گفتوگۆی بڵاکراوەی ئۆکتۆبەر لەگەڵ خەسرەو سایە، سەبارەت بە هەڵبژرادنی پێشوەختەی عیراق

ئۆکتۆبەر:  پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەستی پێکردوە. حزب و لایەنە بۆرژواییەکانی کوردستان، بە ئیسلامی و ناسیۆنالیستیەوە بانگەوازی خەڵك دەکەن بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی ناوزدەی دەکەن، گوایە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانە بەرامبەر بە دوژمنانی گەلی کورد لە بەغدا کە چاویان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان هەڵنایەت؟ دەوترێ ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیە تا وەکو تۆڵەکردنەوە لە حزبە دەسەڵاتدارەکان بەشداری نەکەن. ڕای ئێوە لەسەر ئەمجۆرە بانگەشانە چیە؟

خەسرەو سایە: سەرەتا ئەوە بڵێم کەئەم جۆرە پڕوپاگەندانە ڕیسواو سواوەو زیاتر لەبن بەستو قەیرانی دەسەڵاتدارێتیەوە سەرچاوەدەگرێ وئێستاش لەپەیوەند بەسینارێۆی هەڵبژاردنەوە دەدرێتەوە بەگوێی خەڵکدا. بەڵام ئامانجەکانی پشتی ئەم جۆرە لەپروپاگەندە چیە؟.

ئاشکرایە کەناڕەزایەتی جەماوەر بۆ نانو کارو خزمەتگوزاری کردەیەکی هەرساتەیەو ڕۆژ نیە لەم شارو لەو شارۆچکەیە، لەم زانکۆ وکارگەو گەڕەکە ڕیگاکان نەبەستێ وتوڕەیی و بێزاری ڕووبەڕوی چینی دەسەلاتدار نەکاتەوە. ئەمەش ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت کە دەورەی ئێستا ڕەوتی خەباتی چینایەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی، بەخواستی وەلانانی ئەم دەسەڵاتە گەیاندووە و ئەو ترسەی خستۆتە دڵی چینی دەسەڵاتدارەوە، کەدرەنگ یان زوو لەگەڵ هەڵسانێکی جەماوەری بەرەوڕوو دەکاتەوە. هەربۆیە هەموو حزبەکانی بەشدار لەم سیناریۆ گاڵتەجاریەدا کەناویان ناوە هەڵبژرادن، هەوڵ بۆئەوە دەدەن تا ئەم ترسەی سەرسەریان بڕەویننەوە، بۆ ئەمەش دەست بۆ پڕوپاگەندەی پوچی لەم جۆرە دەبەن تا بتوانن ڕێچکەی نارەزایەتیەکانی خەڵک بەلاڕێدا ببەن و ڕایان کێشنە ناو هەمان ئەو چوارچێوەیەوە کەبۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەیان کێشاویانە. لەلایەکیترەوە ئەم جۆرە پڕوپاگەندانە بۆ ئەوەیە کەچینی دەسەڵاتدار، بەخەڵک بڵێ کە هیچ ڕیگایەکیتر نیە لەبەردەمتاندا جگەلەو یاریە سیاسیەی حزبەکان کەناویان ناوە”دیموکراسی و دەنگدان”، بەم جۆرەش باسی شۆڕش و ڕاپەڕین ببەنە دەرەوەی ویستو شعوری جەماوەرەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کەخەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش ئەزمونی ئەوەیان کردووە کە نەپەرلەمان و نەدیموکراسی و نەدەنگدان، هیچ شتێکی لەژیانی ئەوان نەگۆڕیوە، بگرە تاهاتوە، هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن، باری سەرشانیان قورستر بووە. لەوەها دۆخێکیشدا دەستبردن بۆ پڕوپاگەندەی پوچی قەومی و فریودان و هەڵخەلەتاندنی خەڵک بۆتە سیاسەتی هاوبەشی هەموو ئەم لایەنانە وبەهەمویان هەوڵدەدەن جەماوەر  چاوەشە بکەن وتەسلیمیان بکەن بەسیاسەتەکانی خۆیان و لەئەنجامیشدا ڕەوتی ناڕەزایەتیەکانیان لەپڕوپاگەندەی لەم جۆرە، بخنکێنن.

