عرافان کەریم:
دەسەڵاتی سیاسی بۆرجوازی کورد رۆژ لەدوای ڕۆژ دیمەنەکانی وێرانبون ودارووخانی ئەخلاقی و سیاسی خۆی نمایش دەکات. ڕەفتار وکردەوەکانی ئەم دەسەڵاتە چ لەکاتی ململانێکانی نێوخۆی ڕیزەکانیان و چ لەبەرامبەر داخوازیەکانی کرێکاران وخەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا بێت، بریتیە لە دەست بردن بۆ سیاسەتی نائینسانی و کۆنەپەرستانە.
لە بەرواری ٨ تەموزی ئەمساڵەوە زنجیرەیەک لە چیرۆکی سیاسی سەیرو مەترسیدار سەبارەت بە ژەهرخواردکردنی چەندین کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە میدیاکاندا بڵاودەبێتەوە.لەو هەواڵانەدا چەندینجار ئاماژە بەناو و پلەی ئەو کەسانەش دەکرێ کە دەستیان هەیە لەم تاوانەدا، کەیەکێکیان هاوسەرۆکی یەکێتی نشتیمانیە، بەڵام ئێمە دەبینین وەک ئەوەی ئەم کارانە جۆرێک لە گاڵتەجاڕی و گەمەیەکی نێوخۆی دوو خێزان بێت و بە دەستبردن بۆ بڕیاڕەکانی ( دوورخستنەوە) و(سڕکردن) لە کار و پلەی حزبی سزای ئەو کەسانە دەدرێت و ئیدی قسەیەک لە یاسا و دادگایکردن لە ئارادا، نیە. لەکاتێکدا ئەم ڕووداوە لە ژێر سایەی حکومەتێکدا بەڕێوە دەچێت کە پێی دەڵێن حکومەتی هەرێم و وەزارەتێکی هەیە بەناوی وەزارەتی داد و کە بەسەدان دادوەوەر وکارمەندی یاسایی هەیە و دەزگایەکیش هەیە بەناوی دادوەری گشتی و ئەم وەزارەت و دەزگایانە، مانگانە بەسەدان ملیۆن دۆلاریش بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت. خودی ئەم ڕوودای ژەهرخوارکردنە و بێدەنگی و ئیفلیجی دامودەزگای دادوەری لە کوردستاندا، جارێکی دیکە، بێ ڕێزیەکی دیکەی ئەم دەسەڵاتەی نیشان دایەوە لە بەرامبەر یاساو و سەروەری یاسادا. لەکاتێکدا کە دەبینین چۆن دادگا و دادوەران بۆ گیانی مامۆستایانی چالاکوانی سیاسی لە بادینان و هەولێر یاسا سەرکوتکەرەکان زیندوودەکەنەوەو چەندینجار ئەم چالاکوانانە ڕاپێچی بەردەم داداگاکان دەکرێن وپاشانیش زیندانیان دەکەن. بەڵام کەسانێک، کە بە ئاشکرا ناویان هاتوە، کە گوایە هاوڕێیانی خۆیان ژەهرخواردکردەوە لە سەرکرادیەتی حزبێکی دەسەڵاتدار، ئازادانە دێن ودەڕۆن هیچ لێپێچینەوەیەکی یاسایشیان لەگەڵدا ناکرێت.
هاوکاتی ئەم ڕووداوە، ماوەیەی چەند مانگێکە فەرمانبەرانی گرێبەست ومامۆستایانی وانەبێژ و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەشێوازی جۆراوجۆر لەڕێگای پێشکەشکردنی یاداشتنامە و بەڕێخسنتی ڕێپێوان و خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایەتی، خواستەکانی خۆیان بۆ دامەزراندن یاخود دۆزینەوەی هەلی کار، گەیاندۆتە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم. بەڵام لەبەرامبەردا ئەم حکومەتە ئەم داخوازی وداواکاریانەی بەفەرامۆشی سپاردوە و هیچ وەڵامیکی ئەم داخوازیانەی نەدایەوە و جارێکی دیکە مامۆستایان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی بێئومێد کردەوە.
بێبەها کردنی دەسەڵاتی دادوەری و بێڕێزیکردن بەیاساکان و بێئومێدکردنی سەدان هەزار کەس لە مامۆستا و دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان، هاوکات برەودان بەسەرکوتی سیاسی و زیندانیکردنی مامۆستایان و چالاکوانی نێو نارەزایەتیە جەماوەریەکان، ڕاستەوخۆ بونەتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ کۆچی بەلێشاوی هەزاران گەنج بەرەو ووڵاتانی ئەوروپا.
لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا، هیچ ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی کۆمەڵگا ناکات. ئەم دەسەڵاتە بەکردەوەکانی پێمان دەڵێت کە ئەگەر کۆمەڵگا پر بێت لە سەروەت وسامان، ئەگەر داهاتی هەرێمی کوردستان بە ملیارەها دۆلار بێت، ئەوە بەتەنها بۆ خۆیان و کۆمەڵیک لە سەرمایەدارو خاوەن کۆمپانیاکانە. ئەگەر ئازادی هەبێت ئەوە تەنها بۆ خۆیان و کەسانی خزمەتکاری بەردەستی خۆیانە. ئەگەر خۆشبەختی هەبێت ئەوە بە تەنها بۆ خۆیان و دەوڵەمەندانی دەوروبەری خۆیانە. ئەمانە مشتێک لەو ڕاستیانەن کە وەکو ڕۆژی ڕووناک پێمان دەڵێن، ئێمە نابێت لێگەڕێین ئەمانە ئایندەی کۆمەڵگا و ئایندەی منداڵ و نەوەکانمان دیاریبکەن، چونکە ڕۆشنە چ جۆرە ژیانێک چاوەڕوانمانە. هەربۆیە وەکو چۆن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی مانگی رابردودا زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە نەچوون بۆسەر سندوقەکانی دەنگدان (نەخێر) ێكی گەورەیان دا بەڕووی ئەم دەسەڵاتەدا، ئاوهاش پێویستە هەنگاوی داهاتوو کارکردن بێت بۆ کۆتایهێنان بەم دەسەڵاتە و دیاریکردنی دەسەڵاتێکی جەماوەری شۆرشگێرانە، کە بنەماکانی لەسەر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی جەماوەری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بێت و دوور بێت لە دووبارەکردنەوەی دەسەڵاتی پەرلەمانی و حکومەتی ملیشیایی و بنەماڵەیی.
٨-١١-٢٠٢١