تاوانی ١٤ی تەمموز  !

مستەفا باهر

بیستو دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ١٤ی تەمموزی  ٢٠٠٠دا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی  “نەوشیران مستەفا” لە ناوجەرگەی  شاری سلیمانیدا، بە بەرچاوی دانیشتوانی ئەوشارەوە تاوانێکی  دژە ئینسانی گەورەیان ئەنجامداو پێنج کادری جەسوری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقیان تیرۆرکرد، کە هەریەک لە (محمد مستەفا ناسراو بە “کریم”، ئومید نیکبین، ئیبراهیم محمد ناسراو بە ” هاوکار”، هاوری لەتیف، عەبدولباست محسن ناسراو بە ” شێخ عبدول”) بوون. تەنها لەبەرئەوەی وەک ئەوان بیریان نەدەکردەوە و بە یەکێتی و پارتیان دەوت؛ ئێوە ناتانەوێت و ناتوانن ژیانێکی ئاسود بۆ خەڵکی هەژاری کوردستان دابین بکەن. پێیان دەوتن ئێوە تەنها لەبەرژەوەندی چینی سەرمایەدار کاردەکەن. بازرگانی بەکێشەی کوردەوە دەکەن و ناتانەوێت کێشەی  کورد بەیەکجاری چارەسەر بکەن، چونکە بەرژەوەندیتان وا دەخوازێت. پێیان دەوتن ئێوە وابەستەن بە دەوڵەتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکەوەو لەبەرژەوەندی ئەوان کاردەکەن و خەڵکی هەژاری  کوردستان دەخەنە خزمەت ئەو دەوڵەتە کۆنەپەرستانەوە. پێیان دەوتن ئێوە ژنکوژ و ئازادیخوازکوژن… .هتد

کوشتنی ئەم پێنج لاوە کۆمۆنیستە یەکەم و دوا تاوانی ئەم حزبانە نیەو  نابێت، بەڵکو ئەمانە لە ساڵی ١٩٦٣وە  کە دابەشبوون  بەسەر دوو بەرەداو لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە مەلایی و جەلالی ناسراون، لەوکاتەوە بەهەزاران تاوانیان دەرهەق بەخەڵکی هەژاری کوردستان ئەنجام داوە. جیگایەک نادۆزیتەوە لە  گوند و شارو شاخ و دۆلی ئەم کوردستانە ئەمانە تاوانیان تیا ئەنجام نەدابیت و خەڵکی هەژاری کوردستانیان تیا گولەباران نەکردبێت. هەمیشە بونەتە نۆکەری دەوڵەتانی ناوچەکەو بەفیتی ئەوان چەندەها ساڵە شەڕی یەکتردەکەن و لاوی هەژاری ئەم کوردستانە  بەکوشت دەدەن. بە سیاسەتی بەرژەوەندخوازانەو نا مرۆڤانەی خۆیان بیانویان دەدایە دەستی  دڕندەیەکی وەک  سەدام حسین تا کارەساتی ئەنفال و کیمابارانی هەڵەبجە ئەنجامبدات. هەر کارەساتێک کەبەسەر خەڵکی کوردستاندا هاتبێت، ئەگەر ئێوە خۆتان ڕاستەوخۆ ئەنجامتان نەدابێت  بێگومان ئێوە  دەستان تیایدا هەبوەو یەکێک بوون لە هۆکارەکان.

ئەوە ٣١سی و یەک ساڵە دەسەڵاتدارن لەکوردستان و سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی تالان دەکەن بۆ خۆتان و دەستو پێوەندەکانتان. هەرکەسێکیش نارەزایەتی دەرببرێت بەوپەڕی درندەیەوە سەرکوتی دەکەن. بێجگە لەوەی ڕاپێچی زیندانیان دەکەن، زۆریشیان بەشیوەی جیاواز تیرۆردەکەن. کەم نین ئەوانەی بەدەستی چەکدارەکانی یەکیتی و پارتی  تیرۆرکراون. بێجگە لەمانەش  ئێوە بەعس ئاسا ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی کوردستان  دەکەن.

کاتێک خەڵکی کوردستان بەعسیان لە کوردستان وەدەرناو  شوراکانی خۆیان دروستکرد، ئەمریکاو دەولەتانی کۆنەپەرست و فاشیستی ناوچەکە  یەکیتی و پارتی یان لەودیو سنورەکانەوە هێنایەوە بۆ کوردستان و  لەسەر کورسی دەسەڵات دایان نان. ئەوانیش لەسەر فەرمانی ئاغاکانیان یەکەمین کارێک کە پێی هەستان داخستنی بارەگای شوراکان بوو. کۆسپیان  دەخستە بەردەم کارو چالاکی کۆمۆنیستەکان، بەتایبەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری. چونکە کۆمۆنیستەکان تاکە هێزبوون کە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیان ڕەت دەکردەوەو پێیان دەووتن؛ ئێوە ناتوانن دەوڵەت بەڕێوەبەرن. ئێوە کارەسات بەسەر خەڵکی هەژاری کوردستاندا دێنن. پێویستە دەسەڵات دەسەڵاتی جەماوەری بێت و خەڵکی بەشێوەیەکی ئازاد بتوانن دەسەڵاتدارانی خۆیان هەڵبژێرن.

کۆمۆنیزمی کرێکاری لە عێراق و ئێران ڕۆژ لەدوای رۆژ لەپەرەسەندندا بوو. ئێران ئەم هێزەی بە دوژمنی سەرەکی خۆی دادەناو دەیویست هەرچی زوو ئەو هێزە لەناوبەرێت. سەرەڕای ئەوەی کە یەکێتی و خودی “نەوشیروان مستەفا” دژی کۆمۆنیزمی کرێکاریی بوون، ئیرانیش زیاتر فشاری دەهێنا بۆ لەناوبردنی ئەم بزوتنەوەیە. ئەوەبوو یەکێتی و نەوشیروان لەسەر ڕاسپاردەی ئێران و لە پیلانێکی نەخشەمەندانەدا لە ڕۆژی ١٤ تەمموزدا  پینج کادری ئەو حزبەی تیرۆرکرد،  بارەگاو رادیۆی حزب و بنکەی رێکخراوە جەماوەریەکانی وەکو رێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری لەژنان و بنکەی رێکخراوی مامۆستایان و سەنتەری بەرگری لە مناڵانی کوردستان و.. نزیك لە حزبی داگیرکردو تاڵانی کردن. سەرەڕای ئەوەش ئەو ژن و مناڵانەی کە لەو سەنتەرانەدا پەنادرابوون، بێسەرپەرشتیار مانەوەو ژیانیان روبەرووی مەترسی کرایەوەو دواتریش یەکێك لەو ژنانە لەلایەن کەسوکاریەوە کوژرا.

بەعس هەرکەسێکی سیاسی بکوشتایە لاشەکەی نەدەدایەوە بە کەسوکاری، بەڵکو خۆی دەیکردن بەژێڕ گڵەوە. هەڕەشەشیان لە کەسوکاری کوژاوەکە دەکرد کە نابێت پرسەی بۆ دابنێن و هەندێجار پارەی فیشەکەکانیشی لە کەسوکاری کوژراوەکە وەردەگرتەوە. یەکێتیش، بەعس ئاسا ڕەفتاریان کرد لەگەڵ تەرمی کۆمۆنیستەکاندا و کەسوکاریاندا. هیچ لاشەیەکیان ڕادەستی خانەوادەکانیان  نەکرد، بەڵکو خۆیان لە ڕێگای شارەوانیەوە  کردنیانن  بەژێرگڵه‌وە .  بەهەمان یاسای بەعس یەکێتی مولازم موحسینه‌کانی خۆی ناردەسەر کەسوکاری کوژراوەکان و پیان وتن نابێت پرسەیان بۆ دابنێن. بەلام مولازم محسینەکانی “نەوشیروان مستەفا” داوای پارەی فیشەکەکانیان لە کەسوکاری گیانبەختکردوان نەکرد، چونکه‌ پێشتر ئه‌و پاره‌یه‌یان له‌ئێران وه‌رگرتبوو!

لە کۆتایدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ڕاستە ئێران و یەکێتی توانیان پاشەکشە بە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عیراق و کۆمۆنیزمی کرێکاری بەگشتی بکەن، بەڵام تاوەکو دەوڵەمەندو هەژار مابێت، تاوەکو چەوسێنەرو چەوساوە هەبێت، تاوەکو کرێکارو سەرمایەدار هەبیت، بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی هەردەمینێت و پێشدەکەویت و سەردەکەوێت. کەیسی هاوڕێیانی ١٤ی تەمموزیش لای ئێمەو هەموو ئازادیخوازان بە کراوەیی دەمێنێتەوە. رۆژێک دەبێت کە تیرۆریستان لە دادگایەکی جەماوەریدا بە سزای خۆیان بگەن.

بەرزو بەرێزبێت یادی هاوڕێیان، یادیان بۆ هەمیشە بە زیندوی دەمێنیتەوە.

نەفرەت لە تیرۆرو تیرۆریستان

 

 

Check Also

بانگەواز بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەکۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە فەلەستین، ٢٩ی نۆڤێمبەر

بۆ چینی کرێکار و ڕێکخراو و دامەزراوە کرێکارییەکان بۆ خەڵکی ئازادیخواز و ئاشتیخوازی بەرگریکار لەخەڵکی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *