گفتو گۆ لەگەڵ عوسمانی حاجی مارف
ئۆکتۆبەر: هاورێ عوسمان وەکو ئاگادارن بارودۆخی سیاسی کوردستان لە هەموو کاتێك زیاتر لەسەر لێواری گۆڕانکاریدایە، کە دیارنیە کام ئاراستە دەگرێتەپێش. لەلایەکەوە سوپای تورکیا بەردەوام لەشکرکێشی دەکات و بەبیانوی بوونی پەکەکەوە لە هەرێمی کوردستان دەیان بنکەی سەربازی دامەزراندوەو هەرئێستاش ئامادەسازی بۆ شەڕێك دەکرێت لەنێوان پارتی و پەکەکەدا و بەجۆرێك سەرەتاکانی دەستی پێکردوە. لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم گیرۆدەی قەیرانی سیاسی و ئابوری بووەو دووهێزی سەرەکی پێکهێنەری حکومەت هەریەکەیان سەریان بە شوێنێکەوەیەو لە پەیوەندیەکی خراپدان. لەولاشەوە ئامادەسازی بۆ هەڵبژراندنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق دەکرێت. لەناو ئەم گێژاوەدا پێتانوایە کە بارودۆخی سیاسی کوردستان بەرەو کوێ دەچێت؟
عوسمان حاجی مارف: ناجێگیری سیاسی و سەرگەردانی هەلومەرجی سیاسی کوردستان بەدوای جەنگی کەنداوەوە لە ساڵی ١٩٩١وە تائێستا واقعیەتێکی بێ کۆتایی کوردستانی عێراقە، جا بە هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی لە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوی دابێت ئەو ناجێگیریە زیاتر خۆی نیشانداوین.
هەوڵدانی باڵادەستی دەوڵەتی ئەمریکا بەسەر جیهان و لەشکرکێشی هێزە سەربازیەکانی لە ناوچەکەدا، هۆکارێکی سەرەکیە لە خولقاندنی ئەو گێژاوە سیاسیە و تێکڕمانی بنەمای ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی کە چەندین سالە ئەم ناوچەیەی داگرتووە، لەهەمان کاتدا شکستی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا، دەست ئاواڵەبونی دەخالەتی ووڵاتانی زلهێزی دنیا، دەورو کاریگەریەکی زیاتری بووە لە سەر قوڵبونەوەی بارگرژی و بونی قەیرانی بەردەوام. واتە بە سادەیی دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ٣٠سی ساڵە باردۆخی کوردستان لەلایەک کەوتۆتە ناو چوارچێوەی نەخشەو سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئەمریکاوە، لەلایەکی ترەوە کێشمەکێشی وولاتانی زلهێزی دنیاو هەروەها دەخاڵەتی ووڵاتانی ناوچەکە وەک ئێران و تورکیا. لە ناو ئەم واقعیەتەدا هێزەکانی دەسەڵاتدار لە کوردستاندا کە پارتی و یەکێتی و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانین، کوردستانیان بە زۆنی زەردو سەوز دابەشکردووە، بونەتە پاشکۆی ئەو هەلومەرجە، کەبەگوێرەی بەرژەوەندیەکانیان هەوڵیان داوەو هەوڵئەدەن گەورەترین سودمەندبن لە مانەوەی ئەو گێژاوە سیاسیە، هەمیشە دەوریان بووە لە یاری کردن بە چارەنوسی کوردستان و ژیانی خەڵک.
هەڵبەتە ئەو فاکتەرانەی کە لە پرسیارەکانی ئێوەدا دەربارەی دۆخی ئێستا بەرجەستەدەکرێت وەک لە لەشکرکێشی تورکیا و شەڕی پارتی و پەکەکە و قەیرانی سیاسی و ئابوری و ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردن، هەروەها لە هەمان کاتدا نەخشەی کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا و دەخالەتی ڕاستەوخۆی ئیران وجێگاوڕێگای لە حکومەتی عێراقدا، پەیوەندی ئێران لەگەڵ یەکێتی..هتد لەلایەک بەردەوامی هەمان ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەیە، لەلایەکی ترەوە بن بەستی ئەو بارودۆخەیە کە بە پێوانەی گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکان و دەورو مەوقعیەتی وولاتانی دەخالەتگەری ناوچەکە، ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پێویستی بە گۆڕان و ناساندنێکی ترە، تا پێداچونەوەیەک لە بەدەست هێنانی بەرژەوەندی و کیشمەکێشی ووڵاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەدا بکرێت. واتە بەمانایەکی تر بارودۆخی سیاسی کوردستان کەوتۆتە ناو دوڕیانی گێژاوی ئاڵۆگۆڕێك کە لە ئەگەری هەر پێناسەیەکی تازە بۆ ناوچەکە ئایندەیەکی نادیارو ناڕۆشن بۆ کۆردستان چاوەڕێی دەکرێت، ئەم حاڵەتە خودی هێزەسیاسیەکانیش بۆ خۆیان پێشبینی دەکەن و نیگەران و دوودڵن بەوەی لەو بارو دۆخەدا بەرەو ڕوی داڕوخان و هەرەسێک ببنەوە، هەر بۆیە ئەوەی پێیانەوە دیارە زیاتر لە چاوەڕوانیدان لافاوی هەلومەرجەکە بەرەوکوێیان دەبات، کە نەک ڕێگا چارەیەک بۆ دۆخی کوردستان نابیننەوە، بەڵکو لەبەردەم ئایندەی هیزەکانیان و جێگەوڕێگای خۆشیاندا دەستەوسان ماونەتەوەو ڕادەستی قەدەری دەکەن.
هەر بۆیە لە پێناو پەلەقاژێی مانەوەی هیزەکانیان ئامادەن ملی یەکتر بشکێنن و گەورەترین سازشی ڕیسوایی و خزمەتچێتی بۆ بەرژەوەندی ووڵاتانی تربکەن، شەڕی پارتی و پەکەکەو هێرشی ڕاگەیاندنی نێوان پارتی و یەکێتی و چۆنیەتی ئامادەبونیان بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق و خۆبەستنەوەیان بە حکومەتی عێراقەوە، توندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی سەرکوتگەری و پێشێلی زیاتری ئازادی ڕاستی ئەو واقعیەتەمان نیشان ئەدات، تا لەهەر ئاڵوگۆرێکدا خۆیان لە تورەیی و ناڕەزایەتی جەماوەری بپارێزن.
ئۆکتۆبەر: ئایا ئەگەر شەڕی نێوان پەکەکەو پارتی ڕووبدات چارەنوسی حکومەتی هەرێم چی دەبێت؟ بارودۆخی ژیان و ئەمنیەتی خەڵك چی بەسەردێت؟ ئایا بەڕای ئێوە ئایندەیەکی مەترسیدار چاوەریی خەڵکی کوردستان ناکات؟
عوسمانی حاجی مارف: پێم وایە هەمووان بەهەرجۆرە دەربڕینێک بێت دان بەوەدا دەنێین، کە لە دنیای واقعی کوردستاندا حکومەتی کوردستان بە تەواوی دامودەزگاکانیەوە، لە بەرامبەر دەورو دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەو هەردوو حزبدا گەمەیەکی سیاسیەو ناتوانێ پێناسەیەکی پەسەندو باوەڕپێکراوی بۆ حکومەتی کوردستان هەبێت، لەبەرامبەر حکومەتی عێراقیشدا تەنها بۆ سەوداو مامەڵەو وەرگرتنی بودجەیە. حکومەتی کوردستان هیچ شتێکی ڕۆشن و شەفاف و دەسەڵاتی باڵاو پێکهاتەیەکی یەکگرتووی نیە، هەرزۆنێک دەسەڵاتداری خۆی هەیە و پاراستنی هاوسەنگی هێزەکەیان بنەمای بڕیاری هەرسیاسەتێكیانە بەئەگەری ڕودانی هەر کارەساتێکەوە.
