جه‌مال موحسین
ئاماژه‌كان پێمان ئه‌ڵێن پێناچێ هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات دیاریه‌كی جوانی بۆ خه‌ڵكی بێبه‌ش پێبێت! ئه‌وه‌تا یه‌كێكی تر له بارگرانیهكان، گرانبوونی نرخی خۆراك و سووته‌مه‌نی و ده‌رمان و پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی ژیانی خه‌ڵكی كوردستانه. به‌جیا له‌وه‌ی كه له ماوه‌ی ٢_٣ ساڵی پێشوودا هه‌میشه نرخی شتومه‌ك به‌ره‌وسه‌ر هه‌ڵكشاوه، ئێستاش چه‌ند قات زیادی كردووه. تازه‌ترین په‌یامی ده‌سه‌ڵاتیش، له‌زاری سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یه كه: ’’به‌رزبوونه‌وه‌ی سوته‌مه‌نی و خواردن بابه‌تێكی جیهانیه و پێویسته خۆمان له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان بگونجێنین’’ (سه‌رچاوه: هاوڵاتی). چه‌ند بیانویه‌كی جوان بۆ ده‌سه‌ڵات و ڕه‌زاگرانه بۆ جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش! جیهانیه، با بزانین چۆن وه خۆ له‌گه‌ڵدا گونجان یانی چی؟
سه‌ره‌تا با ئه‌و بنه‌ما گشتیه بڵێین كه گرانی له‌گه‌ڵ سیستمی سه‌رمایه‌داری و قهیرانهكاندایه و به واتایه‌ك سه‌رمایه‌داری به‌بێ گرانی ناژی. گه‌ر ته‌ماشای سه‌رده‌می كۆرۆنا بكه‌ین، وه ئه‌وه‌ی كه بۆرژوازی جیهانی به قه‌یرانی كۆرۆنا ناویان ئه‌برد وه له ڕاستیدا جگه له درێژه‌كێشانی قه‌یرانێكی سه‌راپاگیری ئابوری كه ته‌واوی بۆرژوازی و سیستمی سه‌رمایه‌داریی جیهانی له پێشتره‌وه گرتبۆوه هیچی تر نه‌بوو، به ڕۆشنی ئه‌وه ئه‌بینین كه باشترین بیانوی په‌تاكه‌یان به ده‌سته‌وه بوو تاكو نرخی شتومه‌ك به‌رزبكه‌نه‌وه. جگه له مه‌ترسی واقعی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خه‌ڵكیان هێنده ترساندبوو كه ناچار بوون به هه‌ر نرخێك ئامڕازه‌كانی خۆپارێزی و پاكوخاوێنی بكڕن كه هه‌ر خۆیان نرخهكانیانی فڕاندبووه ئاسمان. ئه‌وه‌ی بۆ خه‌ڵك بووبووه شتێكی گران و به زه‌حمه‌ت به‌ده‌ستهاتوو، بۆ هه‌ندێ ملیاردێر بووبووه قازانجی چه‌ندی ملیار دۆلاری تر!
به‌ڵام خۆ هێشتا مه‌ترسیه‌كان و لێكه‌وته‌كانی كۆرۆنا نهڕهویبووه و نه‌ڕه‌ویته‌وه كه شه‌ڕێكی خوێناوی له ئۆكرانیا هه‌ڵگیرساوه. واته له‌گه‌ڵ قه‌یرانێكی قوڵدا جه‌نگیشی هاته سه‌ر، كه پڕیشكهكهی هه‌موو جیهانی گرتۆته‌وه. ئیتر قه‌یران و جه‌نگ دوانه‌یه‌كن كه وه‌ك زه‌رویه‌ك كه‌وتونه گیانی كۆمه‌ڵگه‌ی به‌شه‌ری و خه‌ریكن به گرانی دایئهوهشێنن. یانی هه‌روه‌ك چۆن قه‌یران بۆ سه‌رمایه‌داری حه‌تمیه، ئاوهاش له سه‌رده‌می قه‌یران و جه‌نگدا گرانی حه‌تمیه. هه‌روه‌ك ئه‌بینین به هۆی چوونه سه‌ری هه‌ڵاوسانه‌وه له ئاستێكی جیهانیدا نرخی سوته‌مه‌نی و خۆراك و دانه‌وێڵه و … هتد خۆی له‌گه‌ڵ هه‌وره‌كاندا جووت كردووه. ته‌نانه‌ت مه‌ترسی دهسنهكهوتنی خۆراك هه‌ڕه‌شه له زیاد له ملیار و نیوێك ئینسان ئه‌كات (به‌پێی دوایین وته‌ی سه‌رۆكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان)… به‌هه‌رحاڵ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵاوسان و په‌یوه‌ندی بەچوونهسهری نرخی شتومه‌ك و گۆڕانی به‌های دراوه‌كان و بانكه‌كان باسی ئه‌م وتاره‌مان نییه و مه‌سه‌له‌یه‌كی ڕیشه‌ییتر و پایهییتره و شرۆڤه‌یه‌كی زیاتر هه‌ڵئه‌گرێ كه جێی ئێره نییه.
گرانی كه له ئاستی جیهانیدا زیادیكردووه كاریگه‌ریه‌كی زۆری له‌سه‌ر كوردستانیش داناوه. كوردستان خۆی بازاڕێكی وابه‌سته‌یه به بازاڕی جیهانه‌وه. وڵاتانی زلهێز كه هه‌ر خۆشیان سه‌رچاوه‌ی شه‌ڕ و ئاشوب و میلیتاریزه‌كردنی جیهانن، ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی زیاتر و هه‌ڵاوسان و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شتومه‌ك ئه‌بنه‌وه، ئه‌مه ئه‌گوێزنه‌وه بۆ وڵاتانی تر، به تایبه‌تی وڵاتانی هه‌ژار و تازه‌پێگه‌یشتوو. كوردستانیش یه‌كێكه له‌وانه. كه‌واته به‌ڵێ ئه‌وه هۆكارێكه كه گرانی شتێكی جیهانیه و كاریگه‌ریه‌كانیشی له‌سه‌ر كوردستان ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. ئیتر ئه‌مه حیكمه‌تێك نییه مه‌سرور بارزانی به خه‌ڵكی بفرۆشێ تاكو قسه‌ی دواتری بكات!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گرانی هه‌ر ته‌نها ئه‌و ڕه‌هه‌نده جیهانیه‌ی نییه و له ناوخۆشدا هۆكار هه‌یه. ببینن، له كوردستاندا له‌ڕووی سیاسیه‌وه ده‌سه‌ڵاتێكی دامه‌زراو له‌ئارادا نییه و ئه‌وه چه‌ند كۆمپانیایه‌كن كۆنترۆڵی هه‌موو شتێك ئه‌كه‌ن. ئایا بازرگانی و هاورده‌كردنی خۆراك و هه‌ر پێداویستیه‌كی ژیانی خه‌ڵك له ده‌ره‌وه به ده‌ست كێوه‌یه؟! كێن ئه‌و كۆمپانیا گه‌وره و گچكانهی كه له كڕینی له كۆمپانیا گه‌وره‌كانی وڵاتانه‌وه تاكو هێنانه‌ناوه‌وه‌ی سه‌ر سنور و دواتر گه‌یاندنی به ناوه‌نده بازاڕیه‌كانی ناوخۆ و تا گه‌یاندنی به ده‌ستی خه‌ڵك كۆنترۆڵی ئه‌مه‌یان كردووه؟ ته‌واوی ئه‌و كۆمپانیایانه به ورد و درشتیانه‌وه به ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتداران و به‌رپرسانی حزبه‌كانیان و بگره به‌رپرسانی حزبه به‌ناو نهیارهكانیشیانهوهن. هه‌مووان ئه‌زانین كه په‌یمانكاری هه‌یه له‌نێوان ئه‌و كۆمپانیایانه‌دا. هه‌ر كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كێك بێته ناوه‌وه، ده‌ستاوده‌ستی پێوه ئه‌كه‌ن تاكو ئه‌گاته ده‌ستی خه‌ڵك، هه‌ر یه‌كه و قازانجێكی ئه‌خاته سه‌ر و سه‌رئه‌نجام كۆتانرخ زۆر گرانتر ئه‌بێت له‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌تدا پێی كڕدراوه. بۆ نمونه به‌نزین یان جۆرێك خۆراك یان ده‌رمان كۆمپانیایه‌كی گه‌وره ئه‌چێت له ئێران یان له توركیا، یان له ئه‌وروپا و له‌ڕێی توركیاوه، ئه‌یهێنێت و ئه‌یدات به كۆمپانیایه‌كی تر و به‌وجۆره سێ چوار ئه‌ڵقه دروست ئه‌كات تا ئه‌گاته خه‌ڵك. ئیتر هه‌ر كۆمپانیایه‌ك پاره‌یه‌كی زیاده‌ی ئه‌خاته سه‌ر و به‌مجۆره نرخه‌كه‌ی زۆر به‌رزئه‌بێته‌وه چونكه قابیلی یاری پێوه‌كردنی كۆمپانیاكانه.
