ململانێی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەڵمەتێکی دیکە لە چەواشەکاری!

عرفان کریم 

پاڤێل تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەرواری ٨ ی تەموزی ٢٠٢١  هەڵمەتێكی لابردنی چەند بەرپرسێکی ئەمنی و سەربازی دەستپێکرد و پاش چەند رۆژێکیش بڕیاری ئەوەی دەرکرد کە ئیدی ئەو سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە و کۆتایی بە سیستەمی هاوسەرۆکی لە سەرکردایەتی  ئەم حزبەدا  هێنا، لەبەرامبەردا لاهور شێخ  جەنگی ڕایگەیاند کە ئەمە پلانی پارتی و تورکیا و ئەجیندای ناوچەیی لە پشتە و ئامانج لێی تەسلیمکردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، میدیاکانی سەر بە باڵی کوڕانی جەلال تاڵەبانی (بافیڵ و قوباد)  ئەم هەڵمەتەیان  وەک دەستکەوتێکی سیاسی بۆ جەماوەر و خەڵکی کوردستان نیشان دەدەن و دەڵێن بەسەرکەوتنی ئەمان و بەگرتنە دەستی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی لەلایەن باڵەکەی ئەمانەوە،  ئیدی کاری قاچاخچێتی و کاری یاساشکێنی لە بابەتی سەرانە سەندن و هەڵکوتانە سەرخەڵک نامینێت و یاسا سەروەر دەبێت … و چەند وەعد و بەڵێنێکی  دیکەی لەم جۆرە بلاودەکەنەوە. بەڵام ئایا ئەم ئیدعایانە واقعیەتی هەیە؟ ئایا بە بەلابردنی چەند بەرپرسێکی ئەمنی و سەربازی و ئیداری لەنێو دامودەزگاکانی  حزبێکی دەسەڵاتدار لە زۆنی ئەم دیوی دێگەڵە ، ئیدی بارودۆخی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بەرەو باشتر دەچێت و ئارامی و سەقامگیری بەرقەراردەبێت و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر دەچێت، ئایا هەوڵدان بۆ هێشتنەوەی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی  لە جێگای  خۆیان مووچە و دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزاریەکان  باشتر دەکات ؟

لە ڕاستیدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، چاوخشاندنێکی خێرا بە  مێژوویەکی  نزیک  لە ململانێ و جیابوونەوەکانی نێو بزوتنەوەی کوردایەتی، کە یەکێتی نیشتمانی خۆی  یەکێکە لە حزبەکانی نێو ئەم بزوتنەوەیە، ڕاستی و دروستی ئەم مەسەلەیەمان بۆ دەردەکەوێت.

هەر لەسەرەتاوە دروستبوون و پێکهێنانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەرئەنجامی جیابونەوەی باڵی جەلالیەکان بوو لە ڕیزەکانی پارتی دیموکرات، واتە ئەو کەسانەی کە لەگەڵ (جەلال تاڵەبانی) ڕیزەکانی پارتیان بەجێهێشت. ئەوەی ئاگاداری مێژووی سیاسی ئەم حزبە بێت دەزانێت لەو سەردەمەدا چ هاژوهوژێکی گەورە و چ ئیدعایەکیان دەکرد لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە یەکێتی نیشتمانی سەبارەت بەکۆتایهێنان بەدەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتی  لە کوردستان، بەتایبەت کە هێرشی سیاسیان دەکردە سەر پارتی دیموکرات و بنەماڵەی بارزانی، سەرئەنجامیش بینیمان کەچۆن کوڕو برازا و مام و هاوسەر ..وتاد  بە کوردیەکەی ئەوەی بەقەی تاڵە دەزوویەک  بە خزمایەتی دەگەیشتەوە  بە ماڵی جەلال تاڵەبانی،  بوونە  کەسانی یەکەم  و دەسەڵاتداری نێو ئەم  حزبە و سەرئەنجامیش  ئێستا بونەتە خاوەنی ملیۆنەها دۆلار. نمونەیەکی  زۆر زیندوو بەرجەستەی دیکە، ململانێ و جیابونەوەی باڵی نەوشیروان مستەفا بوو لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، کاتێک بەشێک لە سەرکرادیەتی یەکێتی نیشتمانی جیابونەوە و بزوتنەوەی گۆڕانیان پێکهێنا،  ئەو کات ئیزگە و تەلەفزیۆنەکان و دام و دەزگاکانی سەر بەم بزوتنەوەیە،  گوێ ی خەڵکی کورستانیان کەڕ کردبوو،  سەبارەت بە کۆتایهێنان بە گەندەڵی و دەسەڵاتی بنەماڵەیی لە کوردستان، سەرئەنجامیش بینیمان چۆن سەروەت و سامانێکی زۆر لە (زەوی و زار و کۆمپانیا) کە بەسەدان ملیۆن دۆلار ئەژماردەکرێت، لەلایەن  نەوشیروان مستەفاوە دەستی بەسەردا گیرابوو،  بەر لەمردنیشی بەناوی کوڕەکانیانەوە تۆماری کردو، دواتریش هەر ئەم کوڕانە بوونە کەسانی یەکەم و بڕیار بەدەستی نێو بزوتنەوەکە و گۆڕانیش بووە شەریکە بەشی پارتی و بنەماڵەی بارزانی .

جیابونەوە و ململانێ و باڵباڵێنەکانی نێو ڕیزەکانی سەرکردایەتی حزبە ناسیونالیستەکانی کورد، هیچ کات لە پێناو دیفاعکردن لە بەرژەوەندیەکانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی کورستاندا، نەبوە و نابێت. ئەم  حزبانە  لە بنچینەدا، ئەرک و ئامانجیان پاراستنی  بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەدار و بۆرجوازیەکانی کوردستانە. هەر ناکۆکی و ململانێیەک لە نێو ڕیزی سەرکرادیەتی ئەمانە بێتە ئاراوە، ئەوە پەیوەندی بە قەیرانی دەسەڵاتی نێو ڕیزەکانی حاکمیەتی خۆیانەوە  هەیە و هەوڵدانێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی چینی سەرمایەداران لە کوردستان و دوورخستنەوەی جەماوەرە لە مەسەلەی هاتنەمەیدان و دەستبردن بۆ شۆرشکردن لەبەرامبەر دەسەڵاتەکەیاندا و سەرئەنجامیش کۆتاییهێنان بە حکومەتەکەیان. ئەمانە بەمەبەستی شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی ئەم هەقیقەتە، خۆیان لەژێر چەتری کۆمەڵێک ئیدعای پوچ و بێبنەمای سیاسیدا، حەشاردەدەن و جارێک بەناوی (دژایەتیکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی) جارێک لە ژێر ناوی ( کۆتاییهێان بەگەندەڵی و چاکسازی) ئێستاش لەژێر ناوی ( سەروەری یاسا و کۆتایهێنان بە کاری قاچاخچێتی،..) دەیانەوێت جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان چەواشەبکەن و خۆیان وەک پارێزەری بەرژەوەندیەکانی خەڵک، نیشان بدەن. لەڕاستیدا هەروەکو چۆن نەوشیروان مستەفا چەندینجار بەدوای جیابونەوەشی لە ڕیزەکانی یەکێتی نێشتمانی، ڕایگەیاندوە کە ئەو شانازی بەو مێژووەی خۆیەوە دەکات لەنێو ڕیزەکانی ئەم حزبەدا و بەرپرسایەتی هەر کارێک دەگرێتە ئەستۆ، ئاوهاش سەرجەم سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە( کوڕ و مام و برازا و هاوسەر و.. تاد)  بەشدارن لە داسەپاندنی ئەم  جۆرە دەسەڵاتە گەندەڵ و نادادپەروەرە، کە بە هاوبەش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە.

٢٣/٧/ ٢٠٢١

 

 

Check Also

ئەمریکاو جۆلانی

عوسمانی حاجی مارف ئەمریکا داوای سەری ئەبو محەمەد جۆلانی دەکرد بە زیندویی یان مردویی، بە …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *