سەرانی کوردایەتی لە ستایشی گەورە تیرۆریستێکدا!

موحسن کەریم                             

رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٦ی کانونی دووەم، لە تەلاری هونەر لە سلێمانی مەراسیمی دووەمین ساڵیادی کوشتنی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران کرایەوە. سەرانی کوردایەتی بە گەورەو بچوکیانەوە دەست لەسەر سنگ ڕاوەستابوون و ستایشی ئەم گەورە تیرۆریستەیان دەکرد و وەکو دڵسۆز و فریادرەسی خەڵکی کوردستان دەیان ناساند. ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە زارا محمدی مامۆستای زمانی کوردی دانیشتووی شاری سنەی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامی لەسەر وتنەوەی زمانی کوردی سزای ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا!

چەندە شەرمەزاریەکی گەورەیە، ستایشی سەرکردەی دەوڵەتێکی کۆنەپەرستی تیرۆریست پەروەری دژە مرۆیی بکەیت و بە باڵایدا هەڵبدەیت کە ئەو دەوڵەتە تەنها لەسەر ئەوەی مامۆستایەك زمانەکەی تۆ فێری مناڵان دەکات، فێری خوێندن و نوسینی ئەو زمانەیان دەکات کە تۆ بەزمانی رەسمی حکومەتەکەتی دەزانی، لە کونجی زیندان توند بکات وەکو ئەوەی تاوانێکی گەورەی ئەنجام دابێت! چ خەجاڵەتیەکە بۆ سەرانی کوردایەتی کە گەورە تیرۆریستێکی سەرکردەی سوپای تیرۆریستی قودس کە بەرپرسە لە تیرۆرکردنی دەیان هەڵسوڕاوی سیاسی کوردی ئێرانی لە کوردستانی عێراق، وەکو پشتیوان و خەمخۆرو فریادڕەسی خەڵکی کوردستان بناسێنن و لەبەردەمیدا بچەمێنەوە!؟ چ شەرمەزاریەکە بەناوی بەرگری لە زمانی کورد و نەتەوەی کورد دەیان ساڵ کوڕ و کچی خەڵکی کرێکار و زەحمەتكێشی کوردستان بە کوشت بدەیت لە شەڕەکانی خۆتدا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی (غەیرە کورد)دا، کەچی کاتێك دێتە سەر ئەوەی لایەك لە خۆت دەکەنەوە، هەر ئەو تاوانبارانەی هەزاران هاوزمانی تۆیان کوشتوە، کیمیابارانیان کردوە، ئەنفالیان کردوە، لەسێدارەیان داون، زمانی دایکیان لێ قەدەغە دەکەن، هەرجۆرە چالاکیەکی کەلتوریشیان لێ قەدەغە بکەن، کەچی تۆ بە دادوەر و خەمخۆرو دڵسۆزی خەڵك لە قەڵەمیان بدەیت و بانگەشەیان بۆبکەی! بەوە دەڵێن دیپلۆماسی یاخود ئەوپەڕی ڕۆچوونە بۆناو زەلکاوی رەزالەت و بێبەهایی و بێ مۆراڵی!؟ کام بزوتنەوەی بۆرژوازی بەڕادەی بزوتنەوەی کوردایەتی بێ شەخسیەت و زەلیلە لەبەردەم دوژمنەکانی خەڵکەکەی خۆیاندا!؟

قاسم سلێمانی، سەرکردەیەکی دیاری رژێمی ئیسلامی ئێران بوو کە دەوری هەبوو لە بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە کوردستان و ناوچەکەدا. دەوری هەبوو لە وێرانکردنی بارودۆخی سیاسی کوردستان و پاشەکشەپێکردنی بەقازانجی کۆنەپەرستی ئیسلامی و دەستی باڵا پەیداکردنی باندە تیرۆریستەکان کە لەناو جەرگەی کوردستانی عێراقدا کە تا ئێستا چەندین نەیاری رژێمی ئێرانیان تیرۆرکردوە. دەوری سەرەکی هەبوو لە دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و هیرشکردنە سەر کەرکوك و ناوچەکانی بڕیاری ١٤٠ و تەسلیمکردنەوەی بە حەشدی شەعبی تاوانبار دوای ئەنجامدانی ڕایفراندۆم. ئەو هەموو ستایشەی سەرانی کوردایەتی بۆ قاسم سلێمانی گەورە تیرۆریست تەنها داماوی و زەلیلی خۆیان نیشان دەدات!

ئەمە پیشەی سەرانی کوردایەتیە کە هەمیشە لەبەردەم دوژمنەکانی خەڵکی کوردستاندا بچەمێنەوە. رۆژێك تاڵەبانی لەسەر گۆڕی خومەینی تاوانبار دەگری و رۆژێك سەدام بە دادوەر ناوزەد دەکات. رۆژێك چەکدارانی بارزانی لەپێشەوەی سوپای پاسداران هێرش دەکەن سەر خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستانی ئێران و رۆژێك لەگەڵ سەدامدا دەبنە هاوخەبات و بە سەرۆك ناوی دەبات و سەدامیش هەولێری لەژێر دەستی یەکێتیدا بۆدەردەهێنێ! سەرانی کوردایەتی هیچ باکیان لەم سیاسەت و کارانەیان نیەو بە شانازیەوە ئەنجامی دەدەن و ناوی دەنێن تاکتیکی سیاسی و دیپلۆماسیەتی سیاسی! بەڵام بەڕاستی ئەم پێست قایمیە و ئەم نانخواردنە بە نرخی رۆژ هەر لەوان دەوەشێتەوە. مرۆڤ ئەگەر کەمترین حساب بۆ کەسایەتی خۆی بکات، بەو ئەندازەیەی ئەوان زەلیل و بێ مۆراڵ نابێت! کێ هەیە کەمێك شەرم لەخۆی نەکات و ئەو هەموو رووزەردیە قبوڵ بکات، ئەگەر بەڕاستی خاوەنی شەهامەت و مۆراڵ و بەهای سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت!؟

ئایا کاتێك خەڵکی شاری سنە لەبەردەم دادگای سنەدا کۆدەبنەوەو ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بڕیاری دادگاکەی رژێـی ئیسلامی ئێران و قاسم سلێمانی و زیندانیکردنی زارا محەمەدی دەردەبڕن، لەولاشەوە سەرانی کوردایەتی لە کوردستانی عێراق دەبینن کە ستایشی جەلادەکانی ئەوان دەکات، دەبێ چ هەستێکیان هەبێت!؟ ئایا هەڵوێستی ئەوان چی دەبێت کاتێك ستایشی یەکێك لە جەلادەکانی کوڕو کچەکانی ئەوان دەکەیت؟ بەدروست ئەگەر کەسێك ستایشی عەلی حەسەن مەجید بکات، هەڵویستی خەڵکی کوردستانی عێراق چی دەبێت بەرامبەری؟ هەڵوێستی خەڵکی هەڵەبجەو گەرمیان و قەرەداخ و بەرزانیەکانی قوشتەپە چی دەبێت بەرامبەری!؟ بەڕاستی ئەم سەرانەی کوردایەتی بێجگە لە خەجاڵەتی بۆ خەڵکی کوردستانیش هیچ خێرێکی دیکەیان نیە! ئەوان نەك نانی خەڵکیان بڕیوەو ژیانیان لێکردوون بە دۆزەخ، نەك ئازادییان لەژێر پێ دەنێن و خۆپیشاندەران و خەڵکی وەتەنگهاتوو لە برسێتی و نایەکسانی وەکو تاوانبارو تیرۆریست لەقەڵەم دەدەن، نەك هەر ئایندەیان لێڵ و تاریك کردوون، بەڵکو بونەتە مایەی شەرمەزاری بۆ خەڵکەش کە بەناوی ئەوانەوە، حوکم دەکەن، قسە دەکەن و خویان وەکو نوێنەری شەرعی خەبات و قوربانیەکانی دەیان ساڵەی ئەوان دەناسێنن! خەڵکی کوردستان دەبێ هەرچی زووە خۆی لەم ناکۆکیە رزگار بکات. ئیتر نابێ بۆگەناوی سیاسەتی ئەوان لەپێێ خەڵکی کوردستان بنوسرێت. ئەوان دومەڵێکن لەسەر جەستەی خەڵکی کوردستان و دەبێ بە زوترین کات نەشتەرگەری بکرێن!

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *