بە سهرنجدانێكی كورت له دونیای ئەمڕۆ دەردەکەوێت کە جیهانی سەرمایەداری جیهانێکی پێچەوانەیە. هەوڵ و کۆششی بەردەوام و هەر ڕۆژەی چینی کریکار و ئەو مرۆڤە بێشومارانەی کار دەکەن و جیهان دەخوڵقێنن، خۆی لە دەسەڵاتی ڕۆژلەڕۆژ زیاتری سەرمایە بەسەر بوونی ئەواندا دەبینێتەوە. ئامانج لە چالاکی ئابووری بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ئینسان نییە، بەڵکو قازانج هێنانە بۆ سەرمایە. گەشەی هەموو ڕۆژەی تەکنەلۆژی و زانست، کە سەرچاوەی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی ئینسانە، لەم نیزامەدا بۆتە مایەی بێکاری و بێبەشی هەرچی زیاتری سەدان ملیۆن کرێکار. ئازادی ئابوری تاکەکانی کۆمەڵ پەردەیەکە بۆ داپۆشینی ناچاری هەموو ڕۆژەی ئەوان بۆ ئامادەبوون لە بازاڕی کاردا.
ئاکام و لێکەوتەکانی قەیرانەکانی نیزامی سەرمایەداری تەنها لە زەمینەی ئابوریدا نامێنێتەوە، جەنگە ماڵوێرانکەرەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا، میلیتاریزم و دەستدرێژیی سەربازی، داسەپاندنی حکومەتە پۆلیسی و سەرکوتگەرەکان، سەندنەوەی مافە مەدەنی و سیاسیەکانی جەماوەر، پەرەسەندنی تیرۆریزمی دەوڵەتی و ڕێکخراوە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، درۆودەلەسەی میدیایی چالاکبوونەوەی ڕەوتە دینی و ناسیۆنالیستی و نەژاد پەرستەکان.. ،هەموو ئەمانە تایبەتمەندیە بەرجەستەکانی سەرمایەدارین بەتایبەت لە سەردەمی قەیرانەکاندا.
لە دڵی نیزامی قەیرانگرتووی سەرمایەداری هاوچەرخدا، چینی کرێکار ئەمساڵ لە کاتێکدا بەرەو یەکی ئایار، ڕۆژی نوێ کردنەوەی هاوپشتی و هاوچارەنووسی جیهانی چینی کریکار دەچێت، کە هێشتا بەڵای کۆرۆنا بەرۆکی کۆمەڵگەی بەشەری بەرنەداوە، کەچی بەڵای شەڕ و جەنگی وڵاتانی ئیمپریالیستی لەسەر دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان و ناوچەکانی نفوزیان و هاوکات بۆ تێپەڕین لە ئەزمەیەک کە یەخەی پێگرتوون، گەورەترین کارەساتیان خوڵقاندووە و بەمەش چارەنوسی جیهانیان لەبەردەم تونێڵێکی تاریکدا ڕاگرتووە. تەنانەت لەسایەی شهڕ لە ئۆكرانیا، هێزە ئیمپریالیستیەکان، دەستیان بردووە بۆ پێشبڕكێ لهسهر چهك و گهرمكردنی بازاڕی سهربازی و ساغكردنهوهی كهلوپهله سهربازیهكان و تهرخانكردنی بودجهی ملیارهها دۆلاری بۆی، كوشتار و ئاوارهیی و زاڵكردنی میلیتاریزم و پهرهدان به ناسیۆنالیزم و ڕاسیزم و گرانی بێوێنه و برسێتی و هێرش بۆ سهر ههرجۆره ماف و خزمهتگوزاریهك، كه ساڵههایه به خهباتی چینی كرێكار بهدهست هاتووه، ههموو ئهمانه دهكهنه تایبهتمهندیهكانی ئهم سهردهمهی كۆمهڵگهی مرۆڤایهتی. لە وەها دۆخێکدا ئەوە چینی کرێکارە کە دەبێ بە ئاسۆی جیهانێکی ئازاد و یەکسان و ئینسانیەوە لە مەیداندا ڕاوەستێ و ڕایگەیەنێت کە دەسکۆتاکردنی چینی بۆرژوازی، لە ڕێگای شۆڕشی کرێکاریەوە، نەک هەر ئەم دۆخە پێچەوانە دەکاتەوە، بەڵکو دەرگا بەڕووی جیهانێكی ئازاد و یەکسان و بەدەر لە جەنگ و ماڵوێرانی و ستەمگەریدا دهكاتهوه. یەکی ئایاری ئەمساڵ جارێکی تر ئەم پەیامەی چینی کرێکار بە قوڵی ڕادەگەیەنێتەوە.
کرێکارانی کوردستان ئەگەر چی لە یەکساڵی ڕابردوودا دەورەیەک لە خەبات و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دۆخی سەختی کار و ژیانیان و بەرامبەر بە هێرشە هاوبەشەکانی حکومەت و کۆمپانیاکان تێپەڕ کردووە، بەڵام بەو هۆیەوە کە ناڕهزایهتیهكی بەرینی کۆمەڵایەتی، جەماوەری زەحمهتکێشان، لەبەرامبەر ئەو قەیران و بنبەستەی کە بۆرژوازی کورد و دەسەڵاتەکەی تێی کەوتوە، جێگایەکی تایبەتی بە ڕۆڵی ئەم چینە لە ڕاستای ڕابەری کردنی جەماوەری زەحمهتکێش و مەحرومی کۆمەڵگه، بەرەو ئاڵوگۆڕێكی شۆڕشگێڕانە بەخشیوە، ئاڵوگۆڕێکی وا کە نەک هەر دەسەڵاتی ئێستای بۆرژوازی کورد وەلابنێ، بەڵکو دەسەڵاتدارێتی شوراکان لەسەربنەمای ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری زەحمەتکێش دامەزرێنێ و بە کردەوە ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی کامڵ بۆ هەموان دەستەبەر بکات. کەوایە با ڕۆژی یەکی ئایار بکەینە سەرەتایەک بۆ خۆئامادەکردن و بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی ئەم ئەرکە. چینی کرێکاری کوردستان بە یەکگرتوکردنی ڕیزهکانی و بە سەراسەریکردنەوەی ناڕەزایەتیەکان لە دەوری خواستەکان و بۆ بەدەستهێنانی نان و کار و مەعیشەت، دەتوانێ یەکەم هەنگاوەکانی جوڵانەوەی ئاڵوگۆڕبەخشی خۆی لە چنگی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان مەحکەم بكات و کۆمەڵگهش لەو گێژاو و قەیرانەی کە تێی کەوتووە، بباتە قۆناغێکی نوێوە.
یەکی ئایار، وەک ئەوەی ڕۆژێکە بۆ ئیرادهكردن و خۆنواندنی هێزی یەکگرتوانەی چینی کرێکار، پێویستە ئەم ڕۆژە بکرێتە بۆنەیەک بۆ بردنەسەرەوەی تواناییەکانی چینی کرێکار و جەماوەری ناڕازی کوردستان و بە کۆبوونەوە لە دەوری داخوازیەکانیان لە شوێنی کار و ژیاندا، به بەڕێکخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە و گێڕانی جەژن و شادی و مەراسیم و چالاکیە ئایاریەکان، یەکی ئایار بکەنە ڕۆژێک بۆ قسهكردن لهسهر كێشه و مهسهلهكانیان و دانی بەیاننامە و یاداشت و پەیامی چینایەتی بەگوێی خاوەنکار و کۆمەڵگهدا.
ئەم جیهانە لنگەوقوچە دەبێ لەسەر پێی خۆی دابنرێتەوە. سەرمایەداری ئەبەدی نییە و ئەوە چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشە کە بە خەبات و شۆڕشی چینایەتییان مژدهی دامەزراندنی کۆمەڵگهیەکی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزهران به كۆمهڵگه دهدهن. کۆمەڵگهیەک کە خاڵی بێت لە ستەم و چەوسانەوە و هەرجۆرە جیاکاری و ناعەدالەتیەک و لێرەشەوە ئەم جیهانە ئاوەژوە لەسەر پێی خۆی دادەنێتەوە.
بژی یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوچارەنووسی چینی کرێکار
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٢ ی ئهپریلی ٢٠٢٢