مەهدی ڕەسوڵ
موقتەدا سەدری ڕێبەری ڕەوتی سەدر خۆپیشاندانە ملیۆنیەکەی ڕۆژی شەمەی دواخست. مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی بەبێ ڕەوتی سەدر، کۆکردەوە بۆ قسەوباسکردن لەسەر چارەسەرکردنی دۆخی سیاسی عێراق. هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتحیش سەرقاڵی ئامادەکاری یە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتیمانی، بەڵام هێشتا کێشەکانی عێراق بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.
بڕیاربوو ڕۆژی شەممە، ڕەوتی سەدر خۆپیشاندانێکی گەورە لە بەغدای پایتەختی عێراق ئەنجام بدات، بەڵام لەپڕ موقتەدا سەدر خۆپیشاندانەکەی بۆ کاتێکی نادیار دواخست، بە بیانووی خۆبەدوورگرتن لە ڕوودانی ئاڵۆزی. ئەمە لەکاتێکدا موقتەدا لە ساڵێ ٢٠٠٣وە هەمیشە یەکەمین هێز بووە لە تێکدانی دۆخی ئەمنی وسیاسی لەعیراقدا. ئامانجیشی لە نانەوەی ئاشوب تەنها بۆزیادکردنی بەشی خۆیەتی لەوسیستەمە سیاسیەی کە نزیکەی ٢٠ساڵە وەسیلەی دەستی هێزە ملیشیاکانە بۆچەوسانەوەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتیکێش. ناڕەزایەتی خەڵکی زەحمەتکێشی عیراق وەك بورکان دەکوڵێت و ئەگەری هەیە لەهەر ساتێکدا بتەقێتەوە و بارگەو بنەی ئەم دەستەوتاقمە میلیشییانە رابماڵێ. موقتەداو عامری و کازمی و تەواوی سەرانی بورجوازی زۆر بەحەزەرەوە مامەڵە لە گەڵ بارودۆخەکە دەکەن. هەر جوڵەیەك کە دەیکەن تەنها بۆنیشاندانی هاوسەنگی هێزە لەنێوان خۆیاندا. ئەوان هەمویان پاشکۆو لایەنگرییان هەیە بۆهێزە هەرێمی و نێودەوڵیەتیەکان و هەرکەسێك چاودێربێت بەسەر دۆخی سیاسی لەعێراق، دەتوانێت بە رۆشنی درك بەو واقیعیەتە بکات. جموجۆڵی سەدرو کوتلە پەرلەمانیەکەی کە پاڵیان داوە بەووڵاتانی عەرەبی بەرەی نەیارەی ئێرانەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە و راستەخۆ پشتیوانی لێدەکرێ، لەبەرامبەر هەژمونی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراقدا خۆی نمایش دەکات. لەبەرامبەردا هادی عامرێ ئەمجارە وەك نێردەیەکی ئێران جەولە مەکوکیەکەی دەست پێکرد. هیچ کام لە هێزە سیاسیەکانی کەنار نەخست و سەردانی کردن وبانگێشتی کردن بۆ کۆکردنەوەیان لە سەرمێزی رێکەوتن. هوشداری ئەوەشی دا بە سەدر لە ئەگەری درێژکردنەوەی خویشاندانەکان و دورکەوتنەوە لەهێزەسیاسیەکان، ئەگەری ئەوە هەیە دۆخەکە لە دەست هەموویان دەربچێت و کونترۆڵ نەکرێت .
ئیتر هەرشتێك و هەربیانویەك کە دەهێننەگۆرێ تەنها پاساوێكە بۆ جۆرێك لە رازیکردنی خەڵک و دامرکانەوەی تورەیی جەماوەر، تادەگەن بە رێگەچارەیەك و دەرچەیەك کە ئەم سیستەمە سیاسییەو تەواوی بۆرژوازی عیراق لەم قەیران و چەقبەستوویە دەربازکەن .
ئێستا بنبەستی سیاسی گەیشتووە بەوەی کە ئەحزابی بۆرجوازی بکاتە دوکەرت. کوتلەی سەدەر کە نوێنەرایەتی سعودیەو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەکەن لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە ئێران، داوای هەڵبژادنی پێشوەخت دەکەن و دەیانەوێت بەهەرشێوەیەك بێت جێ قاچی ئەمرێکا لە ناوچەکە قایم بکەن و پاشەکشەیەك بەسەر ئێراندا بسەپێنن و بیخەنە پێگەیەکی لاوازترەوە لە پەیوەند بە رێکەوتنی ئەتۆمی و نفوزی ئێران لە کەنداوو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەرەی سەر بە ئێرانیش دەیانەوێت کە پەرلەمان درێژە بە کارەکانی بداو سەرەك کۆمارو کابینەیەکی تازەی حوکمەت دامەزرێ بەشێوەی بەشبەشێنەی قەومی و تائیفی درێژە بە حوکمەتداری بدەن!.
هیچ کام لەم هێزانە ناکۆك نین لەگەڵ سیستەمی بەشبەشێنەی قومی و تائیفی وئەوەی کە سەرچاوەی ئەم دۆخەیە ریشەی لەو کێشمەکێشەی ئیمپریالیزمی جیهانیدا یەو هێشتا ململانێی نێوان جەمسەرە ئیمریالیستیەکان تەواونەبووەو هیچ ئاسۆیەکیش لەبەردەم زلهێزەکاندا نییە بۆگەیشت بە رێگاچارەیەك کە ببێتەمایەی جێگیری سیاسی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا. بگرە مەترسی رودانی جەنگێکی ئەتۆمی ئەگەرێکی زۆر دوور نیە. شەری ئوکرانیا خەریکە دەبێتە شەرێکی درێژخایەن و تادێت لێکەوتەکانی پەرە دەستێنێ. چین ئابڵوقەی تایوان دەداو ئەمرێکا هۆشداری دەدا و کوریای باکوڕیش هەڕەشەی جەنگی ئەتۆمی دەکات! دنیا هەتا دێت میلیتاریزە دەکرێ. هەموو ئەمانە ئاماژەیەکی خراپن و راستەخۆ کاریگەریان هەیە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی ملیارەها مرۆڤی کرێکارو زەحمەتکێش.
هیچ کات بەڕادەی ئێستا سەرمایەداری لەقەیرانێکی کوشندەدا نەبووە! ،ئەم هەلومەرجە ترسناکە بەبێ دەخاڵەتی چینی کرێکارو بەبێ خرۆشانی جەماوەری نارازی، بەبێ لەمەیدانبونی بەرەی ئازادیخواز، بەری پێناگیرێت. جەماوەری کرێکارو زەحمەیکێشی نارازی لەعیراق و هەرجێگایەکی ئەم دنیایەدا تەنها لەرێگای خۆرێکخستن و کۆبوونەوە لەدەوری ئاسۆی سیاسی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی چینی کرێکار و بەدژی ئەم دۆزەخەی بۆرژوازی بۆی داخستوە، دەتوانێ ئاسۆیەکی رووناك و ئازاد و خۆشگوزەران و ئارام، دوور لە چەوساندنەوەو سەرکوت و ململانێی نێوان ئیمپریالیستەکان و هەڕەشەی جەنگ و شەڕی ماڵوێرانکەرانەیان، بخاتە بردەم مرۆڤایەتی! گۆرینی ئەم سیستەمە سیاسی و ئابوریە تەنها بەهێزی رێکخراوی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشی هوشیار بە چەکی رزگاریبەخشی کۆمۆنیستی و چینایەتی دەبێت. بەدامەزراندنی سیستەمێکی نوێ دەبێ بە لەسەر بنەمای بەشداری سیاسی ڕاستەوخۆی خەڵك لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، ئەو بەدیلە سیاسیەش تەنها دەسەڵاتدارێتی شورایی کرێکاران و زەحمەتکێشانە. کۆمەڵگای عێراق ئێستا پیویستی بە دیلی دەسەڵاتدارێتی شوراکانی کرێکاران و زەحمەتکێشان و توێژە هەژارو کەمدەرامەتەکانە. نە هەڵبژادنی پێشوەخت و نە سەروەخت، نە گورینی دەموچاوەکان و نە بەرەی ئەمرێکاو ئێرانیش، هیچ کامیان ناتوانن خەڵکی عێراق لەم ئەزمە سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتیە دەرباز بکەن. تەنها بزوتنەوەیەکی جەماوەی سەربەخۆ ۆ خاوەن بەرنامەیەکی کارسازنەبێت .
١٨/٨