فوئاد سادق
دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا ، هەلومەرجێکی نەخوازراو و کارەساتباریان بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپاندووە، بە بەردەوامیش تا هاتووە ئەم هەلومەرجە خراپترو دژوارتر بووە، لەئێستادا خەڵکی کوردستان لە سەرەتایترین پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ژیانیان بێبەشکراون ، دەسەڵات ڕۆژبە ڕۆژ زیاتر هێرشەکانی بۆ سەر جەماوەر لە هەموو ڕویەکی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە دەست پێکردووەو بە زەبری هێزی میلیشیا سەرکوتکەرەکانی بۆ بەرتەسکردنەوەی ئازادیە سیاسیەکان توندتر دەکاتەوە، ستەمکاری و چەوساندنەوە بەرامبەر جەماوەر خەسڵەتی ئەم دەسەڵاتەیە ئەزمونی سی ساڵی رابوردوو بە کردەوە ئەم ڕاستیەی سەلماندوە و بۆ وڵام نەدانەوە بەناڕەزایەتی و داواکاریە ڕەواکانیان جارێک پەنا بۆ فریوکاری دەبات و زۆر جارێش دەست بۆ سەرکوت کردن دەبات، دەسەڵات دەرگیرە لە گەڵ قەیرانی ئابووری و بێ ئاسۆیی سیاسی و بێ توانایی لە بەڕیوەبردنی کۆمەڵگا، هەر ڕۆژەی بە پاساو و بیانویەک هێڕش بۆ سەر چین و توێژە زەحمەتکێشەکان دێنێت. ڕۆژێک بە پاساوی چاکسازی و ڕۆژێکی تر بە بیانووی نەگەیشتنی پارەی بەغدا … هتد . ئەم بارودوخە کرێکاران و فەرمانبەران و کارمەندان و خەڵکی زەحمەتکێشی ناچارکردووە لە بەرامبەر ئەم هێڕشانەدا بە شێوەی جۆراوجۆر بێتەمەیدانەوەو توانیویانە لە سەرجەم شار و شاروچکەکانی کوردستان لە شێوەی کۆمەڵی دەستە و گروپ و کۆڕوکۆمەڵ و ڕێکخراو کۆببنەوە، ئەم کۆڕوکۆمەڵانە ، ئامانجی زۆبەیان وەلانانی دەسەڵات و کۆتایهینانە بە دەسەڵاتی خێڵەکی و بنەماڵەیی. ئەزمون و مێژوی سی ساڵی ڕابردووی ئەم دەسەڵاتە سەڵماندویەتی کە ڕیفورم هەڵناگری، بەشێکی تریان ناڕەزایەتی و خەباتی ڕشتەییە کە زۆربەیان بۆ دەستهێنانی مۆچە و دابیکردنی خزمەتگوزاریەکانە، لە پاڵ ئەمانەدا بوونی ڕەوتێکی ڕیفورمخواز کە بانگیشەی چاکسازی دەکات، ئەمانە پاشماوە و بەشێکن لەو هێزانەی کە توانیان بۆ دەورەیەک خۆشباوەڕی لە ناو خەڵکدا دروست بکەن، لەم ڕێگایەوە توانیان سواری شەپۆلی ناڕەزایەکان ببن و گورزێکی کاریگەریان لە خەبات و ناڕەزایەتیەکاندا لە پێناوی شەریکبونەوە لە دەسەڵاتدا، ئەمانە تا ئێستاێش بە خەیاڵی خەباتی پەرلەمانیەوە شەو سەردەنینەوە، لە کاتێدا ئەزمونی رابردوو نێشانی داوە کە پڕوپاگەندەی چاکسازی و هەڵبژاردن و خەباتی پەرلەمانی، نەک هێچ کاراییەکیان نییە بەڵکو سەرجەمیان جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک و دەستەمۆکردنیان هێچ ئاکامێکی تریان نییە و ڕێگرە لە بەردەم ئاڵوگۆڕی ڕیشەیدا.
لە بەرامبەردا بوونی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەرە ی هەیە ، خاڵی هەرە لاوازی ئەم بزوتنەوەیە پەرشوبڵاوی و بێبەری بوونە لە ڕێکخراوێکی سەراسەری کە ڕابەری ئەم بزوتنەوەیە بکات لە ڕێگای بە دیهێنانی ئامانجەکانیدا، ڕێگای سەرەکی ئەم ئاڵوگۆڕە ، پەرەدانە بە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان و رێکخراو و یەکگرتوو و هاوکار و هاوئاهەنگ هەم لە ئاستی محەلی هەم لە ئاستی سەراسەری. گرتنەبەری هەموو شێوازێکی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جەماوەری بۆ ڕێگرتن بە هێرشەکانی دەسەڵات و پاشەکشەکردن پێیان ، لە دەوری رابەریەتی ڕێکخراوەیەکی جەماوەری سەراسەری دا .