دەشتی جەمال
ئەم ڕۆژانە ١١١ ساڵ بەسەر بەفەرمی ناسینی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕۆژی دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕاوەستانەوە بەڕووی هەرجۆرە جیاکاری و بێمافییەکی ژنان تێپەڕ دەبێت. لەگەڵ ئەوەدا له‌دنیای ئەمڕۆدا و لە ئاکامی خه‌باتێکی بەردەوام و نه‌پچڕاوەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یه‌کسانیخواز بەشێكی بەرچاو له مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نییه‌کانی ژنان به‌ده‌ستهاتووه، و حکومه‌ته‌کانی ناچار کردوه که بەشێك لە مافه‌کانی ژنان لە یاساکاندا جێگیر بکەن، بەڵام هێشتا چه‌وساندنه‌وه و توندوتیژی و نایه‌کسانی و ستەمکێشی ژنان ڕوویەکی قێزەونی نیزامی سەرمایەدارییە. له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌ی که یاسای دینی و که‌لتوری کۆنه‌په‌رستی و پیاوسالاری و نەریتە کۆنەکان ڕیشەیان هەیە، سته‌مکێشی ژنان و بێمافی و ژێرده‌سته‌یی بەئاشکراترین شێوه بەڕێوە دەچێت. هه‌ر بۆیه خه‌بات و تێکۆشان بۆ لەناوچوونی دابەشبوونی ئینسانەکان بەسەر چینەکان و کۆتاییهێنان بە نایەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نێوان ژن و پیاو به‌شێکی جیانه‌کراوه‌یه له خەبات بۆ هه‌ڵگەڕانەوەی ئەم سیستەمە و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ئازاد و یه‌کسان.
لە کوردستان له‌ژێر سایه‌ی سیستەم و ده‌سه‌ڵاتدارێتی بۆرژوازی کورددا، ژنان به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی کوشتن و توندوتیژی و ئه‌تك کردن و گێچه‌ڵ و سوکایه‌تی پێکردن و ناچاركردن به خۆسوتاندن و خەتەنەکردنی کچانی مناڵ و ده‌یان دەرد و کێشە بوونه‌ته‌وه. ئه‌م ڕۆژانه هه‌واڵی سوتاندنی شنیار هونەری ٢١ ساڵ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە شەوی ١٩ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی کە ناخی هەموانی هەژاند و جارێکی تر وێنەیەکی تری تراژیدیایی پەلاماردانی سەندنەوەی مافی ژیان لە ژنان خستەوە بەردەم کۆمەڵگای کوردستان و شنیاریش چووە ڕیزی لیستێکی بێ‌کۆتایی لە قوربانیانی توندوتیژی و فەرهەنگی کۆنەپەرستی پیاوسالاری، تاوانبارانیش زۆرجار به بڕیاری په‌رله‌مان و یاسای کۆنه‌په‌رستانه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران له‌ژێر ناوی لێبوردنی گشتیدا ڕزگار کراون، وەیان بەشێوەی سوڵحی عەشایەری لەسزاکانی خۆیان دەربازکراون، جگە لەو یاساوڕێسا دواکەتووی و کەلتوری ناموسییانەی کە دەستوپێگیرە وە ئیرادەی سەربەخۆی ژنانی کوردستانی لە قاڵبداوە. ئەمە لەپاڵ ئەوەی لەگەڵ هەر ڕووداوێکی کوشتنی ژنان و کوشتنێکی ناموسیدا ڕێگە بۆ مەلا و بانگخوازەکانی ئاوه‌ڵابووە کە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو حزبانەدا وە یان مینبه‌ری مزگه‌وته‌کانەوە پاساو بۆ کوشتنی ژنان بهێنرێتەوە و زۆرجار سوکایه‌تی و بێڕێزی و تەشیهر و زمان زبری بەکەسایەتی ژنان بکەن. ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنیت که سیسته‌م و دەسەڵاتێك لە کوردستاندا باڵاده‌سته پارێزه‌ری سته‌مکاری و پیاوسالاری و سوکایه‌تیکردنه به حورمه‌ت و که‌سایه‌تیی ژنان. سیسته‌مێکی سیاسی ئاوێزان له‌گه‌ڵ ڕه‌وته ئیسلامییه‌کان و مه‌لاکانیان که له‌نێو وه‌زاره‌تی ئه‌وقافدا کۆکراونه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه هه‌ر ئاڵوگۆڕێك له ژیانی ژنان و دانانی سنوورێك بۆ بەرگرتن بە کوشتنی ژنان و بێمافییان، ڕاسته‌وخۆ ڕووی لە بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدارانە لە کوردستان.
لە دەرەوەی وڵاتیش ژنانی پەنابەری کوردستان کاتێك ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن بەهۆی یاساکانی پەنابەری و سیاسەتی “فرەکەلتووری” وڵاتانی ئەوروپا لەژێر ناوی ڕێزدانان بۆ فەرهەنگی خۆ، لەگەڵ ئەوپەڕی بێمافی و جیاکاری بەرەوڕوو دەبن و هەمان فەرهەنگی پیاوسالاری و دینی و نەتەوەیی و بوون بەپاشکۆی پیاو، ژنانی لەگەڵ توندوتیژی خیزانی و سوکایەتی وە تەنانەت کوشتن رووبەڕووکردۆتەوە. کەم نین ئەو تاوانانەی کە لەنێو جالییەی کوردی‌دا ڕوویانداوە کە ژنان لەلایەن کەسوکار وە یان مێردەوە ڕووبەڕووی لێدان و توندوتیژی و کوشتن بوونەتەوە. هەموو ئەمانە گەواهی ئەوە دەدەن کە هەمان ئەو سیستەمە دژی ژنەی کوردستان کە لەژێر سایەی دەسەڵاتدارانی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت کاریگەریی داناوە و گوێزراوەتەوە نێو جالییەی کوردی وە تەنانەت تاوانبارانیش زۆر جار پەناگەی سەلامەتی خۆیان لە کوردستان دۆزیوەتەوە لەلایەن دەسەڵات و حزبەوە داڵدە دراون.
کەوایە ئەگەر دەسەڵاتی کۆنەپەرست و ناسیونالستی و ئیسلامییەکان ئەلگۆیەکی ناشرینی دەسەڵاتی دژە ژن بن، ئەوا سیما و ڕوخساری کۆمەڵگای کوردستان نیە، بەڵکو وەستانەوە و خەبات لە دژی دۆخی ناهەمواری ژنان و بێمافییەکانیان، لە دژی دەسەڵاتی دژەژنی کوردایەتی ڕوویەکی تری گەشاوە و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگای کوردستانە. بەرامبەر بەم دۆخەی ژنان لە کوردستان هەوڵێکی چڕ‌وپڕ و خه‌باتێکی هەمەلایەنەی کۆمه‌ڵایه‌تی و فکری و فه‌رهه‌نگی دەخاتە ئەستۆی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی ژنان و پیاوانی کوردستانەوە له‌دژی کوشتنی ژنان و پێگەی پیاوسالاری و ئه‌خلاقیات و نەریتە دژه ژنەکان. لەپاڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەریدا، ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، هێز بدات بە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری و کۆمەڵگا بخاتە پشت سەری خۆی و ئەلگۆی پشتبەخۆبەستن و نواندنی ئیرادەی سەربەخۆ، بهێنێتەوە مەیدان لەپێناو دامەزراندنی سیستەم و دەسەڵاتێکی جەماوەری کە سەرجەم ماف و ئازادییەکانی ژنان و سەرجەم چین و توێژە چەوساوەکانی کۆمەڵگا دەستەبەر بکات.
٦/٣/٢٠٢٢