لەبارەی ئەوەشەوە کەدەڵێن ” ئەم هەڵبژاردنە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستانە بەرامبەر بە دوژمنانی گەلی کورد لە بەغدا”، وەڵامی هەر کەسێکی سادەش، ئەوەیە  کە ئەوە حزبەکانی نێو دەسەڵاتە کەدەیانەوێت بەناوی “بەرژەوەندەیە نەتەوەییەکانەوە” خۆیان بکەنە نوێنەری خەڵکی کوردستان، تا کۆمپانیاکانی خۆیان بچەرخێنن و دەرفەت بۆ تاڵانی و گەندەڵی بەناوی هەرئەو خەڵکە هەژارو برسی و بێکارەوە بڕەخسێنن، کە٣٠ ساڵە لەسەرەتاییترین مافو ئاستی بژێوی بەێبەشن. ئاخر کام دەوڵەت و کام بەشە لەچینی دەسەڵاتدار لەدونیادا بەناوی هەموو کۆمەلگاو میللەت و نەتەوەوە قسەی نەکردوەو لەژێر هەرئەم ناوەشدا، شەڕی بەرژەوەندیەکانی خۆی نەکردوە ودواجاریش هاوڵاتیانی بن دەستیشی گیردۆدە نەکردوە بەهەزارویەک دەردومەینەتی! ئایا ئەوانەی دەم لە”پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوەییەوە”دەکوتن، هەر ئەوانە نەبون کەلەناوەڕاستی شەقامدا مامۆستای ناڕازیان دایە بەرشەق وشەریفترین ئینسانی ئەم “نەتەوە”یەیان خستە زیندانەوە؟ پاشان دەبێ بپرسین ئەگەر دوژمانانی کورد لەبەغدایە، ئیتر بۆ خەڵک بەرەو بەغدا ڕادەکێشن؟ بۆچی دوایان لێدەکرێ دەنگی ئەوان بکەنە ڕیگای گەرانەوە بۆ”پەرلەمان و دیموکراسیەک کەدەستەوتاقمی دوژمن بە”گەلی کورد” تێدا زۆرینەو باڵادەست دەبن؟. ئایا خەڵکی کوردستان ئەو ڕاستیە نابینن کەلایەنگرانی”بەرژوەندیەکانی نەتەوەی کورد” چۆن هەردوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان، بەئاشکرا ولەپشتی پەردەوە دەست بۆ هەر ئەو “دوژمنانەی گەلی کورد” درێژدەکەن ودەکەنە ڕێکەوتن و ساتو سەوداوە تا پلەوپۆست و داهات بەدەستبهێنن!. ڕاستیەکەی ئەوەیە کاتێک حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی وبەشدار لەهەڵبژاردنەکاندا، باس لە بەرژەوەندی نەتەوەیی دەکەن، مەبەستیان بەرژەوەندی خۆیانە وکاتێکێش باس لە دوژمنانی گەلی کورد دەکەن مەبەستیان دۆستەکانی خۆیانە. ئەوان بەم پروپاگەندە پوچانە دەیانەوێت خەڵکی کوردستان بکەنە وەسیلەی شەڕی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەکانی خۆیان لەبەغداو لەکوردستانیش دەست نەپارێزن لەداسەپاندنی سەرکوت و هەژاری وبێکاری ستەم و چەوسانەوە، بەسەر زۆرێنەی هاوڵاتیاندا. بۆیە دەبێ خەڵکی کوردستان بەم قسانە بڕوانەکەن و بەهێنانە مەیدانی ڕیزی ناڕەزایەتیان وتوندکردنەوەی خەباتیان کۆتایی بەوجودی خۆیان ودەسەڵاتە گەندەڵەکەیان بهێنن وتۆڵەیان لێبکەنەوە.

ئۆکتۆبەر: لە بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و عێراقدا باس لەوە دەکرێ کە ئەم هەڵبژاردنەی عێراق ئامانجی تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسی و حکومەتیەیە کە بەهۆی خرۆشانە جەماوەریەکانی ساڵی ٢٠١٩ ەوە دەسەڵاتی میلیشایی تائیفی بۆرژوازی عێراقی گیرۆدەکردوە و دامەزراندنەوەی سەقامگیری سیاسی و حکومەتیە بۆ چینی بۆرژوازی لە عێراق. دەکرێ ئەم پرسە زیاتر روون بکەنەوە، بەتایبەتی کە ئێستا جموجوڵە جەماوەریەکان خامۆش بونەتەوەو ئەو فاکتەرەی کە حکومەتی تووشی قەیران کرد رەنگە نەمابێت یان ئەو کاریگەریەی نەمابێت.

خەسرەو سایە: ئەوەی ئەم هەڵبژاردنە لەهەر هەڵبژرادنێکی نورماڵ ودەورەیی کەهەرچوار ساڵ جارێک بەرێوە دەبرێ، جیادەکاتەوە ئەوەیەکە:

یەکەم: ئەم هەڵبژاردنەی کەبڕیارە لەمانگی ئۆکتۆبەردا سازبدرێت، بۆ هێنانە سەرکاری حکومەتێکە کەئیعتباری قانونی هەبێ وبەقەسەی لاینەکان “ئیعتباری دەنگی خەڵکی” لەپشت بێت. بەتایبەتی کە حکومەتەکەی کازمی حکومەتێکی کاتیە وبەڕیکەوتنی لایەنەکانو ڕەزامەندی ئەمریکاو ئێران، بەدوای لەسەر کارلابردنی عادل عەبدول مەهدی و ڕەتکردنەوەی ژمارەیەک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک وەزیران، بازەکە بەسەریەوە نیشتەوە. بەم جۆرەش ئەم هەڵبژاردنەی ئیستا بۆ پڕکردنەوەی ئەو قەیرانە حکومەتیەیە کەلەعێراقدا هاتۆتە کایەوە. لەیەک وتەدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ تێپەڕینە لەم قەیرانە وهێنانە سەرکاری حکومەتێک کە لەئاست پەیوەندیە نیودەولەتیەکاندا ئیعتباری دەنگدەری لەپشتبێت، وەک ئەوەی کەبانگەشەی بۆدەکەن.

دووەم: ئەم هەڵبژاردنە لەدەورەیەکدا دەستی بۆدەبرێ کەجوڵانەوەیەکی جەماوەری ناوەندی شەقامی شارەکانی  گرت وکاریگەری لەسەر دەسەلات و هێزهاوسەنگی نێوان حزبەکان دانا وگیرۆدەی کردن بەقەیرانێکی حکومەتی. ئەگەرچی ئەم جوڵانەوەیە سەرکوتکراوە و بەو ئاسەتەی کەپشو لەمەیداندا بوو نەماوە، بەڵام هێشتا فشارەکانی لەسەر پڕۆسەی سیاسی لەعێراق هەستپێکراوەو بەحوکمی ئەوگێژاو وبنبەستەی کە چینی دەسەڵاتدارو ئەحزابی شیعی و سوننی و ناسیونالیزمی کورد لەگەڵی بەرەوڕون، هەروەها بەحوکمی ئەوەی کەئابوری عێراق گیرۆدەیە بەقەیرانێکی قوڵو هەمەلایەنەو چینی دەسەڵاتدار لەئاست وەڵامدانەوە بەخواستەکەنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بێتواناو دەستەوەستانە، هێشتا جوڵانەوەی نارەزایەتی جەماوەری ئەو قابیلیەتەی هەیە پەرەبسەنێ وبەڕەلەژێر پێی هەمو لایەنەکاندا دەربکێشێ وگشت پڕۆسەی سیاسی و سیناریۆی هەلبژرادنیان بەشکستدا بکێشێت.

سێهمە: تا ئەو جێگەیەی بەکوردستان دەگەڕیتەوە، ئەم هەڵبژاردنە، بۆ پێناسەکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە. بەتایبەتی کەلەدوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ودواتریش وەلانانی حکومەتەکەی عادل عەبدول مەهدی، هەموو ئەو ڕێکەوتنانەی هەڵوەشاندەوە کەپەیوەندیەکانی نیوان هەولێرو بەغدای لەسەر هەڵچنرابوو. ئەمەش هاوکێشەی هێزی بەزیانی دەسەڵات لەهەرێم و ئیختیاراتەکانی، گۆڕیوەو تەوازنی هێزی نێوان ئەحزابی ناسیونالیستی کوردو حزبەکان لەعێراقی بردۆتە قۆناغیکی تازەوە. بەڕادەیەک کەئەمڕۆ کوردستان لەحاڵەتێکی چاوەڕوانیدا بەدیار داهاتوی دەسەڵاتو حکومەت لەعێراقدا ڕاگیراوە. ئەوەی کەئەحزبی ناسیونالیستی کورد دەیڵێت کەئەم هەڵبژاردنە بۆ “بەهیزکردنی پێگەی کوردە لەبەغدا” لەڕاستیدا بۆ دوبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمو بەغدایە، بۆ هێنانەکایەوەی پەیوەندیەکی تازەی  نیوان ئەحزابی ناسیونالییستی کوردە لەگەڵ ئەحزابی باڵادەستی شیعە وسوننەو هێزە میلیشیایەکان وڕزگاربونیانە لەو تەنگانەیەی کەلەئێستادا تێی کەوتون.  بێگومان هەموو ئەمانەش دورونزیک پەیوەندیان نیە بەخەڵکی کوردستان وئەو خواستانەوە کەڕۆژانە ڕووبەڕوی دەسەڵاتدارانی دەکەنەوە. ئێمە هەر دوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق وکوردستان لەسەر بنەمای ئەم لێکدانەوەیە بۆ ڕەوتی خەباتی چینایەتی کرێکارانو جەماوەری زەحمەتکێش وئاستی ناڕەزایەتیەکانیان دۆخەکە دەبینین وهەڵوێست وەردەگرین نەک لەچوارچێوەی بەشداری کردن ونەکردن لەم هەڵبژاردنەدا.

ئۆکتۆبەر: لە بەیاننامەکەی هەردوو حزبدا باس لەوە دەکرێت کە بایکۆت ناتوانێ وەڵامی سیاسی دروست بێت بەرانبەر بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چونکە بارودۆخی سیاسی عێراق دوای خرۆشانە جەماوەریەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ سەرجەم پرۆسەی سیاسی تێپەڕاندوەو ئەمەش بە گرتنەپێشی سیاسەتی بەشداری نەکردنی هەڵبژاردن وەڵام نادرێتەوە. دەکرێ سەبارەت بە چیکردن بەرامبەر بەم هەڵبژاردنە رونکردەوەی زیاتر و کۆنکرێتتر بخەنەڕوو؟

خەسرەو سایە: سەرەتا بەرجەستەکردنەوەی خاڵێک بەگرنگ دەزانم ئەویش ئەوەیە کەگرێی سەرەکی ئێستای خەباتی چینایەتی هەم لەعێراق وهەم لەکوردستان، دەسەڵاتە. واتە لەهەر دولا دوو حکومەتی قەیران گرتوو لەئارادایە، کەبن بەست وشکستخواردوەو گیرۆدەیە بەتەنگانەیەکی هەمەلایەنەو چ لەڕووی ئابوریەوە و چ لەڕوی سیاسی و ئیدرایەوە، تەنانەت لەڕووی ئایدیۆلۆژیەوە بێتوانایە و قابیلیەتەکانی خۆیان لەبەڕێوەبردنی کۆمەلگاو وەڵامدانەوە بە ژیان و بژێوی وخواستی خەلكی کرێکارو زەحمەتکێش لەدەستداوە. لەلایەکیترەوە ئەم دوو حکومەتە لەگەڵ ناڕەزایەتیەکی قوڵ و فراوانی کۆمەلایەتی بەرەوڕووەو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەورەیەک لەڕاپەرین و هاتنەمەیدانی جەماوەریان پشتسەرناوە. دیارە چارەسەری دۆخێکی ئاوا لەڕوانگەی چینی کرێکارو جەماوەری ناڕازیەوە بەتاکتیکی بەشداریکردن وەیا بەشداری نەکردن لەهەڵبژاردنیکدا وەلام وەرناگرێتەوە. بەپێچەوانەوە ئەوە چینی بۆرژوازی و حزبەکانی نێو هەر دوو حکومەتی عێراق وکوردستانن کەدەیانەوێت لەڕیگای هەڵبژاردنەوە باز بدەن بەسەر ئەم واقعیەتانەداو خەڵکی لەوچوارچیوەیەدا ڕابگرن کەناویان ناوە”پڕۆسەی سیاسی ودیموکراسی”. لەکاتێکدا ئەم پڕۆسەیەو ئەوحکومەتە دیموکراسیە بن بەستو شکست خواردوە. هەربۆیە تاکتیکی بایکۆت ناتوانێ سیاسەتێکی دروست و پێشڕەوانە بێت بەئاڕاستەی بردنەپێشەوەی خەبات بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵات وبەدیهێنانی خۆاستی خەلكی ناڕازی. ئەوانەی باس لەبایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، پێبزانن یان نا، لەپێشەوە مانەوە درێژەکێشانی “پرۆسەی سیاسی” و ئەو چوارچیوەیەی کەچینی بۆرژوازی وحزبەکانی دیارییان کردوە، قەبوڵ کردوەو مەسەلەی گۆڕێنی دەسەڵاتی ئێستا بەدەسەڵاتێکی جەماوەری پشتگوێ دەخەن وسەرەنجام ڕیگا دەکەنەوە تا چینی بۆرژوازی و حزبە بەشدارەکان لەم هەڵبژاردنەدا، حکومەت سازبدەنەوە. ئێوە بیهێننە بەرچاوی خۆتان ئەگەر لەسەدا نەوەدو نۆی دەنگدەران نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەوا حزبە بەشدارەکان هەر دەچنە پای قەبوڵ کردنی ئەنجامەکان وحکومەتی تازە پێکدەهێنن وپۆست و ئیمتیازاتەکان لەنێوان خۆیاندا دابەشدەکەنەوە. لەمەشدا نەکە هەر هیچ شتێک لەژیانی خەلک ناگۆڕدرێ، بگرە سیاسەتێکی پێشرەوانەش بەئاراستەی بردنە پێشەوەی خەباتی جەماوەری و ناڕەزایەتیەکانیان ناباتەپێشەوە. لەیەک وتەدا مەسەلەی دەسەڵات وخەبات بۆ وەلانانی چ لەکوردستانو چ لە عێراق بەر لەهەڵبژاردنەکان مەسەلەیەکی سەرەکی بەردەم خەباتی چینایەتی کرێکارو جەماوەری ناڕازی وئەو جوڵانەوەیەیە کەمەیدانی شارەکانی بەغداو ناسریەو بەسراو سلێمانی وهەولێر و سەیدسادق وڕانیەو گەرمیانی…گرتوە. ئێستاش بەهاتنەکایەوەی هەڵبژاردن نەهیچ لەم مەسەلەیە دەگۆڕێ، ونە بایکۆتیش ئەم خەباتە بەرەوپێشەوە دەبات. ئەگەر کورتی بکەمەوە سیاسەتی دروست لەبەرامبەر ئەم هەڵبژاردنەدا، هەوڵدانە بۆ بەشکست کێشانی گشت پڕۆسەی سیاسی لەعێراق وئەو سینارێۆیەی کەحزبەکان ناویان ناوە هەڵبژاردن. ئەمەش لەڕیگای پەرەدان بەنارەزیەتیە جەماوەریەکانی ئێستاو ڕیکخراوکردن ودابینکردنی ڕابەریەکی پەیگیرە بۆی.

لەبارەی ئەوەوە کەدەبێ لەبەرانبەر ئەم هەڵبژاردنەدا چی بکرێ، سەرەتا دەبێ ئەو ئاسۆ و سیاسەتە بەدەستەوە بگیرێ کەراستەوخۆ خواستی وەلانانی دەسەڵاتی چ لەکوردستان و چ لەعیراقدا، بەدەستەوە گرتوە. هاوکات لەبەرامبەریدا بەدیلی جەماوەری واتە دەسەڵاتدارێتی جەماوەری رێکخراو لەشوراو ئەنجومەنەکاندا بخرێتەڕوو، بۆ ئەمەش پێویستە هەوڵبدرێت ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانی ئێستا، لەپەرشوبڵاوی دەربکێشرێت و سەراسەری بکرێتەوە وڕابەریەکی جەسور وڕاوەستاوی بۆ زامن بکرێ وڕیگا نەدرێ موجازەفە بەخەباتی خەڵکەوە بکرێ. هاوکات دەبێ کاربکرێت بۆ کۆکردنەوەو لێکهەڵپێکانی دەستەو کۆڕوکۆمەڵەکان وسەرەنجام دەورانی پڕوپاگەندەکردنی حزبەکان بۆ هەڵبژاردن بکرێتە فرسەتێک بۆ هێنانە مەیدانی خەڵکی ناڕازی لەدەوری خواستەکانیان، لەناوەندەکانی کار، لەگەڕەک و زانکۆ وبەڕیوەبەرایەتیەکان، لەناوەندی شارەکان ولەجەرگەی ئەم خەباتەدا، کۆبونەوە گشتیەکانی جەماوەر وهەڵبژاردنی نوێنەران لەئاستێکی بەریندا سازبدرێن وئەمەش بکرێتە بنەمای کۆنترۆڵ وبەڕیوەبردن.. ئەمانەو گەلێک کاری تر دەتوانێ سەرخەتی کاری ئەمدەورەیە بێت، کەلەدواجاردا خەباتی چینایەتی لەبەرامبەر دەسەڵاتدا بباتە قۆناغیکیترەوە..

Check Also

کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەدژی ژنان، کاری چینی کرێکار و بزوتنەوەی یەکسانیخوازییە!

٢٥ی نۆڤێمبەر ڕۆژی جیهانی ڕاوەستانەوەیە بەرامبەر بە توندوتیژی لەدژی ژنان. بەم بۆنەیەوە هەموو ساڵێک لەلایەن …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *