مستەفا باهر
بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد، ماوەی ٣٠ی ساڵە دەسەڵاتدارن لە کوردستانی عێراق. لەماوەی دەسەڵاتداریەتیاندا هەمیشە بێدەربەست بوون لەوەڵامدانەوە بەسەرەتاییترین خواستەکانی چینی کرێکار و زەحمەتکێشان. دژ بەم بێدەربەستیەی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشێوەی جیاواز ناڕەزایەتیان دەربڕیوە. هەر لەمانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە (٢٠٢١) تا سەرەتای مانگی دێسەمبەر، خەڵکی کوردستان بینەری خۆپیشاندانی “”مامۆستایانی وانەبێژ، فەرمانبەرانی گرێبەست، خوێندکارانی دوا ناوەندی و شۆفێران بوون””. هەریەکەیان بە کۆمەڵێک خواستەوە ڕووبەڕوی دەسەڵات بوونەوە.
لە ئێستاشدا کۆمەڵگای کوردستان گەواهیدەری هاتنەمەیدانی قوتابیانی زانکۆو پەیمانگاکانن کە بەریزی دەیان هەزارییەوە هاتونەتە مەیدان و بەشێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان بەتەواوی پشتیوانیان دەکەن. خۆپیشاندان و هاتنەمەیدانی خوێندکاران بۆ خواستی گەڕانەوەی دەرماڵەیە کە دەسەڵاتدارانی کوردایەتی حکومەتی بنکە فراوان (پارتی، یەکێتی، گۆران، کۆمەڵ، یەکگرتو) لەساڵی ٢٠١٤دا بەپاساوی نەبوونی بودجە و شەڕی داعش و کۆمەڵێک بڕوبیانوی ترەوە دەرماڵەی خوێندکارانیان بڕی. لەهەمانکاتدا خوێندکارانی بەشی ناوخۆیی داوای چاککردنی بەشە ناوخۆیەکان و زامنکردنی خزمەتگوزاریە زۆر سەرەتاییەکان دەکەن. لەپاڵ ئەم دوو داواکاریە سەرەکیەدا خوێندکاران هەندێ داواکاری تریشیان هەیە، وەک نەمانی دەستی حزب لەناو زانکۆکانداو نەمانی خوێندن بەپارەو….هتد. ئەم خواستانە هەرچەندە خواستێکی زۆر سادەو سەرەتاییە، بەڵام دەسەڵاتداران لەبری جوابدانەوە بە خواستی خوێندکاران، هێزێکی یەکجار زۆریان لە ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر ئامادەکردوە تا خۆپیشاندانی خوێندکاران سەرکوتبکەن. ئەم هێزانەش لەڕیگای بەکارهێنانی گولە،، كێبڵي كارەبایی، لێدان و ڕفاندن، زيندانيكردن، ئەشکەنجەدانی جەستەیی ودەرونی و شاردنەوەی چارەنوسی زيندانيەكان لەكەسوكاريان، لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان لەهەوڵی سەرکوت و کپکردنەوەی خۆپیشاندانی خۆیندکاران و تەواوی خەڵكی ناڕازی کوردستانن.
دەسەڵات بەبیانوی ئەوەی کە ئەم خۆپێشاندانە تەنها هی خوێندکارانە و هیچ کەسێکیتر بۆی نیە بەشداری تیادا بکات دەیەوێت چین و توێژەکان لەیەک دورخاتەوەو هاوکاری و هاوپشتی یەکتر نەکەن، هەر بۆیە بێجگە لەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکاران دەستگیردەکات، لەهەمانکاتدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەو کەسانەی کە خویندکار نین و پشتیوانی خویندکاران دەکەن، بەتایبەتی چالاکوانانی سیاسی، دەستگیر کراون و ڕاپێچی زیندانەکان کراون و بەشێوەیەکی جیاواز لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکەن. تەلەفونەکانیان لێوەردەگرن و دەچنە ناو هەموو شتێکی تایبەتی ئەوکەسەوە، بەشێکی زۆری ئەم چالاکوانانە کۆمۆنیستەکانن کە بۆ ماوەیەکی زیاتر لە خویندکاران لەزیندان دەهێڵرێنەوە.
بەڵام بەرامبەر بەم کارەی دەسەڵات کە دەرهەق بە خەڵکی ناڕازی کوردستان دەیکات، جەماوەری ناڕازی زیاتر رق ئەستورتر دەکات و شێوازی خەباتیان دەباتە ئاستێکی باڵاترەوە. لەئێستادا خرۆشانی خوێندکاران لەپاڵ ناڕەزایەتیەکانی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگادا، بوەتە بزوتنەوەیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی کە تەواوی کۆمەڵگەی داگرتووە. هەموو ئەو نارەزایەتیانەی کە هەیە، دەسەڵات بیەوێت یان نا، چەند هەوڵبدات لێکیان دوورخاتەوە، بەڵام ئەم بزوتنەوانە بەرەو تیکەڵ بوون و یەکانگیر بوون دەچن.
هاتنە مەیدانی خویندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەردەوام بونیان لە خۆپیشاندان و بایکوتکردنی هۆڵەکانی خوێندن ، دەسەڵات بە ئاڵوگۆڕێکی گەورەو ترسناکی دەزانێت بەرامبەر بە پێگەو دەسەڵاتەکەی، هەربۆیە لەترسی بەرینەبونەوەی ئەم ناڕەزایەتیانە و بۆ خامۆشکردنی، هەموو ڕێگایەکی گرتوەتەبەر، بێجگە لە ڕێگای بەکارهێنانی توندوتیژی، ناچار بوە لەسەر ئاستی باڵای حکومی و حزبیدا، گفتوگۆ لەگەڵ خویندکاران بکات و بەڵینی باشکردنی ژیانی خوێندکاران و چاککردنی بەشەناوخۆیەکان و دابینکردنی بەشێک لە خزمەتگوازرییەکان بدات، کە بێگومان ئامانج لەو دانیشتن و بەڵێنانە، بەر لەهەموو شتێک بۆ خاوکردنەوەی نارەزایەتیەکان و بەرگرتن بە تەنینەوەی بووە.
ڕاستە داوای خوێندکاران دەرماڵەو باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و چاککردنی دۆخی بەشە ناوخۆییەکانە، بەڵام ئەم ناڕەزایەتیانە بەشیکە لەو بزوتنەوە کۆمەلایەتیە فراوانەی کە نایەوێ چیتر لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا ژیان بگوزەرێنێ. لەئێستادا بەگشتی ناڕەزایەتیەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان، ئەگەر بۆ داواکاری زۆر سادەو خواستی بچوکیش بێنە مەیدان، ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێتەوە بە خواستی راماڵینی دەسەڵاتەوە.
بەڵام ئەوەی کە خاڵی هاوبەشە لەناو ناڕەزایەتی سەرجەم چین و توێژەکاندا و زامنی سەرکەوتنیشیانە، پرسی رێکخراوبوونە. بەداخەوە تاوەکو ئێستا چین و توێژەکان نەیانتوانیوە خۆیان ڕێکخراوبکەن. هەربۆیە خویندکاران بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەستبێنن و دەسەڵات ناچاربکەن جواب بەداخوازیەکانیان بداتەوە و بەرگری لە مافەکانیان بکەن، پێویستیان بە رێکخراوبوونە. رێکخراوێکی سەربەخۆ کە خواستی هاوبەشی خویندکاران و بەرژەوەندیەکانیان لەبەرچاوبگرێت بەبێ گویدانە ئینتیمای سیاسی و حزبی و بیروباوەریان. هەروەها هەوڵبدات بۆ لێکهەڵپێکانی بزوتنەوەکەیان لەگەڵ بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی تر بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان. هەروەها پێویستە رابەران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی خویندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا، بە نەخشەی دروستەوە هەنگاو بنێن و بەشیوەیەکی رێکخراو خەباتی هەقخوازانەی خۆیان بەرنە پێشەوە.
٨ی دێسمبەری ٢٠٢١