ئه‌مڕۆ ٤ شه‌ممه، ٢٠\٧ جارێکی تر ڕژێمی تورکیا ناوچەیەکی گەشتیاری لە پەرەخ لە سنوری زاخۆ توپ‌باران کرد و لە ئاکامدا ٩ کەس کە زۆربەیان گەشتیارن، گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٣٠ کەسیش برینداربوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە.
ئەمە یەکەمین جار نییە ڕژێمی تورکیا، لە چوارچێوەی دەستێورەدان و هێرش و ملهوڕیەکانیدا، سنورەکان بۆمبا‌باران دەکات و شوێنی کار و ژیانی خەڵکی مەدەنی دەکاتە نیشانە، بەڵکو هێرش و دەستوەردانە سەربازیەکانی دەوڵەتی تورکیا، بۆتە کارێکی بەردەوام و تا دێتیش فراوانتر و بەرینتر و دڕندانەتر دەبێت… ئەمەش نەک تەنها لە ناوچە سنوریەکان، بەڵکو لە قوڵایی کوردستاندا و لە زۆربەی ناوچەکاندا، هەر لە زاخۆوە بۆ شەنگال و لە کەلار و کانی ماسییەوە، بۆ قادر کەرەم و مەخمور و تا دەگاتە ناوجەرگەی شارەکان ئۆپەراسیۆن دەکات و لە ڕێگای باندەکان و فڕۆکەی بێ فرۆکەوانەوە، ئۆپۆزیسیۆنی تورکی دەکاتە نیشانە و لە ئاکامی ئەم هێرشانەیدا تا ئێستا بە سەدان کەس لە هاوڵاتیانی سڤیل گیانیان لە دەستداوە و نائەمنی بەسەر شوێنی کار و ژیانیاندا زاڵکراوە. هاوڵاتیانی چەندین گوندیش ناچار بوون شوینی کار و ژیانیان بەجێ بهێڵن و بە دەیان کادر و بەرپرس و لایەنگری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش تیرۆرکراون.
هێرش و په‌لاماره‌كانی ده‌وڵه‌تی فاشیستی توركیا هه‌ر پاساوێكی هه‌بێ ته‌نها له پێناو فراوانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی نفوز و ده‌سه‌ڵاتی خۆیدایه له ناوچه‌كه‌دا. به تایبه‌تی له هه‌لومه‌رجی ئێستای دنیا و ناوچەکەدا، توركیاش ئه‌م یاریه گڵاوه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و هێزه جیهانیه‌كاندا ده‌كات و له‌و پێناوه‌شدا ئاماده‌یه گیانی سه‌دان و هه‌زاران خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بکاتە قوربانی و ژیانیان لە فەزای عەسکەرتاریەتدا ڕابگرێ. تاوانه ئاشكراكانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته هه‌وسار بچڕاوه فاشیستیه بەردەوام به‌به‌رچاوی هێزەکانی ئەمریکا و ده‌زگایه‌كی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و هه‌ردوو حكومه‌تی مه‌ركزی و هه‌رێمه‌وه ڕوودەدا و هەرجارەش کارەساتێکی لێدەکەوێتەوە. به‌ڵام ئەوە هەر ئەم لایەنانەن کە له‌به‌ر بهرژهوهندیەکانی خۆیان لەگەڵ توركیادا و هاوکات بەهۆی ئەو فشه‌ڵی و قه‌یرانەی کە دەسەلاتەکەیان تێیداچەقیوە به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانیوه سه‌روه‌ری سنورەکانیان بپارێزن و هه‌میشه دهمداچهقیوانه و ڕووكه‌شی و شه‌رمنۆكانه سه‌ركۆنه‌ی دەستدرێژیە سەربازیەکانی تورکیایان كردووه. تەنانەت خودی ئەمریکا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش جگه له ئامۆژگاریه‌كی دۆستانه هیچی تریان به ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌ووتووه.
بەڵام ئەوەی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیادا، وەک خاڵێکی ئومێدبەخش خۆی نیشانداوە کاردانەوەی فراوانی جەماوەری ناڕازیە لەسەر ئاستی عێراقدا. لەوانەش لە شاری بەغدا ئاڵای تورکیا لەلایەن خەڵکی ناڕازیەوە لەسەر باڵیۆزخانەی تورکیا هێنراوەتە خوارەوە و خواستی چاوخشاندنەوە و کۆتایی هێنان بە پەیوەندی نیوان دەوڵەتی عێراق بە تورکیاوە بەرزکراوەتەوە. هاوکات لە ژێر گوشاری و کاردانەوەی خێرای جەماوەردا، بەرپرسە سیاسییەکان و کوتلە سیاسیەکان، بۆ خوڵکردنە چاوی جەماوەری عێراق و کوردستانه‌وه خەریکی لێدوان وهەڵوەراندنی فرمێسکی درۆینەن، کە ئامانجی سەرەکیان خاوکردنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و خۆ هەڵواسینە بە توڕەیی جەماوەرەوە.
لە کوردستانیش بەرپرسەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، بەخێرایی چەندین لێدوان و راگەیاندنیان بڵاوکردەوە، کە پەکەکە بە تۆمەتبار و سەرچاوەی سەرەکی تۆپبارانەکە دەزانن و باسی دڕنده‌یی و ملهوڕی دەوڵەتی تورکیا ناکەن و شانی خۆیان لە بەرپرسیاریەتی خاڵی دەکەنەوە و ئاڕاستەی دەسەڵاتی مەرکەزی دەکەن.
ئێمە لە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لە کاتێکدا سەرەخۆش خۆمان لە کەسوکاری قوربانیانی ئەم هێرشەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەردەبڕین و هیوای زوو چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، هاوکات بە توندی ئیدانەی لەشکرکێشی و ملهوڕی و بۆردمانەکە دەکەین و داوا لە جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان دەکەین لە ڕیزێکی سەربەخۆدا بەرامبەر بە دەستدرێژیە سەربازیەکانی تورکیا ڕابوەستنەوە. ئه‌وه ته‌نها ڕیزی یه‌كگرتووی جەماوەری ناڕازیە کە دەتوانێ سنورێک بۆ دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی تورکیا دابنێ و ئارامی و ئاسایش لە شارەکانی کوردستاندا زامن بکا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٠ تەموزی ٢٠٢٢