(گفتوگۆی گۆڤاری کۆمۆنیست)
کۆمۆنیست: ئاکامه سیاسییه‌کانی سه‌رکه‌وتنی ئه‌مه‌ریکا له شه‌ڕدا چییه و تا چ ڕاده‌یه‌ک ئه‌م سه‌رکه‌وتنه سه‌ربازییه، ئامانجه سیاسییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا له‌م شه‌ڕه‌دا و به دیاریکراوی ئاسۆیه‌ک که ئه‌مه‌ریکا له به‌رده‌م خۆیدا دایناوه سه‌باره‌ت به نیزامێکی تازه‌ی جیهان دابین ده‌کا؟ کاریگه‌ری ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دواییانه له‌سه‌ر جه‌وی فیکری و سیاسی جیهان و هه‌روه‌ها جێگه‌وڕێگه‌ی بزووتنه‌وه سۆسیالیستییه‌کان چییه؟
مه‌نسوور حیکمه‌ت: ناوبردنی ئه‌وه‌ی که ڕوویداوه به ”سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریکا” وه‌سفێکی ته‌واوی حاڵه‌ته‌که نییه. به ڕه‌چاوکردنی جیاوازیی ته‌کنه‌لۆژیی هه‌ردوو لایه‌ن و هێزێک که ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که‌دا کۆی کردبووه‌وه، ئاکامی شه‌ڕه‌که له پێشه‌وه دیاربوو. له ڕاستیدا شه‌ڕێک ڕووی نه‌دا. ئه‌وه‌ی ڕووی دا کوشتارێکی ده‌ست ئه‌نقه‌ستی و له پێشدا داڕێژراوی سه‌دان هه‌زار سه‌ربازی برسی و له حاڵه‌تی پاشه‌کشه‌دا بوو.
ئه‌وه‌ی که ئه‌م ڕووداوه ئه‌یویست به دنیای پێشان بدات، باڵاده‌ستی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکا به‌سه‌ر عێراقدا نه‌بوو، به‌ڵکوو ئه‌وه‌بوو که ئه‌مه‌ریکا بۆ جێبه‌جێکردنی ئامانجه سیاسی و ئابوورییه‌کانی له چوارچێوه‌ی جیهانی دوای شکستی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات ئاماده‌یه ده‌ست بداته بێڕه‌حمانه‌ترین جم و جووڵی سه‌ربازی و ده‌بێ جیهان حیسابێکی تایبه‌تی بۆ ئه‌م ژاندارمه خۆسه‌پێنه‌ره بکاته‌وه و باجی پێوستی پێ بدات.
ئه‌م هێزپێشاندانه ئه‌مه‌ریکای له دابینبوونی ئامانجه سیاسییه‌کانی نزیکتر کردۆته‌وه، ده‌بێت خودی ئه‌م ئامانجه به دروست بناسرێت. له ئێستادا سه‌رنجی گشتی ڕووی کردووه‌ته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م شه‌ڕه دوایی له‌سه‌ر چاره‌نووسی عه‌ره‌به‌کان و ئیسرائیل و مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین و هه‌یکه‌لی ناوچه‌یی ده‌سه‌ڵات. به‌م پێیه ده‌بێ له‌سه‌ر ئه‌وه پێ دابگیرێت که کێشه‌کان و هاوکێشه ناوچه‌یییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا فاکتۆرێکی پله دوو بووه له حیساباتی ئه‌مه‌ریکادا. مه‌سه‌له‌ی بنه‌ڕه‌تی، جێگه‌وڕێگه‌ی ئه‌مه‌ریکایه له په‌یکه‌ری ده‌سه‌ڵاتدا له ئاستێکی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، که به تێکشکانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێ سه‌رله‌نوێ پێناسه بکرێته‌وه. مه‌سه‌له‌که سه‌باره‌ت به دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاته له‌نێوان هێز و جه‌مسه‌ره ئه‌سڵییه‌کانی سه‌رمایه‌داری له ئاستێکی جیهانیدا. تا پێش له قه‌یرانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ڕێچکه‌ی بار و دۆخی ئابووری پووکانه‌وه‌ی به‌ره‌به‌ره‌ی ئه‌مه‌ریکا و سه‌رهه‌ڵدانی هاوسه‌نگییه‌کی نوێ له‌نێوان ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورووپا و ژاپۆندا ده‌سه‌لماند، که تیایدا به‌ره‌به‌ره جێگه بۆ ده‌سه‌ڵاتی باوی ئه‌مه‌ریکا به‌سه‌ر ئه‌ورووپای ڕۆژئاوای کۆندا نه ده‌مایه‌وه. جێگه‌وڕێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکا له ڕۆژئاوادا نه ده‌ما، ده‌مێکه له‌گه‌ڵ سهنگوسووکیی ئابووریی ئه‌م وڵاته‌دا نایه‌ته‌وه. پووکانه‌وه‌ی ئابووریی ئه‌مه‌ریکا و لاوازبوونی هه‌یکه‌له پیشه‌سازییه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنی زه‌به‌لاحی ئابووری له چه‌شنی ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا و تا ڕاده‌یه‌کیش فه‌ره‌نسا هاوکات بووه. ئه‌مڕۆ هێزهاوسهنگییهکی ئابووری که له دوای ته‌واوبوونی شه‌ڕی دووه‌م و ده‌ستپێکردنی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌ورووپاوه له‌نێوان وڵاته سه‌رمایه‌داره پێشکه‌وتووه‌کاندا له ئارادا بوو، به توندی به زیانی ئه‌مه‌ریکا ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه. بێجگه له‌م ڕاستییانه، له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه‌ریکا به هۆی به‌رامبه‌رکێی جیهانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، ده‌وری سه‌رکرده‌یی خۆی له جیهانی ڕۆژئاوادا پاراستبوو. ئه‌مه‌ریکا ته‌وه‌ری هه‌موو ڕیزبه‌ستنێکی ئایدیۆلۆژیی سیاسی و سه‌ربازیی ڕۆژئاوا بوو له‌به‌رامبه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتدا. ئێستا ئه‌گه‌ر قه‌رار وا بێ که بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات له مه‌یدان بکرێته ده‌ره‌وه و ئه‌و بهرامبهرکێیهی که گشت هاوکێشه‌کانی جیهانی سه‌رمایه‌داری شکڵ پێدابوو بخرێته لاوه، ئه‌و ده‌مه ده‌بێ خودی ڕۆژئاواش به‌پێی ئه‌م هه‌لومه‌رجه تازه‌یه بگۆڕێت. یه‌کێک له‌م گۆڕانکارییانه به شێوه‌یه‌کی مه‌نتیقی لاوازکردنی جێگه‌وڕێگه‌ی ئه‌مه‌ریکا ده‌بوو له گشت هه‌یکه‌لی سیاسیی جیهانی سه‌رمایه‌داریدا. کاتێک جۆرج بۆش له سیسته‌می نوێ ده‌دوێ، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه جێگه‌ی سه‌رنجی ئه‌وه، نه‌ک ته‌نها ته‌رتیباتێکی ئه‌منی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سه‌رنج و تێبینییه‌کی ناوچه‌یی دیکه‌ی له‌و بابه‌ته. سیسته‌می نوێ بووه‌ته شتێکی پێویست، چونکه سیسته‌مه کۆنه‌که خه‌ریکه له‌نێو ده‌چێت. ته‌وه‌ری سیسته‌می کۆن هێزهاوسهنگییهک و هاوتایییهکی دیاریکراوی نێوان جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌کانی سه‌رمایه‌داریی جیهانی (به بلۆکی ڕۆژهه‌ڵاتیشه‌وه) بوو. سیسته‌می تازه‌ش ده‌بێ له سه‌ره‌تاوه چاره‌نووسی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ڕۆشن بکاته‌وه. ته‌رتیباتی ناوچه‌یی ته‌نها پاش یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی ناوخۆیی چاره‌نووسی هێزه‌کانی سه‌رمایه‌داری ڕوون ده‌بێته‌وه. تا ئه‌و جێگایه‌ی که به‌م ئامانجه تهوهرهیییهوه په‌یوه‌ندی هه‌یه، لانی که‌م ئه‌مه‌ریکا له کورتماوه‌دا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه. ئه‌ورووپا و ژاپۆن په‌یامه‌که‌یان وه‌رگرتووه، وه‌کوو هێزێکی سه‌ربازی و یاریکه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی له گۆڕه‌پانی جیهانی و به تایبه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌نددا بزمارێکی تر به تابووتی سۆڤێتدا داکوتراوه، ئه‌وه ئاشکرا بوو که ڕه‌وه‌ندی سه‌رهه‌ڵدانی جه‌مسه‌رێك به بێ دانی سهرقفڵانهی جیددی به ئه‌مه‌ریکا له توانادا نییه. له ڕوانگه‌ی بۆرژوازیی ئه‌ورووپاوه به‌کرده‌وه ده‌وری ژاندارمی ئه‌مه‌ریکا له ئاست جیهاندا درێژ کرایه‌وه و قسه‌کردن له‌سه‌ر جێکردنه‌وه‌ی ناتۆ به ئارایشتێکی تازه که تیایدا ئه‌ورووپا سه‌ربه‌خۆ کارکردنێکی زیاتری هه‌بێت به‌کرده‌وه که‌م بۆته‌وه، ئه‌و به‌دیلانه‌ی له ئێستادا قسه‌یان لێوه ده‌کرێ له چه‌شنی یه‌کێتییه‌کی تازه‌ی سه‌ربازی له ڕۆژئاوادا و یاخود ههڵسووڕاوکردنی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له ڕۆڵێکی سه‌ربازیی ئه‌منیدا که له ئاستی جیهانیدا پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ڕۆژئاوا بێت، هه‌ر یه‌که‌یان به جۆرێک ڕه‌سمییه‌تناسینی توانا و نفووزی ئه‌مه‌ریکای له خۆدا جێ کردۆته‌وه.
خاڵێک که جێی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که ڕووداوی ئه‌م دوایییانهی ڕۆژهه‌ڵات به‌کرده‌وه هاوسه‌نگی هێزی نێوان عه‌ره‌به‌کان و ئیسرائیلی به زیانی ئیسرائیل گۆڕیوه. وا ده‌رده‌که‌وێت که تێکشکانی ناسیۆنالیزمی میلیتانتی عه‌ره‌ب، که له‌م ده‌وره‌یه‌دا به هۆکاری جۆراوجۆر له ئیئتیلافێکی عێراقی فه‌له‌ستینیدا به‌رجه‌سته ببوو، وه‌کوو پێشمه‌رج و سه‌ره‌تایه‌ک کاری بۆ دانی سه‌رقفڵانه به باڵه میانڕه‌وه‌کانی عه‌ره‌ب کردووه. چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین و په‌یوه‌ندی نزیکتر له‌گه‌ڵ بۆرژوازیی عه‌ره‌بدا، له سه‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری ڕۆژئاوا و ئه‌مه‌ریکا دانرا. ئه‌م ڕه‌وه‌نده ده‌کرا له‌پێشه‌وه ببینرێت و سه‌ره‌نجامی جه‌بری کۆتاییهاتنی به‌رامبه‌رکێی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات له مه‌یدانی جیهانیدا که جێگه‌وڕێگه‌یه‌کی تایبه‌تی له ستراتیژی گشتیی ڕۆژئاوادا به ئیسرائیل ده‌به‌خشێ. به‌م جۆره به ”سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریکا” پێویستیی پاشه‌کشه‌ی سراتیژی (هاوپه‌یمانی ته‌قلیدی ڕۆژئاوا) له‌به‌رامبه‌ر عه‌ره‌به‌کاندا به‌رجه‌سته‌تر کردووه. به‌ڵام ئه‌مه‌ریکا لێره‌شدا، به کوشتوکوشتار له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ئه‌م ئیمتییازهی به‌ده‌ست هێناوه، که له شێوه‌ی موشه‌خه‌سی دیاریکردنی چاره‌نووسی مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستیندا نفووزێکی بێوێنه په‌یدا بکات. بیرۆکه‌ی کۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی که سۆڤێت به‌رگریکاری ئه‌سڵی بوو لێی و له‌م دوایییانه‌دا که‌م تا زۆر که‌وتبووه سه‌رزاری هه‌مووان، بێجگه له ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریکا، به‌کرده‌وه لاواز بووه. له بری ئه‌وه چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌که به ده‌ڵاڵی و ناوبژیکردنی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مه‌ریکا بووه‌ته جێگه‌ی سه‌رنجدان.