كه‌وایه لێره‌دا پێویسته به كاكی بارزانی بڵێین كه مه‌سه‌له‌كه ته‌نها جیهانی نییه و بگره ناوخۆییشه! ئینجا پرسیار ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك بۆچی له‌گه‌ڵ قازانجی ئێوه‌دا خۆی بگونجێنێ؟ قازانجی ئێوه و زه‌ره‌ری خه‌ڵك. زۆرینه‌ی خه‌ڵك بێبه‌شه. به‌م لۆژیكه: هه‌میشه نه‌هامه‌تی لای چینی ژێره‌وه زۆرتره وه‌ك له‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی لای چینی باڵاده‌ست هه‌یه! ئیتر ئه‌مه مۆراڵی نییه و سیستمێكه كه لێره كار ئه‌كات. ئێمه پێویستمان به خۆگونجاندن نییه له‌گه‌ڵ گرانیدا، بگره پێویستمان به خه‌باته له دژی، پێویستمان به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌تی. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ گرانی نه‌مێنێت، پێویسته ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تی و گرانیهكیشه، نه‌مێنێت. ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت هی سه‌رمایه‌دارانه و بۆ ئه‌وانه، هه‌ر بڕیارێك ده‌ربكات و هه‌ر وته‌یه‌ك بدات ئه‌بێ له‌وسه‌ره‌وه قازانجێكی بۆ ئه‌وان تیا بێت كه بێگومان به زه‌ره‌ری كه‌مه‌رشكێن بۆ خه‌ڵك ته‌واو ئه‌بێت. كلیلی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بڕوات. له جێگه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتی بنیاتنراو له‌سه‌ر ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك دابمه‌زرێ. ده‌سه‌ڵاتێكی سۆشیالیستی كهلهژێر سایه‌یدا پێداویستیه‌كانی ژیانی خه‌ڵك وه‌ك ئاو و كاره‌با و سوته‌مه‌نی و ته‌ندروستی و هاتوچۆ و خوێندن و په‌روه‌رده و …. خۆڕایی بكاته‌وه. به‌ڵام ئایا ئه‌كرێ تا كاتێك ئه‌مه به ئه‌نجام ئه‌گات چاوه‌ڕوان بین؟ هه‌رگیز نا.
جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش ئه‌توانن بێنه مه‌یدان و داخوازیه‌كانی خۆیان بسه‌پێنن. یه‌كه‌مین مه‌سه‌له‌یه‌ك كه ئه‌توانن به‌ده‌ستیه‌وه بگرن ئه‌وه‌یه په‌یمانكاری نێوان كۆمپانیاكان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، یانی ئه‌و كۆمپانیا ناوهنجیانهی كه سه‌ر به حكومه‌ت و به‌رپرسه‌كانن نابێ بمێنن. چ كۆمپانیایه‌ك له بنه‌ڕه‌تدا كاڵا و شتومه‌ك و خۆراك و سوته‌مه‌نی ئه‌هێنێت كێشه نییه، به‌ڵام به ده‌ستی كێ ئه‌گات ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌سڵیه. هه‌ر كاڵا و شتومه‌كێك كه دێته ناوه‌وه ئه‌بێت بدرێته ده‌ست ئۆرگانه‌كانی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك. ئه‌مان ئه‌توانن و پێویسته له‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی ههرهوهزیهكاندا وه‌ریبگرن و دابه‌شی بكه‌نه‌وه به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری دهستهنگدا. یانی ئه‌م كۆمه‌ڵه ههرەوهزیانه هیچ وهساتهتێك ناكه‌ن و هیچ قازانجێكی ناخه‌نه سه‌ر و به هه‌مان نرخێك كه وه‌ریانگرتووه ئەیدەنەوە به خه‌ڵكه‌كه. ئه‌مه‌ش بزووتنه‌وه‌یه‌كی ده‌خاڵه‌تگه‌ری له‌خواره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه له كاروباری ئیداری و ئابوری و بژێویدا. به‌ڵام تا كاتێكیش كه هێشتا ئه‌مه واقعیه‌تی په‌یدا نه‌كردووه، ئه‌بێ به ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵك، ده‌سه‌ڵات ناچار بكرێ كه كۆمپانیا وهسهتیهكان نه‌هێڵێ و هه‌ر خۆی به نرخێك كه وه‌ریگرتووه بیداته‌وه به خه‌ڵك. بۆ نمونه كاتێك نرخی نان به‌رزئه‌بێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌یه كه هه‌م سوته‌مه‌نی و هه‌م نرخی ئارد و خومره و پێداویستیه‌كانی تریش به‌رزبۆته‌وه. نان كه یه‌كێك له پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه نابێ بهێڵرێ نرخه‌كه‌ی زیادبكرێ، له‌م دۆخه‌دا كه چه‌ندین فشاری تری له چه‌شنی نه‌دان یان دواكه‌وتنی موچه و نه‌بوونی هیچ بیمه‌یه‌ك به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌یه. ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته کە پێداویستی نانەواخانەکان بە نرخێکی ڕەمزی دابین بکات تا ئەوانیش بتوانن بە نرخێکی هەرزان بیدەن بە هاوڵاتیان. له ڕاستیدا دابینكردنی سوته‌مه‌نی به خۆڕایی هه‌م به گشتی بۆ خه‌ڵك و هه‌میش بۆ شوێنه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان ئه‌ركی حكومه‌ته، چونكه سوته‌مه‌نی بناغه‌ی هه‌موو شته‌كانی تره. به‌مجۆره‌ش تێچووی به‌رهه‌مه‌كان كه‌متر ئه‌بێت و ئیمكانی ئه‌وه نادات به بازرگانه‌كان هێنده نرخی شتومه‌ك به‌رزبكه‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش له كوردستاندا ئیمكانی هه‌یه ئه‌گه‌ر له ده‌ستی حكومه‌تێكی خه‌ڵكیدا بێ. وه هه‌ر ئێستاش حكومه‌ت ئه‌توانێ و پێویسته ئه‌و كاره بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌وت كه سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كیه له‌م وڵاته، ئه‌كرێ به‌شێكی بۆ دابینكردنی پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی خه‌ڵك بێ، پاشان هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكرێت. به‌ڵام دیاره ده‌سه‌ڵات ئه‌و كاره ناكات چونكه خۆی موسته‌فیده لێی. لێره‌دایه پێویسته بگه‌ڕێینه‌وه لای ده‌سه‌ڵات و بپرسین كه بۆچی خه‌ڵك هێشتا زیاتر خۆی له‌گه‌ڵ گرانیدا بگونجێنێ؟ كه به ڕۆشنی دیاره مه‌به‌ستی ده‌سه‌ڵات شكاندنه‌وه‌ی زیاتریه‌تی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا.
هاوشانی خه‌باتی خه‌ڵك بۆ سه‌پاندنی ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدرا به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، خه‌ڵك پێویسته خواستی به‌رزكردنه‌وه‌ی كرێ و موچه به‌ده‌سته‌وه بگرێت. ئێمه‌ش پێویسته فشاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ده‌سه‌ڵات پێچه‌وانه بكه‌ینه‌وه. هێنده ئیمكانیه‌ت و پاره له‌م وڵاته‌دا هه‌یه، كه هه‌مووی لای سه‌رمایه‌دارانی ده‌سه‌ڵات و غه‌یره ده‌سه‌ڵات كۆبۆته‌وه، كه بتوانرێ لانی كه‌می كرێ و موچه به‌رزبكرێته‌وه بۆ ملیۆنێك، بۆ نمونه، بۆ خێزانێكی ٣ نه‌فه‌ری. نه‌ك وه‌ك ئێستا كه لانی كه‌می كرێ به ٣٥٠ هه‌زار دینار دانراوه. ئاخر ئه‌گه‌ر لانی كه‌می موچه به ملیۆنێك دابنرێ به‌ڵام هێشتاش پێش به پێشبڕكێی كۆمپانیاكان بۆ زیادكردنی نرخ نه‌گیرابێ، فشاره‌كه بڕێك كه‌متر ئه‌بێ له‌سه‌ر خه‌ڵك.
ئێستا كه ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدا له هه‌موو ئاستێكدا هه‌یه و ئه‌بینرێت، پێویستی به‌وه‌یه داخوازی ڕۆشن و ئاسۆیه‌كی ڕوون هه‌بێ. ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری ئه‌گه‌ر ڕێكخراو بێ، توانای سه‌پاندنی داخوازیه‌كانی هه‌یه، له‌لایه‌كه‌وه و ئه‌شتوانێ جوڵانه‌وه‌یه‌ك به‌ڕێبخات بۆ سه‌ندنه‌وه‌ی ڕه‌وایه‌تی له ده‌سه‌ڵاتی داسه‌پاو. وه سه‌رئه‌نجام به‌ره‌و وه‌لانانی ده‌سه‌ڵات و بنیاتنانی ده‌سه‌ڵاتێكی تر له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌خاڵه‌تی ڕاسته‌وخۆی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش كه كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان به‌ره‌و ئابوریه‌كی سۆشیالیستی و ئازادی و یه‌كسانی ببات. ڕابردوو و ئێستاش بۆرژوا ناسیۆنالیزمی كورد دیاریكردووه، به‌ڵام جوڵانه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و بێبه‌شان ئه‌توانێ نه‌خشاندنی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بكاته كارێكی كرده‌نی!
٨ ی جونی ٢٠٢٢