موحسن کەریم:
رۆژی ١٩ی مانگ مەسروربارزانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا (بۆریس جۆنسن) لە ئۆفیسی ئەنجومەنی وەزیران لە لەندەن چاویان بەیەکتر کەوت و رۆژی دواتریش لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو ووڵاتە لە ئۆفیسی وەزارەتی ناوخۆ کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ماڵپەڕی حکومەتی بەریتانیا بابەتی دانیشتنی نێوان بۆریس جۆنسن و مەسرور بارزانی بریتی بووە لە توندکردنەوەی پەیوەندیەکان لە بواری بازرگانی و وەبەرهێنان، پرسی سەقامگیری عێراق و هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیا. لەو بارەوە مەسرور بارزانی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ناردنی گاز بۆ ئەوروپا بەمەبەستی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئەوروپا بە گازی ڕوسیا. کۆبونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و “پریتی پاتێل”ی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا(هۆم ئۆفیس)یش تایبەت بووە بە هاوکاریکردن لەبواری ئەمنی و پەنابەریدا لە چەند مانگی داهاتوودا.
جیاواز لەو لێکدانەوەیەی هەندێ لایەنی سیاسی نەیاری پارتی بۆ ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی دەیکەن، کە زیاتر لە پێگەی گازەندەکردنە لەوەی حکومەتی بەریتانیا و دەوڵەتانی رۆژاوا ئەو جێگاورێگایە بۆئەوان قایل نین، بەڵام ئەم پێشوازیکردنە لەئاستی باڵای حکومەتی بەریتانیادا، دەرخەری ئەوەیە کە بەریتانیا ئەگەر لەباری تاکتیکیشەوە بووە پێویستی بە پارتیە، هەروەکو چۆن کاتی خۆی جۆرج بۆش، سەرۆکی ئەمریکا، مەسعود بارزانی بە جلی کوردیەوە بانگێشتی کۆشکی سپی کرد و بۆ پاکانەکردنی تاوانەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق، بەوەی کە لەبەردەم خەڵکی ئەمریکادا ووتی ئێمە رژێمێکمان روخاندوە کە نەیدەهێشت ئەم پیاوە ئەو جلانە لەبەر بکات!
پێشوازیکردن لە مەسرور بارزانی، بەڕەسمی ناسینی پێگەی پارتیە لەلایەن دەوڵەتی بەریتانیاوە لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق و کوردستان بەوەی کە پارتی دەتوانێ کۆمەك بەجێخستنی نەخشەی سیاسی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی بەریتانیا بەتایبەتی و ووڵاتانی رۆژاوا بکات لە ئاستی عێراق و بگرە ناوچەکەشدا. پارتی لەئاستی عێراقدا کەوتۆتە ناو بەرەی نەیاری ئێرانەوە کە لەلایەن ئەمریکاو رۆژواوە پشتیوانی دەکرێ و لەسەر ئاستی کوردستانیش گرنگترین جومگە سیاسیەکانی بەدەستەوەیە! لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کەسەرباری نزیکبونەوەی لەروسیا، بەڵام بەدەیان داوەوە بەرۆژاواوە بەستراوەتەوە، پەیوەندی سیاسی و ستراتیژی هەیە تاڕادەی ئەوەی کە مانەوەی خۆی بەستۆتەوە بە خزمەتکاری بۆ ئەو دەوڵەتەوە! ئێستاش هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئۆکرانیاو کاردانەوەی ئەمریکاو رۆژاوا دژ بە ڕوسیا و بەتایبەتی توندکردنەوەی گەمارۆی ئابوری لەدژی کە کە بەپێی لۆجیك دەبێ بگاتە دەستبەرداربوونی ئەوروپا لە گازی ڕوسیا کە بەتوندی پشتی پێبەستوە، مەسەلەی جێگرەوەی گازی ڕوسیای لە بەریتانیا و ووڵاتانی ئەوروپیدا کردۆتە پرسێکی گرنگ و جێی نیگەرانی خەڵك. سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ئەگەر لەڕووی پڕوپاگەندەشەوە بووە، دەیەوێ بە خەڵکی ووڵاتەکەی بڵێ کە سەرچاوەیەکی دیکەی گازی هەرزانمان هەیە، تا لەو رێگایەوە قایلیان بکات بە قبوڵکردنی کاریگەریە نەرێنیەکانی ململانێ و جەنگی ئابوریان لەگەڵ ڕوسیادا. بێگومان ئەوەی کە چەندە گازی کوردستان دەتوانێ جێگرەوەی گازی ڕوسیا بێت بۆ ئەوروپا، زۆرتر لە خەیاڵەوە نزیکە تا ڕاستی!
سەرباری ئەوانەی سەرەوە، لایەنێکی گرنگ و سەرەکی ئەم سەردانە، مەسەلەی هاوکاریکردنی بەریتانیایە لەلایەن پارتیەوە وەکو خاوەنی حکومەتی هەرێم لەبواری پرسی پەنابەریدا. ئەوەش بەڕوونی لەکۆبونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی بەریتانیادا دەردەکەوێ. بەریتانیا تازە لەگەڵ دەوڵەتی ڕاوەندا رێکەوتنێکی واژۆکردوە کە هەموو ئەو پەنابەرانەی بەنایاسایی لەدەریاوە دەچنە ئەو ووڵاتەوە، ڕەوانەی ئەوێ بکات بەرامبەر بە هاوکاریەکی دارایی ١٢٠ ملیۆن پاوەندی. ئەوەش ڕوونە کە بەشێکی فراوانی ئەو پەنابەرانەی ڕوو لە بەریتانیا دەکەن کوردی عێراقنکە لەدەسەڵاتی پارتی و یەکێتی هەڵدین! حکومەتی پارێزگارانی بەریتانیاو خودی وەزیری ناوخۆ کە بە دژە پەنابەر ناسراوەو دوای روداوی خنکانی ژنێکی کورد لەدەریای باکوڕ لەنێوان فەرەنسا و بەریتانیادا تەنانەت لەناوخۆی بەریتانیا دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەری بەرزبوەوە، ئەوەیان لە مەسرور بارزانی دەوێ کە رێگری لەهاتنی پەنابەران بکەن بۆ بەریتانیا ئەگەر ئەوکارە پێویستی بە هاوکاریکردنی ئەمنی و گۆڕینەوەی زانیاریش بێت لەسەر پەنابەران! بۆیە سەرەنجام ئەو پێشوازیەی حکومەتی بەریتانیا لە مەسرور بارزانی بۆ ئەو خزمەتەیە کە حزب و حکومەتەکەی ناوبراو بە بەریتانیاو خودی حکومەتی پارێزگارانی دەکات!