ڤلادیمێر لینین ٦ی مارس ١٩٢٢
وەرگێڕانی: سالار حمەسەعید
دوێنێ هۆنراوەیەکی سیاسی مایاکۆڤسکیم خوێندەوە کە لە ”ئیزڤستیا” بڵاوکراوەتەوە. ستایشی توانا شیعری و هونەریەکانی مایاکۆڤسکی ناکەم ئەگەرچی دانیپێدادەنێم کە دادوەرێکی بەتوانا نیم. لەمێژە هیچ شتێکی مایاکۆڤسکیم نەخوێندۆتەوە سەبارەت بە سیاسەت و ئیدارە (بەرێوەبردن) بەم خۆشی و لەزەتەی کە لەم هۆنراوەیەدا نوسیویەتی. مایاکۆڤسکی ئەوعادەت و خووەی کۆبوونەوەکان دەداتە بەر بای ڕەخنە و گاڵتەپێکردن. کۆبوونەوە درێژە بەردەوامەکانی کۆمۆنیستەکان بەگاڵتەجاڕی دەگرێت.
من دڵنیانیم لەهۆنراوەکە لەباری هونەری و شیعریەوە بەڵام ئەوەی دڵنیام لێی و پەیوەندی بەسیاسەتەوە هەیە بەتەواوی لەپشتیم و پشت ڕاستی دەکەمەوە. ئێمە لەڕاستیدا لەوەزع و باروڕەوشێکداین کەدەبێت بڵێین بارورەوشێکی بێماناو پووچە، ئێمە لەوکەسانەین کەلە کۆبوونەوەکانماندا دادەنیشین، کۆبوونەوە بێکۆتاییەکان، کۆمیسیۆنەکان و کۆمیتەکان دادەمەزرێنین و پلاندادەرێژین، بەبێ کۆتایی. کەسایەتیەک (کارەکتەرێک) کە پێێ دەگوترا ”ئۆبلۆمۆڤ” کە ژیانی ڕووسیای بەرجستەدەکرد. ئەو هەمیشە لەناو جێگە دەتلایەوە و لەمێشکیدا پلان و نەخشەی دادەڕشت. ئەمە ماوەیەکی زۆر لەمەوپێش بوو. ڕووسیا سێ شۆڕشی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ئۆبلۆمۆڤەکان هێشتا زیندوون و ماون، لەبەرئەوەی ئۆبلۆمۆڤ لەنێو خاوەن موڵکەکاندا هەبوون، هەروەها لەنێو جوتیاراندا، نەتەنها لەنێو جوتیاراندا بەڵكو لەنێو ڕۆشنبیرانیشدا وە نەتەنها لەنێو ڕوشنبیراندا بەڵکو لەنێو کرێکاران و کۆمۆنیستەکانیشدا. هەر ئەوەندە بەسە کەبڕوانینە کۆبونەوەکانمان و کارەکانمان لە کۆمیتەو کۆمسیۆنەکاندا تابتوانین بڵێین کە ئۆبلۆمۆڤە کۆنەکان هێشتا لەناوماندا دەژین لەبەرئەوە پێویستە جوان بشۆردرێن و پاکبکرێنەوە و لە پۆخڵەوات دەربکێشرێن تامرۆڤێکیان لێدەردەچێت.
لەم بارەیەوە نابێ هیچ وەهم و گومانێکمان هەبێ لە هەڵویستمان. ئێمە هیچ لاساییەکی ئەو کەسانەمان نەکردۆتەوە کە بە پیتی گەورە (پیتی کەپیتاڵ) وشەی ”شۆڕش” دەنووسن، هەروەک چۆن ”سۆشیالیستە شۆڕشگێرەکان” دەیکەن. بەڵام دەتوانین وشە و وتەکانی مارکس بگێڕینەوە (بهێنینەوە) کە زۆر شتی گەمژانە دەکرێت لەکاتی شۆڕش دا بێگومان زیاتر لەهەر کاتێکی تر. ئێمەی شۆڕشگێڕ دەبێت فێربین کە ئەم کارە گەوجانە بێباکانە و چاونەترسانە بخەینە ڕوو.
———————
ڤلادیمیر ئیلیچ لینین لە ٦ی مارسی ١٩٢٢ دا ئەم کورتە سەرنجەی نووسیوە سەبارەت بە مایاکۆڤسکی لە هەڵبژاردەکانی لینین لە بەرگی ٣٣ لاپەڕە ٢٨٨دا.
* کارەکتەرێک هەبووە لە ژیانی ڕووسیادا بەنێوی ”ئۆبلۆمۆڤ”، (ئۆبلۆمۆڤ کۆنسێپتێکی (مەفهومێکی) ئەدەبی ساڵەکانی ١٨٤٠کان و ١٨٥٠کان بوو دەبێت لە یەکێک لە قارەمانەکانی ”بایرۆن”ی شاعیری ئینگلیزیەوە وەرگیرابێت. ئۆپلۆمۆڤ ئاماژەیە لە ئەدەبیاتدا بە کەسێکی خاوەن بەهرە و بەتوانا و لەهەمانکاتدا لەزۆربەی حاڵەتەکاندا کەسێکی دەوڵەمەند کە ناتوانێ لەگەڵ نەرێتە ڕۆتینیە کۆمەڵایەتیەکاندا بگونجێ و ناتوانێ بڕیاری گرنگ بدات و کاری گرنگ لە ئەستۆ بگرێ. لەڕاستیدا ڕۆمانەکە بەشێوەی تەنز گاڵتەکردنە بە ڕۆشنبیرانی (ئنتلجنسیای) ڕووسیە.
لەم سەرنجە کورتەیەدا لینین ئاماژەدەکات بە کارەکتەرێکی زۆربڵاو لەناو کۆمەڵگادا کە تائێستا هەر بوونی هەیە و زیندووە ئەگەرچی ئەو کارەکتەرە کە ناوی ”ئۆبلۆمۆڤ”ە قارەمانی رۆمانی ”ئیا ئیلیچ ئۆبلۆمۆڤ”ە لەلایەن ”ئیڤان گۆنچارۆڤ” ەوە نووسراوە لە ساڵی ١٨٥٩. ئۆبلۆمۆڤ کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکەیە و کاراکتەرێکی ڕەمزی (سمبولی) سەدەی ١٩ بوو لە ئەدەبیاتی ڕووسیدا.