قازانجێکی تری ئه‌مه‌ریکا داننانه به بوونی سه‌ربازیی ئه‌م وڵاته له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا که وه‌کوو سیاسه‌تێکی فه‌رمی ڕاگه‌یانراوه. له سایه‌ی ئه‌م هێزنواندنهی دوایییه‌وه، داکۆکیی به‌شه‌کانی تری بۆرژوازیی جیهانی بۆ ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ئه‌مه‌ریکا که‌م بووه‌ته‌وه.
دیاره که هێزنواندنی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌و ئیمتییازه سیاسی و سه‌ربازییانه‌ی که لێوه‌ی سه‌ریان هه‌ڵداوه، ئامانجێک نه‌بووه له خۆیدا و قه‌راره که ئاکامه‌کانی، قازانجی دیاریکراوی ئابووری بۆ بۆرژوازی هه‌بێت. ئه‌مه‌ریکییه‌کان زیاتر له 70%ی قه‌رار و په‌یمانه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوێت و عه‌ره‌بستانی سعودییان به خۆیانه‌وه گرێ داوه‌ته‌وه، که له پێنج ساڵی داهاتوودا ده‌کاته 100 ملیار دۆلار. ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن له هه‌ر جۆره دهخاڵهتکردنێک له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا به فه‌رمی خراوه‌نه‌ته لاوه. ته‌نانه‌ت به‌ریتانیا، به‌چکه پاڵه‌وانی بژێوی ئه‌مه‌ریکا، له‌م شه‌ڕه‌دا ناچار بووه که ده‌رباره‌ی هه‌ڵاواردنی کۆمپانیا به‌ریتانییه‌کان به فه‌رمی لای ناخاوه‌ن پایه ئه‌مه‌ریکییه‌کان شکات بکات. له ماوه‌یه‌کی مامناوه‌ندیدا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مه‌ریکا به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و نرخدانانی نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ندا جێگیر بووه و ئه‌مه‌ش ده‌توانێ له خستنه ژێر گوشاری ڕکابه‌ره ئابوورییه‌کانی ئه‌م وڵاته و به‌هێزکردنی سه‌رمایه‌ی ئه‌مه‌ریکادا وه‌کوو ئامرازێک ده‌ور ببینێ. له ئاستێکی به‌رینتردا، هه‌ر ئێستا له په‌یوه‌ند به ژاپۆن و هه‌نارده و بودجه‌ی دانه‌وه‌ی ئه‌م وڵاته‌وه، ئاخاوتنی ئه‌مه‌ریکا توندتر بووه. لانی که‌م تا ئه‌و جێگایه‌ی به‌ده‌ست هێناوه که پشکی سه‌رمایه‌ی وڵاته جیاجیاکان له به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتن له‌م بازاڕانه‌دا، بۆ ده‌وره‌یه‌ک به‌پێی قازانجی خۆی دیاری بکات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ملهوڕی و باڵاده‌ستیی ئه‌مه‌ریکا چوارچێوه و سنوورێکی مێژوویی دیاریکراو و سنوورداری هه‌یه. مه‌نتیقی جیهانیی سه‌رمایه‌داری پاش جه‌نگی سارده ئارایشێک به زیانی ئه‌مه‌ریکا و به قازانجی هاوسه‌نگییه‌کی تازه له‌نێوان هێزه کاپیتالیستییه ئه‌سڵییه‌کاندا دێنێته ئاراوه. ئارایشدانه‌وه‌ی ئه‌وروپا و خه‌مڵینی جه‌مسه‌رێکی بۆرژوازیی دیکه که زیاتر په‌لوپۆی ئه‌مه‌ریکا کۆ ده‌کاته‌وه، شتێکی ناچارییه. هاوکێشه ئابوورییه بنچینه‌یییه‌کانی نێوان ئه‌م وڵاتانه، له ئاکامی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دوایییانهی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئاڵوگۆڕێکی بنه‌ڕه‌تییان به‌سه‌ردا نایات. وه‌ڵامی به‌رهه‌مهێنی به‌رزی ئابووریی ژاپۆن و ئه‌ڵمانیا، یاخود له‌قبوونی پایه‌ی پیشه‌سازیی ئابووریی ئه‌مه‌ریکا به هێزنواندنی سه‌ربازی نادرێته‌وه. دره‌نگ بێت یان زوو، به‌هۆی ڕۆیشتن به‌ره‌و یه‌کێتیی ئه‌ورووپاوه، هێزنواندنی ئه‌مڕۆی ئه‌مه‌ریکا هه‌ره‌س ده‌هێنێت و جارێکی دی ڕه‌وه‌نده کۆنه‌کان مۆری خۆیان له هێزهاوسهنگیی نێوان هێزه‌کانی سه‌رمایه‌داری ئه‌ده‌ن. سه‌رده‌رهێنانی خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی جیهان له دۆخی ترسناکی ئێستا و تێکشکانی تێڕوانینی ئه‌مڕۆی ئه‌مه‌ریکا وه‌کوو سه‌روه‌ریی جیهان، ڕه‌نگه که‌مێک زۆرتر درێژه بکێشێ، وه‌لی هه‌ر چۆنێک بێت ناچارییه.
له ڕوانگه‌ی کاریگه‌رییه ئایدیۆلۆژییه‌کانی جه‌نگه‌وه، یه‌که‌م ئاکامی به‌رچاو و سه‌رنجڕاکێشی ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دوایییانه، به‌سه‌رچوونی گشت قۆناغی ته‌بلیغاتی جیهانیی ڕۆژئاوایه سه‌باره‌ت به دیموکراسی و مافی مرۆڤ که له په‌یوه‌ند به قه‌یرانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه وه‌کوو گوشارێکی فیکری له‌سه‌ر ئه‌م بلۆکه ده‌ستی پێ کردبوو. ئه‌م بارگه و بنه‌یه کاتی پێچانه‌وه‌ی هاتووه و ڕوخساری دژی دیموکراتیک و سه‌رکوتگه‌رانه‌ی سه‌رمایه‌داری، به قیمه‌تی گیانی ده‌یان هه‌زار مرۆڤی بێ‌تاوان و به قیمه‌تی ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی ملیۆنه‌ها که‌س له عێراق و کوێت په‌رده‌ی له‌سه‌ر لادرا. ئه‌و هیوا و ئاواته کرچ وکاڵهی که به درێژایی که‌مپینی ڕۆژئاوادا دژ به بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات له‌بیر و مێشکی ڕۆشنبیرانی چینه ناوه‌نجییه‌کانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات و وڵاتانی جیهانی سێیه‌مدا سه‌باره‌ت به داهاتوویه‌کی پڕ ئاشتی و خۆشی و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن و سه‌لامه‌تیی شوێنی کار له‌ژێر بازاڕدا ڕه‌گی داکوتابوو، پووکایه‌وه. جارێکی دیکه مه‌نتیقی بنه‌ڕه‌تیی سیاسه‌ت له جیهانی سه‌رمایه‌داریدا، مه‌نتیقی میلیتاریزم و هێزنواندن به‌ری چاوی خه‌ڵکی گرتووه. هه‌واڵنێره بۆرژوایییه‌کان. دووباره به فه‌رمی قسه و زمان و ده‌سته‌واژه‌کانی سه‌رده‌می کۆلۆنیالی به‌کار ده‌به‌نه‌وه. سه‌رۆک کۆماری ئه‌مه‌ریکا به ئاشکرا خۆی کردووه‌ته سه‌روه‌ر و ده‌مڕاستی جیهان به جۆرێک که ته‌نانه‌ت سیرالیۆن ده‌بێ ڕاسته‌وخۆ سه‌باره‌ت به ئاژاوه‌گێڕیی فڵانه ده‌سته‌ی چه‌کداری چارلز تیلور لای ئه‌و سکاڵا بکات و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کانی کوردستانیش ده‌بێ ده‌ست به دامێنی ئه‌و بن. بۆگه‌ناوی ده‌خاڵه‌تگه‌ریی سه‌ربازی بڵاو کردۆته‌وه و بۆ نموونه هه‌ر له ئێستاوه زه‌مینه‌خۆشکردنی ته‌بلیغاتی ئه‌مه‌ریکا بۆ داگیرکردنی کوبا له داهاتوویه‌کی نزیکدا له ڕێگه‌ی تاوانبارکردنی کوبا و خودی کاسترۆوه ده‌ستی پێ کردووه، به‌وه‌ی که یارمه‌تی گه‌یاندنی مه‌وادی بێهۆشکه‌ر بۆ نێو ئه‌مه‌ریکا به قاچاخ ئه‌ده‌ن.
دیاره که سه‌راحه‌ت په‌یداکردنی مه‌نتیقی زۆر و که‌نارکه‌وتنی ته‌بلیغاتی په‌یوه‌ند به مافی مرۆڤ و دیموکراسییه‌وه خۆی له خۆیدا نه‌بووه‌ته هۆی ڕهواجپهیداکردنی ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵ له سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزم و ئه‌و چه‌مکگه‌له پووچ و گه‌نده‌ڵانه‌ی که ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی پێ پاساو ده‌کات. ته‌نانه‌ت له خودی بزووتنه‌وه‌ی دژی شه‌ڕدا، سه‌ره‌ڕای بوونی سه‌ره‌تایه‌ک له تێڕوانینێکی ڕادیکاڵی ڕه‌خنه‌گرانه، جۆره پاسیڤیزمێکی ناسیاسی چوارچێوه‌ی فیکریی باوی پێک ده‌هێنا، که خۆی پێشفه‌رز ئیمپریالیستی و ته‌نانه‌ت ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ی ئایدیۆلۆژیی فه‌رمیی به خۆوه ده‌بینی. کاریگه‌ریی فیکریی ده‌ستبه‌جێی هێزنواندنی ئه‌مه‌ریکا، که له لایه‌که‌وه سهراحهتپهیداکردنی خه‌سڵه‌تی ئیمپریالیستی و شێوه کۆلۆنیالیستیی ئایدیۆلۆژیی فه‌رمییه له ڕۆژئاوادا و له لایه‌کی دیکه‌وه لهپهلوپۆکهوتن و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ڕه‌وته بنه‌ڕه‌تییه‌کانی بیرکردنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆنانهیه. مه‌یله ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی ئایدیۆلۆژیی فه‌رمی له ڕۆژئاوادا، ڕه‌وته لیبراڵه‌کان، هیومانیسته‌کان، سه‌وز و ڕێفۆرمیست و په‌یڕه‌وانیان له‌نێو ڕۆشنبیرانی خۆشخه‌یاڵی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌مدا به‌هۆی بار و دۆخی تازه‌وه سست و بێ بنچینه ماونه‌ته‌وه. دیموکراسیی ڕۆژئاوا به شوارسکۆف و بۆشیهوه و به‌و ته‌رمانه‌وه که له کوێته‌وه تا به‌سره به‌سه‌ریه‌کدا که‌ڵه‌که بوون، په‌روه‌نده‌ی نوێی وهجوڵهکهوتووی نموونه‌کانی زوڵم و سه‌رکوتی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات و جیهانی سێیه‌می سه‌رله‌نوێ هه‌ڵدایه‌وه. سه‌رده‌می که‌وتنی دیکتاتۆره‌کان که هێشتا ده‌ستی پێ نه‌کردووه به‌سه‌ر چوو. دوکه‌ڵێک که قه‌راره تا ده ساڵی دیکه له چاڵه نه‌وته‌کانی کوێت و عێراقه‌وه به هه‌وادا بڵاو بێته‌وه، خه‌ڵکێک که له ئاوی دیجله ده‌خۆنه‌وه و ئه‌و مناڵانه که له شاخه‌کانی کوردستاندا به‌هۆی سه‌رما و نه‌بوونی خواردنه‌وه گیان ده‌ده‌ن، بێگومان ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی که له دۆخی له‌ناوچووندان له بیری مرۆڤ ده‌به‌نه‌وه. بار و دۆخی تازه، قه‌یرانی ڕه‌خنه‌ی نیوه‌ناچڵ له سه‌رمایه‌داریی هاوچه‌رخ له خۆیدا دێنێ. ئه‌مه