ابراهیم حسێن
بۆرژوازی لە عێراق و کوردستان، دەوردوکانی درۆ و فریو و ژێرپینانی ئیرادە و هەست و شعوری مروڤایەتی لە ژێر ناوی هەڵبژاردندا گەیاندۆتە ئەوپەڕی خۆی و تەنانەت ئەمجارە هاوپەیمانە جیهانیەکانیشیان هێنایە ناو ئەم سێرکەسیاسیەوە.
هەمان ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان و لەسەر مانەوەیان لەدەسەڵاتدا، خەڵک دەکوژن و دەگرن و سەرنگوم دەکەن، هەمان ئەوانەی کە لەڕێگەی چەک و میلیشیاوە دەستیان بەسەر سەروەت و ئیمکانات و ئابوری و ماددی کۆمەڵگەدا گرتوە، هەمان ئەوانەی کە ئەو مرۆڤایەتیەی بێکار و بێدەرەتان بێ نان و ئاو و کارەبا و ڕوناکی و بێ داو و دەرمان و ئیمکاناتی تەندروستی و ژیانێکی سەلامەت کردوه و موحتاجی هەموو پێداویستیەکی سەرەتایی ژیانێکی قابیلی مرۆڤ کردوە، گوایە قەرارە خەڵک بەرنەپای هەڵبژاردنەوە.
ئەمە درۆیەکی گەورەیە و نەک هەر ئەوە بەڵکو بێ ئیحترامیەکی گەورەیە بە شعور وئیرادەی سیاسی و مافی هەڵبژاردن. دەبێ ئەم سێرکی بێ ئیحترامی بە ئیرادەی سیاسی هاوڵاتیان و مافی هەڵبژاردن بەسەریاندا بڕوخێت. کرێکاران و خەڵکی بێبەش سێرک ونمایشی کارتۆنی هەڵبژاردنەکانی پێشوتریان گۆڕی بە ئابڕوچونێکی گەورە و ئۆکتۆبەر دەگدانەوە و درێژەی ئەم ڕیسواییە سیاسیە بوو.ئەگەر تەنانەت هەمان سێرکی هەڵبژاردن پێوەربوایە ئەوان ئەوەندە دەنگی نەخێریان لە کرێکاران و بێبەشان وەرگرتبوو کە گۆڕیان کوم بکەن و بڕۆن.
کۆنەپەرەستانی بۆرژوا کە لە ڕۆژانی پێش سێرکی بەناو هەڵبژاردندا، بە ڕواڵەت و قەدوقیافەی شیک و قات و ڕیبات و بە عەمامە و مێزەر و بەرسمێڵکراو بە دەم خەڵکەوە پێدەکەنین و هەریەکەیان خەریک بوون دەبوونە فریشتە و دادڕەسی فریادی خەڵک بۆ ژیان و نان و ئازادی تا کڵاو بکەنە سەریان، هەر ئەوەندەی کە دەرکەوت کە کرێکاران و بەشەرییەتی بێبەش ئەو کڵاوەیان ناچێتەسەر و لە ڕاددەیەکی میلیۆنیدا ئەو نمایشی درۆ و بێ ئیحترامیەیان ڕەتکردەوە، ڕۆژانی دواتر و لە ئۆکتۆبەر دا چونەوە پەنای میلشیاکانیان و گروهەکانی مەرگ و کوشتن و تیڕۆڕیان لە سەرجادە و شەقامەکان ناردە سۆراغی کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگە بۆ ئەوەی شەڕی دەسەڵات لە سەرشەقام یەکلا بکەنەوە.
ئەم دەورەیەش لەکۆنگرەی بەغداد و بەهاوکاری پارێزەران و هاوپەیمانە جیهانی و ناوچەییەکانیان و بە هاشوهوشی پوچی ئاوەدانی وئاسایش و بەڕێخستنی ئابوری و حزمەتگوزاریەکان، ویستیان ئەو کڵاوەی لەدەورەی پێشو دا نەیانتوانی ئەمجارە بیکەنە سەری خەڵک و ئەو کۆنەپەرەستیە بۆرژواییە کەنەفت و بێکەڵکە بە ناوی هەڵبژاردنەوە بە دنیا بفرۆشن.
ئاسایش و ئاوەدانی و ڕێکخستنەوەیەکی ئابوریەکی سەرمایەداری لەمڕۆی عێراقدا جگە لە ڕێکخستنەوە و هێنانە سەرپێی ئابوری و بازاڕێکی کاری تەنانەت لەوەی تا ئێستاش هەرزانتر شتێکی ترنیە. ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی دەستدرێژیەکی فراوان و هەمەلایەنە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار و میلیۆنان مرۆڤ و تەنیا لەڕێگەی لێدان و بڕینی هەموو خزمەتگوزاریەکان و هەژارکردنی ڕەسمی چینی کرێکارێکی چەندەها میلیۆنی و دەست ئاوەڵاکردنی بێ هەوساری بازاڕ و سپاردنی تەواوەتی هەموو بوورەکانی ژیانی مرۆڤ بە ویستو پێداوستیەکانی سەرمایەو بازاڕ هیچ ڕێکخستنەوەیەکی جددی و ستراتیژی ئابوریەکی سەرمایەداری لە ئاسۆدانیە. ئەمەش لە جەوهەر دا و بە ناچاری کۆنەپەرەستیەکی سیاسی بێوێنە و بێمافیەکی گەورە و دیکتاتۆرییەت و سەرکوت دەکاتە پێویستیەکی ناچاری بۆ یەکلا کردنەوەی ئەم جەنگە بۆ ئۆردوی بۆرژوازی لە دژی بەشەرییەت و چینی کرێکار. ئەمە واتە ئاسۆی بەربەرییەتێکی گەورە.
هەر بۆیە نا وتن بەم سێرکە سیاسیە، گۆشەیەکە لە نایەکی گەورەتر و پایەی تر بە و بەرییەتە بۆرژواییە قەومی و دینیەی ئەمڕۆی عێراق و سێرکی سیاسی هەڵبژاردن نەک هەر خامۆش و بێدەنگی ناکات، بەڵکو بەپێی هەموو ئەو ئاماژانەی لە ئاسۆدان تەنانەت دەتوانێ سەرەتای دەرەیەکی تۆفانی بێت لەو دەعوایەدا. چونکە شعور و هەست و هۆشی ئینسانیەتی کرێکار وبێبەش لەوە باڵاترە کە ئەو نمایش و دیکۆرسازیە بێ ئابڕوانەی سوکایەتیکردن بە مافی هەڵبژاردن و ئیرادەی سیاسی وەک هەڵبژاردن لەو چەک و چکوڵە بێکەڵکە بۆزژوایە بە فلسێکی قەڵپ بکڕێ و تەنانەت ئاسۆی گۆڕینی ئەم سێرکە سیاسیە بە شکست و ئابڕوچونێکی سیاسی تر مەیل و ئارەزویەکی واقیعی و میلیۆنیە.
گومان لەوە دانیە کە چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بێبەش لە هەر ئاستێکدا کە لەتوانای دایە لەبەرامبەر ڕەوەندێکی بەو جۆرە و ئاسۆی بەبەریەتێکی بەو جۆرە دا ڕادوەستێ و بەرگری لە خۆی دەکاو ئەم ڕەوەندە بێ سەر ئێشە و جەنگ و دەعوایەکی گەورەی چینایەتی یەکلا نابێتەوە و نای میلیۆنی وڕەتکردنەوەی میلیۆنی سێرکی هەڵبژاردن گۆشەیەکە لە ڕەتکردنەوەی ئەم بەربەریەتە. بێگومان ئەم (نایە) گەورەیە بە هەر ئەندازەیەک سەربگرێ و بە هەر ڕاددەیەک کە بتوانێ ڕادیکاڵ وقوڵ ئەم کۆنەپەرەستی و بەدبەختیە چینایەتیە بخاتە ژێر پرسیارەوە، بە هەمان ڕاددە دەتوانێ دەرفەتی هاتنە مەیدانێکی چینایەتی جیددیتر بۆ تێکەوەپێچانی تەواوی ئەم بەدبەختیە بۆرژوازییەی دێتە دەست.
بەم پێیە ڕەتکردنەوە و (نا) وتن بەم دەوردوکانە لە هەر ئاستێکدا حەتمیە و لە هەر ئاستێکدا بێت فاکتەرێکە لە دیاریکردنی ڕەوتی ڕوداو و ئاڵۆگۆڕەکانی مەیدانی سیاسی.
ئەم بەشەرییەتە کرێکار و زەحمەتکێشە ئەگەر بە ڕاستی بیەوێ لە دەعوایەی خۆیدا لەسەر ژیان و ئازادی و خۆشبەختی خۆی سەربکەوێ، تەنیا لەڕێگەی هەڵبژادنی کۆمۆنیزم و پەیوەست بوون بە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خۆی دەتوانێ سەربکەوێ. ئەم دەعوایە بەبێ کۆمۆنیزم، بە بێ حیزب و ڕیزی سیاسی سەربەخۆی کرێکاری و کۆمۆنیستی تەنیا دەتوانێ بە قازانجی درێژەکێشانی ئەم بەبەرییەتە بۆرژواییە تەواو ببێت.
کۆمۆنیزم و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئامڕازی ئەم سەرکەوتنەیە و بەم پێیە چینی کرێکارێکی گەورەی چەند میلیۆنی و بەشەرییەتێک کە بە هەموو هەست و هۆشیەوە و بە هەر شتێک کە بەردەستیدایە و سەرباری زۆر و سەرکوت و کوشتن و زیندان هێشتا بەرگری لە خۆی دەکا و لەنەخێری خۆی بەم کۆنەپەرەستیه بۆرژواییە نایەتەخوار، لە میلیۆنان ژنی مەملەکەت کە نایانەوێ لە ژێر عەبای کۆنەپەرەستی بۆرژواییدا حورمەت و شکۆی ئینسانیان ژێرپێ بخرێ، لەو لێشاوی گەنج و لاوەی کەنایەوێ چیتر ژیان و خۆشبەختی و ئازادی خۆی ڕادەستی ئەو کۆنەپەرەستیە بکا و لەو جەماوەرە میلیۆنیەی کە نایەوێ هەموو ڕۆژێک خەریکی جەنگی نان و ئاو و سەلامەتی تەندروستی و مانەوە ی بێت لەگەڵ ئەم بەربەرییەتە بۆرژواییە، ئەم جار دەتوانێ ڕاشکاوتر بێتەمەیدان بۆ ئەوەی ئەم دەورودوکانی درۆ و کڵاولەسەرکردنەیان بەسەردا بڕوخێنێ و شکشستیان پێ بهێنێ و سەرکەوێ و بۆ سەرکەوتنێکی گەورەتری سیاسی بەجەنگێ. دەتوانێ بۆ ئەوەی یەکجار بۆ شکست پێهێنانی ئەم ئۆردوە کۆنەپەرەست و دژی خۆشبەختی و دژی ئازادیە و سەرکەوتنێکی سیاسی سوسیالستی و ئازادیخوازنە بجەنگێ .
دەکرێ ڕۆژانی سێرکی هەڵبژاردن بگۆڕین بە ڕۆژی نمایشی گەورەی نەخێر بەو دەوردوکانەو بەو بێمافیە سیاسی و کۆمەڵایەتیە و بو بەدبەختیەی ناویان لێناوە ژیان و بە دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە سەرمایەدارە دژی ئازادی و خۆشبەختیە بە هەموو باڵ و،نوێنەرانی سیاسی ڕەنگاوڕەنگیەوە.
نەخێر بگۆڕن بەتابلۆی گەورەی دەروازەی شار و مەیدانی شار و گەڕەک و کۆڵان. شارەکان، گەڕەک و شوێنی کار و ژیان پڕکەن لە نەخێر، سندوقەکان پڕکەن لە نەخێر و سەری سندوقەکان بە مۆری نەخێر داخەن.ئیتر ئیشی ئەوان با ببێتە ژماردنی نەخێرەکانی ئێمە بەبازاڕی درۆیان، بە بازاڕی کڵاولەسەرکردن و بەسیستەم و دەسەڵاتیان. دەورەی ئێمە دەتوانێ دەست پێ بکا.