موحسن کەریم
دەسەڵاتی کوردایەتی کە لە حزبەکانی پارتی و یەکێتی و هاوبەشە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکانیان پێکهاتووە، بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن و پەرلەمانەکەیەوە، رووبەڕووی ریسوایی و نەفرەتی قوڵی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ناڕازی کوردستان بوونەتەوە. دەمی هەر کەس دەکەیتەوە باسی ڕاماڵین و روخاندنی ئەم حکومەت و دەسەڵاتە دەکات. کار بەوە گەیشتوە کە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی( کە بە ئۆپۆزیسۆنی پەرلەمانی) خۆی دەناسێنێ باسی مەترسی شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵك بکەن. بگرە کەسێکی وەکو لاهور جەنگی کە تا پێش دەسەلات لێسەندنەوەی لەلایەن ئامۆزاکەیەوە، لە بەرزترین پۆستی دەسەڵاتی زۆنی سەوزدا بوو، داوا لە خەڵك دەکات دوو سێ مانگێك دان بەخۆدا بگرن و ئەگەر حکومەت خۆی چاك نەکرد ئەوا ئەو پێشیان دەکەوێ بۆ ڕاپەڕین دژی حکومەت! بێجگە لەو هێزانەی بۆرژوازی لەناوخۆی کوردستان، هێزێکی وەکو پەکەکەش هەوڵی ئەوە دەدات کە سوود لەم بارودۆخە سیاسیە وەربگرێ و بەناوی دژایەتی حکومەت و بەتایبەتی پارتی و بەرگری لە خەڵکی هەرێم، ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە هەرئێستا بەهۆی قەیرانی سیاسی و حکومەتی حزبە دەسەڵاتدارەکان و دەسەڵاتدارێتی کوردایەتی پێکهاتوە و خۆی بکاتە دەمڕاستی خەڵکی ناڕازی زەحمەتکێشی کوردستانی عێراق.
هەموو ئەو هێزانەی بۆرژوازی کورد، هەوڵەکانیان بۆئەوەیە کە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و کوردایەتی لە شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵك بپارێزن. ئەوان دەزانن خەڵك زۆر لە دەسەڵاتی کوردایەتی توڕەیە.. دەزانن هەر فرسەتێكیان بۆ رێك بکەوێ چۆن دەسەڵاتی حکومەتی بەعسیان ڕاماڵی، بەوجۆرەش دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد و حکومەت و دارودەستەکەی ڕادەماڵن. بەڵام هاوکات ئەوەش دەزانن کە ئەو خەڵکە توڕەو نارازیە دوو گرفتی سەرەکیان هەیە، بۆیە دەیانەوێ بەسوود وەرگرتن لەو دوو گرفت و کەموکوڕیەی خەڵکی ناڕازی، سواری شەپۆڵی توڕەیی و خرۆشانی ئەوان ببن و جڵەوی ناڕەزایەتیەکانیان بگرن و بەرەو جێگایەکی دیکە و دوور لەوەی کە ئاوات و ئومێید ئەوانە ئاراستەکەی بگۆڕن.
گرفتی یەکەم ئەوەیە کە بەداخەوە خەڵکی توڕەو ناڕازی کوردستان هێشتا بەپێی پێویست خۆی لە پێوەندی خۆشباوەڕی بە کوردایەتی و بە ئایدیۆلۆژیا و ئاسۆی سیاسی کوردایەتی و ناسیۆنالیزمی کورد رزگار نەکردوە. هێشتا دەرفەتی ئەوە هەیە کە هێزێکی ناسیۆنالیستی ناڕازی بێت و خۆی وەکو ڕابەری ئەوان بۆ رزگاری و ئازادی لە دەسەڵاتی کوردایەتی نیشان بدات و بەشێکی خەڵکیش بڕوای پێبکات و شوێنی بکەوێت! هێشتا بواری ئەوە هەیە کە بەداخەوە تراژیدیای بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چەواشەکردنی خەڵك لەلایەن هێزی سیاسی دیکەوە، بەشێوازی دیکەو بە قەبارەیەکی رەنگە کەمتر، بەڵام دوبارە بێتەوە! گرفتی دووەم، ناڕێکخراوی خەڵك و پرشو بڵاوی و بێبەش بوونە لەهەر جۆرە رێکخراوێکی جەماوەری رادیکاڵ و شۆڕشگێر و هەروەها کۆنەبوونەوەیانە لە دەوری پلاتفۆرم و بەرنامەی سیاسی حزبێکی سیاسی کۆمۆنیست و شۆڕشگێر کە لەلایەوە لەبەرامبەر هێزی میلیشایی حزبە دەسەڵاتدارەکاندا توانای ڕوبەڕووبوونەوەی پێ ببەخشێت و لەلایەکی دیکەوە ئاسۆی سیاسی رۆشن بخاتە بەردەم خەباتی خەڵك و بەرەو سەرکەوتن ئاراستەی بکات.
نەوەی نوێ، ئیسلامیەکان، پاشماوەکانی یەکێتی و….و ناڕەزایانی ناو خێزانی کوردایەتی و بۆرژوازی کورد، بە هەست کردن بەو دوو گرفتەی خەڵك، دەیانەوێ خرۆشان و توڕەیی خەڵك لە دەسەڵاتی کوردایەتی “خۆماڵی” لەباربەرن و هەمان ئەو دەسەڵاتەی سی ساڵە بێمافیان دەکات، لەژێر ناوێکی دیکەو بە روخسارێکی دیکەوە درێژە پێ بدەن، هەروەك چۆن حزبەکانی کوردایەتی و بەرەی کوردستانی بەسوود وەرگرتن لە توڕەیی و ناڕەزایەتی خەڵك لە رژێمی دڕندەو فاشیستی بەعس، سواری خرۆشان و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ ی خەڵك بوون و ئاکامەکەی بوو بەو حکومەت و دەسەڵاتەی کە زیاتر لە سی ساڵە بوەتە مۆتەکی ژیان و گوزەرانی خەڵك و نەك ئەوەی خەڵك هەوڵی بۆ ئەدا، بەڵکو ئەوەشی کە هەیبوو، لێێ زەوت کردو ئاسەوارێکی لێ نەهیشتەوە!
کەواتە وەکو چۆن شۆڕش و ڕاپەرین مەترسیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو کوردایەتی، بەهەمانشێوە مەترسیەکی جدیشە لەسەر ئاڕاستەی خەبات و تێکۆشانی خەڵك ئەگەر ئەو دوو کەموکوڕیە جدیە پڕنەکرێتەوە. لەو ڕوەوە مەترسیە لەسەر خەڵك، کە بەناچاری خەڵك دەست بۆ شۆڕش و ڕاپەرین بەرن، بەڵام بەهۆی ناڕێکخراوبوون و گیرۆدەبوونیان بە ئاسۆی سیاسی بۆرژوازی و کوردایەتی- ئیسلامیەوە، شۆڕش و ڕاپەڕینەکەیان بەدەردی شۆرشەكانی دنیای عەرەب و ڕاپەڕینی ئازاری ساڵی ١٩٩١ی کوردستان بچێت! هەروەکو چۆن بەرهەمی شۆڕشەکانی جیهانی عەرەب، سەڕەڕای خەبات و قوربانی زۆری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، سەرەنجام ئاکامەی بەدژی ئەو خەڵکە خۆی گەڕایەوە. ئێستاش ئەم مەترسیە لەبەردەم خەباتی خەڵکی کوردستاندایە بۆ رزگاری لە دەسەڵاتی گەندەڵ و قەیرانگرتووی هەرێم! تێپەڕاندنی ئەم دوو گرفتە سەرەکیەی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی کوردستان، ئەرکی یەکەم و دەستبەجێی هەموو هێزو لایەن و گروپ و کەسێکی کۆمۆنیست، سۆشیالیست، ئازادیخوازو یەکسانیخوازە لە کوردستان ئەگەر بیانەوێ لە مێژووی سیاسی کوردستاندا نەخشێکی سیاسی شایستە بگێڕن!