موحسین کەریم
حکومەتی هەرێم بە ڕواڵەت ماوە، دەنا لە هەموو روویەکەوە کۆتایی پێهاتووە. ئێستا سەرکردەی حزبە دەسەڵاتدارەکان خۆشیان ئەو مەسەلەیە ناشارنەوەو باسی مەترسی جدی لەسەر ئایندەی هەرێم و حکومەت دەکەن.
لە ڕوانگەی ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە، لەڕوانگەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان و بەڕێوەبردنی ژیانی ئابوریەوە، حکومەتی هەرێم هیچ شتێکی ئەوتۆی لێ نەماوەتەوە. چەندین ساڵە کێشەی پێدانی مووچە هەیەو نەیتوانیوە ئەو گرفتە چارەسەر بکات. کرێکاران و کارمەندان و مووچەخۆرانی کەرتی حکومی دیارنیە کەی مووچە وەردەگرن و چەند وەردەگرن و بەتەواوی شیرازەی ژیان و بەرنامەی ژیانیان تێكچووە. کێشەی ئاوو کارەباو سوتەمەنی و خەستەخانەو خوێندن و شارەوانی و …. تاد. هەموویان وەکو گرێکوێرەیان لێهاتوەو بە هیچ شتێك ناکرێنەوە!
پرۆژە ئابوریەکان، بێجگە لەوانەی کە لەلایەن حزب و بەرپرس و کۆمپانیاکانی حزبە دەسەڵاتدار و هاوبەشەکانیانەوە خاوەنداری دەکرێن، وەستاون و بەوجۆرە فرسەتی کار بۆ دەیان هەزار گەنج و کەسی ئامادەبەکار لە سفر نزیك بۆتەوە.. کرێ و هەقدەست بەڕادەیەك لە خوارەوەیە کە تەنانەت ژیانێکی کەلومەرگی بۆ خێزانە کرێکاریەکان دابین ناکات. هەژاری ڕەها باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە. لەم نێوەدا خەڵك لەبەردەم بەرداشی دابینبوونی ژیان و گوزەران و تاریکی و ناڕوونی ئایندەی سیاسیاندا قەراریان گرتوە.
حزبە دەسەڵاتدارەکان لەسەر دزینی داهاتی کوردستان ململانێیەکی نەبڕاوەیان دەست پێکردوە. هەریەکەیان وەکو رێگر دەستی بەسەر داهاتی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا گرتوە. بۆ بەشداریان لە تاڵان و بڕۆی حکومەتی عێراقیش کێشەیەکی ئابڕوبەرانەیان لەسەر پۆستەکانی سەرۆك کۆمار و وەزیرەکان بەڕێخستوە. لەڕووی سیاسیەوە لە خراپترین دۆخدان و نە حکومەتی عێراق حسابێکیان بۆ دەکات و نە دۆستە ئەمریکی و ئەوروپیەکانیان! تەنانەت لەبەردەم دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیادا کە دوو حزبی یەکێتی و پارتی، وەکو دوو حزبی سەرەکی دەسەڵاتداری حکومەتی هەرێم، خۆیان بە بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری ئەوانەوە گرێداوەتەوە، ئامادە نین ئیمتیازەکانی جارانیان بدەنێ و دەیانەوێ لە پێگەیەکی ریسواتردا خزمەتیان بکەن و گوێ ڕایەڵی فەرمانەکانیان بن!
ئەم بارودۆخە بەتەواوی ئایندەی سیاسی کوردستان و خەڵکەکەی ڕوبەرووی ناڕۆشنی و سەرگەردانی و لێڵی کردۆتەوە. ژیانی خەڵکی خستۆتە ناو گێژاوێکەوە کە ئەوسەری دیار نیە! لەپاڵ ئەم دۆخەدا مەسەلەی دەسەڵات- پەیداکردنەوەی حکومەتی ناوەندی بەسەر کوردستاندا وەکو پرسیك لێرەو لەوێ باسی لێدەکرێ. بگرە لای بەشێك لە خەڵك وەکو تروسکایی ئومێدیك بۆ باشتربوونی گوزەران و بەهرەمەندبوون لە خزمەتگواریەکان و کۆتاییهاتن بە پرسی بڕین و نەدانی مووچەو گرانی سوتەمەنی و… تاد. تەماشا دەکرێت.
بەڵام بڕیار نیە خەڵکی کوردستان لەناو گێژاوی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم یان حکومەتی ناوەنددا بسوڕێنەوە. ئەگەر لە ساڵی ١٩٩١ەوە بە کردەوە کوردستان لە عێراق جیابۆتەوە، بەڵام دەسەڵات کەوتۆتە دەست کۆمەڵێك مافیا و چەتەی کوردایەتی و هاوبەشەکانیان لە حزبە ئیسلامیەکان، کە پێچەوانەوەی ئاوات و ئومێدەکانی خەڵكەوە کۆمەڵگایان بەڕێوەبردوەو ئەم رۆژە رەشەیان بەسەر خەڵکدا هێناوە، ئەوا چارەسەر گەڕانەوە نیە بۆ باوەشی حکومەتی ناوەندی! ئەوەی تا ئێستا رویداوە ئاکامی خۆشباوەری خەڵك بوە بەو حزبانەی بزوتنەوەی کوردایەتی و شوێن کەوتنی سیاسەتەکانی ئەوان. بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە خەڵك خۆشباوەریەکان و نائومێدیەکان لەگۆڕ بنێن و بە ئومیدەوە بڕواننە ئایندەی سیاسی و باشکردنی ژیان و گوزەرانیان.
ئێستا کاتی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان پشت بەخۆیان ببەستن، خۆیان رێك بخەن لەناو شورا و رێکخراوە جەماوەریە جۆراوجۆرەکاندا، لەپاڵ یەکتردا ڕابوەستن، خۆیان جیابکەنەوە لە ئاسۆی سیاسی و سیاسەتەکانی سەرجەم حزبە بۆرژواییەکان( چ دەسەڵاتدار و چ بەناو ئۆپۆزیسیۆن)… کاتی ئەوەیە لە دەوری بەرنامە و سیاسەتێکی ڕادیکاڵ و سۆشیالیستی کۆببنەوەو تێبکۆشن بۆ دیارکردنی ئایندەی سیاسی خۆیان. کاتی ئەوەیە کە هەنگاو بەهەنگاو بناغەکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری دابمەزرێنن و دەسەڵاتی نیوەمردووی حکومەتی هەرێم لەکار بخەن. کاتی ئەوەیە دەسەڵات بۆ خەڵك بگەڕێتەوە نەك درێژەدان بە تەمەنی حکومەتی نیوەمردووی هەرێم یان گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەندی! ئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی مێژووی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کوردو بزوتنەوەی کوردایەتی لەلایەن خەڵکەوە ڕابگەیەنرێت!