مستەباهر
بزوتنەوەی کوردایەتی کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەوە دووباڵی ناسیۆنالیزمی کوردی ڕابەرایەتی دەکەن و لە لای خەڵکی کوردستان بە مەلایی و جەلالی ناسراون. لەسەرەتای دروستبونیانەوە، لەوکاتەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق بوون تاوەکو ئەوکاتەی کە دەسەڵاتدارێتی کوردستانیان کەوتوەتە دەست، گەورەترین کارەساتیان بەسەر خەڵکی هەژاری کوردستاندا هێناوە. بێجگە لەوەی ئەمانە لەشەڕی ناوخۆی خۆیاندا بە هەزاران لاوی کوردستانیان بەکوشت داوە، لەشەڕی نێوان خۆیان و حکومەتە فاشیستە یەک لەدوای یەکەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی عێراقیشدا هەزاران کەسیان بە کوشتداوە و بگرە بیانویان داوەتە دەستی رژێمی دڕندەی بەعس بۆ وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستان و کیمیاباران و ئەنفال کردنی دەیان هەزار کەس. خۆشیان هەمیشە بونەتە داردەستی دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە، بەتایبەتی دەوڵەتانی فاشیستی وەک (ئیران، تورکیا، سوریا )، ئەوانیش بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان مەلایی وجەلالیان هەڵدەسوراند.
ماوەی ٣٠ ساڵێشە ئەم دوو هێزە ناسیۆنالیستە، لەدوای ئەوەی خۆیان هەڵواسی بە لولەی دەبابەکانی ئەمریکاوە، بوون بەدەسەڵاتداری کوردستان و لەگەڵ هاو ئاوازەکانیان و حزبە ئیسلامیەکان حکومەتیکیان دروست کردوە بە ناوی حکومەتی هەرێم. لەوکاتەشەوە، لەپێناو بەدەستهێنانی تاڵانی و قازانجی زیاتردا، هێرشێکی بەردەوام و بەرنامە بۆ داڕێژراویان بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و توێژە بێبەش و کەمدەرامەتەکانی کوردستان دەست پێکردوە. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نرخی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان، هەر لە نان و کاڵا خۆراكیەکانی ترەوە تا سوتەمەنی و خزمەتگوزاری تەندروستی و کارەبا و ئاو قوتابخانەو…تاد، بەرەو نرخێکی بەرزتر هەڵدەکشێنن. .
ماوەی زیاتر لە شەش ساڵیشە بە بیانوی جیاواز کەوتونەتە بڕینی مووچەی فەرمانبەران و بەناوی پاشەکەوتی مووچەوە قوتی چەندین مانگی مووچەخۆرانی کوردستانیان تاڵان کردوە. لەژێرسایەی دەسەڵاتی ئەمانەشدا بە دەیان هەزار کەس بێکارن و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نیە و ناچارن وڵات بەجێدێڵن و ڕوو لەهەندەران بکەن، بەشێکی زۆریان لەو ڕێگایانەدا ژیان لەدەست دەدەن. کرێکارانی کەرتی تایبەتیش یەکێکی ترە لە قوربانیەکانی دەسەڵاتی ئەم حکومەتە گەندەڵە، کە بەکرێیەکی مەمرەو مەژی کاریان پیدەکرێت، بەڵام لەهەمانکاتدا ئاستی قازانج و دەستکەوتی دەسەڵاتداران و پرۆسەی وەبەرهێنان بەرەو سەرتر هەڵدەکشێت و کەڵەکەی سەرمایە و پرکردنی بانکەکان بەردەوام لە زیادبوندایە.
لەلایەکی ترەوە ئەم حکومەتە گەندەڵە بەپێی سیاسەتی قازانج پەرستانەی خۆیان و لەبەر بەرژەوەندی کۆمەڵێک سەرمایەداری تاڵانچی و بەرپرسە حزبیەکان، بەتایبەتی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی (مەلایی و جەلالی) کەوتونەتە فرۆشتنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان، بە کەرتی ئەهلی، کە هەر حزبەیان خاوەنی چەند کۆمپانیایەکن و لە ڕێگای ئەو کۆمپانیانەوە سەروەتو سامانی سەر زەوی و ژێڕزەوی کوردستان تاڵان دەکەن. بەناوی کەرتی تایبەتەوە هەمو خزمەتگوزاریەکان لەسەر هاوڵاتیان چەند قات بەرزدەکەنەوە.
بەگشتی حکومەتەکەی ( مەلایی و جەلالی) بەرامبەر بە کرێکاران و خەڵکی هەژاری کوردستان نەک هیچ بەرپرسیاریەتیەکیان لە ئەستۆ نەگرتوە، بگرە هیچ بەرنامەیەکیشان نیە بۆ باشترکردنی ئەم دۆخە. هەربۆیە خەڵکی کرێکارو هەژاری کوردستان روبەروی ژیانێکی سەخت بونەتەوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژیانیان بەرەو خراپتردەڕوات. ئەم بارودۆخەی کە بەسەر کرێکاران و هەژارانی کوردستاندا هاتوە، بوەتە هۆی ناڕەزایەتیەکی بەرفراوانی خەڵکی کوردستان. بەدەیان شێوازی جۆراوجۆر، هەر لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی، تا مانگرتن و خۆپیشاندان و تا هێرشکردنە سەر بارەگای حزبە دەسەڵاتدارەکان و حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان و سوتانی بارەگاو دامو دەزگاکانیان. تاوەکو ئێستاش ئەم ناڕەزایەتیانە بەردەوامیان هەیە. هەفتەی پێشوو کۆمەڵێک مامۆستای وانەبێژو فەرمانبەری گرێبەست خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، ئەمرۆ قوتابیان پەیماناگاو زانکۆکان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای دەرماڵەدەکەن. ڕۆژانە لەهەمو شارو شارۆچکەیەکی ئەم کوردستانە خەڵکی دژی دەسەڵاتی گەندەڵی بزوتنەوەی کوردایەتی ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم ناڕەزایەتی و داواکاریانەدا، حزبە دەسەڵاتدارەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی بێجگە لە سیاسەتی سەرکوت و فەرامۆشی و بێدەنگکردن، هیچ بژاردەو ئاسۆیەکیان نەخستۆتە بەردەم خەڵکی ناڕازیەوە. لەلایەکی تریشەوە حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژوازیەکان دەیانەوێ ناڕەزایەتی خەڵك بکەنە فشاری سیاسی و کارتی دەستی خۆیان، تا چەند کورسیەکی پەرلەمان بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و بەشداری بکەن لەو دەسەڵاتە گەندەڵەداو پشکی خۆیان بەرن لە سەروەتو سامانی دزراوی کوردستان. بەم شێوەیە ئەم حزب و گروپانە گەورەترین زیان لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵك دەدەن.
بەکورتی ئەم بزوتنەوەیە بەهاوکاری حزبە ئیسلامیەکان و دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە نزیک بە سەدەیەکە لە شاخ و شار بونەتە مایەی نەهامەتی و دەردیسەری بۆ خەڵکی هەژاری کوردستان و گەورەترین کارەساتیان بەسەر هێناوە. بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو شایستە بەئینسان تەنها لەرێگای دابینکردانی دەسەڵاتی نوێنەرانی راستەقینەی خەڵک و دەسەڵاتی شوراییەوە دەبێت. بۆ ئەو مەبەستەش دەبیت دەسەڵاتی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی وەلابنرێت.
٢٣/١١/٢٠٢١