خزمەتگوزاریەکان چی لێهات ؟؟

وەستامەهدی                     

یەکێك لە بنەماکانی دەوڵەتداری و بەرێوەبردنی کۆمەڵگا بریتیە لە گەشەپێدانی باری کۆمەڵاتی و دروستکردنی ژێرخانی ئابوری، بەجۆرێك کە لانی کەم خەڵك بتوانێت نە فەسێك هەڵکێشێ وهەست بەئارامی بکاو بتوانێت دەستی بە پێداویستیەکانی ژیانی رۆژانەی بگات.لە کوردستان زۆرشت هەیە کە بەتەواوی پێچەوانەیە لەگەڵ شکڵوشیوازی ژیاندا لە هەرشوێنی دنیا. لە زۆرشوێن و وڵات دەبینین کە نە خاوەنی نەوتە ونە خاوەن ژێرخانێکی ئابوری هێندە بەهێزە کەچی جۆرێك لە بەرێوەبردن و دابینکردنی لانی کەمی ژیانی تیدا فەراهەم کراوە کە کەمێك بارگرانی لەسەر خەڵک سوککردووە. هیچ وڵاتێك نییە کە لانی کەم بەشێك لە خزمەتگوزاریە زەروریەکان بۆهاوڵاتیانی خۆی دابین نەکات. دامەزراوەکانی دەوڵەت بەجۆرێک سازدراوە کە لەداهاتی باجوخەراج بەخۆرایی یاخدو بە نرخێکی رەمزی بەشێك لەخزمەتگوازریە زەروریەکان دەسەبەربکات.

لە سەرەتای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی حوکومەت لەکوردستان ساڵ دوای ساڵ لە جیاتی بەرەو پێشچون و گەشەسەندنی کۆمەڵاتی وچاکترکردنی وەزعی خەڵك ودابینکردنی خزمەتگوزایەکان بەشێوەیەك کە باشتربێت لەوەی پێشترهەوو، تادێت خراپتر دەبێت. هەر لە رێگاوبانەوە تادەگا نەخۆشخانەو کارەباو ئاوو پەروەردە و دروستکردنی باخچەو شوێنی گەشتوگوزارو حەوانەوەی خەڵك، گشت ئەمانە کە دەبێ خەڵك بە نرخێكی رەمزی دەستیان پێرابگات، هەمووی لەچاوجاراندا یان بۆتە دوقات وخەڵك بەناچاری دەبێ لەسەر حسابی قوتی رۆژانەی خۆیان تەئمینی بکەن، وەك ئاو کارەبا سوتەمەنی و دابینکردنی نرخی خوێندن ..هتد ، یان بەتەواوی لێی مەحرومەو دەستی پێراناگات وەك سەیرانگەو شوێنی یاری منداڵان و ….ئەمە لەکاتێکدا کە لە کوردستاندا نەخۆشخانەی زۆر پێشکەوتوهەیە، هوتێل وشوێنی کات بەسەربردنی زۆر هەیە کە تەنها دەوڵەمەندان دەتوانن لێی بەهرەمەند بن. ئەوەندە وەسائیل زۆرە بەشی چوار هیندە لەخەڵکی کوردستان دەکات و بازار سیخناخە بە کەلوپەل، کەچی بەشی هەرەزۆری خەڵك دەستی بەو کەلوپەلانە ناگات. ئەم وەزعە لەوێوە سەرچاوەی نەگرتووە کە هەندێك دەڵێن ئەمانە نازانن وڵات بەرن بەرێوە، ئەگەر تەنها لە خاوەن بروانامەو سیاسەت مەدارەکانەوە سەیرکەین دەبینین کە خەڵکی بەتوانای تیدایەو خاوەن ئەزمونێکی زۆرن وچەندین ساڵ لە دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراقدا کاریان کردووە. هەزارەها خاوەن شەهادەی بەرزییش هەیە کە بێکارن! لەوبارەوە کوردستان هیچ کەموکوریەکی نییە. کێشەی سەرەکی خەڵکی کوردستان ئەوەیە کە لە کورستان لەسایەی دەسەڵاتی حزبی چەکدارو ناجێگیری ئەوزاعی سیاسی و بنبەستی سیاسی وسەرلێشیواوی ئەم حزبانە، خەڵکی کوردستانی بەم وەزع ەگەیاندووە کەتیدایە نە حوکمەت حاکمە و نە قانون کاردەکات و نە دامەزراوە دەوڵەتیەکان دامەزراوەن! بەرواڵەت هەمووشت هەیە؛ داهات کۆدەکرێتەوەو باجوخەراجێکی زۆریش لەخەڵك وەردەگیرێت، هەربەنمونە بەرێوەبەرایەتیەکانی هاتوچۆ وەرگرین، هەریەکەیان بەقەدەر بیرە نەوتێك داهاتی هەیە، هەم دەتوانێ کارمەندەکانی خۆی بژێنێ و هەم خزمەتی گشتیشی پێ بکرێ، بەڵام نەك هەر کەس نازانێت داهاتەکەی بۆکوێ دەچێت، جاری واهەیە کارمەندەکانی خۆشی بۆماوەیەك موچەکانیان دوادەکەوێ.

ئەم هەلومەرجە بەجۆرێکە کە بەشێکی زۆری لەخەڵك توشی نائومیدی کردووە و بەشێکیش بەئاسانی ناتوانێت پارەی ژیانێکی کولەمەرگی پەیدابکات. با وایدانین کە خەڵک رازیە بەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان هاوشێوەی ئەوروپا لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەببرێت و بە خۆڕایی نیە، بەڵام لە ئەوروپا هەم بیمەی تەندروستی هەیەو هەم بیمەی بیکاری و خانوو. خەڵك بڕیك پارە دەدەن بۆ خزمەتگوزاریەکان و بێگومان ئەوانیش بەشێوەی جیاواز دەکەونە ژێر فشاری کۆمپانیانیا قازانجپەرستەکان، بەڵام خۆ لە کوردستان  نە هەلی کار هەیە، نە بیمەی بێکاری و تەندروستی و.. تاد.  ئیتر چۆن خەڵك بتوانێت پارەی دوو کارەبا ودوو ئاو بدات! چۆن دەتوانێت لەو نەخۆشخانانەی کە بەپارەن کەڵک وەرگرێ بەگیرفانی خاڵیەوە!؟ ئەوەی کە خەڵکی هێشتوەتەوە ناچاریە ونەبونی ئاسۆیەکی رۆشنە لە بەردەمیدا، ئەگەرنا بێزاری خەڵك گەیشتۆتە ئەوپەری وبنبەستی سیاسی دەسەڵاتدارانیش بەوپەری خۆی گەیشتووە و چاوەروانن بزانن گۆرانکاریەکان و ئەوزاعی سیاسی جیهان و ناوچەکەش چ پێشهاتێك دێنێت کە لەگەڵ بەرژەوەندیان بگونجێت وخۆیانی پێوە گرێ بدەنەوە. بۆیە پەلەقاژەی ئەوان بەجۆرێکە کە دەست بۆهەموشتێك دەبەن لەپێناوی مانەوەیان، ئەوەش بۆیان گرنگ نییە خزمەتگوزاریە گشتیەکانە و پشتگوێ خستنی مافو خواستەکانی خەڵکە، بەڵام ئەم هەلومەرجە قابیلی مانەوە نییەو هەر لەحزەیەک و بەهەر بۆنەو موناسەبەتێکەوە بێت خەڵك جارێکیتر دەخرۆشێ و دەرچون لەم هەلومەرجەش لەدەست خەڵکی نارازیدایە. دۆزینەوە ی دەرچەیەك لەم وەزعە مەحاڵە بێ کۆتایی هێنانی دەسەڵاتی ملیشایی چەکدارو گۆرێنی سیستەمی سیاسی بە سیستەمێك کە لەلایەن خەڵک خۆیانەوە بەڕێوە ببرێت.

٦کانونی ٢٠٢٢

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *