جارێکی تر شارەکانی کوردستان بوونەتەوە مەیدانی ناڕهزایهتی جەماوەری لە دژی گرانی و نەدانی موچە و نەبوونی خزمەتگوزاری و سیاسەتی باجگیری دەسەڵاتداران. ناڕەزایەتی كرێكاران و کارمەندان و بایکۆتی خوێندنگاکان لەلایەن مامۆستایانەوە لەدژی نەدانی موچە، تا ناڕەزایەتی فراوانی هاوڵاتیان و نانەواخانەکان و شۆفێرانی تەکسی لەدژی گرانبوونی نان و بەنزین و مەوادی خۆراکی، تا خۆپیشاندانی کاسبکار و دوکانداران، بە دژی باجگیری و ئەو هەلومەرجە سەختەی ژیان و گوزەران کە دەسەڵاتداران دایان سەپاندووە… هەموو ئەم ناڕەزایەتیانە جارێکی تر ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێتەوە کە ئەم دهسهڵاتە ستەمکارە، لە بەرنامەیدا نییە و نایەوێ وەڵامی سەرەتاییترین ماف و خواستەکانی خەڵک بداتەوە.
ڕیشەی ئەم دۆخە لەوەدایە کە چینی دەسەڵاتدار نوێنەری قازانجی ڕیزێك سەرمایهدار و خاوەن کۆمپانیا و ئەحزابی سەرتاپا نوقمی گەندەڵی و تاڵانین و لە ڕوانگەی قازانجی ئەوانەوە کۆمەڵگا بەڕێوەدەبەن. ئەم دەسەڵاتە داسەپاوە ژیان و گوزەران و سەرەتاییترین پێداویستیەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیانی هەواڵەی بازاڕ کردووە و سپاردویەتی بە چاوچنۆکی سەرمایەدران. ئەم دەسەڵاتە کە ٣٠ ساڵە کۆمەڵگهی کوردستانی لە گێژاوی سیاسی و بێدەرەتانیەکی گەورەی ئابوری و نەداریدا ڕاگرتووە، لە بنەڕەتدا بە خۆگرێدانەوە بە سیاسەتی جەنگخوازانەی ئەمریکا و دەخاڵەتی لە عێراق و ناوچەکەدا، بەدەسەڵات گەیشتن و لە دەسەڵاتیشدا ماوەتەوە. ئەمڕۆش بە ناکامی و پاشەکشەی ئەمریکا لە ناوچەکە، دوچاری بێ ئاسۆیی و سەرگەردانی زیاتر بووە. ئەمجارە دەیانەوێ بە دەورەیەکی تر لە سات و سەودا و خۆگرێدانەوە و پاشکۆیەتی بۆ دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەل تاقمە مەزهەبیە سوننە و شیعە و ناسیۆنالیستە عەرەبەکانی عێراق، ئەم سەرگەردانی و بێئاسۆییە تێپەڕێنن و خهڵكی کوردستانیش راپێچی سیناریۆی تاریک و بێدەرەتانی زیاتر بکەن. ئەوان دەیانەوێ ئەم سات و سەودا و پاشکۆیەتیەی لە پێناو ڕاگرتنی فیدراڵیزمە شکستخواردوەکەیاندا پەنایان بۆ بردوە، وەکو ڕێگایەک بۆ چارەسەری کێشە زۆروزەبەند و کەڵەکەبووەکانی خەڵکی کوردستان نیشان بدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە خودی ئەو لایەنانەی سات و سەودایان لەگەڵ دەکەن، جەماوەری ملیۆنی خهڵكی عیراقیان نوقمی نەداری و گرانی و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری کردووە و لە بەرامبەریشدا خرۆشانی جەماوەری سەرجەم شارەکانی عیراقی داگرتووە.
بۆرژوازی کورد و حزبەکانی، بەتایبەت یەکێتی و پارتی، ئەمجارە دەیانەوێ هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە شیعی و سوننی و ناسیۆنالیستەکان بکەنە ڕێگای دەربازبون لەو قەیرانە خنکێنەرەی بەرۆکی گرتوون. ئەمەیان کردوەتە ڕێگای پاراستنی فیدراڵیزم و شەراکەتیان لە حکومەتی عێراق و مسۆگەرکردنی بەشی خۆیان لە سامانی بەتاڵانبراوی عێراقدا. هەر لەم ڕێگایەوە وەڵام بەو کێشە و بنبەستە بدەنەوە کە حکومەت و دەسەڵاتەکەیان ڕووبەڕوی بۆتەوە. بەڵام ڕۆچوون بەم ئاڕاستەیەدا هەم دوا بزمار دەدات لە تابوتی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی ئەم حزبانە، هەم خودی قەوارە سیاسیەکەیان بەوجۆرەی کە هەیە دەخاتە سەر ڕێگای هاتونەهات و تەنانەت ئەگەری لە ناوچوون. بێگومان پاشکۆیەتی ئەم حزبانە بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە و هاوپەیمانێتییان لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا، نەک هەر لەم چارەنوسە ڕزگاریان ناکات، بەڵکو کۆمەڵگهی کوردستان و ژیانوگوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەرەو دۆخێکی ناهەموارتر ڕاپێچدەکات. فشارە پەیتا پەیتاکانی بەغدا و خودی بڕیاری دادگای فیدراڵ و بەنایاسایی لەقەڵەمدانی فرۆشی نەوت و غازی هەرێم، سەرەتای زنجیرەیەک فشارە بۆ کلک و گوێ کردنی فیدراڵیزمەکەیان. ئەو دەسەڵاتەی بە پاشکۆیەتی بۆ ئەمریکا هاتە سەرکار و لەسەر کار مایەوە، لەئێستدا بەو بنبەست و بێئاسۆییەوە کە تێدا چەقیوە، ناتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ. تەنانەت ئەم بنبەست و بێئاسۆییە قڵشتی ناوخۆی بۆرژوازی کوردی قوڵ کردوەتەوە و لە پرۆسەی کاندیداتۆریان بۆ سەرۆک کۆمار، بەوپەری خۆی گەیشت.
لە لایەکی ترەوە بۆژوازی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، لە هەوڵی ئەوەدان کەڵک لەم دۆخە و ناڕەزایەتی فراوانی خەڵک وەرگرن و خۆیان سواری شەپۆلی ئەم ناڕەزایەتیە بکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە بۆرژوازیەکانیان. دەیانەوێ هەمان یاری بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ خهڵك دوبارە بکەنەوە. بزووتنهوهی “نەوەی نوێ” نوێنەرایەتی بەشێک لە چینی سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیەکان دەکات کە لە بەشی خۆیان ناڕازین، کێشەی ئەوان لەگەڵ خودی سیستەمی سیاسی و ئابوری سەرمایەدارانەی ئێستا نییە، کێشەیان لەگەڵ دابەشبونی کۆمەڵگه بۆ کەمایەتیەکی ملیاردێر و زۆرایەتیەکی هەژار و برسی نییە. بەڵکو خۆیان ڕایانگەیاندوە کە دەیانەوێ سیستەمی ئێستا بە گۆڕینی دەموچاوەکان و ئەوەی ناویان ناوە “چاکسازی” لە داڕوخان و ناڕەزایەتی خەڵک دەرباز بکەن. “نەوەی نوێ” لەگەڵ لایەنگەلێکی کۆنەپەرستی وەکو “یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵ”دا دەستی داوەتە کاری هاوبەش. ئەمەش لەکاتێکدایە کە یەکگرتو و کۆمەڵ چەندین ساڵ بەشداری دەسەڵات و شەریکی سەرجەم تاڵانگەری و ستەم و تاوانکاریەکانی ئەم دهسهڵاتەن، کەچی ئێستا دەیەوێ لەبەرگی فریادڕەسی خەڵکی کوردستاندا خۆی نیشانبدات. ئەم لایەنە بۆرژوازیانە دەیانەوێ بزووتنهوهی ناڕەزایەتی جەماوەری بکەنە ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی کورسیەکانی پەرلەمان و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان. ئەو بەدیل و سیستەمە سیاسی و ئابوریەی کە ڕەوتگەڵێکی وەک بزووتنەوەی نەوەی نوێ و لایەنە ئیسلامیەکان دەیخەنەڕوو، لەگەڵ سیستەمی ئێستای حزبە دەسەڵاتدارەکان جیاوازیەکی بنەڕەتی نییە. بەدیلی ئەوانیش هەمان حکومەتی سەرمایەداران و هەمان گاڵتەجاری پەرلەمانی و بیروکراسی سەرو خەڵکیە. بەدیلی ئەوانیس ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان دەکاتە قوربانی قازانجپەرستی کۆمپانیاکان و چاوچنۆکی سەرمایەداران. تەنانەت رێگاچارەی ئەوانیش بۆ موچە و خزمەتگوزاری و داخوازیە دەستبەجێکانی خەڵک، کۆپیەکی تری هەمان ڕێگاچارەی حزبە دەسەڵاتدارەکانە سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ بەغدا لە ڕێگای هاوپەیمانی لەگەڵ بەشێکی تر لە بۆرژوازی عەرەب. گەڕانەوە بۆ لای حکومەتێک کە خۆی کەوتوەتە بەردەم نەفرەت و توڕەیی خەڵکی عێراق.
کرێکاران! زەحمەتکێشان، جەماوەری ناڕازی کوردستان!
ئەم دەسەڵات و سیستەمە خوێنمژەی بۆرژوازی کورد و حزبەکانی سەپاندویانە نە بە چاکسازی و نە بە گەڕانەوە بۆ بەغدا لە چاک کردن نایهت. ئامانجی هیچیان؛ نە حزبە دەسەڵاتدارەکان و نە ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی، کە هەر کامیان بە رێگایەکدا دەیانەوێ خەڵکی کوردستان راپێچی سیناریۆی تەڵخ و تاریک بکەن، چارەسەری برسێتی و بێدەرەتانی و کێشە کەڵەکە بوەکانی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو ئامانجیان فەراهەم کردنی هەلومەرجی لەبارترە بۆ قازانجی کۆمپانیاکان و سەرمایەداران و دەستڕاگەیشتنیانە بە داهاتی زیاتر لەسەر بناغەی چەوسانەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش. گرێدانەوەی نان و گوزەرانی خەڵک بە ڕاپێچکردنیان بۆ ژێر سایەی حکومەتێکی قەومی و مەزهەبی کۆنەپەرست و غەرقی گەندەڵی کە جەماوەری ملیۆنی عێراقی نوقمی بێدەرەتانی کردووە، ڕێگاچارەیەک نییە کە خەڵکی کوردستان ئومێدی ژیان و گوزەرانێکی باشتری پێوە گرێبدەن. ڕێگاچارەی سەر ڕاست و کارسازی ئێمە، وەلانانی ئەم دەسەڵاتە و بەرپاکردنی دەسەڵاتێکە کە بە ئیرادەی شۆڕشگێرانەی خۆمان، سەرجەم داخوازیەکان و ژیانێکی شایستەی ئەم سەردەمە مسۆگەر بکات. لەم پێناوەشدا ڕێگایەکی ترمان نییە جگە لە هێنانەمەیدانی ڕیزی ڕێکخراو و یەکگرتوی خۆمان. تەنانەت هەر لەم رێگایەشەوە دەتوانین بە توندکردنەوەی فشار لەسەر دەسەڵات خواستە دەستبەجێکان بسەپێنین..
گەنجانی کچ و کوڕی بێکار، کارمەندان و موچەخۆران و خانەنشینان، کاسبکاران و هاوڵاتیانی ناڕازی!
ئەگەر دەمانەوێت چیتر بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان ژیانی خۆمان و خێزانەکانمان نەخاتە تەنگانەوە، ئەگەر دەمانەوێت چیتر لەچاوەڕوانی موچە و کرێکانماندا دڵەڕاوکێ نەمانخنکێنێ و لە ڕیزی وەرگرتنی موچەدا گیانمان لەدەست نەدەین، ئەگەر دەمانەوێت چیتر گرانی و باجگیری گیرفانی خاڵیمان دانەتەکێنێ، ئەگەر هەمومان ناڕازی و توڕەین لەم دەسەڵاتە و دەمانەوێ وەلای بنێن، ڕێگایەکی ترمان نییە جگە لە ڕێکخستن و یەکگرتوکردنی ڕیزەکەنمان و هێنانە مەیدانی بزووتنهوهیەکی جەماوەری بەهێز کە توانای هەڵگێڕانەوەی ئەم دۆخە کارەساتبارەی هەبیت. کەوایە پێویستە هەموو گەڕەک و ناوەندەکانی کار بکەینە مەیدانی میتینگ و کۆبونەوەی گشتی و هەڵبژاردنی نوێنەران و بەرپاکردنی ڕێکخراوە جەماوەریەکان. ئیتر نۆرەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگهیە لەلایەن ئێمە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە. مانەوەی ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە تەنها بەو هۆیەوەیە کە ڕیزی خەبات و ناڕەزایەتیەکانمان رێکخراو و یەکپارچە و سەراسەری نییە، بەو هۆیەوەیە کە بزووتنەوەی جەماوەریمان لە دەوری ئاسۆ و بەدیلێکی پێشڕەو و ئازادیخوازانە چەقی نەبەستوە.
بۆیە پێشڕەوی بزووتنهوهی ناڕهزایهتی جەماوەری چ بۆ داسەپاندنی داخوازیە دەستبەجێکان و چ بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی، لە هەنگاوی یەکەمدا بەندە بە وەلانانی ئەم ئاستەنگیانەی بزووتنهوهکەمانەوە. بەندە بەوەی؛ ڕیزی ناڕەزایەتیەکانمان لە پەرتوبڵاوی دەرکێشین، خواستە سەراسەری و هاوبەشەکانمان لێک گرێ بدەین، ڕێکخراوەی جەماوەریەکان و دەستەکانی دەستپێشخەری ڕابەران پێکبهێنین. بزووتنەوەی کاری راستەوخۆی جەماوەری بەڕێبخەین و لە هەر گەڕەک و کارگە و ناوەندێکی کار و بەڕێوەبەرایەتیەکدا، کە هاوسەنگی هێز بوار دەدات، بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بەدەستەوە بگرین و چیتر چاوەڕوانی دەسەڵات نەبین. داهاتەکانی کوردستان و بەرهەمی کاری کرێکاران لە کارگەکان و ڕەنج و زەحمەتی کارمەندان لە بەڕێوەبەرایەتیەکاندا، زۆر لە خەرجی دابین کردنی موچە و خزمەتگوزاریەکان زیاترە، ئەگەر بکەوێتە دەستی نوێنەرانی خۆمان، ئەوا ژیانێکی تەسەل و پڕ خزمەتگوزاری بۆ هەموانی پێ دابین دەکرێت.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان وەکو بەشێک لە بزووتنهوهی ناڕەزایەتی جەماوەری، تەواوی هەوڵ و توانای خۆی بۆ رێکخستن و یەکگرتوکردن و دابینکردنی ڕابەرایەتیەکی کارا بۆ ئەم بزووتنهوهیە بەگەڕ خستووە. هاوکات بانگەوازی هەڵسوڕاوانی کرێکاری و جەماوەری دەکەین پێکەوە شان بدەینە ژێرباری هەڵتەکانی ئاستەنگی و خاڵە لاوازەکانی بزووتنهوهکەمان. وەرن با بە هەموو هێز و توانامان بزووتنهوهیەکی بەهێزی ئەوتۆ بهێنینە مەیدان کە هەم توانای سەپاندنی داخوازیەکانمانی هەبێت بەسەر دەسەڵاتدا و هەم سەرئەنجامیش بتوانێ ئەم دەسەڵاتە وەلابنێ و دەسەڵاتدارێتی جەماوەری ڕێکخراو لە شوراکاندا، بەرپا بکات. دەسەڵاتێک کە سەرجەم ئامانج و خواستەکانمان بەدیبهێنێ و ئازادی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکات.
مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٣/٣/٢٠٢٢