دۆخێکی تۆقێنه‌ره که ناتوانێ درێژه بکێشێت و بێگومان ته‌مه‌نێکی کورتری ده‌بێ له دۆخی سڕبوونی سه‌رده‌می “دیموکراسی و بازاڕ”، چونکه هه‌ر به‌و جۆره‌ی که وتم، هه‌لومه‌رجێکی بابه‌تی که ئه‌م بار و دۆخه فیکرییه‌ی هێناوه‌ته کایه‌وه خۆی مێژووی نییه. له ڕاستیدا ئه‌م بار و دۆخه گوشاری ئایدیۆلۆژیی ده‌وره‌ی پێشوو له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵ له سه‌رمایه‌داریی هاوچه‌رخ و به شێوه‌یه‌کی دیاریکراو له‌سه‌ر بیرکردنه‌وه‌ی ڕهخنگرانه و سۆسیالیستیی چینی کرێکار هه‌ڵده‌گرێت. ئاشکرابوونی ڕووی دزێوی سه‌رمایه‌داری و هه‌لومه‌رجه دژه مرۆیییه‌کانی دیموکراسیی بۆرژوازی و ناسیۆنالیزم، هێزهاوسه‌نگی فیکری ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی به قازانجی ڕه‌خنه‌ی سۆسیالیستی ده‌گۆڕێ. ده‌خاڵه‌تگه‌ری نالایه‌قی بۆرژوازیی ڕۆژئاوا له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا. ڕووی کرێکاری ڕۆژئاوا به‌ره‌و جیهان وه‌رده‌گێڕێ و له داخراوییه‌که‌ی ڕزگاری ده‌کات. کرێکاری جیهانی سێیه‌م بێ بناغه‌یی لیبراڵیزمی دڵخۆش به ڕۆژئاوا، بنبه‌ستبوونی ناسیۆنالیزم و دین له مه‌یدانی سیاسی‌دا جارێکی تر به ڕۆشنی له قه‌یران و شه‌ڕی که‌نداودا تاقی کردۆته‌وه. کرێکارانی وڵاته‌کانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات له جه‌رگه‌ی ئه‌و مه‌ینه‌ته ئابوورییانه‌دا که وه‌رچه‌رخان به لای بازاڕدا به‌سه‌ریدا سه‌پاندوویه‌تی، له گوشاری پڕۆپاگه‌نده‌ی سیاسیی بۆرژوازیی ڕۆژئاوا زیاتر ڕزگاری ده‌بێت و توانای تێڕوانینێکی سه‌ربه‌خۆتری له جێگه‌وڕێگه‌ی خۆی ده‌داتێ. نیشانه‌کانی هه‌موو ئه‌م ڕه‌وه‌ندانه هه‌ر ئێستا ده‌کرێ ببینرێن. ده‌یه‌ی نه‌وه‌ته‌کان هه‌ر وه‌ک پێشتریش وتم و پێشبینیمان کرد، ده‌یه‌ی خۆشخه‌یاڵی نییه، ده‌یه‌ی واقیعییه‌ت و کێشه‌یه له‌سه‌ر واقیعییات. هێزنواندنی ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که‌دا له بری ئه‌وه‌ی بتوانێ چوارچێوه‌یه‌کی تازه به‌سه‌ر جیهاندا بسه‌پێنێت، زیاتر ئه‌و که‌شه فیکرییه پڕ له خۆشخه‌یاڵییه‌ی سه‌رده‌می ڕوخانی بلۆکی ڕۆژهه‌ڵات تێک ده‌شکێنێ.
تێبینی: ئه‌م گفتوگۆیه له دوو پرسیار پێک هاتووه، ئه‌م وه‌رگێڕانه ته‌نها پرسیاری دووه‌میانه.
وه‌رگێڕانی: موحسین که‌ریم
تایپکردنه‌وه‌ی: کاوه عومه‌ر
سه‌رچاوه:
پيامدهاى جنگ خاورميانه
رويدادهاى کردستان عراق
“کمونيست”، شماره 61
ارديبهشت 137
بەرگی یەکەم؛ هەڵبژاردەیەک لە نوسراوەکانی مەنسوور حیکمەت، ئامادەکردن و پیاچوونەوەی: سالار ڕەشید