كۆنفرانسی حیزبی كۆمۆنیستی كرێکاریی كوردستان/ ڕێكخستنی كەنەدا سەركەوتوانە بەڕێوەچوو!

ڕۆژی ٣ ی ته‌موزی ٢٠٢٢، ڕێكخستنه‌كانی كه‌نه‌دای حزب كۆنفرانسی ئه‌ندامانی له‌ كه‌نه‌دا و ئه‌مریكا سازدا.

سەرەتا هاورێ ئاراس ڕەشید بەرپرسی ڕێكخستنی كەنەدا دوای بەخێرهاتنی ئامادەبوان، خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی كە دوای پەتای كۆرۆنا توانراوه‌ جارێكی دیكە لەكەش وهەوایەكی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا ئه‌ندامان و دۆستانی حزب بەیەكتر شادببنه‌وه‌. دواتر بە ڕاگەیاندنی ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامان شەرعیەتیدا بە دەستپێكردنی كارەكانی كۆنفرانسی ڕێكخستنی كەنەدا، و پێشنیاری هاوڕێیان( مریەم عەبدولرەحمان و هیوا جەمیل و زانا سەلام) ی كرد بۆ بەڕێوەبردنی كارەكانی كۆبوونەوەكە. دوای دەنگدانی ئەندامان بەو لیژنەیە، بەسرودی ئەنتەرناسیۆنال و ساتێك وەستان بەبێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە ژیانلەدەستدانی هاوڕێیانی ڕێگەی ئازادی و سۆشیالیزم كۆبوونەوەكە دەستیپێكرد. دوای خوێندنەوەی بڕگەكانی كۆبوونەوەكە لەلایەن هاوڕێ مریەم عەبدولرەحمانەوە كە پێكهاتبوو لە( وتە و باسی م.سیاسی و ڕاپۆرتی دەورەی ڕابردوو، نەخشەكاری داهاتوو و هەڵبژاردن). هاوڕێ ئاراس بانگێشتكرا بۆ پێشكەشكردنی وتەیەكی كورت بۆ دەستپێکی كۆبوونەوەكە. لە قسەكانیدا ئاماژەی بە بەریەتی سیستەمی سەرمایەداریكرد، كە خەریكە پایە ئەساسیەكانی ژیان لە ژینگە و مرۆڤ وێران و نابووت دەكاتەوە، و قەیرانەكانی خۆی لە جەنگ و پەتا و ئاوارەیی و برسێتی دەبەخشێتە مرۆڤایەتی. بۆیە لەسەر هەموو ئینسانێكی مرۆڤ دۆست و ئازادیخواز پێویستە ڕووبەڕووی بێتەوە.

پاشان نوێنەری حیزبی حیكمەتیست/ خەتی ڕەسمی هاوڕێ ئەحمەد موتلەق وتەیەكی كورتی پێشكەشكرد، و هیوای سەركەوتنی بۆكارەكانی کۆنفرانسەكە خواست، و ئومێدەوار بوو كە بتوانن بەیەكەوە كاری هاوبەش بكەن.

ژیلە ئازاد وەك كچە لاوێكی ئومێدەوار بە دنیایەكی باشتر، وتەیەكی كورتی پێشكەشكرد و ئامادەیی خۆی دەربڕی كە كۆمەك و یارمەتی دەوروبەری بدات بەتایبەت بۆ كەسانێك كەتازە دێنە كەنەدا.

هاوڕێ دەشتی جەمال بەرپرسی ڕێكخراوی دەرەوەی حیزب و ئەندامی م.سیاسی قسەوباسێكی سەبارەت بە هەلومەرجی كوردستان و جێگەوڕێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی حیزبی پێشكه‌شكرد. لەدرێژەی قسەكانیدا  چووە سەر ئەولەویات و كارێك كە حیزب لە كوردستان و لە دەرەوە خستویەتیە دەستوری نەخشەكاری خۆیەوە كە ببێتە ئۆپۆزسیۆنی یەكەمی دەسەڵاتی هەرێم، لەڕێگەی ئەو بڕیار و پرۆژانەی كە حیزب لە كۆنگرەی ٥ی خۆیدا دەنگی پێداوە.

پاشان ئامادەبوان بە ئەندام و میوانەكانەوە ڕا و سەرنج و پێشنیار و پرسیاری خۆیان بەڕاشكاوی خستە ڕوو. لە كۆتایی ئەم باسەدا هەریەك لە هاوڕێیان جەمال موحسین بەرپرسی ڕێكخستنەكانی حیزب لە دەرەوە و دەشتی جەمال، بەپێی ئەو كاتەی لەبەردەستبوو وەڵامیان بە دەخالەتی هاوڕێیان دایەوە.

ڕاپۆرتی دەورەی ڕابردووی ڕێكخستنی كەنەدا كە پێشتر بەشێوەی نوسراو ناردرابوو بۆ هاورێیانی ئەندام و بەچاپكراویش لەبەردەستبوو، لەلایەن هاوڕێ ئاراسەوە باسێكی لەسەركرا. لەوباسەدا هاوڕێ ئاراس ئاماژەی بەلایەنە ئیجابی و سلبیەكانی بڕگەكانی ڕاپۆرتەكە كرد، و ئەو هەلومەرجەی ئاماژەپێدا كە ڕێكخستنی كەنەدا ڕووبەڕووی بۆتەوە. ڕێكخستنی كەنەدا وەك ڕێكخستنێكی سەروسیما دیار لەكەنەدا هەڵسەنگێندرا و ئەو باسە دوای دەخالەتی ئامادەبوان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو بەئیجابی هەڵسەنگێندرا و دەنگی پێدرا.

هاوڕێ سەردار عەبدوڵا نەخشەكاری داهاتووی كەنەدای باس لێوەكرد. بەپێی هەلومەرجی تایبەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی رێكخستنی كەنەدا و ئەولەویاتی ڕێكخراوی دەرەوە هاوڕێ سەردار هەندێك لەو كارانەی خستەبەردەم كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردن و بڕیاردان لەسەری. شایانی باسە هاوڕێ جەمال موحسین ئاماژەی بە ئەولەویاتی ڕێكخراوی دەرەوە كرد، و تایبەتمەندی هەر وڵاتی بە گرنگ زانی لە بردنە پێشەوەی ئەو ئەولەویاتانە. دوای قسه‌وباسی ئه‌ندامان و ئاماده‌بووان له‌سه‌ر ئه‌م نه‌خشه‌كاره‌، بەكۆی دەنگی ئەندامان نه‌خشه‌كه‌ دەنگی پێدرا و سپێردرا بە كۆمیتەی هەڵبژێردراوی تازە كەبیكاتە نەخشەكار بۆ دەورەی داهاتوو.

لە كۆتا بڕگەدا كە هەڵبژاردن بوو،  ئەم هاوڕێیانە بۆ كۆمیتەی تازە هەڵبژێردران( ئاراس ڕەشید،جەلال سەعید،حەمید نادر،ڕزگار ڕەسوڵ،سەردار عەبدوڵا،مریەم عەبدولرەحمان، هیوا جەمیل)، هەروەها لە كۆبوونەوەیەكی دواییدا كۆمیتەكە ( ئاراس ڕەشید وەك بەرپرسی كۆمیتە، هاوڕێ ڕزگار ڕەسوڵ وەك جێگری كۆمیتە) هەڵبژێردران.

شایانی باسە بەهۆی كەشوهەوای سیاسی كۆبوونەوەكە و تێروپڕی باس و كارەكانی دەورەی ڕابردووی ڕێكخستنی كەنەدا و جێكەوتەیی كۆمەڵایەتی و سیاسی، ٣ كەس لەئامادەبوانی كۆبوونەوەكە ئەندامەتی خۆیان لە ڕیزەكانی حیزب ڕاگەیاند و دۆستانێكیش بوونە سپانسۆری سندوقی ماڵی حیزب و هاوڕێ و دۆستانێكیش لەو مێزكتابەی كە ئامادەكرابوو، كتێب و نوسراوەكانی حیزبیان كڕی وەك كۆمەكێك بۆ حیزب.

لە كۆتاییدا هاوڕێ ئاراس ڕەشید لەوتەی كۆتاییدا وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە ئامادەبووان و ڕۆڵی هەریەكەیان لە بەسەركەوتن گەیاندنی كۆبوونەوەكە، و بۆنە كۆمەڵایەتیەكە،  و هیواخوازی كە كۆمیتەی تازە بتوانێت ئەو نەخشەكارەی كەدەنگی پێدراوە بە هاوكاری ئەندامان و دۆستان و هەواداران و كەسانی ئازادیخواز بباتە پێش و ئەو جۆرە بۆنانە دووبارە ببنەوە.

پاشان لیژنەی سەرپەرشتیاری كۆبوونەوەكە بەسرودی ئەنتەناسیۆناڵ كۆتاییان بە كۆبوونەوەكە هێنا.

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان/ كۆمیته‌ی كه‌نه‌دا

٨ی تەموز ٢٠٢٢

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *