بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر لانی کەمی کرێ و کرێکارانی کۆچکردوو
عامر سابیر
لە 11/10/2021 خەڵاتی نۆبێڵ لە ئابووریدا، درا بە سێ ئابووری ناسی ئەمریکی (دایڤد کارد، جۆشوا ئەنگریست و گویدۆ ئیمبێنس). لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەکانی ئەم ئیکۆنۆمیستانە لە دوو بواردا بوو. یەکەم دەربارەی کاریگەری زیادکردنی لانی کەمی کرێ بوو. کە لەو لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونانەی کردبوویان، بە بەڵگە و شێوەیەکی زانستی ئەوەیان سەلماند و بەو ئەنجامگیریییە گەیشتوون کە زیادکردنی لانیکەمی کرێ، نابێتە هۆی لە ناوبردنی هەلیکار، بەڵکو بە زیادکردنی کرێی کرێکار، هێزی کار توانای بەرهەمهێنانی زیاتری ئەبێ و نەک هەر کرێکاران بەهرەمەند ئەبن، بەڵکو گوایە خودی سیستەمی سەرمایەداریش تەندرووستتر ئەبێت.
دۆزینەوەکانی ئەم ئیکۆنۆمیستانە بە گۆڕانکارییەکی زۆر گرنگ ئەژمێردرێ دەربارەی لانیکەمی کرێ و ڕێگەی دراسەکردن و خوێندنی ئیقتیسادی بۆرژوازی. لیکۆڵینەوەکەی ئەمان بە بەرپاکردنی شۆڕشێک وەسفکراوە لەسەر دراسەکردنی ڕێگەیەکی تر بۆ ڕیسێرچ لە ئیقتیساددا و خوێندنی ئیقتیساد و لانی کەمی کرێ.
ئەوە بۆ چەندین دەیەیە کە سیستەمی سەرمایەداری و پارێزەران و پیاهەڵدەرانی ئەم سیستەمە، بەردەوام ئەوە ئەڵێن کە ئەگەر لانی کەمی کرێ زیاد بکرێ، ئەوا خاوەنکار ناچار ئەبێ کە ئەو هەلیکارانەی هەیە کەمیکاتەوە و ناشتوانێ هەلیکاری نوێ بڕەخسێنێ و ئەمەش ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری. خاوەنکار و سەرمایەداران بەردەوام (لۆبی)یان کردووە و فشاریان بۆ سەر حکومەتەکان هێناوە و داوایان کردووە، کە نابێ لانیکەمی کرێ بەپێی پێویست زیاد بکرێ و حەقدەستی کرێکار ئەبێ لە خوارەوە ڕاگیرێ، تا ئابووری وڵات بەردەوام لە پێشەوەچووندا بێ.
بێگومان لای کرێکارانی هوشیار و سوسیالیست و کۆمۆنیستەکان، ئەوە زۆر ڕۆشن بووە کە ئەم بیانووەی سەرمایەداران بۆ لەخوارەوە ڕاگرتنی حەقدەستی کرێکار و بەستنەوەی هەلی کار و حەقدەستی کەم پێکەوە، شتێکی زۆر نادرووستە و تەنها هۆکار ئەوەیە کە سەرمایەدار و خاوەنکارەکان ئەیانەوێ قازانج و سەرمایەی زیاتر کەڵەکە بکەن، نەک بێکاری کەم بکەنەوە. یەکێک لەو میکانیزمانەی کە خاوەنکار قازانجی زیاتر کەڵەکە بکات، ئەوەیە کە کرێ و حەقدەستی کەمتر بدات بە کرێکاران. بۆ سەرمایەداران پێشکەوتنی ئابووری وڵات یانی قازانجی زیاتر و کەڵەکە کردنی سەرمایەی زۆرتر بۆ خۆیان.
ببینن، لە ئێستادا ئەمریکا خاوەنی گەورەترین ئابوورییە لە دنیادا، بەڵام لانیکەمی کرێ کە حکومەتی فیدرالی ئەمریکا دیاری کردووە 7.25 $ بۆ هەر سەعاتێک. کە ئەمە نزمترینی لانیکەمی کرێیە لە نێو وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی) دا. لە کاتێکدا سەروەتی تەنها 750 ملیاردێری ئەمریکا زیاترە لە سەروەتی نیوەی دانیشتوانی هەموو ئەمریکا. لە 2009 ەوە لانیکەمی کرێ لە ئەمریکا زیادی نەکردووە وە لە هەمانکاتدا هەرگیز هێندەی ئێستا جیاوازی و قڵشتی چینایەتی فراوان نەبووە. لە ئەمریکادا لە هەر چوار کرێکارێک یەکێکیان لانیکەمی کرێ وەردەگرێ. لە نێو وڵاتانی (ئۆ ئی سی دا)دا ئەمریکا سێیەم وڵاتە لە زۆری ڕێژەی ئەو کرێکارانەی کە حەقدەستی کەم وەرئەگرن، تەنها لاتڤیا و ڕۆمانیا لە ئەمریکا خراپترن. لە لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگای (بروکینگ) دا ئەوە دۆزرایەوە کە 53 ملیۆن کرێکاری ئەمریکی موعەدەلی حەقدەستیان 10.22$ بۆ سەعاتێک کارکردن، کە تێکڕای داهاتی ساڵانەیان 17.950 $.
دایڤید کارد و هاوڕێکەی ئالان کروگە (کە لە 2019 دا لە تەمەنی 58 ساڵیدا مرد، پێش ئەوەی خەڵاتی نۆبێڵ وەربگرێت) لیکۆڵینەوەکەیان بە (ناچرەڵ ئێکسپێرەمێنت) ناو ئەبرێ، کە تیایدا پشتیان بە ژیانی واقعی ئینسانەکان (کرێکارەکان) بەستووە، نەک هەر تیوری و ڕێگەی ئۆرسەدۆکس کە مەیدانی ئیقتیسادی داگیر کردبوو.
لەساڵی 1992 دا ویلایەتی نیو جێرزی لە ئەمریکا، لانیکەمی کرێی زیاد کرد و بوو بە یەکەم ویلایەت کە بەرزترین لانیکەمی کرێی تیادا بێت. بەڵام ویلایەتێکیی دراوسێی (پینسلڤەینیا) ئەم زیاد کردنەی نەکرد. لە 1994 دا کارت و کروگە لە هەر ویلایەتەی 400 ڕیستۆرانتیان (خواردنگەیان) هەڵبژارد، تا لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر ژیانی کرێکارەکان و هەلیکار بکەن و بەو ئەنجامە گەیشتن کە زیادکردنی لانیکەمی کرێ لە نیو جێرزی نەبۆتە هۆی کەمکردنەوەی هەلیکار. بەڵکو خودی کرێکارەکان بەوەی کرێکانیان زیاد کراوە توانیویانە خۆیان و خێزانەکانیان لانیکەم هەفتەی جارێک بچنە دەرەوە و نان لە ڕیستۆرانتەکان بخۆن و پێداویستی زیاتری ناوماڵ بکڕن. تەنها پێوەرێک و تەنها جیاوازییەک کە بەکاریانهێنا و لە بەینی ئەم دوو ویلایەتەدا بوو، زیادکردنی لانیکەمی کرێ بووە لە نیو جێرزی. وە ئەوەیان دۆزییەوە کە زیاد نەکردنی لانیکەمی کرێ لە پینسلڤەینیا نەبۆتە هۆی زیاتر ڕەخساندنی هەلیکار. تا ئێستاش ئەنجامی ئەو ڕیسێرچەی کە ئەوان بڵاویان کردەوە، بەردەوام لە لێکۆڵینەوەی تردا لەلایەن کەسانی ترەوە ئیشارەت بە دۆزینەوەکانی ئەمان ئەکرێت.
دایڤید کارد لەهەمان جۆری لێکۆڵینەوەدا (ڕیەڵ لایف ئیکسپێرەمێنت) ئەوەی دۆزییەوە کە کۆچکردن (هاتنی کرێکارانی هاتوو) نابێتە هۆی کەمکردنەوەی حەقدەستی کرێکارانی ئەسڵی ئەو شوێنە خۆی.
بۆ ئەمەش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر هاتنی کرێکارانی کوبا و هایتی بوو بۆ ئەمریکا. کە لە ساڵی 1980 کوبا بە هۆی ئابڵوقەی ئابووری ئەمریکاوە تووشی داڕوخانی ئیقتیسادی بوو. بۆ ئەمەش خەڵکی کوبا بە لێشاو ئەچون بۆ ئەمریکا. کە لە 15/4/1980 تا 31/10/1980 واتە لە ماوەی نزیک بە شەش مانگدا لە بەندەری (مارییەڵ)ەوە لە کوبا 125 هەزار کۆچبەری کوبی و 25 هەزار کۆچبەری هایتی گەیشتنە مایامی لە فلۆریدا. دە ساڵ پاش ئەمە لە 1990 دا کارد و کروگە لە ڕیسێرچەکەیاندا (لێکۆڵینەوەکەیدا) ئەوەیان دۆزییەوە کە هاتنی کرێکارانی هاتوو هیچ تەئسیری نەکردۆتە سەر کرێی کرێکارانی مایامی و فلۆریدا. واتە کرێکارانی هاتوو کار ناکاتە سەر بڕی کرێی کرێکارانی نەشارەزا و ئەو کەسانەی کە خەڵکی کوبی و هایتیی نەبوون.
هەرچەندە دۆزینەوەکانی ئەم ئیکۆنۆمیستانە کۆنە، بەڵام وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێڵ بۆ ئەم دوو مەسەلە گرنگە لە 2021 دا گرنگییەکی زۆری هەیە. ئیدارەکەی جۆ بایدن لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا (2021)، ویستی ئەم دۆزینەوەیەی کارد و کروگە بەکاربهێنێ بۆ گۆڕینی قانوون و زیادکردنی لانیکەمی کرێ بۆ 15 دۆلار لە سەعاتێکدا، بەڵام تا ئێستا زیاد نەکراوە و وەک خۆی ماوە.
سەرچاوە و زاراوەکان:
بڵاوکراوەی چرا، گۆڤاری مانگانەی سەندیکای پەرستیاران لە ویلایەتی نیو ساوس ویڵز لە ئوسترالیا، لاپەڕە 42. 6/12/ 2021
The Lamp, the magazine of the NSW Nurses and Midwives’ Association, Volume 78, No: 6, page 42. Dec2021/Jan 2022
2) سایتی خەڵاتی نۆبێڵ
https://www.nobelprize.org/prizes/economic-sciences/2021/press-release/
وە ڤیدیۆی یوتیوب کە وتاری وەرگرانی خەڵاتەکەیە.
https://www.youtube.com/watch?v=DV4IjRfjTs0
3)
ناوی ئیکۆنۆمیستەکان بە ئینگلیزی:
David Card, Joshua Angrist, Guido Imbens and Alan Krueger
4)
ئەزمەی کۆچبەرانی کوبا ناسراوە بە
Mariel Boatlift
کە کاتی خۆی بە ڕێکەوتنی جیمی کارتەر و فیدڵ کاسترۆ کۆتایی پێ هێندرا
5)
Natural experiment, Real life experiment
6)
OECD = Organisation for Economic Co-operation and Development
7)
A Brookings Institute study
06/01/2022