گفتوگۆ لەگەڵ خەسرەوسایە
ئۆکتۆبەر: جەنگ لەئۆکرانیا درێژەی هەیە، لەکاتێکدا چ پۆتین و چ کاربەدەستانی سەربازی کرملن وای بۆدەچوون کە سوپای ڕوسیا لەکورتماوەدا و لەیەک پەلاماری سەربازیدا گیف دەگرێ و “ڕژێم چەینج” لەئۆکرانیا بەئەنجام دەگەیەنێ وجەنگ تەواودەبێ، بەلام دەبینین وا نزیکەی سێ مانگ بەسەر شەڕ لە ئۆکرانیادا تێپەڕدەبێ و کەچی نەک هەر هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی لەئارادا نیە، بەڵکو تادێت پانتاییەکەی فراوانتر دەبێتەوە و جیهان بەرەو تونێلێکی تاریک ڕادەکێشێت.. هۆکاری درێژەکێشانی ئەم جەنگە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
خەسرەو سایە: هەر وەک وتراوە کە”جەنگ درێژەی سیاسەتە بەخوێنەوە” بەلام هەر”سیاسەتێکی خوێناوی” لەپشتی هەرجەنگێکەوە ئامانج و ستراتیژێک راوەستاوە، کە ڕێچکە دەباتەوە سەر زەرورەتێکی بنیادیتری ئابوری و کۆمەڵایەتی. هەروەک پێشوتریش ئاماژەمان پێکردوە، کەجەنگ لەئۆکرانیا، جەنگی نیوان هێزە ئیمپریالیستەکانە لەسەر دابەشکردنەوەی جیهان و جێخستنی دونیای چەندقوتبی. جەنگێکە کە بەکردەوە ئۆکرانیای کردۆتە مەیدانی پێکدادانە سەربازیەکان، بەلام ئامانج و ستراتیژی هێزە ئیمپریالیستیەکان کە لەسەرێکیەوە روسیاو چین ڕاوەستاوە و لەسەرێکی تریشیەوە ئەمریکاو بەریتانیاو ناتۆو دەوڵەتانی ئەوروپایی، ئامانجەکانیان فراوانترو جیهانیترە لەو مەسەلانەی کە لەنێوان ڕوسیاو ئۆکرانیادایە ومێژوویەکیان هەیە. لەئێستادا کە ئەگەر سەرنج لە لێکەوتەکانی ئەم جەنگەو ڕۆڵی هەریەک لەهێزە دەرگیرەکان وجوڵە و پێکدادانە سەربازیەکان و پەیامە سیاسیەکانیان بدەین، بەڕۆشنی بەوە دەگەین کە ئەم جەنگە نەک لەئامانجە ستراتیژیەکان لەئاست دونیادا نزیک نەبونەتەوە، بگرە هێشتا بەرژەوەندیە تاکتیکیەکان و ئەو سیاسەتە لاوەکیانەی کەلەم جەنگەدا هەیانە هێشتا بەکردەوە دەرنەهاتووە. تەنانەت لێکەوتەکانی ئەم جەنگە بەدوای درێژەکێشانی بۆ ماوەی نزیک بەسێ مانگ ئەوەمان پێدەڵێت کەڕووی لەقۆناغیکی تازەو مەترسیدارتر کردوە، قۆناغێك وەک ئەوەی ئێوە لەپرسیارەکەتاندا ئاماژەتان پێکردووە کە جیهانی بەرەوە تونێلێکی تاریک ڕاکێشاوە. لەلایەکی تریشەوە درێژەکێشانی هەر جەنگێک گرێدراوە بەتوانا مادی و سەربازیەکانی لایەنە دەرگیرەکانەوە. ئەوی ئێستا لەجەنگی ئۆکرانیادا بەرچاوە، ئەوەیە کە تازەبەتازە ئەمریکاو ناتۆ و ڕوسیا توانا مادی و سەربازیەکانی خۆیان لەئاستێکی جیهانیدا خستۆتە گەر. ئەمەش پێمان دەڵیت کەئەم جەنگە لەبەردەم درێژەکێشانێکی ماوەدرێژدایە کەڕەنگە ساڵانیک بخایەنێت.
ئۆکتۆبەر: باستان لەڕۆچونی جەنگی ئۆکرانیا بەرەو قۆناغیکی تازە کرد، نیشانەکان و تایبەتمەندیەکانی ئەم قۆناغە تازەیەی کە دەیڵێن چیە ئەو ئاماژانە چین کەبەڵگەن بۆ ئەم قۆناغە تازەیە؟
خەسرەو سایە: توندبوونەوەی جەنگ و کاولکاری و ڕاکێشانی میلیتاریزم، لەنیوان ئەمریکاو بەریتانیاو ناتۆ، لەبەرامبەر ڕوسیادا، کە ئەروپاو جیهانی ڕاکێشاوەتە نێو تونێلیکی تاریکەوە و تادێت جیهان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدا ڕادەگرێ، سەرەکیترین تایبەتمەندی و دەرکەوتەکانی ئەم قۆناغە تازەیەی جەنگی ئۆکرانیایە. ئیستا ئیتر ئەم جەنگە و مەسەلەکانی بەڕۆشنی بۆتە جەنگی نێوان ئەم دوو جەمسەرەو لەشەری نیوان حکومەتەکەی زلنسکی و تەنانەت دەولەتانی ئەوروپادا بەرامبەر بە لەشکرکێشیەک کە ڕوسیا کردویەتی، نەماوەتەوە. ئیستا هەردو ئەم قوتبە باس لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و بایۆلۆژی و جەنگی بازرگانی و سیستەمی ئەمنی جیهانی دەکەن. ئێستا ئیتر دۆخی جەنگ لەسەردەمی ڕۆژەکانی یەکەمین مانگیدا نەماوە و تێپەڕبوە بەسەر ئەو دۆخەدا کە لەسەرەتای پەلامارە سەربازیەکەی ڕوسیادا لەئارادابوو. فەزایەک کە زلنسکی قارەمانی بەرگری بوو، بەڵام ئێستا ئەوە زلنسکی و حکومەتەکەیەتی ئەو ئیستقلالیەتەی کە هەیانبوو لەبەرامبەر هێرشەکانی ڕوسیادا، تادێت لەدەستی دەدن.
لەسەرەتاوە کە ئەمریکاو ئەوروپا وبەریتانا، زیاتر وەک لایەنی هاوکار و پشتیوانێک لەدژی ڕوسیا خۆیان دەردەخست و باسیان لە مافی ئۆکرانیا بۆ بوونی ناتۆ و دیفاع لەدیموکراسی ئۆکرانی دەکرد، ئێستا بابەتەکەیان گۆڕدراوە، بەوەی کە پەڕوباڵی ڕوسیا بکەن و لەهاوکێشەی هێزە جیهانیەکاندا، لەکەناردا ڕای بگرن. تەنانەت ئێستا هێچ لایەک باس لەگەرانەوە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕیکەوتنامەی دۆمێنسک کەساڵی ٢٠١٤دا ئیمزایان کردبوو، بۆ چارەسەری کێشەکانی ئۆکرانیا ناکات. خودی بەبنبەست گەیشتنی دانوسانەکانی نیوان ڕوسیاو ئۆکرانیا نیشانەی نەک هەر لاکەوتەبوونی ڕۆڵی زلنسکی و حکومەتەکەی دەردەخات، بگرە ڕۆڵی ئەروپاش لاوەکی بۆتەوەو هەردولایان لەسێبەری جوڵەی ماشێنە جەنگیەکانی ئەمریکاو بەریتانیا و ناتۆدا قەراریان گرتوە. ماکرۆن کە لە سەرەتای جەنگەکەوە باسی لەدروستکردنی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپای یەکگرتوو بۆ ڕووبەروبونەوە لەگەڵ ڕوسیادا دەکرد، ئێستا بێدەنگەی لێکردوەو ئەڵمانیاش لەبەرامبەر نەوت و گازی ڕوسیادا، سەری لەبەرخۆی ناوە. خودی پەیوەستبوونی سویدو فینلەندا کەخۆی وەک بەرهەم و ئاکامێکی درێژەکێشانی جەنگەکەدا هاتۆتەکایەوە، بەدوای ئەو ڕێکەوتنە ئەمنیەدا هات کە بۆریس جۆنسۆن لەگەڵ ئەم دوو وولاتەدا بەستی و بەمەش ڕۆڵی ئەوروپای یەکگرتووی لەم قۆناغەتازەیەدا کە جەنگ لەئۆکرانیا پێی تێناوە، نیشانەیەک دەخاتە پێشچاو کە ئیتر جەنگەکە کەوتۆتە نێوان هێزە ئیمپریالیستەکان و ئیستراتیژێک کەبەدەستیانەوە گرتوە. جەنگێک کە ئۆکرانیای کردۆتە مەیدانی کێشمەکێشی سەربازی نێوانیان.
لەتەرەفی روسیا و ئامانجە سیاسی و تاکتیکیەکانیشەوە ئەگەر سەرنج بدەین دیسانەوە بەڕۆشنی ئەوە دەبینین کە جەنگی ئۆکرانیا ملی بەرەو قۆناغیکی تازە ناوە. ڕوسیا کە لەسەرەتای هێرشەکانیدا، وای دانابوو لەکورتماوەدا کییف دەگرێ و “ڕژێم چەینج” دەکاو حکومەتێکی لایەنگر بەخۆی دێنێتە سەرکارو بەئەنجامە ستراتیژەکانی خۆی دەگات، بەلام ئێستا کەوتۆتە شوێن پاکردنەوەی ناوچە سنوریەکانی خۆی ودروستکردنی پشتێنەیەکی جەنگی و لەهەوڵدایە نیوە دورگەی قەرەم وناوچەکانی دۆمێنسک ولۆهانسک و بەشی خواروو ڕۆژهەلاتی ئۆکرانیا لێک بداو ئیلحاقی بکات بەروسیاوە.
لەسەرێکی تریشەوە گەمارۆدانە ئابوری و بانکی و سەربازیەکانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ئەوروپایی کەپێشتر وەک هەنگاوگەلێک بۆ لاوازکردنی توانا سەربازیەکانی ڕوسیا گیرایە بەر، نەک کردەوە سەربازیەکانی سوپای روسیای خاونەکردەوە، بەلكو بەشێکی زۆر لەخەڵكی ڕوسیای خستۆتە پشت سەری سیاسەتەکانی پۆتینەوەو هاوکات وولاتانێکی وەک هیندستان و کۆریای باکوڕ و چین و ئەوانەشی کە لەدەرەوەی بازنەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادان، زیاتر کەوتونەتە مامەڵەی بازرگانی و سیاسیەوە لەگەڵ ڕوسیادا.
لەڕووی کردە سەربازیەکانیشەوە کاولکاریەک کە پۆتین دەستی داوەتێ، ئەمریکای وادارکردووە، بەپەلکێشکردنی جبەخانەی جەنگی و فراوانکردنەوەی هەرچی زیاتری دەخالەتی میلیتاریزمە لەم جەنگەدا. ئەمە لەکاتێکدایە کە لەسەرەتای جەنگدا بایدن بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە ناچێتە جەنگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ روسیاداو بۆ ئەمەش وەڵامی نەرێنی بە داوای زلنسکی دایەوە، کە ناوچەی دژەفڕین بەسەر ئاسمانی ئۆکرانیادا جێبەجێبکات. بەڵام لەهەفتەی ڕابردوودا کۆنگرێسی ئەمریکا بودجەیەکی ٤٠ ملیار دۆلاری پەسەندکرد تا دەستی باید ئاوەلابێت بۆ بەکارهێنانی چەک لەجەنگی ئۆکرانیادا. جێگیرکردنی ٤٠هەزار سەرباز لەیەک مانگی ڕابردوودا، لەولاتانی دەوروبەری ئۆکرانیادا، لەژێر چەتری ناتۆدا، ١٠ جار وجودی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکای لەچاو ڕۆژەکانی بەرلەدەستپێکردنی جەنگەکەدا بەرەو زیاتر بردووەو لەم چوارچیوەیەشدایە کە سوپای ئۆکرانیاو فەرماندە سەربازیەکانی زلنسکی بەتەواوی لەژێر فەرمانی ناتۆدا دەچیتە پێشەوە و سەربەخۆیی خۆیان لەدەستدەدەن.
ئێستا ئیتر کارشوناسانی جەنگی و جەنڕالە ناودارەکانی جیهان باس لەجەنگێکی فراوانی جیهانی و ماوەدرێژ دەکەن. دۆخەکە لەئێستادا بەئاستێک گەیشتوە کە کێشمەکێشی هێزە ئیمپریالیستیەکان لەسایەو سێبەری مونافەسەو ملاملانێی ئەمریکاو ڕوسیادا باس لەهەرەشەی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی دەکەن… ئەمانە پێکەوە نیشانەو ئاماژەکانی ڕۆچوونی جەنگی ئۆکرانیایە بۆقۆناغیکی تازە.
ئۆکتۆبەر: ئاکامەکانی ئەم جەنگەی ئۆکرانیا لەڕووی ئابوری و سیاسیەوە لەسەر کوردستان وخەڵكی کوردستان چی دەبێت؟ لەئەگەری تەنینەوەی جەنگەکەدا گومان لەوەدا نیە کە کوردستانیش بەدەر نابێت لە کاریگەریە وێرانکاریەکانی، دەبێ خەڵکی کوردستان چی بکەن و لە کوێدا ڕابوەستن!؟
خەسرەو سایە: بەجیا لەو ماڵوێرانی و کاولکاری و دەربەدەریەی کە ئەم جەنگە بەسەر خەڵکی ئۆکرانیا هێناویەتی، بێگومان کاریگەریە خراپەکانی بۆسەر هەموو جیهان ساڵهای ساڵ دەمێنیتەوە، پەرەسەندنی بێکاری و گرانی و پشێوی کۆمەلایەتی و سەرهەلدانی ڕەوتە فاشیستی و کۆنەپەرستەکان، تەنها بە ئەمریکاو ئەوروپاو ڕوسیاوە، ناوەستێ و ئەو دۆخە ناهەموارەی کە ئەم جەنگە خوڵقاندویەتی، پریشکەکانی بۆسەر هەموو ولاتان بەم یان بەو ئاستی جیاواز دەهاوێژێت. ئیستا باس لە ڕودانی جەنگی ئەتۆمی و بایۆلۆژی دەکرێ، کەچۆن کۆمەلگای بەشەرێ لەم ترسە بپارێزرێت. تەنانەت باس لەکەمبوونەوەی دەرمان و خۆراک بۆتە بابەتێک و کارشناسانی بەوە گەیاندووە کە ئاسایشی خۆراکی بۆتە خەتەرێکی گەورە بەسەر دونیاوە.
بێگومان کوردستان کە خۆی گیرۆدەی گێژاوێکی سیاسی و قەیرانێکی قوڵی ئابوریە، ئاسەوارەکانی ئەم جەنگە لەزۆر لایەنەوە کاریگەری بەجێدەهێڵێت. لەڕووی ئابوریەوە گرانی و کەمبوونەوەی ئاردو دەرمان و مەوادە خۆراکیەکانی تر هەر لەئێستاوە قورسایی خۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کەمدەرامەتی کوردستان داناوە. لەڕووی سیاسیەوە، کوردستان کە کێشەو گرفتە سیاسی و ئابوریەکانی پەیوەندی بەعیراق و ناوچەکەوە هەیە و بۆرژوازی کورد ناتوانێ بەتەنها خۆی چارەسەریان بکات، بەپێویست کەوتۆتە حاڵەتی چاوەڕوانیەوە، کە کەی و چۆن هێزە ناوخۆیی و ناوچەیەکان، لە هاوکێشەو ڕیزبەستنی بلۆکە ئیمپریالیستیەکان و کێشمەکێشەکانی نیوانیاندا چ جێگایەک دەگرن، هاوکات خودی ئەوەی کە کەی و چۆن ئەم جەنگە بە نەزم و سەباتێکی سیاسی و ئابوری و حکومەتی دەگات ودونیا لەچ تەوازنێکدا رادەگرێ ولێرەشەوە کێشەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست چۆن چارەسەر دەبێ و سەرەنجامیش دۆخی ئالۆسکاوی عێراق بەکوێ دەگەیەنێت، هەموو ئەمانە دۆخی کوردستانی لەچاوەڕوانیدا راگرتوە و لێرەشەوە ڕەوتی خەباتی چینایەتی لەکوردستان ڕاپێچدەکات بۆ نێو دۆخێک کە سەرەڕای هەڵکشانی بێکاری و گرانی و دەیان دەردومەینەتی تر، لەگەڵ پشێوی زیاتر و دەخالەتی سەربازی دەولەتانی ناوچەکە و.. بەرەوڕوو دەکاتەوە و هەلومەرجی خەباتی چینایەتی کریکاران و زەحمەتکێشان سەختردەکات.
بەڵام لەبارەی ئەوەوە کە خەڵک دەبێ چی بکات، یەکەمین کار ئەوەیە کە دەبێ لەوە تێبگەن کە بەستنەوەی ئومید بە ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتوەکانەوە، کە گوایە بەپشتبەستن بەوان و چاوەڕوانیکردن لەوەی کە فشارو ئاگادارکردنەوەکانیان، یەکیەتی و پارتی ناچاردەکات بەگۆرانکاری لەسیستەم و دەسەلاتی ئیستادا، خۆشخەیاڵیەکە کەهەوڵ و خەباتی جەماوەری ناڕازی بەشوێنێک ناگەیەنێت، جگە لە هێشتنەوەی هەر ئەو ئەزمونەی کەژیانی ئەوانی هاڕیوە و لەولاشەوە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەدەسەڵات و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی کۆمەلگا گەیاندووە. خەڵکی کوردستان دەبێ ئەوە باشبزانن کەڕۆڵی ئەمریکاو نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیانەو هەرکاتێکش ئەم بەرژەوەندیانە ویستی، پشتیان لێدەکەن. ئەوەی پیویستە کە خەڵکی کوردستان بیکەن لەبەرامبەر جەنگێکدا کە لەئۆکرانیا هێزە ئەمپریالیستیەکان هەڵیانگیرساندووە، هەرئەوەیە کەڕیزی سەربەخۆی خەباتی چینایەتیان بپارێزن و یەکگرتوانە بەرامبەر بەدەسەلاتدارێتی بۆرژوازی کورد تائاستی وەلانانی تێبکۆشن و دەسەلاتدارێتی خۆیان لەشوراکاندا دابمبەزێنن و خۆیان کۆمەلگا بەڕێوەبەرن. بێگومان ڕاوەستانی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لەکەنار کرێکارانی جیهان و بەرەی ئازادیخوازان لەدژی جەنگ و میلیتاریزم، گۆشەیەکی سەرەکی ئەو خەباتەیە کە لەدژی دەسەلاتدارێتی بۆرژوازی کورد دەستیان داوەتێ.