نەفرەت لە خاوەنەکانی نیشتمان!

موحسن کەریم:

شەپۆلی مرۆیی پەنابەرانی کورد لەسەر سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵەندا، بوەتە بابەتی هەواڵی زۆرێك لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی. ئەم شەپۆلە هەڵاتن نیە لە هێرشی سوپایەکی داگیرکەر، بەڵکو هەڵاتنە لەدەست دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی. بەنەفرەتکردنی دەسەڵات و حکومەتێكە کە بڕیاربوو بەرهەمی خوێن و قوربانی دەیان ساڵەی خەڵکی کوردستان بێت دژی دەوڵەتە سەرکوتگەرە نەتەوەپەرستەکانی عێراق. نەفرەتکردنە لە نیشتمانێك کە ئەوان تێیدا خاوەنی نان و ئازادی نین!

دیمەنەکانی ئەو سەدان پەنابەرەی لەسەر سنوری بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردوە، بە ئومێدی ئەوەی بگەنە ووڵاتێك کە تێدا ژیان و ئازادییان مسۆگەر بێت، تراژیدیایەکی مرۆیی بە هەموو مانایەك نمایش دەکەن. سەرماو برسێتی و مانەوە لەدەشت و دارستان بۆ چەند رۆژ، لەپاڵ هەڵوێستی حکومەتی پۆڵەندا بۆ داخستنی سنور بە ڕویاندا و ووڵاتانی ئەوروپا، کە نایانەوێ ئەو شەپۆڵە روبکاتە ووڵاتەکانیان، مەترسیەکی جدیە لەسەر ژیانیان، بە تایبەتی کە دەیان مناڵ لەناو پەنابەرەکاندا هەن و لەم وەرزی سەرمایەدا هیچ هۆکارێك بۆ پاراستنیان فەراهەم نیە!

بەڵام ئەگەر ئەمە دیمەنی تراژیدیایەکی مرۆیی بخاتەڕوو، ئەوا ماناو چەمکی کارەساتێکی دیکەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتوە. کارەساتی دەسەڵاتدارێتی حکومەت و دەسەڵاتێك کە خۆی وەکو بەرهەمی خەبات و قوربانی خەڵکی کوردستان دەناسێنێ، بەڵام هاوڵاتیەکانی لەدەستی هەڵدێن! دەسەڵاتێك کە ئامادە نیە سەرەتایی ترین پێداویستیەکانی ژیان و گوزەران بۆ هاوڵاتیەکانی دابین بکات و بەرپرسەکان و نزیکەکانی خۆیان لە نازو نیعمەتدا دەژین و سامانیان لووت لە هەور هەڵدەسوێت! دەسەڵاتێك کە مانەوەی هەموورۆژێك سوکایەتی کردنە بە خەڵکی کوردستان. دەسەڵاتێك کە خۆی وەکو خاوەن و سەرداری نیشتمان لەقەڵەم دەدات و داوای خزمەتکردنی نیشتمان لە گەنجەکان دەکات، بەڵام ئامادەنیە دوای تەواوکردنی خوێندن و دوای ئەوەی ئامادەی کارن بۆئەوەی بژین، بەڵام هیچ دەرفەتێکی کاریان بۆ دەستبەر بکات. دەسەڵاتێك کاتێك گەنجەکان و خوێندکاران و مامۆستایان و خەڵکی ناڕازی لەو بێبەشی و بێمافیەی بەسەریاندا سەپێنراوە دەرژێنە سەرشەقام، بە فیشەك وەڵامیان دەداتەوە یان لە کونجی زیندان ئەسیریان دەکات! چی گۆڕاوە لەگەڵ دەسەڵاتە سەرکوتگەرو “داگیرکەرەکان”دا!؟ ئەوانیش خەڵک برسی دەکەن، مافی پێشێل دەکەن و هەرکاتێکیش دەنگ هەڵبڕن سەرکوتیان دەکەن!؟ جیاوازی چیە لەنێوان دەسەڵاتی هەرێم و حکومەتە سەرکوتگەرەکانی ئێران و تورکیا و عێراقی سەردەمی بەعس!؟ خەڵکی کوردستان بۆیان ڕون بۆتەوە کە جیاوازیەکی ئەوتۆ نیە، چونکە حکومەتی کوردیش وەکو حکومەتی تورکی و فارسی و عەرەبی، دەسەڵاتی چینایەتی سەرمایەداران و دەوڵەمندانن و چەوسێنەرو سەرکوتگەرن.

ئەم شەپۆلی جێهێشتنە، ناڕەزایەتیە بەرامبەر بە دەسەڵاتی کوردایەتی. ئەگەرچی نارەزایەتیەکی سەلبیە، بەڵام ناڕەزایەتیە. ئەوان حکومەت و دەسەڵاتی خۆماڵیان ناوێ! نەفرەتی لێدەکەن. ئەوان ژیان و ئازادییان دەوێ و بۆ ئەو مەبەستەش کۆچ دەکەن. ئەم شەپۆلی کۆچکردنە نمایشی ناڕەزایەتیەکی قوڵی کۆمەڵایەتی ناو کۆمەڵگای کوردستان دەکات. بەڵام ئەم رێگایە رێگای کارساز و کۆمەڵایەتی نیە. دەبێ ئاڕاستەی کۆچەکە پێچەوانە بکرێتەوە. دەبێ کارێك بکرێ کە دەسەڵاتداران کۆچ بکەن و کوردستان جێبهێڵن! کوردستان دەبێ بۆ هاوڵاتیان و دانیشتوانەکەی بێت و ژیانێکی شەرافەتمەند و یەکسان و ئازادیان هەبێت. سامان و داهاتی کوردستان نابێ بچیتە گیرفانی چەند مشەخۆرێکی چەکبەدەستی تاڵانچی بەناوی حکومەت و دەسەڵاتەوە. سامان و داهاتی کوردستان دەبێ بۆ خەڵکەکەی بێت. دەبێ رۆژێك خەڵکی کوردستان ئەم بڕیارە بدەن. هێزی مەزنی جەماوەری ناڕازی، هێزی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و لاوانی دڵ پڕ لەهیواو ئومێد، هێزی ژنانی ستەملێکراوی کوردستان و ناڕازی لە دەسەلات و سیستەمی پیاوسالاری کوردستان، هێزی ئازادیخوازان ئەو هێزە مەزنەیە کە سەرەنجام دەتوانێ کۆتایی بەم سیناریۆ تەڵخ و بێتامەی ئێستا بهێنێ و ژیانێکی ئارام و ئازاد بۆ سەرجەم خەڵکی کوردستان بەدیاری بهێنێ.

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *