ئەم یان ئەو!.. بێدەنگی ماناداری کوردایەتی لەبارەی کوشتارەکەی تورکی!

ابراهیم حسێن

دەوڵەتی فاشسیتی بۆرژوازی تورکیا، جارێکی تر لە هێرشێکی موشەکیدا لە قوڵایی کورستاندا کوشتاری ئەنجامدا.
وەک هەمیشە بۆرژوازی حاکمی کوردایەتی لە هەولێر و سلێمانی بۆئەوەی بتوانێ بێدەنگی خەجاڵەتئاوەری خۆی بێدەریسەر تێپەڕێنێ و تەنانەت تەکلیفی پەکەقاژەیەکی ترسنۆکانەش لەسەر خۆی لابەرێ و بە ئابڕوچونێکی کەمتر ئەم شەرمەزاریە سیاسیە تێپەڕێنێ، پەنایبردە بەر بۆرژوازی ناوەند.

هەڵوێستی سەرۆکی حکومەتیان، سەرۆکی پەرلەمانیان و سەرۆکی کوردستانیان، هێشتا هەر لە گیرفانی خۆیاندایە تا بەڵکو شتێک ڕووبدات و هەرچۆنێک بووە ئەم کابوسە تەواو بێت و ببڕێتەوە. هەڵوێستی ئەم جەنابانەی کە نازناوی سەرۆکی وڵات و حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیان هەڵگرتووە، ئەوەیە کە هیچ نەڵێن. چونکە ئەگەر شتێک بڵێن دەبێ یەکێک هەڵبژێرن ئازاری بدەن. یان دەڵەتی ئۆردۆغان یان ئازاردانی خەڵکی هەر ئێستا توڕە و بێزاری کرێکار و زەحمەتکێش لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی. یان دەوڵەتی ئۆردوغان کە لەگەڵیاندا دەستیان لە گیرفانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستاندا بووە، شەریکیان بوون لە بە تاڵانبردنی خێر و بێری بازاڕی کاری هەرزان و سەرکوت و کۆنەپەرەستی سیاسی ونەوت و سەرچاوەکانی پێویست بۆ ژیانێکی خۆشبەخت و خۆشگوزەران، بڕەنجێنن، یان خەڵکی کرێکار و بێبەشی کوردستان کە هەر ئێستا لە ئارەزوی تێپەڕین و ڕزگاربوون لەو یاری خێوی شەوەی بۆرژوازی کوردایەتیدا دەژین، بڕەنجێنن.

ئەوەی گومانی تێدا نیە ئەوەیە ئەوان لە نێوان ئەو دوو بژاردەیەدا دەمێکە و هەر لەبنەڕەتەوە هەڵبژاردنی خۆیان کردوە و بڕاوەتەوە. لە شەڕ و جەنگی چینایەتیدا بەشێکن لە کەمپی ئۆردۆغان و نەک هەر حازر نین بیڕەنجێنن، نەک هەر ئامادەن خەجاڵەتی بێدەنگی و سەرکزکردن لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیا قبوڵ بکەن، بەڵکو ئامادەن تەنانەت بە چەک و هێزی میلیشیا دەمی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دابخەن تا ئەوانیان لێ نەڕەنجێ.

ئێمە ، کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری وتبومان بۆرژوازی کوردایەتی، تاڵەبانی و بارزانی ئامادەن کۆمەڵگەی کوردستان بگۆڕن بە وێرانەو جوغرافیەکی سەرگەردانی بێحەق و حیسابی کاری هەرزان و بێمافی حاکمیەت کە هەر کۆنەپەرەستیەکی بۆرژوایی ناوچەکە دەتوانێ یاری بە موقەدەرراتی دانیشتوانەکەی بکا.

تاوانی دوایی دەوڵەتی تورکیا و هەر ساتێکی ئەم شێوە پەست و نائومێدکەرەی ژیان کە چینی کرێکار و بێبەشانی کومەڵگەی کوردستان لە سایەی ئەم حاکمیەتە چینایەتیە پوچەی کوردایەتیدا تێیدا گرفتار بوون، گەواهی دروستی تێگەیشتن و بانگەوازی جوڵانەوەی ئێمە بوو. گەواهی ئەوەبوو کە جوڵانەوەی چینایەتی ئێمە لەسەر حەق بوو.
ئەم دەعوایە کۆتایی نەهاتووە و نەک هەر ڕزگاری لەم دەسەڵات و دەورودوکانە چینایەتیە، نەک هەرسەرکەوتنێکی سیاسی چەپ و ئازادیخوازانە بەسەر کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی لە کوردستان و ناوچەکەدا، بەڵکو تەنانەت کۆنتڕۆڵکردن و لەسەرشوێندانانەوەی ئەم کۆنەپەرەستیە و بەرگریکردنێکی سەربەرزانە لەموقەدەرراتی خۆ، لە کەرامەت و حورمەت و ئازادی خۆی، لە گرەوی بەهێزکرنی کۆمۆنیزم و خستنەسەرپێی قوتبێکی بە هێزی سۆسیالیستی کرێکاریدایە. ئەمە تاقە شانسی چینی کرێکار و کۆمەڵگەی کوردستانی ئەمڕۆیە بۆ ڕزگاری و ژیانێکی ئازاد و بەختەوەر.

۲٤.۷.۲۰۲۲

 

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *