەی کە لە لوتکەی دەسەڵاتەکەیدا ڕاوەستاون، ترس لە گواستنەوەی” سەنگەر”ی مافیا پەڕوباڵکراوەکان بۆلای پارتی ئەم هەنگاوانەی پافڵ تاڵەبانی دەکەنە بابەتێکی پروپاگەندەیی کاتی و هیچی تر!

بەڵام دەبێت خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان، کە لەلایەن ئەم مافیا گەورەو بچوکانەوە ستەمیان لێکراوەو پارووی دەمیان رفێنراوەو لە هەژاری و بێمافیدا راگیراون و بەرهەمی رەنج و قوربانیان کراوەتە کۆشك و تەلارو کۆکردنەوەی سامانی دەیان ملیۆن و ملیار دۆلاری، خۆیان ئامادە بکەن بۆ تەسفیەحسابی کۆتایی لەگەڵیاندا. دەبێت لەڕێگای لە دەسەڵات خستنیانەوە کۆتایی بە تاڵان و چەتەگەرییان بهێنن و روبەروی دادگای جەماوەریان بکەنەوە. لەسەر هەموو ئەو تاڵان و بڕۆیەی لە خەڵکیان کردوەو ئەو تاوانانەی بەرامبەر بەوان ئەنجامیان داوە، دادگاییان بکەن و سزای شایستەی خۆیان وەربگرن!

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *