کرێکارانی ژینگە پارێز لە نێوان حوکمەت و کومپانیاکاندا !

وەستامەهدی                                                           

بە شێکی بەرچاو لە کرێکاران لە کەرتی خزمەتگوزاری لە گەڵ کومپانیاکان بەشێوەی گرێبەست کاردەکەن، ئەم بەشە لە کرێکار بە حەقدەستێك کاردەکەن کە ناتوانێت ژیانیان دەستەبەرکات. بەزترین موچە کە هەندێك لە چاودێرو سایەقەکان وەریدەگرن لە نێوان٤٥٠ بۆ٥٠٠هەزاردیناردایە، باقی کرێکارەکانیش لە ٣٠٠هەزار زیاتر وەرناگرن. رۆژانە ٨ کاتژمێر کاردەکەن و تەنها رۆژانی هەینی پشوویان هەیە. بەشێکیان کە لە شارە جیاجیاکانی ناوەراست و خواروی عێراقەوە هاتون، یان لە سریلانکاو نیپاڵەوە هاتون، لەو کەمپانە نیشتەجێن کە کومپانیاکان بۆیان تەرخان کردون. ئەم بەشە لەکرێکاری ژینگەپارێز لەلایەن کومپانیاکانەوە خواردنیان دەدرێتێ و بەیانیان و ئێوارانیش بە سەیارەی کومپانیا دەچنەوە بۆکەمپەکانیان. ئەمانە نە شوێنی حەوانەوەیان باشەو نە ژەمە خواردنەکانیشیان. تەنانەت ئەگەر کەسێکیان نەخۆش بێت ئەبێ لەسەرحسابی خۆی بچێتە نەخۆشخانە. بەشێکیشیان کە ماڵیان لەنزیک کارەکەیەتی هەموو شتێك لەسەرخۆیەتی. سەرەرای گشت ئەو کەموکورتیانەی باسم کرد، کرێکارانی ژینگەپارێز بەناچاری ملیان داوە بەو کارەو پاراستنی خاوێنی شارەکان لە رێی ئەوانەوە ئەنجام دەدرێ.

کرێکارانی ژینگەپارێز، بەتایبەت ئەو بەشەیان کە لە شەقامە قەڵەبالغەکان کاردەکەن، هەتا ئێستا چەند کەسیان سەیارە لێی داوەو ژیانیان کۆتایی هاتوە. هاوکات بەهۆی ئەوەی کە کەمترین پێداویستی خۆپاراستنیان پێدەدرێ و خاشاکیش خۆی پرە لە مکرۆبی ترسناك، زۆریشیان توشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەبن و دەبنەبار بەسەر کەسوکاریانەوە. سەرباری هەموو ئەمانە خاوەن کومپانیاکان موچەکانیان دوائەخەن و چەندینجار کرێکارەکان دەکەنە وەسیلە و مانیان پێدەگرن و دەیکەنە فشار بەسەر حوکمەتەوە تا سولفەیان پێبدا. ئەم حاڵەتە لەساڵی ٢٠١٤ەوە درێژەی هەیە تا گەیشت بەوەی کە ئیترکرێکارانیش خۆیان مانگرتن بکەنە وەسیلەی فشار بەسەر کومپانیاو حوکمەتەوە بۆ وەرگرتنی موچەکانیان. ئەمە لەکاتێکدا کە هیچ کرێکارێك بە مەرجی ئەوە کارناکات کە تاسولفە بۆکومپانیا سەرف نەکرێ ،خاوەن کومپانیان موچە نەدەنە کرێکارەکان. لە هەندێ کومپانیا ماوەی سێ مانگ موچە دوادەکەوێ. ئەم وەزعە بۆکرێکارانی ژینگە پارێز زۆرسەختە. کاتێ ماندەگرن ئەگەر خۆیان بریاریان لێ دابێ، بۆهەر رۆژێک کە کار رابگرن، هەر کرێکارێك ٣٠هەزار دینار غەرامە دەکرێ کە بۆخۆیان رۆژانەکانیان تەنها١٠هەزاردینارە!

خاوەن کومانیاکان زۆر بێرەحمانە هەندێ شت کە بۆخۆیان لێی بەرپرسیارن و لەگەڵ حکومەت لەسەری رێککەوتون، دەیخەنە ئەستۆی کرێکارەکان وبەردەوامیش هەوڵئەدەن کرێکارەکان بەش بەش بکەن بەسەر سایەقو چاودێرو گسك دەرو کرێکاری دوای کابیسەو ئەم جۆرەشتانە! تەنانەت لەکاتی موچەشدا کەڵکیان لەم جیاکاریە وەرگرتووە و لەهەندێ شوێن پارەی کرێکاریان داوە، بەڵام وتویانە سایەقو چاودێر دواتر دوو موچەیان دەدەنێ بەسەریەکەوە! ئێستا کرێکارانی ژینگە پارێز هیچ کات ٣٠رۆژ جارێك مووچە وەرناگرن تادەگاتە ٤٥رۆژ، ئەویش دەبێ مانی بۆبگرن ئەگەرنا کومپانیا لەخۆیەوە موچەیان پێنادات. دیارە حکومەت و کۆمپانیاکان کێشەیان هەیەو سولفەی خاوەن کۆمپانیاکان دوا دەکەوێ، بەڵام نابێ لەژێر ئەو بیانوەو هیچ بیانوویەکی دیکەدا موچەی کرێکاران دوابکەوێ. موچەی کرێکاران لەراستیدا هێڵی سورەو نابێت دوابخرێت. هەر خاوەنکارێك یان کومپانیایەك یان خودی حوکمەت خۆی بیەوێت موچە دوابخات کارێکی پێچەوانەی تەنانەت یاسای کارێك دەکەن کە خۆیان دایانڕشتوە!

بۆیە کیشەی کرێکارانی ژینگە پارێز کێشەی هەموو کرێکاران و بگرە هاوڵاتیانی کوردستانە و دەبێ هەمووان هەستیار بین بەرامبەر بە ژیان و گوزەران و مافەکانی ئەو بەشە لە کرێکاران و بەشێوازی جۆرواجۆر پشتیوانیان لێ بکرێ لەلایەن باقی کرێکاران و خەڵکەوە، هاوکات پێویستە کرێکارانی ژینگەش زیاتر بیر لەوە بکەنەوە کە خۆیان رێك بخەن و بەشێوەی دەستەجەمعی داوای مافەکانیان بکەن و پارێزگاری لە مافو ژیان و گوزەرانی خۆیان و خێزانەکانیان بکەن.

٢١/١١/٢٠٢١

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *