موحسن کەریم
کۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش، کۆتایی مێژووی ئەو ڕەوتە تیرۆریستیە بوو کە لە بنباڵی ئەمریکاو تورکیاو ووڵاتانی کۆنەپەرستی وەکو ئیمارات و سعودیەدا چەکەرەی کردو لەماوەیەکی کەمدا پانتاییەکی گەورە لە خاکی عێراق سوریای خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە و دەیان هەزار چەکداری ئیسلامی لە سەراسەری دنیاوە بۆخۆی کێش کرد. داعش لە ململانێی نێوان ئەمریکاو ڕوسیاو هاوپەیمانە ناوچەییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، سەری هەڵداو پوکایەوە. داعش ئیتر ئەو هێزە نەما کە ئەفسانەی دەخوڵقاندولە هەولێرەوە تا بەغدا لەبەردەمیدا هەڵدەهاتن. داعش بوە هێزێکی هەڵوەشاوەی بێ سەرو بێ ناونیشان کە جارجارە لە جێگایەکی عێراقەوە، چەند چەکدارێك بەناویەوە کردەوەیەکی پارتیزان ئاسایان دەکردو تەواو. بەشێکی زۆری چەکدارەکانیشیان لە زیندانەکانی “هەسەدە”دا دەستبەسەر و ئەسیرن!
بەڵام روداوەکەی زیندانی حەسەکە، پەیامێکی دیکە دەگەیەنێ! کردەوەیەکی سەربازی لەوجۆرە رێکخراو و هاوکات یاخیبوونی زیندانیەکانی داعش و دەستگرتن بەسەر چەکی ناو زیندانەکەدا و هەروەها شەڕکردن بۆماوەی سێ رۆژ لەناو شاردا و لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا و لەژێر بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکادا، شتێك نیە بێجگە لە دەستبردنەوە بۆ کارتی فشاری داعش لە دەورەیەکی نوێی قوڵبوونەوەی ململانێی ئەمریکاو ڕوسیا لە مەسەلەی ئۆکرانیا لەلایەك و لەلایەکی دیکەوە هەلومەرجێکی سیاسی ناجێگیرو پڕ پشێوی ئێستای ناوچەکەو بەتایبەتی عێراق، کە بوەتە مەیدانی ململانێی ڕاستەوخۆی ئەمریکاو ئێران لەسەر ساغکردنەوەی حکومەتی داهاتووی عێراق، کە هەریەکە دەیەوێ بەلای خۆیدا رایبکێشێت.
ڕاستیەکەی هێشتنەوەی ئەو چەند هەزار زیندانیەی داعش لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا و گوێ لێخەواندنی ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژاوا بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە، کە چارەنوسی سیاسی دەسەڵاتە خۆبەڕێوەبەریەکەی هەسەدە نادیارەو هەڵوسراوە، مەترسیەکی جدیە لەسەر خەڵکی ناوچەکەو دەتوانی هەمیشە کارتێکی فشار بێت بەدەستی ئەمریکاو ووڵاتانی کۆنەپەرستی وەکو تورکیاوە بۆ مامەڵەو سەدای سیاسی و بۆ تێکدانی بارودۆخی ئەمنی و ژیانی خەڵکی عێراق و سوریا لەپێناو بەرژەوەندیە گڵاوەکانی خۆیاندا. بۆیە قبوڵکردنی هەسەدە بۆ ڕاگرتنی ئەو هەزاران زیندانیە تیرۆریستانەی داعش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر خەڵکی کوردستانی سوریا بەتایبەتی و خەڵکی عێراق و سوریا بەگشتی. دەبێت فشار بۆ ئەمریکاو ووڵاتانی ئەوروپا و ڕوسیا بهێنرێت کە چارەنوسی ئەو داعشانە یەکلایی بکەنەوەو ئەو بەرپرسیارێتە سەختەو خەتەرناكە نەخەنە ئەستۆی هێزەکانی هەسەدە!