بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپەیوەند بە بانگەوازی بزوتنەوەی نەوەی نوێوە بۆ خۆپیشاندان
لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی حکومەتی لە عێراق و تەقینەوەی ناکۆکیەکانی نێوان باڵه‌کانی بۆرژوازی و لێکترازانی “ماڵی شیعە” و بانگەوازی سەدر بۆ خۆپیشاندان و داگیرکردنی پەرلەمان، شاسوار عەبدولواحیدی سه‌رۆكی نه‌وه‌ی نوێش سەری لەژێرعەباکەی سەدرەوە دەرهێنا و کەوتە بانگەواز بۆ خۆپیشاندانی سه‌راسه‌ری له شاره‌كانی كوردستان. ئەم کارەشی بە خۆهەڵواسین بە خواستەکانی جەماوەری زەحمەتکێشه‌وه ده‌كات و سواربوونی شەپۆلی توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانیانی کردۆتە ڕێگایەک بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵات تا پەلە بکەن بۆ بەرپاکردنی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان. بەمجۆرەش شاسوار عەبدولواحید و حزبەکەی ده‌یه‌وێ هاوشێوەی نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەی گۆڕان ناڕەزایەتی و خواستە بەرهەقەکانی جەماوەری کرێکار و زەحمه‌تکێش بکاتە پەیژەیەک بۆ هێنانەوەی کورسیەکانی پەرلەمان.
شاسوار عه‌بدولواحید و جوڵانه‌وه‌كه‌ی کە کۆرپەی باوەشی هەمان ئەو سیستەمەیە کە کۆمپانیاکان لەسەری دەلەوەڕێن و بەری ڕەنجی خەڵکی بەتاڵان دەبەن، چ خۆی وەک سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیایەک و چ حزبەکەی وەک نوێنەری بەشێک لە چینی سەرمایەدار و دەوڵەمەند، ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵات لەسەر بەتاڵان بردنی دەسڕەنجی ملێۆنەها کرێکار و جەماوەری مەحروم و ستەمدیدەی کوردستانه و ئەویش وەک هەر حزبێکی بۆرژوازی دەیەوێت خۆی لە قاڵبی خەمخۆری و ئازارەکانی جەماوەردا ده‌ربخات و هەستیان ببزوێنێت و یاری بە داخوازیەکانیان بکات و لەکێشمەکشیدا لەگەڵ دەسەڵات، ناڕه‌زایه‌تی و نه‌فره‌تی خه‌ڵك له دژی ده‌سه‌ڵات و سیستمی مه‌وجود، بکاتە ئامڕازێک بۆگەیشتن بە ئامانجی ئه‌وه‌ی کە هه‌ڵبژاردنێك بكرێت و ببێته خاوه‌نی کورسی و ده‌نگێكی زیاتر و ده‌موچاوه‌كانی ئه‌وان ببنه میراتگری هه‌مان سیستەمی بەتاڵان بردنی داهاتی کۆمەڵگه. ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵكیش بكاته به‌رده‌بازێك بۆ گه‌یشتنی زیاتر به كورسیه‌كانی ده‌سه‌ڵات. بەم جۆرەش كارێك كه ئێستا نه‌وه‌ی نوێ و سه‌رۆكه‌كه‌ی به‌شوێنیه‌وه‌ن هه‌مان ئەو گه‌مه سیاسیه‌یە كه پێشتر تاقیكراوه‌ته‌وه و به‌رهه‌مه‌كه‌شی جگه له به‌لاڕێدابردنی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك و هێشتنەوەیان لە سایەی هه‌مان ئەو سیستەم و ده‌سه‌ڵاته‌دا کە سی ساڵە ژیانی خەڵک دەهاڕێت، هیچی تر نییه.
جه‌ماوه‌ری ناڕازی، خه‌ڵكی كرێكار و بێبه‌ش،
لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا خۆپیشاندان و بەرزکردنەوەی داخوازی سودێکی نییە و ئەنجامێکی نابێت، ئەویش لەسەر بانگه‌وازی لایەنێک کە خۆی بەشێک بێت لەو سیستەمەی کە حزبەکانی دەسەڵات پارێزەرین. تەنانەت هەموو حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانی پەرلەمانیش، بە خودی حزبەکەی شاسوار عەبدولواحیدەوە ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە دەسەڵات نە گوێ بە داخوازی خەڵک دەدات و نە حسابێک بۆ خۆپیشاندانی “مەدەنی و ئاشتیانە” دەكات. خۆپیشاندانێک کە شاسوار عبدولواحید و حزبەکەی بانگەوازی بۆ کردووە نەک هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به هاتنه‌مه‌یدانی ئێمە خەڵکی ناڕازی و خواستەکانمانەوە نییه كه ساڵانێکە مەیدانی شارەکانمان بۆ گرتووە، بەڵکو یاریەکی گڵاو و فریودەرانەیە و هەوڵێکە بۆ ئەوەی جەماوەی توڕە و ناڕازی کوردستان وەک هێزی خۆی نیشان بدات و لەم ڕێگایەشەوە دەستی خۆی لە دەسەڵات و داهاتی زیاتری کۆمەڵگه گیربکات.
ڕێگاچاره‌ی دۆخی ئێستای كوردستان تەنها بە هاتنەمەیدانێکی ئامادە و ڕێکخراو و بە جوڵانەوەیەکی بەرچاوڕۆشن و سەربەخۆ بۆ ڕاماڵین و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاڵانکار و ستەمگەری ئێستا و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەر کە دەستبەجێ داخوازی و ئاواتەکانی خەڵکی کرێکار و بەشمەینەتی کوردستان لە بەرنامەیدابێت مەیسەرە. بێگومان لەم ڕێگایەدا خۆجیاكردنه‌وه‌ی ڕیزه‌كانی جه‌ماوه‌ری ناڕازی و خۆئامادەکردن و ڕێكخراوكردنی ڕیزەکانمان لە دەوری بەدیل و ئاسۆیەکی شۆرشگێڕانە و سۆشیالیستی کاری دەستبەجێیە..
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە تەواوی تواناوە بۆ بەکردەوە دەرهێنانی ئەم ڕێگاچارەیە تێدەکۆشیت.
٣ ی ئابی ٢٠٢٢