موحسن کەریم

ماوەیەکە کوردستانی عێراق بوەتە گۆڕەپانی پڕوپاگەندەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل. لەدوای تەقینەوەکەی چەند رۆژی ڕابردووی هەولێر، میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە بەرپرسی دەزگای مۆساد لە هەولێر کوژراوە. وتەبێژی حکومەتی هەرێم حزب اللەی عێراقی، کە یەکێکە لە میلیشیاکانی سەربەئێران، بەئەنجامدانی تەقینەوەکە تاوانبارکرد. چەند مانگ لەمەوبەریش ئێران خۆی ڕاستەوخۆ ماڵی( شێخ باز بارزانی) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای “کار”ی پارتی بە مووشەك وێران کردو ڕایگەیاند کە بارەگای مۆسادی لە هەولێر وێران کردوە!

ئەم پڕوپاگەندەیەی ئێران، بە ڕواڵەت وادەردەکەوێ کە لەبەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیلدایە بۆسەر بنکەو پێگە سەربازیەکانی ئێران لە سوریا و هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوەندە ئەتۆمیەکانی ئێران و هەروەها لەم دواییانەشدا تیرۆرکردنی چەند بەپرسێکی دەوڵەتی ئێران و سوپای پاسداران لەناو تاراندا کە بەرپرسیارێتیەکەی لەلایەن ئێرانەوە دەخرێتە ئەستۆی مۆسادی ئیسرائیلی. ئێران ئەگەرچی تا پێش هێرشە مووشەکیەکەی بۆسەر ماڵی بەڕیوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کار زیاتر لەلایەن گروپە چەکداریە شێعەکانی سەر بەخۆیەوە هێرشی مووشەکی یان کاری تەقینەوەی لەدژی بنکەو دامەزراوە سەربازی و دیپلۆماسیەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجام دەدا، بەڵام چەند مانگە ئاڕاستەی هێرشەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو بۆسەر بوونی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان گۆڕیوە.

ئەوەی کە ئێران و ئیسرائیل ناکۆکی و بەرژەوەندی دژ بە یەکیان هەیە مەسەلەیەکی واقعیەو تازە نیە. بێجگە لە بانگەشەکانی رژێمی ئیسلامی ئێران دژی زایۆنیزم و رزگارکردنی قودس بۆ قایمکردن و رەواییدان بەپێگەی خۆی لەناو رەوت و بزوتنەوە ئیسلامیەکاندا، هەمیشە لەڕێگای میلیشاکانی خۆیەوە لە سوریا و لوبنان مایەی نائارامی و سەریەشە بووە بۆ ئیسرائیل. میلیشیاکانی حزب اللەی لوبنان ڕاستەوخۆ سەر بە ئێرانەو وەکو حەسەن نەسروللای سەرۆکی حزب اللە خۆی ڕایگەیاند جل و بەرگ و خواردن و چەک و مووچە و هەموو شتێکیان لە ئێرانەوە پێدەگات! بەڵام هۆکار و ئامانجی ڕاستەقینەی گواستنەوەی گۆڕەپانی شەڕەکەی ئێران و ئیسرائیل بۆناو هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بەئامانجگرتنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە ئەوە نیە کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن.

بوونی دەزگای مۆساد لە هەرێمی کوردستان شتێکی تازە نیە تا ئێستا ئێران بیەوێ رێگای پێنەدات. لە دوای روداوەکانی ساڵی ١٩٩١ ی کوردستانی عیراق و باڵادەستیی ئەمریکا و (CIA) لە کوردستانی عێراق و خزمەتکاریی حزبە دەسەڵات پێدراوەکانی بۆرژوازی کورد، دەزگای مۆسادیش دەرگای بۆ کراوەتەوە. بگرە دەزگای میتی تورکی و ئیتڵاعاتی ئێرانی و چەندین دەزگای جاسوسی دیکەی ووڵاتان لە کوردستانی عێراق بە نهێنی و ئاشکرا چالاکی دەکەن. بەڵام گواستنەوەی جەنگی ئیعلامی ئێران دژی ئیسرائیل بۆ کوردستانی عێراق و بە دیاریکراوی بۆ هەولێر، لەناو بنبەستی پرۆسەی سیاسی عێراق و گیرخواردنی قەیرانی حکومەتی و پێكنەهاتنی حکومەتی عێراق و هەروەها دابەشبوونە سیاسیە تازەکانی ناو هێزە سیاسی و میلیشیاییەکانی عێراق و هاوپەیمانیەکانی هێزو میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی کوردستانە لەگەڵ ئەو هێزو میلیشیایانەدا.

