قسەکانی پاڤێڵ تاڵەبانی وژێنای خەڵک

گفتوگۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف

ئۆکتۆبەر: بافڵ تاڵەبانی دەڵێ حکومەتی هەرێم ناتوانێ ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان دابین بکات و ڕێگاچارە  گەڕانەوەیە بۆ بەغدا، لەکاتێکدا حزبەکەی خۆی یەکێكە لە حزبە پێکهێنەرەکانی حکومەت و قوبادی برای جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە.. ئێوە چ قسەیەکتان هەیە لەسەر ئەو ڕاگەیاندنەی بافڵ تاڵەبانی؟ چی ئامانجێکی سیاسی لە پشتی ئەم قسانەوە خۆی حەشارداوە؟

عوسمانی حاجی مارف: ئەگەر ئەم مەسەلەیە لەو ئاماژەیەوە قسەی لەسەر بکەین، کە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت حکومەتی هەرێم ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، واتە لەپێکهاتەی حکومەتی هەرێمدا بەئاشکرا ئەوە دەخاتە بەردەستمان کە حکومەتی هەرێم توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی نەماوە، ئێستاش بەرامبەر ئەو دۆخەی کە بافڵ دەیەوێت ئاماژەی پێبکات، دەبێت تەنها یەک ڕێگە هەبێت بۆ ڕزگاربون لە نەتوانینی حکومەت بۆ دابینکردنی ژیانی هاوڵاتیان، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئێستای هەرێمە. لەم بارەیەوە پێویستە سەبارەت بەو ئاماژەیەی بافڵ دەیخاتە بەرچاومان ئەو ناکۆکیە دیاری بکەین کە دەرگیری بووە، چونکە ئەگەر بافڵ پێیوایە ئەم حکومەتە ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، ئاخۆدەبێت چی ڕێگەی ئەوەی لێگرتبن کە دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حکومەتە ڕابگەیەنێت و خۆی و قوبادی براشی دەست لەکاری سیاسی بکێشنەوە؟ هەروەها لە تەواوی پڕۆسەی سیاسی سی ساڵ زیاتری دەسەڵاتداری حزبەکەی لە کوردستاندا دەبێت پاشەکشەی حیزبەکەی و سڕبونی حزبەکەی لە کاری سیاسی ڕابگەیەنێت. گەر ئەو کارەش ناکات ئیتر ئەو ئاماژەیەی کە حکومەت ناتوانێ بژێوی هاوڵاتیان دابین بکات قسەیەکی بێماناو مزایەدەی سیاسی و خۆدزینەوەیەکی ڕیسواو بێشەرمانەیە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر ژیان و گوزەران و پێداویستیەکانی هاوڵاتیان. هەروەها ئامادەنیە هیچ ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر کە بگاتە ئەو ئاکامەی پێگەی حیزبەکەی لەق بکات و بۆخۆشی کۆتایی بە ژیانی سیاسی بهێنێت، چونکە ئاشکرایە کە بەرژەوەندی خۆی و حزبەکەی پێشمەرجی هەموو شتێکە.

لێرەدا دەمەوێت بڵێم دەربارەی دۆخی ئێستای کوردستان و قەیرانێک کە حکومەت دەرگیریەتی، لەو شوێنەوە دیاری ناکرێت کە بافڵ دەڵێت حکومەت ناتوانێ بژێوی خەڵک دابین بکات، چونکە لە نێوان ئەوەی حکومەت ناتوانێ بژێوی دابین بکات یان بڵێین نایەوێت بژێوی خەڵک دابین بکات، دوو مەسەلەو دوو ئاراستەی جیاوازی تێدا بەدی دەکرێت. من وای دەبینم کە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان خاوەن ئیمکاناتێکی بێشوماری وەهان  کە بە  جەردەیی و تاڵانی و قۆرخکردنی سەروەت و سامانی کوردستان دەستیان کەوتوە، گەر مەبەستیان بێت، دەتوانن باشترین خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەر بکەن. بۆیە ناکۆکیەکە لێرەدایە کە بافڵ و مەسعود، قوبادو مەسرور، نێچیرو بەرهەم، یەکێتی و پارتی کێشەکەیان ئەوە نیە ناتوانن بژێوی هاوڵاتیان دابین بکەن، بەڵکو وەک خاوەن هێزی میلیشیاو تاڵانچی و جەردە و خاوەن سەرمایەیەکی بێشومار بە هیچ جۆرێک بەتەنگ ژیانی هاوڵاتیانەوە نەبون و نین و کێشەیان ژیانی خەڵک نیە. هەر بۆیە گەر نەیانتوانیایە ژیان و گوزەرانی خەڵک بەڕێوەبەرن حکومەتەکەیان هەڵدەوەشاندەوە، بەڵام ئەوەی کەمن دەڵێم نایانەوێت، وەهایان داناوە کە دەسەڵاتەکەیان هەتاهەتایی بێت.

هەروەها باسکردنی گەڕانەوە بۆ بەغدا و بەستنەوەی چارەنوسی خەڵک بەبەغداوە هێندە ئاماژەیەکی نابەجێیە جگە لەوەی کە نایانەوێت وەڵام بە گوزەران و باشکردنی بژێوی و پێداویستیەکانی خەڵک بدەنەوە، بەڵکو چارەنوسی خەڵکی کوردستانیان کردۆتە بارمتەو قوربانی ئەو مامەڵەو کێشمەکێش و گەمە سیاسیانەی کە لەگەڵ هێزە سیاسی و قەومی و تائیفیە میلیشیایانەی عێراقدا دەیکەن.

بافڵ و حزبەکەی لە نێو ئەو هاوکێشە سیاسیەی کە ئاڵوگۆڕ بە هەلومەرجی سیاسی ئێستای ناوچەکەو عێراق و کوردستان هاتووەو پێشبینی ئاڵوگۆڕی زیاتریش دەکرێت، هەروەها کێشە ناوخۆییەکانی حزبەکەیی و گۆڕانی هاوسەنگی هێزەکەی، پێگەیەکی وەها توندو پتەویان نیە کە بتوانن لە نێو جەنجاڵی هەلومەرجی ئایندەی ناوچەکەدا چارەنوسی هێزەکەیان دیاری بکەن، بەتایبەتی لەبەرامبەر پارتیدا، هەر بۆیە بافڵ لە هەندێ حاڵەتدا وەک قومارچیەک وەرەقەی دۆڕاندن فڕێ ئەدات و قسیەک بەبێ ڕونکردنەوەو نەخشەیەکی دیاریکراو دەخاتە ناو مەیدانی کێشمەکێشی لایەنەکانەوە.

ئۆکتۆبەر: ئەگەر ئەم قسەیەی بافڵ بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵك و خۆ دەربازکردن بێت لەژێر باری بەرپرسیارێتی و شکاندنەوەی شکستەکە بەسەر پارتیدا، تا چ ڕادەیەك ئەم سیاسەتە دەتوانێ یەکێتی لە بەرپرسیارێتی بێبەری بکات؟ ئایا ئەمە  مانای دانپێدان نیە بە شکستی حکومەتی کوردایەتیدا لە زمانی یەکێك لە دوو پێکهێنەرە سەرەکیەکەیەوە؟

عوسمانی حاجی مارف: یەکێتی نیشتمانی لەبەرامبەر هەلومەرجی سیاسی کوردستان و کێشمەکێشی لەگەڵ پارتیدا، لەهەر جێگەو ڕێگەوپێگەیەکی سیاسیدا بێت ئەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە یەکێتی نیشتمانی سەرتاپا ناوچەیەکی فراوانی کوردستانی بەناوی ناوچەی سەوزەوە داگیر کردوەو لەژێر ڕکێڤی هیزەکانیدایە، وە ئیدارەی ناوچەکە لەهەموو بوارێکی سیاسی و  ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە لەژێر سایەی دەسەڵاتی یەکێتدا دەچەرخێ، لەهەمان کاتدا بە گومرگ و بازرگانی و قاچاخچێتی و دەرهێنانی نەوت سەرمایە کەڵەکە دەکات.

بۆیە لەم حاڵەتەدا ئاماژەکەی بافل بەهەر مەبەست و نیازێکی سیاسی بیخاتە ڕوو، بەمەبەستی شکاندنی پارتی بێت یا خۆڵکردنە چاوی خەڵک، پێش هەموو شتێک  واقعیەتی بێتوانایی و بودەڵی حیزبەکەی دەخاتە ڕوو، کە پاش سی ساڵی دەسەڵاتیان جگە لە ڕاگەیاندنی بنبەستبونی حیزبەکەی لە نێو هاوکێشە سیاسیەکاندا هیچ مانایەکی نییە. واتە بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی جۆرێک لە حاڵەتی بێئاسۆیی و دیارنەبونی چارەنوسی هێزەکەیان لە نێو ئەو ئاڵوگۆڕو پێشهاتە سیاسیانەی کە لە ناوچەکەو عێراق و کوردستان ڕودەدات بە تایبەتی لە هەلومەرجی شەڕی ئۆکرانیا و ئاکام و کاریگەریەکانی لەسەر ناوچەکە بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، بەمانایەک  یەکێتی نیشتمانی وەک هیزێکی میلیشیا پێگەو ئیعتبارە سیاسیەکەی ئێستا لەو ئاستەدانیە کەبتوانێ لە مەیدانی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا جێگایەکی باشتر لە دۆخی بنبەستی ئێستای بەدەست بهێنێت، هەروەها بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی جگە لە پەیوەندی بە کۆماری ئیسلامی ئێران و خۆبەستنەوە بە سیاسەت و چارەنوسی ئێرانەوە لەم کەینوبەینەی کێشمەکێشە جیهانیەکانی ووڵاتانی زلهێزی دنیا ڕێگایەکی تریان نیە، هەربۆیە یەکێتی بێئەوەی هیچ تەرح و ڕێگایەک بگرێتەبەر بە ناچاری کەوتۆتە بەر سیاسەتی چاوەڕوانی و تەماشاکردنی ڕوداوەکان کە ئایندەی هێزەکەی بەرەو کوێ دەبات. هەربۆیە قسەکانی بافڵ حسابێکی جدیان لەسەر ناکرێت و سەرکردایەتی یەکێتیش یەکڕیز نین و هەر کەسێکیان پێشنیارو قسەیەکی جیاوازی هەیە، تەنها لەهەوڵی پاراستنی  بەرژەوەندی و سەروەت و سامانی خۆیان و حیزبەکەیاندان، تا ئەوەی بیر لە ژیانی هاوڵاتیان بکەنەوە.

ئۆکتۆبەر: ئەگەر مەسەلەکە بەوجۆرە بێت کە حکومەتی هەرێم شکستی هێناوە لە ئیدارەی کۆمەڵگادا، ئایا ڕێگاچارە چیەو دەبێ خەڵك چی بکەن بۆئەوەی ژیان و گوزەران و ئایندەیان مسۆگەر بکەن؟ ئایا گەڕانەوە بۆ لای حکومەتی ناوەندی چارەسەرە یان رێگایەكی دیکە هەیە؟

عوسمانی حاجی مارف: دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بوو کە وەک پاشکۆ بون بە بەرژەوەندی و سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا لە مەیداندا بوون، وە لەو ڕێگایەوە وەک هێزی میلیشیاو مافیا و تاڵانچی ئیدارەی کوردستانیان گرتەدەست و بونە بەشێك لە واقعیەتی ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەی ئەمڕۆ، کە کوردستان و عێراقی پێ لە قاڵب درا.

واتا مەسەلەیەک کە دەربارەی دەسەڵاتی حیزبەکانی کوردایەتی پێویستە قسەی لەسەربکەین بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتەکەیان و کاری لەسەر بکەین، تەنها لەو شوێنەوە نیە کە ئێستا بە بنبەست گەشتون و حکومەتەکەیان شکستی خواردوە، بەڵکو لەو شوێنەوە پێویست بوو وە دەبوا کۆتایی بەدەسەڵاتەکەیان بهێنرێت کە تەواوی سی ساڵی دەسەڵاتداریەتیان لە کوردستاندا پڕاوپڕە لە تاوانکاری، کە هەرلەسەرەتاوە کوردستانیان کردە مەیدانی شەڕی ناوخۆ، هەروەها خوڵقاندنی کارەسات و چوارچێوەیەکی تەواو نەشیاو بۆ گوزەرانی هاوڵاتیان لە پێناو جەردەیی و دزی وتاڵانی و قۆرخکردنی تەواوی سەروەت  و سامانی کوردستان لەڕێگەی دەسەڵاتەکەیانەوە، دامەزراندنی دەسەڵاتداریەتی هیزی میلیشیاو خولقاندنی نائاسودەیی و وێرانکاری و ئاوارەیی و دەربەدەری و هەژاری، کە وای لە خەڵک کردوە نەفرەت لە بونیان بکەن. حزبەکانی کوردایەتی هەر لەسەرەتاوە نمونەی بێباکترین و نابەرپرسیارترین و نائینسانیترین  دەسەڵاتی سیاسی بون و هەن. خولقێنەری فەزای کۆنەپەرستی و دژی ژنان، کە دەبوا هەر لەسەرتاوە فرسەتی دەسەڵاتداریەتیان پێ نەدرایە، ئێستاش تەنها هەر ئەو ڕێگایە کارسازە کە هەڵچون و خرۆشان و ڕاپەرینی جەماوەری لە هەر ئانوساتێکدا بێت بەر بە هەناسەی ئەم دەسەڵاتەی کوردایەتی بگرێت.

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *