ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩ ی ئازاری ٢٠٢٢، مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە ئامادەبوونی هاوڕێ عوسمانی حاجی مارف، سکرتێری کۆمیتهی ناوەندی کۆبوونەوەی مانگانەی خۆی سازدا. دەستوری باسەکانی ئەم کۆبوونەوەیە بریتیبوون لە:
ڕاپۆرتی کار و هەڵسوڕانەکانی حزب لە ماوەی دوو کۆبوونەوەی مهکتەبی سیاسیدا
قەیران و جەنگ لە ئۆکرانیا
بارودۆخی کوردستان و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان
مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێز و ههنگاوی پێویست
هەندێک بابەتی تر
سەرەتا کۆبونەوەکە لەسەر راپۆرتی یەک مانگەی کار و ههڵسوڕانەکانی حزب، کە لەلایەن سەرۆکی مەکتەبی سیاسیەوە ئامادەکرابوو، ڕاوەستا و سەرنجی لە لایەنه بەهێز و کەموکوڕیەکانی کاری حزب دا و لە ئەنجامدا کاری ئەم ماوەیەی بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و چەند پێشنیاری بە ئاڕاستەی بەرینکردنەوەی کار و ههڵسوڕانی حزبی لە ئاست کۆمەڵگه و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکاندا خستەڕوو، وە لەم بارەوە چەند بڕیارێک درا.
لە پەیوەند بە قەیران و جەنگ لە ئۆکرانیادا، کۆبوونەوەکهی مەکتەبی سیاسی پێداگری لەو هەڵوێست و لێکدانەوەیە کردهوه کە لە بەیاننامەی هەر سێ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا ڕۆژی ١ی مارس ڕاگەیەندراوه. پاشان لەبارەی لێکەوتەکانی ئەم جەنگە و کاردانەوەی لە ناوخۆی کوردستان و ڕیزبەستنی ئەحزابەکان و ڕەوتی خەباتی چینایەتی لە ئاستی ناوخۆ و جیهاندا خستە بەر باسەوە. ئەم جەنگەی وەک ئەڵقەیەک لە کێشمەکێشە سیاسی و سەربازیەکان کە لەنێوان هێزە ئیمپریالیستی و بلۆکبەندیەکاندایه بۆ دووبارە سازدانەوەی جیهانی سەرمایەداری و دابەشکردنەوەی ناوچەی نفوزیان، لێکدایەوە، کە بە دوای شکست و ناکامیەکانی ئەمریکا لە ڕاستای جێخستنی ستراتیژی دونیای یەک قوتبیدا سەری هەڵداوە. هەروەها کۆبوونەوەکە لەکەنار خەڵکی ئۆکرانیا وەک قوربانی ئەم جەنگە دژی ئینسانیە راوەستا و تەئکیدی لە خەباتی هاوبەش و یەکگرتوانەی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێشی ڕوسیا و ئۆکرانیا و باقی وڵاتانی ئەوروپا کردەوە لە دژی دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوازی و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن چینی کرێکار و جەماوەری بێبەشهوە، وەک تەنها ڕێگای کۆتاییهێنان بەم جەنگە و میلیاتریزمێک کە سەرجەم هیزە ئیمپریالیستیەکان بەسەر دونیادا دایانسەپاندووە. توندکردنەوەی خەباتی ئەنتەرناسیونالیستی کرێکاران و جوڵانەوەی سۆشیالیستی لەدژی ناسیونالیزم و ڕاسیزم و پڕوپاگەندەی سەرانی دەوڵەتانی سەرمایەداری، کە ڕاستیهكانی ئەم جەنگە ئاوەژوودەکەنەوە، وەک گۆشەیەکی سەرەکی خەبات بۆ بەسەرەنجام گەیاندنی شۆڕشی سۆشیالیستی پێداگری لەسەرکرا.
لە پەیوەند بە بارودۆخی سیاسی کوردستانیشەوە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی لەسەر دۆخی گرانی و بێکاری و نەبوونی موچە وخزمەتگوزاری و ناڕەزایەتی خەڵکی کرێکار و کەمدەرامەتی شارەکانی کوردستان ڕاوەستا و ئەو هەلومەرجە دژوارەی گەڕاندەوە بۆ قەیرانێکی سیاسی و ئابوری و بنبەستێک کە چینی دەسەڵاتدار تێی کەوتووە. بەتایبهتی کە حزبەکانی دەسەڵات هەموو ئومێدیان بە ستراتیژی گەڕانەوە بۆ بەغدا و ڕێکەوتن لەگەڵ ئەحزابی کۆنەپەرست و گەندەڵی شیعە وسونەدا، کردۆتە ڕێگایەک بۆ خۆدەربازکردن لەو قەیرانەی کە تێیدا چەقیون. لەئەنجامدا کۆبونەوەکە جگە لە پشتیوانی خۆی بۆ خواستەکانی جەماوەری ناڕازی، جهختی کردەوە کە تەنها ڕێگای باشکردنی ژیانی هاوڵاتیانی کوردستان فراوانکردنەوە و سەراسەریکردنەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە و دەرکەوتنیانە وەک بزووتنەوەیهکی شۆڕشگێڕانە و سەربەخۆ بە ئاڕاستەی توندکردنەوەی خەبات بۆ وەلانانی ئەم دەسەڵاتە و سەرهەڵدانی ئیرادەی جەماوەری بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگه.
له پهیوهند به مانگرتنی یەک مانگەی كرێكارانی ژینگهپارێزهوه کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی سەرەڕای ئەوەی کە مانگرتنەکەی وەک خاڵێکی پرشنگدار لە خەباتی ئەم دەورەیەی کرێکارانی کوردستاندا هەڵسەنگاند، بە وردیش چاوی لەلایەنە بەهێز و لاوازەکانی بڕی و لەئەنجامدا چهند ڕێنماییەکی خستەبەردەم کۆمسیۆنی کرێکاری تا لە ڕاستای بەردەوامی و بەسەرکەوتن گەیاندنی ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانی ژینگەپارێزدا لەبەرچاوبگیرێ، لەوانەش هەوڵدان بۆ پێکهێنانی دەستەکانی کرێکارانی ژینگەپارێز و یەکگرتووکردنی هەڵسواڕاوان و ڕابەران لە دەوری خواستەکانی کرێکارانی ژینگەپارێز و ڕێکخستنی کۆبوونەوەی گشتی مونەزەم و هەڵبژاردنی نوێنەرانی کرێکاران، هەروەها هەنگاوی پێویست بنرێ بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی بەشەکانی تری کرێکاران بۆ خواستەکانی ژینگەپارێزان.
هەروەها کۆبوونەوەکهی مەکتەبی سیاسی لەبارەی چەند بابەتێکی ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانەوە قسەوباسی کرد و کۆمەڵێک بڕیاری دا لە ڕاستای بردنەسەری ئاستی دەخاڵەتگەری و دەرخستنی حزب وەک هێزێكی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن لە بەرامبەر دەسەڵاتی حزبە بۆرژوا_ناسیونالیستەکانی کوردستاندا. کۆبونەوەکەش پاش چەند کاژمێر لە قسەوباس، بە هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و تیمی دەستەی کارگێڕی کۆتایی هات.
مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١١/٣/٢٠٢٢