دوای نزیکەی ٩ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق هێشتا هێزە میلیشییایەکانی عێراق نەیانتوانیوە لەناو خۆیاند رێكبکەون و حکومەت پێك بهێنن. هۆکارێکی گرنگی ئەم بنبەستە، کە راستەوخۆ ئاکامی بۆگەنبوونی ئەوەی پێی دەوترێ پرۆسەی سیاسی عێراق و هەروەها داشکانی پێگەی جەماوەری ئەو هێزە میلیشیاییانەیە کە سەرەنجام لە روداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ خەڵی عێراق لێیان ڕاپەڕین و مێزی قومارەکەیان لێ هەڵگێرانەوە، لێکترازانی ئەو هێزانەو دابەشبوونیانە بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەک، ئەمریکا و ئێران، کە لەدوای روخانی رژێمی سەدامەوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا ئەوان بە کردەوە دەسەڵاتداری عێراقن. بەتایبەتی دوای ئەوەی موقتەدا سەدر قیبلەی خۆی لە ئێرانەوە بەرەو نەجەف وەرگێڕا تا وەکو هێزیكی سیاسی عێراقی خۆی نمایش بکات و ببێتە مەرجەعی شێعە لە عێراق و میراتگری ئەو داهاتە زۆروزەبەندەی لەو بازرگانیە دینی و سیاسیەدا دەتوانێ بەدەستی بهێنێ، کە سەرەنجام خۆی لەناو بەرەی ووڵاتانی عەرەبی دژ بە ئێران بینیەوە کە لەبەرەی ئەمریکا هەژماردەکرێن.

دوورکەوتنەی سەدر لە ئێران و لاوازبوونی پێگەی سیاسی ئێران لەناو ڕەوتی ئیسلامی سیاسی شێعە کە بەشێوەی تەقلیدی لەلایەن ئێرانەوە هەژمونی فکری و سیاسی و بگرە سەربازیشی بەسەرەوە بوو، هەروەها رێکەوتنی پارتی لەگەڵ سەدرو حەلبوسی وەکو نوێنەری هێزو میلیشیا سونەکان، کە ئەم هاوپەیمانێتیە وەکو بەرەیەکی نەیاری ئێران دەردەکەون، بەتەواوی ئێرانی ناڕەحەت کردوە. ئێران بەهەر نرخێك بووە دەیەوێ ئەم سیناریۆیە ڕوونەدات! دەیەوێ ئەو رێکەوتن و هاوپەیمانێتیەی نێوان پارتی و سەدر هەڵوەشێنێتەوە. باشترین کەرەستەش بۆ ئەو کارەی بوونی پێگەی ئیسرائیل و زایۆنیزمە لەناو هەرێمی کوردستان و لە هەولێر. قبوڵکردنی بوونی پێگەی ئیسرائیل لەناو عێراق پرسێکی زۆر هەستیارە چ بۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبی و چ بۆ ئیسلامی سیاسی عەرەبی بە شێعەو سونیەکەیەوە! بوونی ئەمریکا کێشەیەکی ئەوتۆ دروست ناکات، بەڵام بەحوکمی کێشەی تەقلیدی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و مانەوەی کێشەی فەلەستین، پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل چ لەباری جەماوەری و ڕای گشتی ووڵاتانی عەرەبیەوەو چ لەلایەن هێزەو ڕەوتە ناسیۆنالیستی و دینیەکانەوە پرسێکی هەستیار و خەتەرناکە. سەدر ناتوانێ لەبەر پێگەی سیاسی و جەماوەری خۆی ئەم مەسەلەیە بەسادەیی وەربگرێت و لەگەڵ هێزێکدا هاوپەیمانی دروست بکات و حکومەت پێکبهێنێ کە لەگەڵ ئیسرائیل و مۆساددا دۆستایەتی بکات! ئێران ئەو کەیسەی بەدەستەوە گرتوەو پڕوپاگەندەی بوونی بارەگای مۆساد لە هەولێر و مووشەکبارانکردنی هەولێر بەناوی لێدان لەو بارەگایانە ئامانجەکەی بەشکستکێشانی ئەو گرێبەستەی نێوان پارتی و ڕەوتی وسەدرە!

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *