دوو راگەیاندنی کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
لەگەڵ دوو گرتهی ڤیدیۆییدا لەخوارەوە
تیمێکی هەڵسوڕاوانی حزب لە ناڕەزایەتی شۆفێرانی تەکسیدا لە سلێمانی بەشدارییان کرد و پشتگیریی حزبیان بۆ داواکانیان ڕاگەیاند!
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٣/٣/٢٠٢٢، ژمارەیەک لە شۆفیرانی تەکسی لە شاری سلیمانی، بۆ ناڕهزایهتی دەربڕین لە دژی گرانبوونی نرخی بەنزین، لەبەردەم قایمقامیەتدا کۆبوونەوە و پاشان بەرەو خەستەخانەی تعلیمی جادەی قەنات بەڕێکەوتن و لەوێش ڕێگەی هاتوچۆیان گرت. لەم ناڕهزایهتیەدا کە دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئامادەی بوون، قسەکەرانی شوفێرەکان قسەوباسیان لەبارەی دۆخی کار و داواکاریەکانیانەوە کرد.
تیمێک لە هاوڕێیانی حزب کە ئامادەی ناڕەزایەتیەکەبوون، پشتگیری حزبیان بۆ خواستەکانی شۆفیران ڕاگەیاند و هاوکات بەیاننامەی کۆمیتەی سلێمانی لەسەر دۆخی گرانی و نەبونی موچە و ئەو باجگیریەی کە دەسەلاتداران دەستیانداوەتێ، بڵاوکردەوە و هاوکات لەسەر چۆنیەتی فراوانکردنەوە و لێکهەڵپێکانی ناڕهزایهتیەکان و ڕاکێشانی هاوپشتی کۆمەڵگا، لەگەڵ شۆفێراندا گفتوگۆیان کرد. لەو نێوەشدا، قسەیان بۆ چەند کەناڵی كرد ڕاگەیاندن لەوانە چاودێر تیڤی، دبلوماتیک میدیا، باس نیوز ، کەناڵی عەرەبی بیلاد، و ئاماژەیان بە باوردۆخی ناهەموار و مامەڵەی بێدەربەستانەی دەسەڵاتداران کرد.
جیگای ئاماژەیە کە لەژێر گوشاری ناڕەزایەتی شۆفێرەکاندا لایەنە بەرپرسەکان ناچاربوون بەوەی کە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نووێنەرانی شۆفێرەکاندا ئەنجام بدەن و بەڵێنی ئەوەیان پێ بدەن کە تا ڕۆژی سێ شەممە دوو بهنزینخانە دیاری بکەن بۆ وەرگرتنی بەنزین بە نرخێکی گونجاو. هەرچەنده سەرەتا شۆفێرەکان بەو بەڵێنە ڕازی نەبوون، بەڵام دواتر نوێنەری قایمقامیەت و ژمارەیەک بەرپرسی ئەمنی هاتنە نێو خۆپیشاندەران و داوایان کرد کە ئەمڕۆ ناڕهزایهتیەکەیان کۆتایی پێبهێن تا ئهوان بە دڵنیاییەوە بەنزیخانەیان بۆ دابین دەکەن. بەم جۆرەش کۆتایی بە ناڕەزایەتیەکە هات.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٣/٢/٢٠٢٢
پشتگیری لە داخوازی شۆفێرانی تەکسی دەکەین!
بڕیارە شۆفیرانی تەکسی بۆ جارێکی تر لە دژی گرانبوونی بەنزین ناڕەزایەتی دەرببرن و ڕێگا نەدەن بەوەی کە هەڵکشانی بەردەوامی نرخی بەنزین ببێتە بارگرانیەکی تر بەسەرشانیانەوە. بێگومان ئەم بڕیارە لە دۆخێکدایە کە بێکاری و بێ موچەیی و نەبوونی خزمەتگوزاریەکان لەپاڵ هەڵکشانی گرانی و نرخی کاڵا بژێویەکان و ئەو باجگیری و سەرانە سەندنەی دەسەڵاتدا، کە تهنگی بە خەڵكی زەحمەتکێش و کەم دەرامەتی کوردستان هەڵچنیەوە، تەنها وەڵامێکە لە ڕاستای بەرگرتن بەو هێرش و پەلاماردانەی کە چینی دەسەڵاتدار بۆ هەژارکردنی هەرچی زیاتر لەبەرامبەر کۆمەڵگادا گرتویەتیەبەر. ئەمە لەکاتێکدایە کە سەرمایەدارن و خاوەن کۆمپانیاکان، کە بەشی هەرە زۆریان لێپرسراوانی حکومەت و حزبەکانی نێو دەسەڵاتن بۆ تەنها ساتێکیش لە کۆکردنەوەی قازانج و بردنی ڕەنجی زحمەتکێشانی کوردستان ڕانەوەستاون. لەلایەکی ترەوە گرانبوونی نرخی بەنزین و ئارد و هەر کاڵایەکی تر کە پەیوەندی بە بژێوی ڕۆژانەی هاوڵاتیانەوە بێت، بەدەر نییە لە مونافەسە و ئیحتکارکردنی کۆمپانیاکان کە بەرپرسانی حکومەت لەپشتییانەوە ڕاوەستاون. ئەمەش یاریەکی قێزەونی حزبە دەسەڵاتداراکانە کە بۆ قازانجپەرستی خۆیان و بەتاڵان بردنی ڕەنجی زەحمەتکێشان گرتویانەتەبەر. هەر بۆیە ناڕەزایەتی شۆفێرانی کوردستان کردەیەکی ڕەوا و بەرهەقە و بەشێکە لەو ناڕەزایهتیە گشتیەی خەڵكی کۆردستان لەپێناو نان و کار و مەعیشەت ڕۆژانە پێدەنێتە مەیدانەوە و یەخەی دەسەڵاتداران دەگرێ.
کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمونیستی کرێکاریی لەگەڵ ئەوەدا کە پشتگیری خۆی بۆ ناڕەزایەتی شۆفیران ڕادەگەیەنێ، هاوکات داوادەکات ڕیزی سەربەخۆی خۆیان بپارێزن و بە یەکگرتوویی و کۆبوونەوە لە دەوری خواستی ڕۆشنی خۆیان درێژە به ناڕهزایهتیەکانیان و تێکۆشانی خۆیان بدەن. خەبات و ناڕەزایەتی لەدژی گرانی و باجگیری کێشەی هەموو هاوڵاتیانی کوردستانە و پێویستە هەمومان لەکەنار شۆفێراندا ڕاوەستین.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٢/٢/٢٠٢٢