دەشتی جەمال
خەڵکی ناڕازیی کوردستان لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا لەژێر کاریگەریەکانی شەپۆلێك لە راپەڕین و شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبیدا، بەتین و تەوژمێکی گەورەوە بەدژی دەسەڵاتدارێتی گەندەڵ و سەرکوتگەرو ستەمکاری ئەحزابی بزووتنەوەی کوردایەتی خۆی بەرجەستەکرد. لەوکاتەوە دیواری نێوان خەڵك و دەسەڵات داڕوخا و ناڕەزایەتی خەڵک پێینایە قۆناغێکی تازەوە. قۆناغێك کە “نا” وتنی زۆرینەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەدەسەڵات، بووە دروشمی خەباتێکی چینایەتی کە تا ئیستاش درێژەی هەیە.
ئەم ڕۆژانە لە یانزەهەمین ساڵیادی خرۆشانە جەماوەرییەکەی ١٧ی شوبات نزیك دەبینەوە کە بەدەیان هەزار کەس بەئومێدی ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی لەدەسەڵات و سیستەمێك کە دژایەتی خۆی لەگەڵ بچوکترین خواستەکانی خەڵك نیشاندابوو، بۆ ماوەی ٦٢ ڕۆژ لەشەقامدا ڕاوەستان، بەڵام دەسەڵاتدارانی مافیایی و تاڵانچی کوردستان، نەك هەر وەڵامیان بەخواستەکانی جەماوەری ڕاپەڕیو نەدایەوە، بەڵکو هاوشێوەی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو دەستیان لەکوشتاری خەڵکی ناڕازی نەپاراست کە لە ئاکامدا ١٠ هاوڵاتییان کوشت و دەیانیان بریندارکرد، بۆ ڕاگرتنی پایەکان و پاراستنی دەسەڵاتەکەیان کۆمەڵگەیان لەخوێنی هاوڵاتیان هەڵکێشا.
ئێستا کە یانزە ساڵ بەسەر ئەم بزووتنەوە نارەزایەتیەدا تێپەڕدەبێت، جارێکی تر ئەو پرسیارانە خۆی دێنێتەوە بەردەم خەڵکی ناڕازی کوردستان کە دەڵێت: جوڵانەوەی ١٧ی شوبات چێبوو؟، چ دەستکەوتێکی بەدەست هێنا و بۆچی بەئامانجەکانی خۆی نەگەیشت؟ لەکۆتایشدا دەبێ خەڵکی ناڕازی کوردستان چ دەرسێك لەم بزوتنەوەیە وەربگرن و سەنگەرەکانی خەباتی ئەمڕۆی پێ بەهێز بکەن؟
١٧ شوبات، بزوتنەوەی چینایەتی کرێکاران و مەحرومانی کۆمەڵگا بوو لەدژی ناعەدالەتی و سەرکوت و ستەمکاری، سیستەم و دەسەڵاتێك کە بۆرژوازی کورد دوای بەئامانج گەیشتنی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا، لەسەر بنەمای پاراستنی جیاوازی چینایەتی دای سەپاند. ڕیشەکانی ئەم بزوتنەوەیە، دەگەڕێتەوە بۆ دەورەیەك کە بەدوای گەشەی سەرمایەداری لەکوردستان و شاری بوونەوەی کۆمەڵگاو چونەسەری ئاستی هوشیاری خەڵك بەرامبەر بەو ناعەدالەتیەی کە چینی دەسەڵاتدار لەماوەی ٢٠ساڵدا پێکیهێنابوو. لەم ماوەیەدا قەڵشتی چینایەتی نێوان خەڵکی زەحمەتکێش و چینی دەسەڵاتدارو بەرپرسانی حزبی و حکومیدا بەوپەڕی خۆی گەیشت. ئەوەی کە کەمایەتیەك تەواوی دەسەڵات و ئابووری کوردستانیان بۆ خۆیان قورخکرد و ژیانێکی شاهانەیان بۆ خۆیان و دەستوپێوەندەکانیان پێكهیناو لەولاوە ژیانی زۆرینەی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشیان لەگەڵ هەژاری و ئاوارەیی و تیرۆرو و سەرکوتی ئازادی و بێمافیدا بەرەو رووکردبووە، یەك واقعیەتی تازەی ئەوکاتەی کۆمەڵگای کوردستان بوو.
