مستەفا باهیر
وا جارێکی تر له‌لایه‌ن حزبه‌کانی نێو ده‌سه‌ڵات و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە، “ئه‌و حزبانه‌ی که‌خۆیان بە نەیاری دەسەڵات دەزانن”. پرسی هەلبژاردن دەدەن بەگوێی کۆمەڵانی خەلکی کوردستانداو کۆمەڵێک پڕوپاگەندە بۆ چەواشەکردنی خەڵك بڵاودەکەنەوە. دەڵێن: ئەم هەڵبژاردنە ڕاستەوخۆ نەتەوە یەکگرتوەکان بەشداری تیادا دەکات. خاتو “هێنیس پلاسخارت ” نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق خۆی سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات و ڕێگا لە تەزویرکردن دەگرێت. ئەگەر ئێمە براوەبین ئەوا دەتوانین دەسەڵات لە یەکیتی و پارتی وەرگرینەوە. ئەم پروپاگەندانە بەزۆری لەلایەن نەوەی نوێ بەتایبەتی کەسێکی وەک شاسوار عەبدولواحیدەوە دەکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەڵبژاردن تەنها بۆ شەرعیەتدانە بە یەکێتی و پارتی و ئەو حزبانەی کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، تا جارێکی تر بە ناوی نوینەرانی خەڵکی کوردستانەوە دەستبکەن بە دابەشکردنی سەروەتو سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی لەبەینی خۆیاندا. هەروەها بەئومێدی راستکردنەوەی باری لاری ئەزمونی شکست‌خواردووی سی ساڵەی حوکمڕانی هاوبه‌شیان، بۆئەوەی جارێکی تر خه‌ڵکی کوردستان ڕاکێشنه‌وه به‌رده‌م سندوقه‌کانی ده‌نگدان و بیانکه‌نه‌وه بە ئامڕازی ڕێخستنی سینارێۆیه‌کی تری گاڵته‌جاڕی که‌ناویان لێناوه هەڵبژاردن. ئەوەی ئەمجارە کە بەزۆری دەیانەوێت خەڵکی پێ چەواشەبکەن و زۆر پڕوپاگەندەی پێوە دەکەن، ئەوەیە کە دەڵێن لەماوەی ٣١ ساڵەی دەسەڵاتی کوردی‌دا بۆ یەکەمین جارە کە نەتەوە یەکگرتوەکان بەم شێوەیە بەشداری دەکات .
خاڵی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتوەکان و سه‌رجه‌م ئه‌و حزبانه‌ی کە دەیانەوێت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌شداری بکەن، کە هەمیشە وەک قەوانێکی سواو دەیڵێن و دەیڵێنەوە، ئەوەیە که گوایه ده‌نگی خه‌ڵک و به‌شدارییان له‌هه‌ڵبژاردندا، ته‌نها ڕێگایە بۆ به‌دیهێنانی گۆڕانکاری و چاکسازی له سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئێستادا. پێیان دەڵێن کە هەڵبژاردن تەنها ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانتان. پێش هەموو کەس نەتەوە یەکگرتوەکان و حزبەکانی لایەنگری هەڵبژاردن خۆیان باش دەزانن ئەمە جگە لە درۆیەکی شاخدار هیچی تر نیە. خۆیان ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە خەڵکی کوردستان بەهیچ شێوەیەک باوەڕی بەهەڵبژاردن نەماوە و دەزانن کە لەڕێگای هەڵبژاردنەوە ئەم دەسەڵاتە وەلانانرێت، بۆیە ڕێگایەکی تریان گرتوەتەبەر بۆ کۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی و تاڵانچی ئەم حزبە بۆرژوا ناسیۆنالیستە ئیسلامیانە.
نەتەوە یەکگرتوەکان و حزبەکانی کوردایەتی بەمەبەستی دژایه‌تیکردن و بەلاڕێدابردنی خه‌باتی شۆڕشگێرانه‌ی جه‌ماوه‌ری ناڕازی کوردستان پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنێکی بێگەرد دەکەن، تاوەکو بتوانن ڕێگا لە ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکار‌و هەژاری کوردستان بگرن. بەڵام خەڵکی کوردستان نە بەدرۆی حزبەکانی دەسەڵات و نە بە درۆی کەسێکی سەرمایەداری وەک شاسوارو نە بە بەڵێنی دەزگایەکی گەندەڵی شکستخواردوی داردەستی ئەمریکا کەناوی لێنراوە نەتەوە یەکگرتوەکان، بڕوا ناکات. به‌تایبه‌تی که ته‌جروبه‌ی چه‌ندین جاره‌ی هەڵبژاردن و تێپه‌ڕبوونی چه‌ندین خولی په‌رله‌مانی بەچاوی خۆی بینیوە. ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندوه که ئه‌م ده‌سه‌ڵات و سیستەمەی ئێستا، نه‌ک هه‌ر ناتوانرێ له‌ڕێگای ده‌نگدانەوە که‌مترین گۆڕانکاری و چاکسازی به‌قازانجی خه‌ڵکی کرێکار‌و زەحمەتکێشی کوردستان بکرێت، ته‌نانه‌ت ناتوانرێ ده‌سه‌ڵات له دوو حزبی میلیشیایی و بنه‌ماڵه‌یی یه‌کیه‌تی و پارتیه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ ئه‌حزابێکی تر له‌هه‌مان خێزانی ئەوان. هەر لەم ڕۆژانەدا٢٠/٦/٢٠٢٢ مەلابەختیار بۆ جارێکی تر دووبارەی کردوە و دەڵێت : “هیچ هەڵبژاردنێک نەک لە عێراق و کوردستان بگرە لە رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا بەبێ تەزویر نەکراوە”. هەروەها دەڵێت: “ئێمە لەبەرئەوەی کە خاوەنی چەکین دوو کورسیش بێنین دەسەڵات هەر لای ئێمەیە”. بێجگە لەمانەش پەرلەمانی کوردستان کارتۆنیبوونی خۆی بەسەد شێوە سەلماندووەو ده‌نگ و ڕای خه‌ڵکی هیچ ئەرزشێکی نیە ، تابکرێته پێوانە بۆ گۆڕانکاری له‌سیسته‌می سیاسی ئێستادا.
