فوئاد سادق
گۆڕەپانی سیاسی عێراق لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ دا، گۆڕانکاری گەورەو تازەی بەخۆوە بینوە. کێشمەکێشی لایەنە سیاسیەکان بۆ چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی، چۆتە ئاستێکی باڵاترەوە. هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، هەوڵێکی دەسەڵاتی بۆرژوازی بوو، لە شاڕێی لەباربردنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەرو بەتاڵکردنەوەی لەهەر نوزەیەکی شۆڕشگێڕانەو ڕادیکاڵی. ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەر گورزێکی کاریگەر بوو لە پڕۆسەی سیاسی تەوافقی نێوان ئیسلامی و مەزهەبی و قەومی و میلیشیا چەکدارەکان. ئەمە قڵشتی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و جەماوەری گەورەتر کردەوە. جەماوەری ناڕازی لەوە گەیشت، کە ڕیفۆرم و هەڵبژاردن لەسایەی ئەم دەسەڵاتە سیاسی و میلیشیایەدا ئیمکانی نییە. ئەم هەڵوێستەی خەڵکی عێراق، سەرئەنجام کاریگەری لەسەر ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی بەجێهێشت. لەلایەکەوە زیاتر لەسەدا هەشتای خەڵکی عێراق و کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، لەلایەکی ترەوە باڵێکی بۆرژوا ناسیۆنالیستی (نیشتمانی) کە گوایە دژی دەسەڵاتی میلیشیاین، چانسی زیاتریان هەبوو لە هەڵبژاردندا لە هێنانی کورسی زیاتری پەرلەماندا. ئێستا یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی بۆرژوا لە عێراقدا دەرگیری بووە، چونیەتی پێکهێنان و دامەزراندنی دەوڵەت و حکومەتە. ئەمە جگە لەوەی خواستێکی ناوخۆیی بۆرژوازیە لە عێراقدا، لەبنەڕەتدا خواستی هێزە سیاسی و دەوڵەتیەکانی سەرمایەداری جیهانیە بۆ چارەسەری کێشەکەو چارەنوسی دەسەڵاتی سیاسی.
ناکۆکی نێوان باڵەکانی ئیسلامی سیاسی پاڵپشت بەئێران و باڵی ناسیۆنالیستی پاڵپشت بە ئەمریکاو هەندێ لە ووڵاتانی کەنداو، لەسەر مانەوە یان کۆتایهێنان بە دەزگای حەشدی شەعبی و یەک دەستکردنەوەی هێزە سەرکوتگەرەکانی دەوڵەوت لە سایەی دەسەڵاتی یەک پارچەیی بۆرژوازی و یاساکانیدا، کێشمەکێشەکانی ئێستای باڵە جۆراوجۆرەکانی بۆرژوازی لە عێراقداو ململانێی پێکهێنانی حکومەتی تازەی عێراق، بەهەردوو ڕەوتەکەوە چ لایەنگرانی حکومەتی زۆرینە چ لایەنگرانی حکوومەتی ڕێکەوتن لەم چوارچێوەیەدا بەڕێوە دەچێ. لەهەمان کاتدا شەڕی پۆستە سیادیەکان لەبابەت سەرۆک کۆمارو سەرۆکی حکومەت و پەرلەمان درێژەی هەمان سیاسەتە. ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمارکێشەکە کەمتر لەسەر پۆستەکەیە زیاتر کێشە بنەڕەتیەکە لەسەر جێگیربونی جێگاو ڕێگای هەر یەک لە پارتی وەک پاشکۆی تورکیاو یەکێتیش وەک پاشکۆی ئێران، هەنگاوێک کە لەم نیوەدا پارتی دەستی پێکردوە، سەپاندنی خۆیەتی وەک تاکە نوێنەری ناسیۆنالیزمی کوردو تاکە مەرجەعی کوردستان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لەم ڕەوەندەدا، لەهەوڵی پاشەکشەکردن بە یەکێتی لە جێگاوڕێگایەک کە لە دەورانی پێشو لێی بەهرەمەند بووە، یەکێتیش بۆ دەستگرتن بەمەوقعیەتی خۆیەوە ئەیەوێ بۆ زیاتر پاشکۆ بوونی بە ئێرانەوە بەر بەم هەنگاوەی پارتی بگرێت.
بەڵام سەرئەنجام ئەم هەلومەرجە بوەتە هۆی گەورەبونەوەی قڵشتی نیوان دەسەڵاتدارانی کوردستان بەگشتی و قڵشتی نێوان پارتی و یەکیتی بەتایبەتی، ئەم گۆڕینی هاوکێشەیەو ململانێیە بۆ لایەنە سیاسیەکانی عێراقیش لە هەمان چوارچێوەدایە.
ئەم وەزعەی عێراق و کوردستان بەهەر جێگایەک بگات پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە یان حکومەتی ڕێکەوتن و تەوافقیە. سەرەنجام ناتوانێت سودێک بەخەڵکی عێراق و جەماوەری ناڕازی بگەیەنێت. بۆ لەمەودوا ئێمە شایەتی سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی جەماوەری ناڕازی دەبینەوە، بە ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەو سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی فراوانترو ڕادیکاڵتر لە خواست و داواکاری و بەهێزتر لەدەرکەوتن و ڕاوەستاوی لەبەرامبەر دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و کوردستاندا.