هاوڕێیانی کرێکار… سڵاوی خەبات و تێکۆشانتان لە کۆنگرەی پینجەمەوە ئاڕاستە دەکەین
هاوڕێیان!
کۆمەڵگەی کوردستان لە سەروبەندی ئاڵۆگۆڕێکی گەورەدایە. جەماوەری بێبەشی کوردستان، هاتونەتە مەیدان. کارگە و کارخانە و ناوەندەکانی کار تا دەگاتە شەقامی شارەکان و هەموو گۆشە و کەنارێکی ئەم کۆمەڵگەیە سەرڕێژە لە توڕەیی و ناڕەزایەتی فراوانی جەماوەری لەپێناو خواستە ڕەوا و ڕۆژانەیی و سنفی و دەستبەجێکانیان و هاوکات بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی تاڵانچی بزووتنەوەی کوردایەتی لە پێناو ”نان و ئازادی و ئایندەیەکی سیاسی ڕۆشن” دا.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری پێویستە زامنی ئەوە بکات کە خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لە ڕێگای سەراسەری کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان و ڕێکخراوبوون و بەدەستەوەگرتنی ئاسۆیەکی شۆڕشگێڕانەوە، بەخێرایی و بە کەمترین دەردەسەری و قوربانیدان، بچیتە پێشەوە. بۆ ئەم مەبەستەش چینی كرێكار و کۆمۆنیستەکان دەبێت ببنە ڕابەری ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە نەگریسەی سەرمایە و سەرمایەداری.
هاوڕێیانی کرێکار!
بزووتنەوەی كرێكاری و جەماوەری لەگەڵ ئەوەدا بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات لە مەیداندایە، هاوکات ئەرکێکی هەرە گرنگ و چارەنووسسازی بۆ جێخستنی ئەلگۆ و جۆرێکی تری دەسەڵاتدارێتی لە ئەستۆیە، کە زامنی خۆشگوزەرانی و ئازادی و گێڕانەوەی شکۆ بۆ تاکەکانی مسۆگەر بکات، ئەوەش لە گرەوی ئەوەدایە کە خەبات و تێکۆشانی ئێستا، لەژێر ئاڵا و ئاسۆیەکی سیاسی شۆڕشگێڕانەدا بچێتە پێشەوە.
ئایندەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران و ئینسانی و بەرابەر، لە ئێستاوە بینا دەکرێت. ئەوە لە توانادایە کە کۆمەڵگەی خاڵی لە ستەم و چەوساندنەوە، خاڵی لە هەژاری و گرانی و بێکاری، خاڵی لە سەرکوت و بێمافی، خاڵی لە چینی باڵادەست و ژێردەست، خاڵی لە خورافە و هەڵاواردن و نەریتی کۆنەپەرستانە و دواکەوتوو، بە کورتی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی بینا بکرێت. کۆنگرەی پێنجەمی حزب لەسەر ڕۆڵ و نەخشی چینی كرێكار و کۆمۆنیزمی كرێكاری بۆ ڕابەری بزووتنەوەی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێستا و بیناکردنی ئاییندەیەکی ئازاد و بەرابەر و خۆشگوزەران لە کوردستاندا پێداگری کردەوە.
هاوڕێیان!
دەسەڵاتی بۆژوازی کورد، لەگەڵ ئەزمەیەکی قوڵی دەسەڵاتدارێتی و بێ ئاسۆیی سیاسی بەرەو ڕووە، بن بەستە لە وەڵامدانەوە بە خواست و داواکارییەکانی کرێکاران و جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کوردستان. ئەم دەسەڵاتە لە هەموو مەیدان و زەمینەیەکی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگیدا، شکستی خۆی نیشانداوە. جەماوەری کوردستان هیچ متمانەیەکیان بەو دەسەڵاتە نەماوە و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازیش زۆر لەوە شکستخواردووتر و بودەڵەترە ئەو دەسەڵاتە لە داڕوخان رزگار بکات، یان بتوانێت ڕێگایەک بۆ چاکسازی بخاتە ڕوو. هەر ئەو واقعیەتە بوار دەدات بە چینی كرێكار و کۆمۆنیزم کە ڕۆڵی شایستەی خۆی بۆ سازدان و ڕێکخستن و ڕابەریکردنی شۆڕش بۆ هەڵپێچانی دەسەڵاتی ئێستا بگێڕێت و کۆمەڵگەیەکی تر بینابکات، کە ئیرادە بۆ ئینسان بگێڕێتەوە و دنیایەکی باشتر دابمەزرێنێ.
حزبی کۆمۆنیستی كرێكاریی کوردستان ئاڵاهەڵگری دامەزراندنی ئەو دنیا باشترەیە، بۆیە بە حزبی کۆمۆنیستی كرێكاریی کوردستان و بە حزبی بەرپاکەری شۆڕشی كرێكارییەوە، پەیوەست بن.
ئازادی، یهكسانی، حکومەتی کرێکاریی
کۆنگرەی پێنجەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
١٧ و ١٨ ی دیسێمبەری ٢٠٢١