نوری بەشیر
سەرکەوتنی هاوپەیمانی چەپ و دەنگهێنانی گابریل بوریکی ٣٥ ساڵە کە هەڵسوڕاوێکی چەپی خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران بوو وەک سەرۆکی ئەو وڵاتەو لە هەمانکاتدا شکستی خوان ئەنتۆنیۆ کاست وەک نوێنەری بۆرژوازی و لایەنگری سیاسەتی ئۆگۆستۆ پینۆشێتی دیکتاتۆر لە ١٩ی دیسەمبەردا وەک یەکێک لە گەورەترین ڕووداوەکان لە جیهاندا قسەوباسی لەسەردەکرێت.
ئەم ئاڵوگۆڕەی شیلی لەبردنەوەی چەپەکان لە هەڵبژاردنی ئاخری ساڵی ٢٠٢١دا لە میدیاکانی ئەمریکای لاتین، میدیای بۆرژوازی لەئاستی ئەوروپا وەک بی بی سی و یۆرۆنیوز، میدیای چەپ لەئاستی دنیادا تا دەگاتە میدیای وڵاتانی عەرەبی؛ لە عەرەبیە و جەزیرەوە لەگۆشەی جیاجیاوە وەک سەرکەوتنی چەپ و شکستی راستی بۆرژوازی لەو وڵاتەدا ناویان برد. هەندێک “گابریل بوریکی” چەپی براوەی بە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و هەندێکیتر بە چەپی نوێ و بەشێکیتر بە سۆسیال دیموکرات ناویان بردوە.
ئەم سەرکەوتنەی بەرەی چەپ و بەتایبەت گابریل بەرهەمی ناڕەزایەتیەکانی سێ ساڵی رابردوو بوو کە کۆمەڵگەی شیلی لە کرێکاران، قوتابیان، ژنان و کەمدەرامەتانی کۆمەڵگە لەبەرامبەر دەسەڵاتی سێ دەیەیی دوای دەسەڵاتی پێنوشێی سەرکوتگەری بۆرژوازیدا کە سەرکوت و کوشتارو برسیکردنی کردبووە نسیبی خەڵک، هاتبونەمەیدان. لەم سێ ساڵەی ناڕەزایەتیدا بەدەرەجەیەک کۆمەڵگا جەمسەرگیری چینایەتی بەخۆوە بینی، زۆرتر چەپەکانی لەبەردەم ئامادەیی زیاتر و هەتا رۆشنتربوونەوەی کێشەکانی ناوخۆیان و ناچارکردنی کۆنگرێسی چیلی بۆ رێفراندۆم لەسەر دەستورێکی نوێ و ئاڵوگۆڕ لە دەستورێک کە دریژکراوەی دەستوری سەردەمی “پێنوشێی” دژی کرێکاران و کۆمۆنیستەکان بوو.
کۆبوونەوەی زۆربەی چەپەکانی شیلی لە هاوپەیمانی چەپەکاندا و وەستانەوەی زۆربەی کۆمەڵگە بەرامبەر سیاسەتی بۆرژوازی و نیولیبراڵیزمەکەی و بەتایەبت بەشداری زیاتری کرێکارانی کانەکان لە دەنگداندا وایکرد دەورەی دووەمی هەڵبژاردنی لەبەرژەوەندی چەپەکان بێت و” بوریکی ” لاو سەرکەوتنی بەدەستهێنا بە ٪٥٦ لەبەرامبەر لە ٪٤٤ شکستی ئەنتۆنیۆ کاست وەک نوێنەری بۆرژوازی و راستی کۆمەڵگە. ئەمە تۆڵەی کرێکاران و خوێندکاران و ژنان بوو لە دەسەڵاتی دژی ئینسانی بۆرژوازی و سەرمایەداران و نیولیبراڵیزمەکەیان.
ئەوەی گرنگە لەم هەڵبژاردنەی شیلیدا بەرەی چەپ سەرکەوتنی بەدەستهێناو دەسەڵاتی گرتە دەست، لەبەرئەوەی هەر لەم ساڵەدا لەژمارەیەک وڵات چەپەکان دەنگیان چووە سەرەوە، بەڵام دەسەڵاتیان نەگرتە دەست. لەکاتێکدا چەپەکان لەشیلی لەبەرژەوەندی خەڵک دەنگ دەهێنن، سەرمایەداری لەدنیاداو بەتایبەت وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، روسیا، چین و ئەوروپا خەریکی سازدانەوەی دەسەڵاتەکانیانن و پشتگیری بۆرژوازین لە وڵاتانی تردا، بۆ ئەمەش دەست بۆ دژی ئینسانیترین سیاسەتی کوشتارو برسیکردن و هێنانی دەسەڵاتی وەحشیگەری قەومی و ئیسلامی دەبەن لەچەشنی هێنانەوەی تاڵیبان و سازدانەوەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازی لە سودان، عێراق، لوبنان، کوردستان و لیبیا، بەڵام لە شیلی بەپێچەوانەوە هاتنەمەیدان و تۆڵەی کرێکاران و قوتابیان و ژنان بوو کە بۆ بەرژەوەندی خەڵک و بۆ دەسەڵاتێک کە تێدا ئاڵوگۆڕ لەبەرژەوەندی خەڵک بڕواتە پێشەوەو سەرکوتی دژی ئینسانی سەرمایەداری پاشەکشەی پێبکرێت.
بەڵام خاڵیک کە بۆ ئێمە کۆمۆنیستەکان گرنگە لەبەرچاوی بگرین ئەوەیە کە لەپاڵ ملیۆنان خەڵکی دنیاو شیلیدا ئەم سەرکەوتنەی چەپ کە سەرکەوتنی جەماوەری ملیۆنی شیلەیە خۆشحاڵمان دەکات، بەڵام نابێت خۆشخەیاڵ بین و ئەم سەرکەوتنەی هەڵبژاردن بەکۆتایی سەرکەوتنی کرێکاران و جەماوەری بەشمەینەت بزانین.
لەجیهاندا لەم چەند ساڵەی رابردوودا زۆرگۆڕانکاری روویاندا، بەڵام لەبەرژەوەندی خەڵک نەبوون. هەندێ لە چەپەکان هێزیان گرت، بەڵام بەردەوام نەبوون. بردنەوەی “سریزا” لەیۆنان وەک حزبێکی چەپ هاتە دەسەڵاتیش، بەڵام نەیتوانی سەرکەوێت. هەموومان چەپی ناو حزبی کرێکارانی بەریتانیامان بینی کە هاوبەشی دەسەڵات بوو هێزی زۆریشی گرت، بەڵام لەبەرئەوەی چەپێکی ریفۆرمیست بوو لەبەرامبەر سیاسەتی بۆرژوازیدا کە حزبی پارێزگاران بوو خۆی نەگرت و خراپ پاشەکشەی کرد.
گابریل بوریک لە خۆپیشاندانەکاندا بە دروشمی: من بە کەرامەتی مرۆڤ دەنگ دەدەم و بەدوایدا لە دەورەی هەڵبژارندا بەبەڵینی چاکسازی لە کەمکردنەوەی کاتژمێری کار لە ٤٥ بۆ ٤٠ کاتژمێر، دژی ناعەدالەتی، چاکسازی لە سیستەمی تەندروستی و خانەنشینی و لەیەکەمین قسەیدا دوای هەڵبژاردن وتی: شیلی پێگەی نیولیبرالیزم بوو لەمەودوا دەبێتە گۆڕەکەی.
ئەم وتەیەی دوایی بوریک وەک دروشم گرنگە، بەڵام لەواقیعیکدا کە بۆرژوازی و سەرمایەداران زۆرێک لەجومگەکانی کۆمەڵگایان لەدەستدایە، دەسەڵاتی بوریک یش لەناو پەرلەمان و چوارچێوەی سیاسەتی بۆرژوازیدایە، دەسەڵاتی بانکی نێودەوڵەتی و دەخالەتی بۆرژوازی لە دنیادا هەیە، ئەگەر ئەو وتەیە نەکاتە پراکتیک بۆ ئاڵوگۆڕی ریشەیی کۆمەڵگە، ئەوا شیلی نەک نابێتە گۆڕی نیولیبرالیزم بەڵکو ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە خاڵی کۆتایهێنانی ناڕەزایەتیەکانی ئەو چەند ساڵەی رابردو.
لێرەدا تەنها قسە لەسەر ئەوە نیە کە چەندە هێزی بۆرژوازی دەبەیتە دواوە یان دەیڕوخێنیت، بەڵکە قسە لەسەر ئەوەیە کە خۆت چی لەجێگای دادەمەزرێنیت. لەهەلومەرجی ئێستادا بوریک و دەسەڵاتە چەپەکەی گرنگیەکەی لە هاتنەسەر دەسەڵات ئەوەیە کە فەزای دیکتاتۆری سەرکوتی بۆرژوازی دەچیتە دواوە و فەزای ئاوەڵای سیاسی بۆ کرێکاران و کۆمۆنیستەکان دێتە پێشەوە کە بتوانن هیزی تێدا بگرن، لەوانە زەرورە کرێکارانی سەرتاسەری شیلی هەم لەرێکخراوی کرێکاری خۆیاندا سازماندراو بن هەمیش کۆمۆنیستەکانیش حزبی کۆمۆنسیتی و کرێکاریی خۆیان پێکبهێنن و مۆری خۆیان بدەن لەو دەورەیەو شوراکانی خۆیان لەگەڕەک و کارگەکاندا سازبدەن بۆ دەسەڵاتدارێتی جەماوەری و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی بۆرژوازی و سەرمایەداران.
سەرەتای جەنیوەری ٢٠٢٢