وەستا مەهدی
لە هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی پەیوەندیەکانی کار تا ئێستاش یاسای ژمارە٧١ی ساڵی ١٩٨٧کاری پێدەکرێت. سەرەڕای ئەوەی یاساکە ساڵانێکی زۆرە لەکاردایەو لەگەڵ هەلومەرجی کاروژیانی ئێستای کرێکاراندا ناگونجێ، بەڵام هێشتا خاوەنکارو دەسەڵاتیش وەك پێویست بڕگەو مادەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ ناکەن. بە پشتبەستن بە بڕیاری تاكلایەنەو بێبنەمای یاسایی، خۆیان سیستەمی کار‌و موچەو مافی کرێکاران بەگوێرەی دڵی خۆیان دیاری دەکەن. جۆرێك ساتوسەودا بەهێزی کاری کرێکارانەوە دەکرێ کە کرێکارانی لە هەلومەرجێکی سەختدا راگرتووەو لەزۆربەری ناوەندەکانی کاردا کرێکارانی بێزارکردوە. خاوەنکارەکارەکان هیچ بوارێکیان بۆ کرێکاران نەهێشتوەتەوە کە بتوانن بەرگری لە ماف و داواکاریە یاساییەکانیشیان بکەن. بەشێکی زۆری کرێکاران کۆیلە ئاسا مامەڵە بەهێزی کاریانەوە دەکرێت؛ بۆنمونە دەیانهەزار کرێکار کە لەکەرتی خزمەتگوزاری گشتی کاردەکەن وەك کرێکارانی ژینگەپارێزو کرێکارانی خزمەتگوزاری کەرتی تەندورستی و زۆبەری کرێکارانی کافتریاو مۆڵ و هوتێلەکان، سەدان هەزار کرێکاری بیناسازی، بەپێی یاسا ئەبێ مووچەکانیان یان حەقدەستەکانیان ئەوەندە بێت کە بتوانن لانی کەمی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دەستەبەربکات، کەچی بە رێنمایی وەزارەتی کار‌و بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لایەنیکەمی کرێ بۆ کرێکارێك بە٣٠٠هەزار دینار دیاریکراوە. ئەمە لەکاتێکدا کرێکارێك کە خاوەن خێزان بێت و کرێچی بێت و تەواوی ئەو باج و رسوماتەش کە بۆ کارەباو ئاو و تەندروستی و پەروەردەو کڕینی پێداویستی رۆژانەش هەیەتی دەبێ لەو کرێیە بیدات! ئەوە لەکاتێکدا کە لە زۆر جێگاشدا ڕەچاوی ئەو رێنماییانە ناکرێ و کەمتر لەو بڕە وەکو کرێ دەدرێ بەکرێکار.
ئەمە ئەوەمان پێدەڵێ کەسەرچاوەی مامەڵەکردن و هەرزان راگرتنی هێزی کرێکار حوکمەتە. لەکاتێکدا کە کەرتی خزمەتگوزاری دەخاتە موناقەسەوە، واتە قوتی کرێکاران دەخاتە موناقەسە و کومپانیای کەرتی تایبەت کار پێدەکا، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو هەلومەرجە سەختەی کە خاوەن کومپانیاکان بەسەر کرێکاراندا دەیسەپێنن. هاوکاتیش هەرحوکمەت خۆی ئەو گرێبەستە پێشێل دەکات کە لەگەڵ کومپانیاکاندا ئەنجامی دەدات و سولفەیان پێنادات. هەموو ئەم حاڵەتە نایاساییانە هەن و کاتێکیش کرێکاران داوای مافی خۆیان دەکەن خاوەن کومپانیا هەڕەشەیان لێدەکات و غەرامەیان دەکات. بۆنمونە لەم رۆژانە ٦٠ کرێکار لەکەمپی تەکیەی کاکەمەند کە بۆماوەی ٦٢ رۆژە بەبیانوی ئەوەی حوکمەت سلفەی راگرتووە، موچەکانیان کە٣٠٠هەزارە، لەلایەن کومپانیای شکارەوە نەدراوە و ئەوانیش وەکو ناڕەزایەتی کاریان راگرتووە، بەڵام چاودێری بەڕێوەبەراتی گشتی شارەوانیەکان هوشداری داوە بە کومپانیای شکار کە غەرامەیان دەکات چونکە کومپانیا پێشێلی گرێبەستی کردوەو شار پیس بووە! کومپانیاش بۆ قەرەبووکردنەوەی غەرامەی شارەوانیەکان، هەڕەشەی لە کرێکارەکان کردوە کە ئەگەر حوکمەت کۆمپانیا غەرامە بکات، ئەوا کۆمپانیاش هەر کرێکارێك بە بڕی ١٥٠ هەزار دینار غەرامە دەکات! ئەمە نمونەیەکی زیندووە. لەلایەکی ترەوە بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی کار دەڵێ خاوەنکار بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و کرێکاریش بەهەمان شێوەو یاسا لەسەرو هەموو شتێکەو موچەی کرێکارانیش نابێت بەهیچ بیانویەك دوابخرێت ، فەرمون ئەوەش مادە چواری یاسای کارپێکراوە لەهەرێمی کوردستان
ماده‌ی ٤ لەیاسای ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧
” ئه م یاسایه حهقدهستێ ده‌سته‌به‌ر ئه‌کات بۆ کرێکار که بتوانێت لایه‌نی که‌می ژیان بۆ خۆی و خێزانه‌که‌ی مسۆگه‌ر بکات، وه هه‌لیشی ده‌داتێ که له‌و پێشکەوتنه ئابوریه‌ی به‌دەست هاتووه که‌ڵك وه‌رگرێ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش چاو له‌دیاریکردنی حه‌قده‌ت ده‌کرێ به‌م جۆره:-
یه‌که‌م- جۆری ئه‌وکاره‌ی که کرێکاره‌که ئه‌نجامی ئه‌دا و چه‌ندایه‌تیه‌که‌ی، بۆئه‌وه‌ی که موچه‌که‌ی پابه‌ند بێت به به‌رهه‌مه‌که‌ی.
دوه‌م- یه‌کسانی له حه‌قده‌ستدا بۆ کاری وه‌ك یه‌ك له‌به‌رهه‌م و جۆردا، که له هه‌لومه‌رجی وه‌ك یه‌کدا ئه‌نجام ده‌درێ.
سێیه‌م- پارێزگاری له موچه‌و حه‌قده‌سته‌کان به‌جۆرێك که هیچی لێنهبڕدرێت ته‌نها ئه‌و بڕه نه‌بێت که به‌یاسا بڕیاری لێده‌درێت و بۆئه‌وه بێت که کرێکاره‌که پاشه‌که‌وتێکی هه‌بێت تا ژیانی خۆی و خێزانه‌که‌ی پێ به‌رێته‌سه‌ر به شێوه‌یه‌کی شایسته. به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه بڕیاری له‌سه‌ر ئه‌دا.”
ئێوە سەرنجی یاساکە بدەن و خۆتان دادوەربن و چارەسەرێك بۆ کرێکارانی ژینگەپارێزی تەکیەو هاوشێوەکانیان بدۆزنەوە لەنێوان کێشمەکێشی حوکمەت و خاوەن کومپانیان چی بکەن؟ ئەم کرێکارانە زۆربەی هەرەزۆریان کرێچین و ئەو مووچەیەی وەریدەگرن بەشیان ناکات. ئەگەر کومەک و هاوکاری خەڵك نەبێت ناتوانن ژیانیان بەڕێ بکەن. تەنانەت منداڵەکانیان لەجیاتی شیر شەکراویان پێدەدەن!
/٢/٢/٢٠٢٢