لەکاتێکدا ئەم حزبانە باسی هەلبژاردن دەکەن کە ڕەوشی سیاسی تەواو جیاوازە لەچاو هه‌ڵبژاردنه‌کانی پێشوودا، چونکە ئه‌حزابی بۆرژوازی کوردی تووشی کۆمەڵێک کێشەو گرفتی گەورە بون. لەوانە کێشەکانی بەینی هەرێم و بەغداد، نەک چارەسەر نەکراوە، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر‌و قوڵتر دەبنەوە. هەروەها دەسەڵاتدارانی کوردستان بەتەواوی شکستیان له به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگادا هێناوەو ناتوانن وەڵامی سەرەتایترین خواستەکانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵک بدەنەوە، چونکە گیرۆدەی قەیرانێکی ئابوری و حکومەتی ئەوتۆ بونەتەوە ، کە توانای ئەوەیان لەدەستداوە، وەڵام بە کێشەو گرفتە ئابوری و سیاسیەکانی ئێستای کۆمەڵگە بدەنەوە.
هەربۆیە نەتەوە یەکگرتوەکان و حزبەکانی کوردایەتی باش دەزانن کە خەڵکی کوردستان بەتەواوی بێزارن لەم دەسەڵات و سیستەم و حزبانەو هیچ باوەڕێکیان بە هەڵبژاردن و پرۆژه‌ی چاکسازی و ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاتی له‌ڕێگای په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنه‌وه نەماوە وکردویانەتە بابه‌تێکی گاڵته‌ئامێز. دەزانن کە خەڵکی بەشێوەیەکی تر هەوڵدەدا بۆ ڕزگاربوون لەم دەسەڵاتە. بۆیە لە ئێستادا ترسی تەواویان لەو بزوتنەوە ناڕەزایەتیە جەماوەریە هەیە و دەزانن ئەگەر ئەم بزوتنەوەیە ڕێکخڕاو بێت و ئاسۆیەکی سیاسی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی و ڕابەریەکی شۆڕشگیڕانەی بۆ دابین بکرێت، توانای ئەوەی هەیە کۆتایی بە دەسەڵاتی ستەمکار و گەندەڵی ئێستا بهێنێت و دەسەڵاتێکی شۆڕشگیڕانەی پشتبەستوو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە جێگای دابمەزرێت. لەدۆخێکی ئاوادایه که مه‌سه‌له‌ی فریودان و ڕاکێشانی هاوڵاتیانی کوردستان بۆسه‌ر سندوقه‌کانی هه‌ڵبژاردن نەک هەر بۆته گرفت و گرێیه‌کی سه‌ره‌کی به‌رده‌م حزبه‌کانی بۆرژوازی، بەڵکو لەهەمانکاتدا بوەتە گرفت بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان، چونکە دەزانێت وەلانانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بارودۆخەکە لەوانیش ئاڵۆزدەکات و ناتوانن کۆنترۆڵی بکەن.
کرێکاران وهەژارانی کوردستان نابێت بە پڕوپاگەندەی ئەم ئەحزابە بۆرجوازیە وابەستانە بەدەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکەو جیهانەوە چەواشەکرێن. ئەمانە شكستیان خواردووه و ده‌سه‌ڵاتیان ته‌واو بووه، تەنها به زه‌بری سه‌ركوت و هێزە میلیشیاكانیانەوە ماونەتەوە. بۆیە ئێمه‌ش بۆئەوەی بەیەکجاری ڕزگارمان بێت لەدەسەڵاتی ئەم حزبانە، دەبێت چه‌كی كاریگه‌ری خۆمان بەکاربێنین کە ئەویش تەنها یەکگرتن و ڕێکخراوبونمانە لەدەوری یەکتر، تا بتوانین بەخەباتی نەپساوەی خۆمان کۆتایی بەم دەسەڵاتە گەندەڵە بێنین و لە شوێنی‌دا ده‌سه‌ڵاتێكی جه‌ماوه‌ری وا دامەزرێنین كه بتوانێت ئازادی و یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هەموان مسۆگه‌ر بكات. کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی و هاوکارانیان تەنها لە ڕێگای ئاڵۆگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەوە بەدەست دێت نەک لە ڕێگای هەڵبژاردن و پەڕلەمانەو
٢٢/٦/٢٠٢٢