لە پەراوێزی هەوڵی تیرۆری سەلمان ڕوشدی دا
مستافا باهیر
شمشێر و چەقۆ لای ئیسلامی سیاسی دوانەیەکن و لەیەک دا نابڕێن! ئیسلامیەکان نەک هەر ئێستا، بەڵکو لە دێرزەمانەوە بەشمشێرو چەقۆ هێرشیان کردوەتە سەر نەیارەکانی خۆیان و بگرە ئەو کەسانەش کە سەر بە هەمان بیروبڕوای ئاینی ئەوان بوون.
ڕۆژی ١٢ی ئابی ٢٠٢٢ لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵی موسڵمان بەناوی “هادی مەتەر” کە لەبنچینەدا لوبنانیەو لە حزبوللە وە نزیکە، بەبێ هێچ دوودڵیەک بەبەرچاوی سەدان کەسەوە لە ڕێوڕەسمی ناساندنی کتێبێکیدا لە پەیمانگای “شاتوکوا” لە شاری نیۆیۆرك بە چەقۆ هێرشی کردە سەر نوسەری ناسراوی جیهانی”سەلمان روشدی” نوسەری کتێبی “ئایەتە شەیتانیەکان” کە لەلایەن خومەینیەوە فتوای کوشتنی درابوو، بەسەختی برینداری کرد.
“سەلمان ڕوشدی” بێجگە لە رۆمانی ئایەتە شەیتانیەکان، چەندین ڕۆمانی تری هەیە. بۆ نمونە ڕۆمانی (منداڵەکانی نیوەشەو)ی لە هیندستان قەدەغە کرا، بەڵام لە پاکستان و ئێران بازاڕی باشی هەبوو. دواتر ڕۆمانی (شەرم)ی بڵاوکردەوە، کە لە پاکستان قەدەغە کرا، بەڵام لە هیندستان و ئێران پێشوازی لێکرا! تەنانەت دوای ئەمە، “سەلمان ڕوشدی”، خەڵاتی باشترین کتێبی وەرگێڕدراوی ساڵی لە ئێران پێدرا!
دوای ئەم دوو ڕۆمانە، سەلمان روشدی ڕۆمانی (ئایەتە شەیتانییەکان)ی لە ساڵی ١٩٨٨ بڵاوکردەوە، کە ئاماژەیە بۆ ڕووداوێکی مێژوویی کاتی ئیسلام بوونی “عومەری کوڕی خەتاب “و گلەیی کردنی لە ئایەتێک کە بتەکانی کەعبە پەسەند دەکات. “پێغەمبەریش ” بۆ دڵدانەوەی عومەر دەڵێت ئەمە شەیتان بووە و لە شێوەی جوبرائیل، ئەم ئایەتەی بۆ هێناوم!
ڕۆژنامەی (کیهان)ی تارانی، وەرگێڕدراوی فارسیی ئەم ڕۆمانەی بە زنجیرە بڵاودەکردەوە و هیچ سانسۆرێکیشی لەسەر نەبوو. بەڵام کاتێک ڕۆمانەکە دەکەوێتە گێڕانەوەی هەوڵەکانی ئایەتوڵا خومەینی لە پاریسەوە بۆ هاندانی خەڵکی ئێران دژی شا و تا دەگەڕێتەوە تاران و دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئیتر دوای ئەوە، بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە لە ئێران قەدەغە کرا. زۆریشی نەبرد، خومەینی فتوای دا کە “سەلمان ڕوشدی” سوکایەتی بە ئیسلام کردوە، بۆیە هەر کەسێک بیکوژێت، خەڵاتێکی گەورەی پێدەدرێت و دەچێتە بەهەشت!
دوای فتواکەی خومەینی، “خامنەی”ش فەتواکەی خومەینی بە بڕیارێکی نەگۆڕی رژێمی ئیسلامی ئێران ناوبردەوە. بۆ تیرۆرکردنی سەلمان ڕوشدی، حکومەتی ئێران لەماوەی ئەم ٣٤ ساڵەدا دامودەزگا جاسوسی و تیرۆریستیەکانی خستوەتە کار و لەرێگەی رەوت و گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی سەر بەخۆیەوە، هەوڵیداوە ئەو کارە جێبەجێ بکات. شتێکی نامۆ نیە کە ئەوەی تاوانی تیرۆرەکەی ئەنجام داوە، بەڕەچەڵەک خەڵکی لوبنانەو لەم ساڵانەی دواییدا سەردانی لوبنانی کردوەو لەگەڵ حزب اللەی لوبنانی خزمەتکارو کرێگرتەی رژێمی ئیسلامی ئیراندا پەیوەندی گرتوە و بێگومان ئەوانیش ئەو ئەرکەیان پێسپاردوە!
هەواڵی تیرۆرکردنی “سەلمان ڕوشدی” لە لایەن ئازادیخوازان و بەشێک لە دەوڵەتانەوە ئیدانەو شەرمەزارکرا، بەڵام هەر ئەوە بەتەنها بەس نیە، چونکە هێرشێکردنەسەر نوسەرێک بە مەبەستی کوشتنی لەسەر نوسینی ڕۆمانێک، هێرشێکی ڕوون و ئاشکرایە بۆسەر ئازادی و ئازادی بیروباوەڕو ویژدان ، هێرشە بۆسەر مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی! بۆیە پێویستە لەسەر هەموو کەسێکی ئازادیخوازو هەموو ئەو حکومەت و دامەزراوانەی کە ئیدیعای بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕین و مافە مەدەنیەکان دەکەن، بە شێوەیەکی ڕون وئاشکرا ئیدانەی ئەم کارە ترسنۆکانەی جمهوری ئیسلامی ئێران بکەن و هەوڵبدرێت لە جیهاندا حکومەتی ئێران گۆشەگیر بكرێت و بەرپرسەكانیشی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی تۆمەتبار بكرێن و بدرێن بەدادگا نێودەوڵەتیەکان. چونکە ئەمە یەکەمین تاوان و کۆتا تاوانی ئەم حکومەتە کۆنەپەرستە نیەو نابێت ، بەڵکو ئەم حکومەتە، چەندەها تاوانی گەورەی ئەنجام داوە دژی خەڵک و ئازادیخوازان و ژنان و هەڵسوڕاوانی سیاسی و نەیارانی ئەو رژێمە دڕندەو دژی بەشەریە. نەك هەر ئەوە بەڵکو دەوری ڕاستەوخۆی هەبووە لە بڵاوکردنەوەی تیرۆرو تۆقاندن لە ئاستی ناوچەکەدا و چەندین گروپی تیرۆریستی ئینساکوژی بەرداوەتە گیانی خەڵکی ناوچەکەو سەدان کەسیان تیرۆرکردوە لەوانەی کە بەدڵی ئەو رژێمە کۆنەپەرست و دڕندەیە ناجوڵێنەوە! رژێمی ئیسلامی ئێران و گروپە تیرۆریستەکانی سەر بەو رژێمە مەترسیەکی جدین لەسەر خەڵك و ناوچەکەو تەنها دەسکۆتاکردنی ئەوان دەتوانێ رێگایەکی کارساز بێت بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی و ئازادی بۆ خەڵی ئێران و ناوچەکە و کورتکردنەوەی دەستی تیرۆریزمی ئیسلامی.
پێویستە ئازادیخوازن و سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات، بۆ بەرگریکردن لەئازادی و لە مرۆڤایەتی بێنەمەیدان دژی چەقۆ کێشەکانی ئیسلامی سیاسی و جمهوری کۆنەپەرستی ئێران. هەوڵبدرێت وەک نازیەکانی ئەلمانیا بە ئاشکرا نەتوانن رێکخراو حزب دروستبکەن و ڕێگا لە کارو چالاکیەکانیان بگیریت.
١٨/٨/٢٠٢٢