هەڵبەتە شەڕی پارتی و پەکەکە بەجیا لەهەر کارەسات و زیانێک بۆ سەر ژیانی خەڵکی، واقعیەتی گاڵتەجاری حکومەتی کوردستانە و لێکترازانی زیاتری هەردوو زۆنی زەردو سەوزو چارەنوس و بەرژەوەندیەکی جیاواز بۆ دەسەڵاتی هەرلایەنێکیان زیاتر دەسەلمێنێت. شەڕ پارتی و پەکەکە ئایندەی هەر هێزێکیان بەرەو کوێ دەبات، بەڵام ئەو گێژاوو ناجێگیریە سیاسیەی کە هەمیشە ئاماژەی پێ ئەدەین قوڵتردەبێتەوە، ئەتوانم بڵێم بەشێک دەبێت لەو ئاڵوگۆڕە سیاسیەی کە پێشبینی هەرەسی پێکهاتەی ئێستای کوردستانی تیا بەدی دەکرێت، هەر بەو مانایەش بارودۆخێکی مەترسیدار بۆ سەر ژیان و ئەمنیەتی خەڵک پێکدەهێنێت. هەر ئێستا لەشکرکێشی تورکیا و بۆردومانەکانی ژیانێکی پڕ مەترسیداری بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچانەی هیزەکانی تورکیایان تیا جێگیر بووەو ئەو ناوچانەی بۆردومان دەکرێن ڕەخساندووە، بە جیا لەوانەش ئەوە ئاشکرایە کە دەرگای سنورەکانی کوردستان زیاتر دەکاتەوە و کردۆتەوە بۆ دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی ووڵاتانی ناوچەکەو لەشکرکێشی سەربازی، هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە ئەو شەڕە بەرفروانتر بێت و شەڕی ناوخۆی لێبکەوێتەوە، یان کوردستان ببێتە مەیدانی شەڕی ووڵاتانی ناوچەکەو دۆخەکە دژوارتر و نائەمنتر بێت. بەجیا لەوانەش ئەوەی دەیبینین بۆ بێدەنگ کردنی هەرجۆرە دەنگیکی ناڕەزایەتیە لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجە ناهەموارەدا، ئازادی سیاسی تەواو سنوردار دەکرێت، بۆیە نابێ قەبوڵی کەین و بهێڵین ئەم شەڕە ڕوبدات، نابێت دەرگای سنورەکانی کوردستا کراوەو ئاواڵا بێت بۆ لەشکرکێشی هیچ دەوڵەتێک.
ئۆکتۆبەر: ئایا لەم هەلومەرجەدا هەڵبژاردن و دەوری حزبەکانی بۆرژوازی کورد چۆن دەبێت؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت؟ خەڵکی کوردستان چی بکەن بەرامبەر بەم ئەگەرانەی کە ڕوبەروویان دەبێتەوە؟
عوسمان حاجی مارف: ئەوەی ئەگەری هەیە هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت یان بەڕێوەناچێت، ئەوە بەڕێگای خۆی، بەڵکو پێش هەمووشتێک ئەوە گرنگ و پێویستە لەم بارودۆخەی ئێستای عێراق و کوردستان و ناوچەکەدا، ئاکامی ئەزمونێک لە دەسەڵاتی حزبە میلیشیا ئیسلامی و تائیفی و قەومیەکان کە لە عێراق و کوردستاندا ڕۆڵیان گێڕاوە، پێویستە بە خەباتی جەماوەری و بەردەوامی ناڕەزایەتی خۆپیشاندانەکانی بەغداو شارەکانی خواروی عێراق هەوڵبدرێت ڕێگە نەدرێت ئەم هەڵبژاردنە سەربگرێت و پێویستە لە بەرامبەریدا ئەلتەرنەتیفی دەسەڵاتی جەماوەری بخرێتە روو.
دەسەڵاتی ئیسلامی و تائیفی و قەومی بەغدا هەڵبژردانیان بۆ بکرێت یان بۆی نەکرێت، بەهیچ جۆرێک شەرعیەتیان نیەو دەبێت کۆتایی بە تەواوی پرۆسەی سیاسیان بهێنرێت، تەواوی ئەو هێزە میلیشیایانە تاوانباری گەورەن لە جێبەجێکردنی کاری تیرۆرستی و خوێن ڕشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی ناڕازی، بۆیە دەبێت دادگایی بکرێن و زیندانی بکرێن نەک پرۆسەی هەلبژاردن بەرێوە بەرن، بەشداری حزبە کوردیەکانیش لەو هەڵبژاردنەدا مانای شەراکەت بونە لەتەواوی ئەو تاوانە قێزەوەنانەی هێزو حزبەکانی ناو حکومەتی عێراق جێبەجێیان کردووە، خەڵکی کوردستان هاوکاتی ئەوەی دژ بە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتین و دەیانەوێت دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و هاوپەیمانانیان کۆتایی بێت، پێویستە خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئەم هەلبژاردنەدا لایەنگرو پالپشتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە جەماوەریەکانی بەغداو شارەکانی خواری عێراق بن و بەشداری و دەوریان هەبێت لە سەرکەوتنی کۆتایی هێنان بە پرۆسەی سیاسی پێکهاتنی حکومەتی ئێستای عێراقدا.