په‌یامی كۆنگره‌ی پێنجی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان بۆ خوێندكارانی ناڕازی

خوێندكارانی ناڕازی…        

خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ئێوه‌ بۆ داخوازیه‌ ڕه‌واكانتان له‌ چه‌شنی ده‌رماڵه‌ و باشبژێوی و چاككردنی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان مایه‌ی پشتیوانی ئێمه‌ و ته‌واوی خه‌ڵكی كرێكار و بێبه‌ش و ئازادیخوازان  بوو.

ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئێوه‌ كه‌ هه‌م به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان و تا ڕاده‌یه‌ك سه‌راسه‌ری هاته‌ مه‌یدان و هه‌م به‌و جۆره‌ش به‌ به‌رفراوانی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی هه‌ژار و بێبه‌شه‌وه‌ پشتیوانی لێكرا، به‌شێكه‌ له‌و ناڕه‌زایه‌تیه‌ گشتیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ی كه‌ ساڵانێكه‌‌ له‌ دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ مشه‌خۆره‌ی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رمایه‌داران و چینی باڵا ئه‌كات، به‌ڕێكه‌وتووه‌ بۆ دابینبوونی موچه‌ و كار و ژیانێكی باش و ئاسوده‌ و هه‌بوونی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و خوێندن و ئاو و كاره‌با و…. هتد.

له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌ هه‌مووانه‌وه‌ كه‌ هاوبه‌رژه‌وه‌ندین، ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ وه‌ك هۆكاری سه‌ره‌كی موسیبه‌ته‌كانمان، ته‌نها قابیلی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ڵاكه‌ی له‌سه‌ر سه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ لاببه‌ین. به‌ڵام پێویسته‌ خه‌بات بۆ وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هاوشان و هاوته‌ریبی ئه‌و خه‌باته‌ جه‌ماوه‌ریه‌ ببینین كه‌ سه‌رئه‌نجام چاره‌نووسی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌ ده‌ستی ئه‌وان ده‌ردێنێ و ئه‌یخاته‌ ده‌ستی خه‌ڵكێكی بێبه‌شه‌وه‌ كه‌ ئه‌توانن ده‌سه‌ڵات و ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌ڕێوه‌به‌رن.

جوڵانه‌وه‌ی ئێمه‌‌ بۆ سه‌پاندنی داخوازیه‌كان بۆ ده‌رماڵه‌ و باشبوونی هه‌لومه‌رجی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان و دابینبوونی سیستمێكی خوێندنی مۆدێرن و پێداویستیه‌كانی به‌ خۆڕایی، پێویستی ئه‌وه‌ ئه‌خاته‌ به‌رده‌ممان كه‌ ڕیزه‌كانمان له‌ ئاستی گشت شار و شارۆچكه‌كاندا یه‌كگرتوو و ڕێكخراو بكه‌ین. ئه‌مه‌ زامنی سه‌ركه‌وتنی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان و به‌دیهاتنی خواسته‌كانمانه‌. هاوكاتیش هه‌نگاوێك له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تی گشتیدا بۆ وه‌لانانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌مانباته‌ پێشه‌وه‌.

كۆنگره‌ی پێنجی حزب جارێكی تر پشتیوانی خۆی بۆ ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانه‌كانی خوێندكاران ڕائه‌گه‌یه‌نێ و به‌ ته‌واوی توانایه‌وه‌ بۆ به‌ سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی تێئه‌كۆشێ.

بۆ پێشه‌وه‌ له‌ پێناو دابینیبوونی پێداویستیه‌كانی خوێندن و ژیانێكی شایسته‌ بۆ خوێندكاران

كۆنگره‌ی پێنجی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان

١٧ و ١٨ ی دیسێمبه‌ری ٢٠٢١

Check Also

ئاگربەست لە غەززە..  ئەمە  تەنها سەرەتایە!

بەیاننامەی سێ حیزبی کۆمۆنیستی كرێكاریی ناوچەکە: بەدوای ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ڕۆژی یەکشممە ١٩ی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *