جه‌مال موحسین
٢٤ ی مه‌ی ٢٠٢٢
وته‌كانی جێنین پلاسخارت، نێردراوی تایبه‌تی سكرتێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (نەتەوە یەکگرتوەکان) له عێراق، له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له ١٧ ی ئه‌م مانگه‌دا بازاڕی سیاسی و ته‌بلیغاتیی لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستانی گه‌رم كردووه و وه‌ك ده‌روێش حاڵی سیاسی لێهێناون. وه‌ك ئه‌وه‌ی باسكردنی هه‌ندێك خاڵ سه‌باره‌ت به دۆخی كوردستان له‌ناو ئه‌نجومه‌نی ئاسایش‌دا هێنده ده‌سكه‌وتێكی گرنگ بێت كه به وێنه‌ی عه‌سایه‌كی سیحری سه‌رله‌به‌ری ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی تێكه‌وتووه هه‌ڵگێڕێته‌وه و چاكی بكات! ئایا باسكردن له‌وه‌ی كوردستان به كرده‌وه دوو زۆنی سه‌وز و زه‌رده و هێزه‌كان ناكۆكن و ’’ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی و هێزه‌كانی تر یه‌كگرتوو نه‌بن دۆخه‌كه له ده‌ست ده‌رئه‌چێ شتێكی‘‘ تازه‌یه؟ ئایا داهێنانێكی وایه كه قیبله‌نمای توڕه‌یی خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵات وه‌رگێڕێ به‌ره‌و ئومێد به چاكبوون و چاككردن؟ وه سه‌رئه‌نجام ئایا په‌یامی ڕاسته‌قینه‌ی پشتی ئه‌م قسانه‌ی پلاسخارت بۆ خودی خه‌ڵكی كوردستان چییه؟
قه‌یرانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئابوری و سیاسی و حكومه‌تی كه له‌لایه‌كه‌وه یه‌خه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا_ناسیۆنالیزمی كوردی گرتووه و له‌لایه‌كی تریشه‌وه په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندیدا بنبه‌ست بووه، هێنده‌ی تر ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ڕووبه‌ڕووی شكست كردۆته‌وه. وه‌ڵام نه‌دانه‌وه به موچه و بژێوی و شانخاڵی كردنه‌وه له دابینكردنی پێداویستیه‌كانی ژیان، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌سه‌ر گڕكانێك له ناڕه‌زایه‌تی و توڕه‌یی خه‌ڵك داناوه. بۆیه سه‌رباری ئه‌و چه‌قبه‌ستن و قه‌یرانه‌ی تێیكه‌وتوون، ده‌سه‌ڵات له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسی هاتنه‌مه‌یدانی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌ش و مه‌حرومانی كۆمه‌ڵگادا ڕاوه‌ستاوه. مه‌ترسیه‌ك كه نه‌ك ته‌نها له‌رزی بۆ ئه‌مان بڕیوه، بگره ئه‌و وڵاته زلهێزانهشی ڕاچڵهكاندووه كه ئه‌مان پشتیان پێوهداون. وته‌كه‌ی پلاسخارت و جهختكردنهوهكهی باڵوێزی ئه‌مریكا له عێراق له‌سه‌ر ’’ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‘‘ ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه ئه‌وه مه‌سه‌له‌ی ناكۆكبوونی یه‌كێتی و پارتی و پارته‌كانی ده‌وری ئه‌وان و په‌یوه‌ندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی ناوچه‌كه و دنیا نییه به پله‌ی یه‌كه‌م كه هۆكاری هاتنه‌ده‌نگی وته‌بێژانی (نەتەوە یەکگرتوەکان) و باڵوێزی ئه‌مریكایه، بگره ئه‌و نه‌فره‌ته جه‌ماوه‌ریه‌یه كه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌به‌رامبه‌ریدا ڕاوه‌ستاوه.
سه‌رباری ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدران، له‌م كاته‌دا كه حزبه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتووی كوردستان و كات و یاساكه‌شی ناكۆكییان هه‌یه، ئه‌م قسه و دهخاڵهتانهی ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (كه له ڕاستیدا هه‌ر ئامڕازێكی ده‌ستی ئه‌مریكایه) ئامانجێكی ڕۆشنی هه‌یه. په‌یوه‌ندی جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش و ده‌سه‌ڵات و سیستمه‌كه‌ی چۆته ئاستێكی تره‌وه: ئاشتی هه‌ڵنه‌گره! خه‌ڵك هیچ جۆره متمانه و ئومێدێكی به‌م سیستم و ده‌سه‌ڵاته و هه‌موو ئه‌و به‌ناو ئۆپۆزسیۆنانهش نه‌ماوه كه له‌هه‌مان بازنه‌دا ئه‌خولێنه‌وه. ببینن هه‌موو سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌و هێزانه به دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه و ئه‌و قهڵهمبدهست و ڕۆشنبیرانهشی له گۆڕه‌پانی ئه‌وانه‌وه ئه‌نووسن و قسه‌ئه‌كه‌ن كار له‌سه‌ر ئه‌وه ئه‌كه‌ن متمانه‌ی خه‌ڵك ڕابكێشنه‌وه. بۆیه په‌نا بۆ تهخشانكردنهوهی خۆشخه‌یاڵی ئه‌به‌ن. پلاسخارتیان كردووه به فریادڕه‌س، گوایه زۆر گرنگه ئه‌و له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش باسی گه‌نده‌ڵی و ناكۆكی و جیاوازیه‌كانی هێزه سیاسیه‌كانی كردووه. گوایه ئه‌گه‌ر ئه‌مه بچێته ناو (نەتەوە یەکگرتوەکان) و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه، ئیتر به قازانجی خه‌ڵكی كوردستانه. (نەتەوە یەکگرتوەکان) خۆی یه‌كێكه له گه‌نده‌ڵترین و نائینسانیترین ده‌زگاكانی جیهان. ئه‌م ده‌زگایه له كوێدا ده‌ستی ئه‌مریكای گرت كاتێك عێراقی داگیركرد و به ملیۆنه‌ها مناڵ و پیری كوشت؟ به‌به‌رچاویه‌وه ئه‌م وڵاته وێران كرا و ژێرخانی ههڵتهكێندرا، سه‌روه‌ت و سامانی دزرا، دیپلۆماتكارانی ئه‌ویش جگه له خۆله‌وه‌ڕاندن چ ده‌خاله‌تێكی تریان هه‌بووه؟ ته‌ماشای ڕۆڵی (نەتەوە یەکگرتوەکان) بكه‌ن له یه‌مه‌ن و لیبیا و هه‌تا سودان. له ڕاستیدا ئه‌و تا ئێستا بوكه‌ڵه‌ی ده‌ستی ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا بووه. له بنه‌ڕه‌تیشدا به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌یاندنی یه‌كێتی و پارتی پڕۆژه‌ی هه‌ر ئه‌م دووانه‌ی دواییش بوو، ئه‌مان ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان كرد به مڵۆزم به سه‌ر دڵی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه. ئه‌وان بوون كه چه‌ك و پاره‌وپولیان پێدان. وه ئه‌وه هه‌ر یه‌كێتی و پارتیش بوون كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه گه‌مه‌ی خۆبه‌ستنه‌وه به‌وان و هه‌تا به ده‌وڵه‌ته كۆنه‌په‌رسته‌كانی ناوچه‌كه‌وه كرد. فازڵ میرانی ڕاست ئه‌كات كه ئه‌ڵێ ’’ئێمه و ئێران پێكه‌وه خوێنمان داوه‘‘! ئه‌وان له باوه‌شی شای ئێرانه‌وه خۆیان گرت و دواتر ڕووه و ڕۆژئاوا ملیان نا، بۆنده دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوری و بازرگانیه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌ستن. هه‌رچی یه‌كێتیشه له وابه‌سته‌یی به وڵاتانێكی تر له ڕۆژئاوا و له‌ژێر ناوی سۆشیال دیموكراسیه‌وه ڕووی خۆیان كردۆته ئێران و بهرژەوهندیهكانیان له‌گه‌ڵدا شه‌ته‌ك داون. یه‌كێتی و پارتی هێزگه‌لێكن له هه‌ناوی گه‌نده‌ڵی و شه‌ڕخوازی و ئینسانكوژی ئه‌مریكا و ڕۆژئاواوه داكه‌وتوون، ئه‌و به‌چكه دوپشكانهن له هه‌ڵدڕینی سكی دایكیانه‌وه سه‌ریان جوقاندووه. كه‌چی ئێستا دایكی گه‌نده‌ڵ ئه‌یه‌وێ به خه‌ڵكی كوردستان بڵێ له نه‌وه‌كانی خۆم ڕزگارتان ئه‌كه‌م! پارادۆكس لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتی ته‌ره‌ف نه‌بن و خه‌ڵك ته‌ره‌ف بێ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و یوئێن ئیتر هه‌موو شتێك باش ببێ!
هه‌رجۆره خۆشخهیاڵیهك به پلاسخارت و وته‌كانی (كه تازه نییه و پارساڵیش له زانكۆی كوردستان هه‌مان بالۆره‌ی لێدایه‌وه) به‌وێنه‌ی نۆشینی ژه‌هری ماره بۆ خه‌ڵكی كوردستان. قه‌ڵه‌مبه‌ده‌ستان و ڕۆشنبیران و هێز و لایه‌نی به‌ناو ئۆپۆزسیۆن كه به ناحه‌ق خه‌ڵك به‌م قسانه خۆشخه‌یاڵ ئه‌كه‌ن، خه‌تابارن. یانی ئه‌یانه‌وێ بڵێن ئه‌گه‌ر خه‌ڵك باوه‌ڕی به پلاسخارتهكان و تیولهرهكان و دیپلۆماتكاره‌كانی تری ڕۆژئاوا هه‌بێت كه په‌رده له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و خراپی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی یه‌كێتی و پارتی لائه‌ده‌ن، ئیتر ئاڵوگۆڕ ڕووئه‌دات. یانی ئه‌یانه‌وێ بڵێن ئه‌گه‌ر به پاڵپشتی ئه‌وانه ’’یه‌كێتی و پارتی لاوازبكرێن چونكه گه‌نده‌ڵن‘‘ و له‌مه‌ولا په‌یوه‌ندیه‌كه ببێت به هی كه‌سان و لایه‌نی تر له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ڕۆژئاوادا، ئیتر كوردستان ئه‌كه‌نه به‌هه‌شت. قسه‌ی پوچ و بێبنه‌ما ئه‌مه‌یه كه ته‌واوی سیستم و ده‌سه‌ڵاتدارێتی له كوردستاندا ببه‌سترێته‌وه به‌و دوو هێزه‌وه و له‌وه‌ش زیاتر به‌وه‌ی به هه‌ڵبژاردن له ده‌ستی ئه‌وان ده‌ربهێندرێت و بدرێته كه‌سانی تر. هه‌ربۆیه‌شه هه‌موویان له‌وه‌دا كۆكن و هاواریان لێبه‌رزبۆته‌وه تا خه‌ڵك ڕازی بكه‌ن ئه‌مجاره‌ش بچێته پای هه‌ڵبژاردن و ده‌نگ به لایه‌ن و كه‌سانی تر بدات. تاكو به‌هه‌ر نرخێكه به‌ناوی هه‌ڵبژاردنه‌وه جارێكی تریش ڕه‌وایه‌تی به ده‌سه‌ڵات و سیستمی سته‌مگه‌ری سه‌رمایه‌داری كوردستان بده‌نه‌وه.
وته‌كانی پلاسخارت و جه‌ختكردنه‌وه‌كانی تیوله‌ر و زوڕناژهنینی هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی، له ئیسلامیه‌كانه‌وه بگره هه‌تا نه‌وه‌ی نوێ و هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كان له گۆڕان، به ئه‌ندازه‌ی ده‌سه‌ڵات و ئه‌زمونی حكومه‌تداری یه‌كێتی و پارتی پوچه. ئه‌وان ئه‌زانن داكۆكی له چی ئه‌كه‌ن، ئه‌وان ئه‌یانه‌وێ سیستمێك له به‌ڕێوه‌بردن و ئابوری و سیاسه‌تكردن و دیپلۆماسیه‌ت كه داڕزیوه له چنگی توڕه‌یی و شۆڕشی خه‌ڵكی كرێكار و جه‌ماوه‌ری بێبه‌ش ڕزگاربكه‌ن. ئه‌وان یه‌قینن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر سێلاوی شۆڕشی خه‌ڵك هه‌ستێ، خانۆچكهی هه‌موویان ڕائه‌ماڵێ. بۆ به‌رگرتن به‌م زریانی توڕه‌ییه، له‌لایه‌ك خه‌ڵك خۆشخه‌یاڵ ئه‌كه‌ن به هه‌ڵبژاردن وهاوكات به‌ربه‌ستێكیش له‌به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی جوڵانه‌وه‌ی خه‌ڵكدا بۆ ڕزگاربوونی له ته‌واوی سیستمه‌كه دروست ئه‌كه‌ن. له كاتێكدا هاتنه‌مه‌یدانی خه‌ڵكی بێبه‌ش و برسیكراو ته‌نها له دژی یه‌كێتی و پارتی نییه، له دژی ته‌واوی سیستمێكه كه ئه‌وان و هاوپه‌یمانه‌كانیان له ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی و به‌ناو لیبراڵی ساڵه‌هایه دایانسه‌پاندووه و به‌رهه‌مه‌كه‌شی جگه له هه‌ژاری و برسیكردن و نه‌بوونی هیچی تر نه‌بووه. خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و بێبه‌ش له دژی ته‌واوی سیستمه‌كه بووه كه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌كانی بووه و له ساڵی ١٩٩٢ ه‌وه جگه له شه‌ڕ و كوشتاره ناوخۆییه‌كان، كۆمه‌ڵگه‌ی نوقمی گه‌نده‌ڵی و دزی و جه‌رده‌یی و سه‌ركوت كردووه.
له ڕوانگه‌ی كرێكاران و خه‌ڵكی بێبه‌شه‌وه ده‌سه‌ڵات و سیستمی ئابوری و سیاسی و حكومه‌تداری پێویسته وه‌لابنرێ. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌م پێویسته هیچ جۆره خۆشخهیاڵیهك به ئه‌مریكا و ڕۆژئاوا (وه نەتەوە یەکگرتوەکان وه‌ك ده‌سكه‌لای ده‌ستی ئه‌وان) و هه‌ڵبژاردن و خه‌باتی په‌رله‌مانی و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات نه‌مێنێ. ئه‌وان ده‌ردێك بۆ خه‌ڵك تیمار ناكه‌ن… هه‌م پێویستیشه خه‌ڵك خه‌بات و تێكۆشانی خۆی له هه‌موو ئه‌و هێزانه جیابكاته‌وه و سه‌ربه‌خۆ بێته مه‌یدان بۆ دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی ڕاسته‌وخۆی خۆی. ده‌سه‌ڵاتێك جیاكراوه و سه‌ربه‌خۆ بێ له‌هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی ئه‌و هێزانه‌شی به‌ناوی دژایه‌تی یه‌كێتی و پارتیه‌وه خۆیان وه‌ك لایه‌نگر له خه‌ڵكی بێبه‌ش نیشان ئه‌ده‌ن. ده‌سه‌ڵاتێك بنیاتراو بێت له‌سه‌ر بنه‌مای به‌شداری ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری كرێكار و بێبه‌ش و كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و ئازادی و یه‌كسانی و خۆشگوزه‌رانی ببات.