دواخستنی موچەی مانگانەی کرێکارانی ژینگەپارێز، هیچ پاساوێکی خاوەن کۆمپانیاکان هەڵناگرێ!

کرێکارانی ژینگەپارێز چ ئەوانەی لە کومپانیاکانی کەرتی تایبەت کاردەکەن و چ ئەوانەش کە لەسەر میلاکی شارەوانیەکانن، سەرەڕای ماندووبون و خزمەتێکی گەورە کەپێشکەش بەکۆمەڵگای دەکەن، موچەیەکی یەکجار کەم وەردەگرن کەهەرگیز لەئاست بژێوی ژیانی ڕۆژانە و کارێکدا نییە کەئەنجامی دەدەن، بەڵام ئەوە خاوەن کۆمپانیاکان و شارەوانیەکانن، کە بەبیانونی دواخستنی سلفەو نەبونی پارەی پێویست لەبانکەکاندا، کێشەیەکی کەورەیان بۆ کرێکارانی ژینگە پارێز پێکهێناوەو موچەکانیان بۆ دوومانگو بگرە سێ مانگ دوادەخەن و هیچ مانگێك نییەو نەبووە لەکاتی خۆیدا موچەیان پێبدەن. دۆخێکی ئاواش کە هەرگیز مایەی تەحەمولکردن نییە، کرێکارانی ژێنگەپارێزی ناچار کردووە بەدەست لەکارکێشانەوەو مانگرتن. بەتایبەت لە قەزاو ناحیەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی. لە تەکیەی کامەند ناڕەزایەتیو مانگرتنی کرێکران پێی ناوەتە ١٣هەمین ڕۆژی خۆیەوەو لەچەماڵیش نزێك بە ١٠ ڕۆژە درێژەی هەیەو لەحاجیاواو ڕانیەو چوارقورنەش چەند ڕۆژێکە کرێکارانی ژینگەپارێز کاریان ڕاگرتووەو لەبەردەم شارەوانیەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیان سازداوە. جیاواز لەقەزاو ناحیەکان لەشاری سلێمانیش دوو کۆمپانیا خۆیان دەستیان لەکارکردن هەكگرتووە.

ئەم شەپۆلە لەناڕەزایەتی کرێکارانی ژینگەپارێز، کردەیەکی بەرهەقە و لەبەرامبەر زوڵمێکدا کەلێیان دەکرێ پێیناوەتە مەیدانەوەو هیچ پاساوێکیش هەڵناگرێ. دانی موچەی مانگانە لەکاتی خۆیدا، مافێکی یاسایی و دانپێدانراوە. ئەوەشی کەخاوەن کۆمپانیاکان دەیڵێن کەحکومەت سلفەیان بۆ سەرف ناکەن، وەیا ئەوەی شارەوانیەکان دەیڵێن کەپارە لەبانکەکاندا نییە، هیچ پەیوەندێکی بەکارو موچەی کرێکارانی ژینگەپارێزەوە نیە و لەم کێشەیەدا تەرەفێک نین، تەنانەت کرێکارانی ژینگەپارێز لەگرێبەستەکانیاندا ئیمزایان لەمەرجێکی ئاوای خاوەن کۆمپانیا و شارەوانیەکان نەداوە، تا موچەی مانگانەکانیان دوابخەن. ئەوەشی کەوەزارەتیکارو حکومەت، بەخاتری کۆمپانیاکان، پشت لە یاسا کارپێکراوەکانی خۆیان دەکەن و هیچ کاردانەوەیەک لەخۆیان نیشاننادەن، بەڵگەی شەریکبوونیانە لەو زوڵم و ناهەقیەی کە لەکرێکارانی ژینگەپاریز دەکرێت. کرێکارانی ژینگەپارێز کەتەنها سەرچاوەی داهاتیان موچەی مانگانەیانە، بەنەدان و دواخستنی موچەکانیان، لەدۆخێکدا کەگرانیو نەبوونی و باجو خەراجی دەسەڵاتداران، ژیان و بژێوی کرێکارانو خەڵکی هەژارو کەمدەرامەتی داڕماندووە، شتێکی ترنیە جگەلە توندکردنەوەی سیاسەتی سکهەڵگوشین و هەژارترکردن، کەحکومەت لەژێر ناوی چاکسازیدا، بەڕێوەی دەبات. 

ئەم دۆخە سەختەی کرێکارانی ژینگەپارێز و بێدەربەستی خاوەنکارو دەسەڵات، نیشانەی ئەوەیە کە نایانەوێت ئەم بەشە لە کرێکاران بەردەوامبن لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزای گشتی شارەکانی کوردستان و ئەگەریش درێژە بکێشێت ژینگەی شارەکان و ئاوهەوایەك کە بۆخۆی ناتەندورستە هێندەی تر پیس بێتو دەیان دەردو نەخۆشی بۆسەر دۆخی ناهەمواری تەندروستی هاوڵاتیان زیاد بکات، کەتەنها بازاڕی کۆمپانیاکانی بازرگانی دەرمان گەرم دەکات.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێز بۆ خواستی سەرفکردنی موچەکانیان شایانی پشتیوانی بەشەکانی تری کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازو ناڕازی کوردستانەو دەبێ بەتەواوی تواناوە پشتگیریان لێبکرێ. هاوکات دەبێ ئەم زوڵمو زۆرو دەستدرێژیەی خاوەن کۆمپانیاکان و ئەم هەڵوێستە نامەسئولانەیەی حکومەت و وەزارەتی کارەکەی لەقاوبدڕێ و ناچاربکرێن بە وەڵامدانەوەی خێرا بەخواستی کرێکارانو سەرفکردنی موچەکانیان. هاوکات داواش لە کرێکارانی ژینگەپارێز دەکەین کەڕێزی یەکگرتوو و سەربەخۆی خۆیان بپارێزن و چاو لە هێزی ڕێکخراو و سەراسەری خۆیان ببڕن و درێژە بەناڕەزایەتیەکانی خۆیان بدەن. 

کۆمیسۆنی کاروباری کرێکاران

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٩/٢/٢٠٢٢

Check Also

پێگەی ناسیونالیزمی کورد دوای هەڵبژاردنەکان و بەدیلی تر!!

عەبدوڵا مەحمود هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کۆتایی هات. بەپێچەوانەی پیشبینی و بانگەشەی لایەنەکان کە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *