کرێکاران و هەڕەشەی لەسەر کاردەرکردن!

خەسرەو سایە                                                                                           

لەئێستادا لەسەرکار دەرکردنی کرێکاران، یەکێک لە گرفتەکانی پێشڕەوی بەردەم خەبات و ناڕەزایەتیەکانی کرێکارانە و بەڵاو هەڕەشەیەکە کەڕۆژانە بزوتنەوەی کرێکاری لەکوردستاندا دەخاتە بەردەم ئاستەنگێکی گەورەوە. ئەمە هەر بەو مانایە نییە کەلە سەرکار دەرکردن دەبێتە مایەی بێکاری و بێدەرامەتکردنی کرێکاران و خێزانەکانیان، بەڵکو لەو ڕوەشەوە کە لەسەرکار دەرکردن ڕیزی کرێکاران و یەکگرتوبونیان لەتو پەت دەکا و مونافەسەی مانەوە لەسەر کار، لەنێو کرێکاراندا پەرەپێدەداو دەستی خاوەنکارەکان ئاوەڵاتر دەکات کەزاڵمانەتر ڕووبەڕووی کرێکاران و هەرجۆرە ناڕەزایەتیەکیان ببنەوە. بەتایبەتیش لەدۆخیکدا کە لەکوردستان نە یاساکارێکی تایبەت بەکرێکاران هەیە و نەحکومەت و وەزارەتی کارو نەسەندیکا و دادگای کاریش ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لەچارەسەری کێشەکانی نێوان خاوەنکارو کۆمپانیاو کرێکاراندا هەیە. تەنانەت پەرشوبڵاوی ڕێزی کرێکاران و ناڕەزایەتیەکانیان و بەهرەمەند نەبونیان لەڕێکخراوەی پایەدار و سەربەخۆی خۆیان، لەچەشنی شوراو سەندیکا، هێندەی تر فرسەتێکی گەورەی داوەتە دەست خاوەنکارو کۆمپانیاکان تا بەئارەزوی خۆیان ئەم بەڵایە بەسەر سەری کرێکارانەوە رابگرن و هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردن بکەنە شمشێرێک بەسەر سەریانەوە، تا ناچاریان بکەن مل بەدۆخێکی سەختی کارو بێمافی بدەن و بەکرێی کەم و سەعاتکاری زۆر و بەبێ پێدانی هیچ جۆرە ئیمتیازاتێکی تر بیانکێشنە مەیدانی کارەوە. ئەو هەواڵانەش کە لەمبارەوە لەکارگەو کۆمپانیاکانەوە دەگوازرێنەوە، دیسانەوە ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت، کەخاوەنکارو کۆمپانیاکان، بەمەبەستی چاوچنۆکی و قازانجپەرستیان ڕۆژ نییە کرێکارانی بندەستیان بەدەرکردن لەسەر کارەکانیان نەترسێنن و بێدەنگ ڕایان نەگرن. بەمجۆرەش هاوسەنگی هێز لەنیوان کرێکاران و خاوەنکارەکاندا، بەیەکجاری لاسەنگ و بەزەرەری بزوتنەوەی کرێکاری شکاوەتەوە. بەڵام ئەم دۆخە ڕیشەکەی لەکوێدایە؟

سیستەمی کارو وەبەرخستنی کرێکاران، لەکوردستادا، بەیەکجاری زاڵمانەو یەکلایەنە لەدەستی خاوەنکارو کۆمپانیاکاندایە. بەجیا لەبێکاریەکی بەربڵاو کەلەکوردستاندا هەیە، هاوکات بوونی لەشکرێکی ئامادەبەکار کە بەدوای فرسەتی کاردا دەگەڕێ و ئەمەش چانسی زیاتری داوە بەخاوەنکارەکان تائەوەی بۆی دەگەڕێن، یانی کاری هەرزان و کرێکاری بێدەنگ، بەلێشاو چنگیان کەوێت. هاوکات لەئێستادا جۆرێک لەسیستەمی سەرمایەداری لەکوردستان کاردەکات، کە ئەحزابی حاکم ناوایان ناوە بازاڕی ئازاد، ئەمە بەو مانایەی کەدۆخی کارو ژیانی نەک هەر کرێکاران، بگرە جەماوەرێکی کەمدەرامەتی سپاردووە بەمونافەسەی نێوان سەرمایەو خاوەن کارو کۆمپانیاکان. لەم نێوەدا ئەوە خودی هەر ئەو حزبانەی کە دەسەڵاتدارن وحکومەت بەڕێوەدەبەن، خۆیان لەپشتەوە بەئاشکراو نهێنی بونەتە کۆمپانیاو خاوەنکارێکی مۆنۆپۆڵ وئەو سیستەمەیان لەکار داسەپاندووە کەهەڕەشەی دەرکردن لەسەرکاری بەرامبەر بەکرێکاران کردۆتە یەکێک لەو ڕێگایانەی کەکرێکاران ملکەچ دەکات بەهەموو مەرجێکی سەرمایەداران و دۆخێکی سەخت و پڕ چەوسانەوە. چونکە ئەمە یەکێکە لەو میکانیزم و ڕەوشتانە کەخاوەنکار بەهۆیەوە دەتوانێت قازانج و سەرمایەی لەڕادەبەدەر کەڵەکەو کۆبکاتەوە. لەلایەکی تریشەوە هەرخودی ئەم حزبانەو حکومەتەکەیان، جگەلەوەی “سیستەمی دامەزراندنی مەرکەزی”یان هەڵوەشاندۆتەوەو هاوکات، مەسەلەی دامەزراندنی هەر کرێکارێکیان کردۆتە بەشبەشێنەی خۆیان و بەبێ تەئیدی حزبی کەم کەس دەتوانێ کارێکی گونجاو و شایستە لەبازاڕی کاردا دەستکەوێت. بەم جۆرەش مەسەلەی زەمانەتی کار و لەسەر کارمانەوە، چۆتە قوڕگی شێرەوە و هیچ کرێکارێک دڵنیا نیە کەی و بەچ پاساوێک لەسەرکارەکەی دەردەکرێ. لەوەها دۆخێکدایە کەملکەچ پێکردنی کرێکاران، یەک واقعیەتی تاڵ و بەردەوامی ئەم سیستەمەی بازاڕی ئازادە کەچینی دەسەڵاتدار دای سەپاندووە.  

بەڵام ئەگەر وردتر لەم سیستەمە وردبینەوە ئەوا ئەو ڕاستیە بەڕۆشنی دەبینین کەخاوەنکار و کۆمپانیاکان، نەک هەر لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتیوانی دەکرێن و لەڕێگای “دەسەڵاتی وەبەرهەمهێنانەوە” زەوی و قەرز و کارەباو سوتەمەنی و دەیان ئیمتیازی تریان لەدەرەوەی نرخی بازاڕ پێدەدرێت، بەڵکو دەسەڵاتی تەواویان هەیە لەسەرو یاساوە چۆنیان بوێت و بخوازن ئاوا کرێکاران کارپێبەکەن. لەمەشدا تا ئەو جێگەیەی بۆیان بکرێ و بۆیان بچێتە سەر یەکلایەنە دەیان مەرجی سەخت و زاڵمانە، ڕووبەڕووی کرێکاران دەکەنەوەو ئەگەریش کرێکاران پەیڕەوی لێنەکەن ئەوا لەسەرکارەکەیان دەردەکرێن، کەوایە سیستەمەکە بەجۆرێکە کە کرێکاران مل بەهەموو شتێک بدەن و نەشتوانن هیچ داواو داخوازیەک لەخاوەنکار بکەن. لایەنێکی تری ئەم سیستەمەی کار لەهەرێمی کوردستان گرێ دەخواتەوە بە مونافەسەو “موناقەسەی کۆمپانیاکان” خۆیانەوە، واتە “سیستەمی پەیمانکاری و گرێبەستەکان”. پەیمانکاری بەو مانایەی کە هەر کۆمپانیایەک کەپڕۆژەیەک لەحکومەت بەگرێبەست وەردەگرێ، کەتێیدا کۆمپانیاکە پەیوەست کراوە بەکۆمەڵێک مەرجەوە کەبەڕۆشنی ماوەی پڕۆژەکەو بڕی کرێی و سەعاتکاری ڕۆژانە و ژمارەی کرێکارانی تێدا جێگیرکراوە، بەڵام خودی ئەم پەیمان بەستنەی کۆمپانیاکە ئەو مافەشی پێداوە کەبەئاسانی بتوانێ دواتر پڕۆژەکە بەهەرزانتر بەکۆمپانیایەکی تر بفرۆشێتەوە و ئەویش ئەگەر نەی فرۆشێتەوە بەکەمتر ئەوا کرێکارەکانی ژێر دەستی وابەستە بەگرێبەستێك دەکات کەهەموو مەرجەکانی خاوەن کۆمپانیا تازەکە دایناوە و هەر ئەوەش بەسەر کرێکارەکانیدا دادەسەپێنێت. مەرجەکانیش بەڕۆشنی لەسەرو یاساوەیە و تەنانەت دژ بەهەموو ئەو مافە کەم و نیوە ناچڵەشە کەیاسا کارپێکراوەکان لەهەرێمدا داویەتی بەکرێکاران. لەمەش زیاتر ئەم جۆرە لەسیستەمی کار کاتێک دێتە سەر گرێبەستی نێوان کرێکارانو خاوەنکارەکان یەکتەرەفە بەکرێکارەکان ئیمزا دەکرێ، بەبێ ئەوەی هیچ داواو مافێکی کرێکاران تێیدا لەبەرچاوگیرابێت. بەواتایەکی تر ئەوەی کرێکاران لەگرێبەستەکانیاندا لەسەریانە تەنها لێدانی ئیمزاکەیەتی، ئەویش بەئیجباری بۆئەوەی کارەکەی پێبدرێت. دواتریش ناچارە مل بەهەموو ئەو مەرجانە بدات کەخاوەنکارەکە پێشتر لەگرێبەستەکەدا جێگیری کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی یاسا دەبێ گرێبەستی کار دولایەنە بێت، واتە کرێکارەکە یان خۆی وەیا بەنوێنەرایەتی کرێکاران، لەناوەڕۆکی کارەکە و مافەکانی ئاگادار بێت. کاتێکیش گرێبەستی کار بۆ کرێکاران ئیجباری و ناچاری بێت، ئەوا لەسەرکاردەکردن دەبیەت مافێکی بێئەملاو ئەولای خاوەنکارو کۆمپانیاکان و دەتوانن بەبێ هیچ یاساو ڕێسایەک یەکلایەنە کرێکاران لەسەرکارەکەیان دەربکەن. تەنانەت ئەوەش پشت گوێ بخەن کاتێک کرێکارەکە بێکار دەکرێت، هیچ موچەیەکی پێنەدرێت تا لەدەورانی بێکاری و گەڕان بەدوای کاردا، لانیکەم ژیانی خۆی و خێزانەکەی پێزامن بکات. ئەمە ئەو دۆخەیە کەچینی دەسەڵاتدار بۆ کرێکارانی خوڵقاندووە و چەکی لەسەرکار دەرکردنی سپاردووە بەخاوەنکارو کۆمپانیاکان و ناویان لێناوە “بازاڕی ئازاد”.

بەڵام کرێکاران دەبێ چی بکەن و چۆن ڕووبەڕووی ئەم دۆخە ببنەوەو شمشێری لەسەر کاردەرکردن لەدەستی خاوەنکارو کۆمپانیاکان دەربهێنن؟

بێگومان ‌وشیاری کرێکاران بەدۆخی خۆیانو یەکگرتووبون و لەمەیداندا ڕاوەستانیان، تەنها ڕێگایەکە نەک هەر بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانی ڕۆژانەیان، بەڵکو ئەزمونی خەباتی کرێکاران ئەوەی سەلماندووە کەهەر لەم ڕێگایەوە دەتوانن ڕووبەڕووی هەر دەستدرێژی و هەڕەشەیەکی خاوەنکارو کۆمپانیاکان ببنەوە و بەهێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوبونی خۆیان هاوکێشەکە پێچەوانە بکەنەوەو ڕێگانەدەن زوڵم و زۆری سەرمایەداران ببێتە دۆخێکی ئاسایی بەسەر ژیانو کاری کرێکارانەوە. ئەزمونی خەباتی کارمەندان و کرێکارانی سکیوریتی لەکارگەی دەلتا و ڕاوەستانەوەیان بەڕووی بڕیاری لەسەرکار دەرکردنی کرێکاران ئەو دەرسەی سەلماند کاتێک کرێکاران یەکگرتوو دێنەمەیدانی ناڕەزایەتیەوەو بەپشتیوانی یەکتر، ماندەگرن و چەرخەکانی کار ڕادەگرن و دەرگای کارگەکان دەبەستن، ئەتوانن ببن بەو هێزەی نەک هەر بڕیارەکانی خاوەنکار هەڵوەشێننەوە، بگرە بەخواستەکانی خۆیان لەڕاستای باشکردنی دۆخی کارو ژیانی خۆیان بگەن. بەڵام کاتێک کە کرێکاران لەپەیوەند بەگرێبەستەکانەوە لەگەڵ هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردن بەرەوڕوو دەبنەوە ئەوا یەکەمین هەنگاو کەدەبێ لەبەرچاوی بگرن بونیانە بە تەرەفی دووم لەئیمزاکردنی گرێبەستەکاندا. واتە دەبێ بەکردەوە هیچ گرێبەستێک بەبێ ڕاوێژ و ئامادەگی نوێنەرایەتی کرێکاری چ بەتاکو چ بەکۆ لەهەر گرێبەستیکدا ئیمزا نەکرێ و هاوکات دەبێ خاوەنکار ئەم مافەی کرێکاران بەڕەسمی بناسێ و ناچاربکرێ بەپەیڕەوی لێکردنی. لێرەوەیە نوێنەرایەتی کرێکاری و ئیعتبارپێدانی دەبێتە ئەڵقەیەک بۆ دەخالەتی کرێکاران خۆیان و بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنوس و زامنبوونی کارەکانیان، بەتایبەتیش کاتێک کە هێزی یەکگرتووی کرێکاری لەدەوری خواستی “لەسەرکاردەرکردنی کرێکاران بەبێ ڕاوێژ و بڕیاری نوێنەرایەتی کرێکاران قەدەغەیە” دەبێتە خاڵیکی ئاگایی و یەکخستنی ڕیزی کرێکاران. بەدڵنیایەوە گەیشتن بەم خاڵە ئەوا زۆر بەسادەیی هیچ خاوەنکارێک ناتوانێت بڕیاری یەکلایەنە لەسەر کاری کرێکاران بدات و بەئارەزوی خۆی لەسەرکار دەریان بکات.

لەمەش زیاتر ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی کرێکاران بەوە بگات نوێنەرایەتی کرێکاری لەگرێبەستەکاندا جێبخاو وەک تەرەفێک لەبەرامبەر خاوەنکارەکاندا ڕۆڵ بگێڕێت، ئەوا لەوکاتانەشدا کەخاوەنکارو کۆمپانیاکان پڕۆژەکانیان بەکۆمپانیایەکی تر بفرۆشرنەوە، وەیان لە”موناقەسەدا” جارێکی تر ئاڵوگۆڕ بەسەر ئاستی کرێ و ماوەی کاری پڕۆژەکەو سەعاتکاری ڕۆژانەدا بێت، ئەوا دیسانەوە، خاوەنکار ناتوانێ هەروا بەئاسانی و یەکلایەنە بڕیار لەچارەنوسی کار وکرێی کرێکاران بدات. چونکە نوێنەرایەتی کرێکاری پێشتر ئەو فرسەتەی هەبووە کەچۆن لەگەڵ خاوەنکارەدا ڕێکەوتووەو چ مەرجێکی بەقازانجی کرێکاران لە هەرگرێبەستێکدا جێگیرکردووە. ئەمەش بەمانای ئەوەدێت کەئیتر گوێزانەوەی پڕۆژەکان لەکۆمپانیایەکەوە بۆ کۆمپانیایەکی تر، ناتوانێ راستەوخۆ لەسەر کاردەرکردنی کرێکاران وەک بڕیارێکی یەکلایەنە لەدەستی خاوەنکارو کۆمپانیاکاندا بهێڵێتەوە. کەوایە ئەگەر کرێکاران دەیانەوێت هەڕەشەی لەسەرکاردەرکردن لەدەستی خاوەن کار و کۆمپانیاکان دەربهێنن ئەوا دەبێ خەباتی خۆیان لەدەوری خواستی لەسەر کاردەرکردنی کرێکاران بەبێ راوێژو بڕیاری نوێنەرانی کرێکاری قەدەغەیە” هەر لە ئیستاوە یەکگرتووانە چڕبکەنەوە.

٢٢/١/٢٠٢٢

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *