عوسمان حاجی مارف
دوای چەندین ساڵ لە هەڵسورانی سیاسی جەلال تاڵەبانی کە خۆی لەبەرامبەر دژایەتی کردنی بارزانی و پارتیدا پێناسە دەکرد، هەوڵێکی زۆری دا تا هاوسەنگی هێزەکەی بەرێتە پێش هێزو نفوزی بارزانیەوە، تا ببێتە هێزێک کە وەک خاوەنی یەکەمی بزوتنەوەی کوردایەتی بناسرێتەوە، بەڵام ئاشکرایە لەوبارەیەوە کە مەوقعیەتی هێزەکەی تاڵەبانی بە هەر پلەو ئاستێک پێناسە بکرێت، بێ هودەو ناکام و دەستبەتاڵ لەبەردەم بارزانیدا مایەوەو نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، تا ئەو ئاستەی دواتر ناچاربوو بە پێشوازیکردن لە سازش و ڕێکەوتن و ملکەچی بۆ قەبوڵکردنی مەوقعیەتی پارتی.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەم هەنگاوی ناچارییەی ملکەچی تاڵەبانی بۆ بارزانی درزێکی گەورەی خستە ناو ڕیزەکانی یەکێتیەوە، دیارترینیان ناڕەزایەتی نەوشیروان بوو کە ئەم پاشەکشەیەی تاڵەبانی بە قازانجی ئایندەی زۆنی سەوز نەدەبینیەوە، ناچار لەسەرەتادا جۆرێک لە گۆشەگیری پیادە کردو دواتر هەنگاوی بەرەو پێکهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان کردە پڕۆژەیەک، کە بە شێوازێکی تر لە هەڵسورانی سیاسی بەردەوامی بە ڕێبازی پێشوتری تاڵەبانی بدات بۆ وەستانەوە لە بەرامبەر بارزانی و پارتیدا.
ئەوەی پێویستە لەم نوسینەدا بەکورتی ئاماژەی پێ بدەم، بەجیا لەوەی هەر تێگەیشتن و وێنایەکمان لەسەر دەورونەخشی بزوتنەوەی گۆڕان و کاریگەریەکانی و چەواشەکاریەکانی هەبێت، تاتێوەگلانی ئیسلامیەکانیش لەو پرۆژەیە، بە بۆچونی من هەر لەسەرەتاوە ڕۆشن بوو پرۆژەیەکی لەم چەشنەی نەوشیروان هەر مەبەست و نیازێکی لە پشتەوە بوبێت بەشکستخواردویی لەدایک بووە، چونکە شەخسی یەکەمی یەکێتی و یەکێک لە شەخسیەتە ئەوەڵەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی، واتە تاڵەبانی دوای چل ساڵ زیاتر لە هەڵسورانی سیاسی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بنبەستی خۆی راگەیاندو دەستبەرداری ئەو ستراتیژیە بوو کە هەوڵیداو دەیویست بارزانی کەنار خات و خۆی ببێتە کەسی یەکەمی بزوتنەوەی کوردایەتی لە کوردستانی عێراقدا، بەڵام دواجار دیمان تاڵەبانی هەر بۆ خۆشی ئەوەی ڕاگەیاند کە لەو دژایەتی کردنەی بارزانیدا هەڵەی کردووە.
بۆیە پڕۆژەیەکی لەو چەشنە پاش چل ساڵ لە هەوڵی بێهودەو شکست و پەشیمانی تاڵەبانیدا، بۆ نەوشیروان نەک ئاسان نەبوو کارێکی لەو چەشنە درێژە پێبدات و بەسەرکەوتنی بگەیەنێت، بەڵکو هەر لەسەرەتاوە حەتمیەتی شکستی خۆی مسۆگەر کردبوو، بە تایبەتی لەهەلومەرجی ناجێگیری سیاسی کوردستان و باڵا دەستی بارزانی و پارتی وەک پایەو پێگەیەکی بەهێز لەدەسەڵاتی سیاسی و زۆنی زەرد لە کوردستاندا، جێگای بەجێگەیاندنی ئامانجی پرۆژەکەی نەوشیراونی تیادا نەدەبوەوە.هەر بۆیە سەرەتای نیشانەو هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ئاراستەی کۆتاییەکەشی بە شکستێکی ئابڕوبەرانەو زوو خۆڕادەستکردن بە پارتی پێشبینی دەکرا، هەر ئەو کاری خۆڕادەستکردنەشیان بە پارتی بەهەرزان و زوویی ئەنجام دا.
واتە مێژووی پاشخانێكە بە دوای باڵا دەستی و گوندەیی بارزانیەکان بەسەر بزوتنەوەی کوردایەتیدا سەپاندویانە و خۆیان تیا جێگیر کردووە بوونەتە خاوەنی هێزی یەکەم، هیچ فرسەتێکیان نەهێشتەوە تا بەشێکی تر لە ڕابەرانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە هەر گروپ و ڕێکخراوو کەسایەتیەک توانای ئەوەیان هەبێت بە ناوی کوردایەتیەوە دەوری بارزانی لابخەن و جێگەی بارزانی بگرنەوە. ئەمە بەجیا لەوەی مێژویەکی تاڵە بۆ ململانێی نێوان هێزو لایەنەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەڵام لە هەمانکاتدا واقعیەتێکیشە بۆیان ئاسان نەبووە قەبوڵی بکەن و هەمیشە سەرکێشیان کردووە، بۆیە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی مەوقعیەت و ئاستی هاوسەنگی هێزەکانیان لە بری بەدواداچوون بۆ ئامانج و خواستی دەسەڵاتی خەڵک، هەموو کات بەشکست و بەخۆڕادەستکردن بە بارزانی پەردەی شانۆیی پرۆژەکانیان دادەرێتەوە.
گەر ئەو پاشخانە بنەماو واقعیەتی بەڵگە نەویستی شکستی پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بێت، لە هەمانکاتدا دەستپێکی چۆنیەتی کارەکەشیان ناواقع بینانەو مامەڵەیەکی نەگونجاویان خستەڕوو، بۆ گۆڕانێک کە مەبەستیان بوو لەدەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا ئەنجامی بدەن. گەر تاڵەبانی لەڕێی هێزی چەکداری و شەڕی ناوخۆو دەسەڵات لە زۆنی سەوزدا ئەو هەوڵەی دابێت و سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی پەرلەمانێکی فۆرماڵی و کارتۆنیەوە ڕێگای ئەو ململانێیانەی گرتەبەرو بانگەوازی “ئەیگۆڕین”یان دەکرد، بەوشێوەیە ئومێدیان بە جەماوەرێکی ناڕازی بەخشی، کەچی لە ماوەی دوو دەورەی پەرلەماندا “ئەیگۆڕین” بەسەر خۆیاندا شکایەوەو بوونە خاوەنی ڕابەری شەقامی ئارام بۆ دەسەڵاتی بارزانی، ئەم ئاراستەیە مایەی لەدەستدانی جەماوەرەکەیان بوو.
خاڵێکی تر لەم شکستەی گۆڕان کە جێگای ووردبونەوەیە، جگە لە سەوداومامەڵە بێهودەکەی ناو پەرلەمان، چەند دروشمێکیان ڕاگەیاند کە کاریگەری لەسەر زهنیەتی خەڵک داناو جێگای پێشوازی خەڵک بوو، دەربارەی بودجەو شەفافیەت و یەکگرتنی هێزی چەکداری و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی..هتد، بەم دروشمانەوە چەپڵەی بەرەو دەسەڵاتیان لێ ئەدا، دواتر گەورەترین پاشەکشەو ڕیسواییەک کە بزوتنەوەی گۆڕانی لە ئێستادا پێ دەناسرێتەوە، بێدەنگی و فەرامۆشکردنی تەواوی ئەو بانگەوازو خواستانە بوو کەوەک مەزەی دروشمی ئەیگۆڕینەکەیان دەرخواردی خەڵکیان ئەدا. بودجە لە شوێنی خۆیەتی و بارزانی بەئارەزوی پێداویستیە سیاسیەکان و بنەماڵەکەی زیاتر یاری و مامەڵە بە بودجەوە دەکات، ناشەفافیەت حەتمیەتی وەرگرتووە و قسەکردن لەسەری بڤەیە، یەکنەگرتنی هێزی چەکداری و نایەکڕیزی “کورد” بە فەرمی دەناسرێت و گەندەڵیش تابێت بەرفراوانتر دەبێت، چاکسازیش بۆتە دەسەڵاتی ڕەهای بارزانی. واتە دروشمەکانی گۆڕان بە هێڵێکی تەواو پێچەوانەدا داکشاو بێشەرمانەو بەبێدەنگی قەبوڵیان کرد، وەگۆڕان بووە ئەو بەشە لەدەسەڵات، کە لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا ئاڵا شینەکەی چووە ڕیزی بەرمیلە ڕەنگکراوەکان کە پاڵیان پێوە دەنرا، وەک هێمای خواستی خەڵک بۆ کۆتایی هینان بەم دەسەڵاتەو پێکهاتەکانی.
بزوتنەوەی گۆڕان زوو هەڵوەری و زۆر بچووک بۆتەوە، تەنها دوکانێکی لاکۆڵانیان ماوە کە بەشێک لەسەرکردەکانیان خۆیانی پێدەژێنن، ئەمەش ئایندەی هەموو ئەو هێزانەیە کە بۆ ڕکابەری لەبەرامبەر بارزانیدا بە هەوای کوردایەتی و نیشتمان پەروەری و دڵسۆزترو ڕاستگۆترو بوێرتر خۆیان پێناسە دەکەن.
ڕێگای ڕزگاری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان کوردایەتی نیە، سەربەخۆییە لە تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی بانگەوازی کوردایەتی و ئیسلامی سیاسی دەکەن، ئەوە تەنها دابینکردنی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەڵکە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە کە ئەتوانێ کۆتایی بەدەسەڵاتی بارزانی و هەردەسەڵاتێکی سەرو ئیرادەی جەماوەری ناڕازی بهێنێت و ئازادی و یەکسانی جێگیر بکات.