١٧ی شوبات کە لەسەر ئەم جیاوازیە چینایەتیەوە ڕاوەستابوو، لەژێر کاریگەری تەوژمی شۆڕشگیڕانەی جیهانی عەرەب و گروتینی خروشانی بەهاری عەرەبی و لە گۆڕانانی ڕژێمە دیکتاتوریەکان لە میسرو تونسدا، کڵپەی سەند و مێژویەکی تازەی لەخەباتی چینایەتیدا لەکوردستان تۆمارکرد، کە تا ئەوکاتە، لەلایەن ناسیونالیزی کوردو حزبەکانیەوە، قۆرغکرابوو. سەرەکیترین خواستەکانی بزوتنەوەی ١٧ی شوبات، لەدروشمی” ئازادی و باشبژێوی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی”دا خۆی گەڵالەکردەوە. بەمەش ڕیزبەندیەکی تازەی نێوان جەماوەری ناڕازی و دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردی ڕەنگ رێژکرد، کە پێشتر لەزهنی کۆمەڵگادا ئەم جۆرە لە ڕیز بەستنو ناڕەزایەتی کەم وێنەبوو.
شێوازی خۆنوواندنی ئەزموونی ١٧ شوبات، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری و کۆبوونەوە لەناوەندی شارەکاندا بوو، ئەگەرچی ئەم شێوازە تەنها ناوچەی سەوزی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی گرتەوە، بەڵام پارتی و ناوچەی زەردی خستە نێودڵەڕاوکێ و ترسێکی گەورەوە و پارتی و دەسەڵاتەکەی لەهەولێرو شارەکانی ژێردەستی خۆیدا خستە ئامادەباشی و حوکمێکی عورفیەوە. بزوتنەوەی ١٧ی شوبات سەرەرای کاریگەریەکانی لەسەر دەسەڵات، بەڵام شێوازێك کە جوڵانەوەکەی لەناوەندی شارەکاندا قەتیسکردو نەیتوانی لەناوەندەکانی کارو زانکۆو گەڕەك و بەڕێوەبەرایەتیەکاندا، ڕیشەداکوتێ و سەرەتاکانی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری دامەزرێنێ، کە دیارە ئەمەش بۆ ئەو ئاسۆ سیاسیە و بۆ ئەو جۆرە لەرابەریکردنی جوڵانەوەی جەماوەری دەگەڕێتەوە کەبەسەریدا زاڵبوو. واتە خۆشخەیاڵی بزوتنەوەکە بەچاکسازی، خەباتی پەرلەمانی، کە گوایە لەم ڕێگایەوە دەتوانرێ گۆڕانکاری ڕیشەیی لەدەسەلات و سیستەمێکدا بەدی بهێنرێت، کەخودی ئەحزابی ناسیونالیزم دایانمەزراندبوو. خودی ئەمەش وایکرد کە ڕەوتگەلێکی بۆرژوازی، لەوانە بزووتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵکی ناڕازی ببن و لەژیر ناوی “چاکسازی و دەستاو دەستپێکردنی دەسەڵات لە ڕێگای پەرلەمانەوە” بەسەریدا زاڵببن و خواستەکانی خەڵکی بکەنە دەستمایە بۆ وەرگرتنی ئیمتیازاتی پۆست و پلە و پایە لە دەسەڵات. لەیەك وتەدا بزوتنەوەی ١٧ شوبات، بەدیلی نەبوو، واتە دەیزانی چی بڕوخێنی بەڵام نەیدەزانی چ سیستەمێك و چ جۆرە دەسەڵاتێکی تر لەشوێنی دابنێت. هەرئەمەش بوو لەبەردەم ڕەوتی چاکسازی و پەرلەمانیدا چۆکی دا.
دەستکەوتێك کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ١٧ی شوبات بەدەستی هێنا جگە لەوەی دەسەڵاتی خستە بەردەم ترسەوەو ناچاریکرد بەهەندێك چاکسازی، هاوکات توانی جەماوەری ناڕازی فێرکات لەدژی دەسەڵات ڕاوەستێت و ئەو تەوقە بشکێنی کە ناکرێت ڕووبەڕووی دەسەڵاتی “خۆماڵی” ببێتەوە، هاوکات خۆشباوەڕی بەدەسەڵاتی کوردایەتی تیکشکاند و ئەو راستیانەی خستەڕوو کەتەواوی ئەو دەزگا و هێزو چەکدارانەی لەسەر گیرفانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکیش پەروەردەکراون راستەخۆ بۆ پاراستنی دەسەڵات و پایەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداران لە کوردستاندا بەرامبەر خەڵکی ناڕازی کوردستان.. کەواتە ئەو دەرسەی کە دەبێت لەم ئەزمونە وەریبگرین چیە؟
جەماوەری زەحمەتکێش و ناڕازی، مەرج نیە کە هەر خۆپیشاندانیانکرد ئۆتۆماتیکی بەخواستەکانی خۆیان بگەن، بەتایبەتی خەباتو هەوڵ و تێکۆشانی جەماوەری بە هەموو ئاڵۆزیەکانی خۆیەوە پێویستی بە چەندین مەرج و ئامڕاز هەیە تا لەسەرکەوتن نزیك ببێتەوە. لەوانە: بوونی حزبێکی شۆڕشگێرو تەحەزوبی جەماوەری و کۆبونەوەیانە لەدەوری ئاڵاکەی، بەتایبەتی کە کوردستان حزبی گرتووە و خەباتی چینایەتی بەبێ حزبێکی شۆڕشگێر، جوڵانەوەی جەماوەری بەسەر کەوتن ناگات.. خاڵێکیتر ئاسۆو ستراتیژێکی شۆڕشگێڕانەیە. ئاسۆیەك کە پێویستە لانیکەم ڕابەرانو هەڵسوڕاوانی هەر بزوتنەوەیەکی جەماوەری هەڵگری بێت و بزانێت کە ڕەوتی خەباتو ناڕەزایەتیەکان بۆکوێ دەبات و دەیەوێت بە چ رێگاو چارەیەك و بەدیلێك بگات. واتە دەبێ بزانێت ئەگەر ڕووبەڕووی دەسەڵات و سیستەمە چ دەسەڵات و سیستەمێك لەشوێنی دادەمەزرێنی و لەسایەی کام بەدیلدا دەتوانرێ خواستەکانی جەماوەر بە باشترین شێوە بەدیبهێنێ وە لەم رێگەیەوە جەماوەری پێهوشیار بکرێتەوە و ڕیزی سەربەخۆی ناڕەزایەتیەکانی پێ بپارێزرێت و بەسادەیی ئەحزابی تری بۆرژوازی کە بەناوی خەڵکەوە قسە دەکەن، نەتوانن بەلاڕێیدا ببەن.
بابەتێکیتر دابینکردنی رابەریەکی شۆڕشگێرانەیە لەهەر جوڵانەوەیەکی جەماوەریدا، کە بتوانێ هەنگاوبەهەنگاو خەباتی جەماوەری بەرەو سەرکەوتن بەرێت و شێوازەکانی ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانو کۆبوونەوەکان ڕێبەری و ڕێنمایی بکات و هاوکێشەی هێزەکان بناسێ و ڕێگا نەدات یاری بەخەباتی خەڵکەوە بکرێت. بەدڵناییەوە نەبوونی ئەم ئاسۆ و ئەم شێوازە بوو لەڕابەری، کە بزوتنەوەی ١٧ی شوباتی بەشکستدا دا و لەنیوەی ڕێگادا توانای لێبڕی، دەنا ئەم بزوتنەوەیە ئەو تواناییەی هەبوو سیستەم و دەسەڵاتی ئێستا هەڵتەکێنێ و بەرەو ئاڵوگۆڕی ڕیشەیی هەنگاو هەڵگرێ و ناچار نەبێ بەدانوسان لەگەڵ پارتی و یەکێتی دا.
ئێستا کە یانزە ساڵ بەسەر بزووتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری ١٧ی شوباتدا تێدەپەڕێت، جارێکیتر ئەو پرسیارە دەبێ وەڵام وەرگرێتەوە ئەوەیە کەجەماوەری ناڕازی دەبێ چ دەرسێك لەم ئەزمونە وەربگرن؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لەدۆخێکدایە کەنەك هەر جیاوازی چینایەتی و هەمان ئەو بنەمایانەی کە بزوتنەوەی ١٧ی شوباتی لەسەر ڕاوەستا، وەك خۆیان ماون، بەڵکو کۆمەڵگەی کوردستان لەسایەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردیدا بەدەست برسێتی و گرانی و بێکاری و بێمووچەیی و نەبوونی سەرەتاییترین خزمەگوزارییەکان دەناڵێنێ. لەدۆخێکدا کەهێرشەکانی دەسەڵات بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی مەحرومو دەستەنگی کۆمەڵگا بەوپەڕی خۆی گەیشتووە، لەدۆخێکدا کە قەیرانی حکومەتی و لێکترازانی ڕیزەکانی چینی دەسەڵاتدار و حزبەکان تادێت بەرین و بەرینتر دەبێتەوەو بێتوانایی ئەم دەسەڵات و سیستەمە بەمەسەلە ئابوری و سیاسیەکانی کۆمەڵگاو بەخواستەکانی خەڵك بەڕۆشنی خۆی نمایشکردووە. لەدۆخێکدا کە کوردستان لەگێژاوی سیاسیو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادا چەقیوە، ئەزمونی ١٧ی شوبات ئەتوانێ ئیلهام بەخشی شۆڕش و راپەڕینێك بێت، کەکۆمەڵگای کوردستان لەم بێدەرەتانیەی ئێستا دەربهێنێ بەرەو ئاڵۆگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەی بەرێت، کە لەئاکامیدا سەروەری بۆ جەماوەر خۆیان بگێڕێێتەوە. شوڕش و راپەڕینێك کە بەکۆبوونەوەی جەماوەری ناڕازی لەدەوری حزبی خۆیان، حزبی کۆمۆنیستی کرێكاریی و بە هاتنەمەیدانی رابەریەکی شۆڕشگێڕ و کارامە کەڕێبەری و ڕێنوێنی شێوەکانی خەبات لەدەست بگرێ و بە ئاسۆی دامەزراندنی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری ڕێکخراو لەشوراکانی خۆیدا، لەمەیداندا راوەستێ و هەنگاو بە هەنگاو هێزهاوسەنگی نێوان دەسەڵات و خەڵك بگوڕێ و زەمینەکانی هەستانێکی جەماوەری کە نەك هەر دەسەڵاتی ئێستا کۆتایی پێبهێنی بەڵکو لەدڵی ئەم خەباتەدا ناوکۆکەی دەسەڵاتدارێتی جەماوەری دامەزڕینێ و جوڵانەوەی جەماوەری سەربەخۆ و ڕاوەستاو لەبەرامبەر سەرجەم ڕەوتە بۆرژوازیەکاندا، بپارێزیت، تەنها دەرسێکە کە دەبێ لە ئەزمونی ١٧ی شوبات وەربگیڕێت. ئەمە ئەو دەرسەیە کەبەکراوەیی لەبەردەم خەبات و ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێستادایە.
١٦/٢/٢٠٢٢